هێرشی حەماس و کۆتایی شەڕ
03/12/2025, 0:54 (GMT+1)

لە بەرەبەیانی رۆژی 7 / 10 / 2023 کۆمەڵێک چەکداری حەماس سنووری ئیسڕائیلیان بەزاند و دزەیان کردە ناو چەند گوندێکی ئیسڕائیلییەوە، ماڵە مەدەنییەکان و بنکەیەکی سەربازی و فێستیڤاڵێکی مۆسیقایان کردە ئامانج. لەو هێرشەدا نزیکەی 1200 کەسی مەدەنییان کوشت و 251 کەسیشیان بە بارمتە لەگەڵ خۆیاندا بردە ناو غەززە.
ئەمە وای کرد، ئیسڕائیل ئەو مافە بە خۆی بدات، شەڕێکی بەرفراوان دژی حەماس، تەنانەت دژی دانیشتوانی غەززەش رابگەیەنێت. چونکە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی بۆ هەندێک لە سەرکردەی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان نارد، تێیدا ئەوەی پیشان دا، کە چۆن دانیشتوانی غەززە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە گەڕانەوەی چەکدارەکانی حەماس دەکەن و پەلاماری ئەو ئیسڕائیلییە بارمتە مەدەنیانە دەدەن، کە حەماس لەگەڵ خۆیاندا هێنابوونی. ئیتر ئیسڕائیل بە دوایدا هێرشێکی بەرفراوانی دەست پێکرد، کە زیانەکان بە پلەی یەکەم کەسانی مەدەنیشی گرتەوە. لە هەمانکاتدا ئاڕاستەی هێرشەکان بەرەو ماڵ و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان کران، بووە هۆی کاولکردن و وێرانکردنی زیاتر لە 70% ی شاری غەززە و 67 هەزار کەسیش لە دانیشتوانەکەی کوژران. لەوانە 20 هەزاریان منداڵ بوون. جگە لەوانە ئیسڕائیل توانی دەستی بگاتە چەند سەرکردە و بەرپرسی حەماسیش ئەوانیشی کوشت.
بەردەوام ئیسرائیل وەک مەرجێکی پێشوەختە بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بهێنێت داوای ئازادکردنی سەرجەم هاوڵاتییە ئیسڕائیلییە ڕفێنراوانی خۆی دەکرد. لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەند جارێک ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیل لە نێوان هەردوولا راگەیەنرا، تا لە کۆتاییدا و لە رۆژی 13 / 10 / 2025 لە ژێر فشاری نێودەوڵەتیی بەتایبەتی ئەمریکا توانیان هەموو بارمتەکانی ئیسڕائیل ئازاد بکرێن، بە شێوەیەکی کاتیی کۆتایی بە شەڕ و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە هێنرا.
هەرچەندە تا ئیستاش روون نییە کە لە دواڕۆژدا چی دیکە روودەدەن، چونکە هەردولا لە دۆخێکی گرژیی و ململانێدا ماون. ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی غەززە لەلایەن زۆرێک لە دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە بە کارەساتبارترین دادەنرێت. هەروەها گفتوگۆی نێودەوڵەتی لەسەر چۆنیەتی گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەردوولا بەردەوامە.
ئایدۆلۆژیا و ستراتیژی حەماس:
ئایدۆلۆژیای رێکخراوی حەماس، کە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی، ڕەگ و ڕیشەی فیکری لە ئایینی ئیسلامی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەویش ئایین و سیاسەت بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئیسلام بە چارەسەری هەمەلایەنە بۆ هەموو لایەنەکانی ژیان دەزانێت: (سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵگا، پەروەردە).، وەک ستراتیژی رێکخراوەکەیانە بۆ بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا لە فەلەستین، بەو مانایەی دوا ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی ئیسلامییە لەسەر خاکی فەلەستین (لە ڕووبارەوە بۆ دەریا) ئەمەش بە خاکێکی وەقف (وەقف)ی ئیسلامی دەزانێت، لەوە زیاتر دەستبەرداری هیچ بەشێکی نابێت، بەو بەشەوە کە ئەمڕۆ بە دەوڵەتی ئیسڕائیل ناسراوە. چونکە ئیسرائیل بە قەوارەیەکی داگیرکەر دەزانێت و بەرەنگاربوونەوەی جوو بە ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەیی دەبینێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، کە باوەڕی بە بەرخۆدانی چەکداری هەیە دژی بوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل و جووەکان، ئەمیش وەک بژاردەیەک بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی عەرەبی. هەرچەندە دواتر (لە بەڵگەنامەی 2017ی حەماسدا) جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان دژایەتی زایۆنیزمی سیاسی دەکەن، نەک جوو وەک ئایین.
ئەمەی سەرەوە بەشێکی کەمە لە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی رێکخراوی تیرۆریستی حەماس. ئەگەر لە گوفتاریاندا هەندێک گۆڕانکارییان بەسەر بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیاکەیاندا هێنابێت، بەڵام لە کردار و رەفتاریاندا بەرامبەر بە هەموو جووەکان، زیاتر توند و تیژتربوون.
هەڵوێستی حەماس بەرامبەر بە کورد:
حەماس بەرامبەر بە بوونی کوردیش وەک نەتەوە، هەڵوێستی نەرێنییە، ددان بەوەدا نانێت کورد مافی کەلتوریشی هەبێت. دەمی هەر فەلەستینییەک دەکەیتەوە، هەڵوێستێکی باشی نییە. کورد وەکو نەتەوە سەیر ناکەن، کە شایانی هیچ مافێک بێت، ئەو دوو بەشەی کوردستان ، کە سوریا و عێراقی لێدروست کراوە، بە نیشتیمانی عەرەبی دەزانن.
زۆربەی فەلەستینییەکان، کە لە ژێر کاریگەریی و ئایدۆلۆژیای حەماسدا پەروەردەکراون لە تورک زیاتر دژی بوونی کوردن. ئەم هەڵوێست و بیرکردنەوەیەی حەماس کاریگەریی تەواویی کردۆتە سەر عەقڵی فەلەستینییەکان، زۆربەی فەلەستینییەکان کاتێک ناوی کوردستان دەبیستن دەماریان گرژ دەبێت و نکوڵی لە ناوی کورد و کوردستان دەکەن..
کاتێک پرسیاری کوردیان لێ دەکرێت، بە هەموو شیوەیەک رەتی دەکەنەوە، کە کورد وەک نەتەوە بوونی هەبێت. کورد بە ئێرانی پێناسە دەکەن، گوایە لەو کێوانەوە هاتوونەتە خوارێ و خاکی عەرەبیان داگیرکردووە.
بەراوردکردنی حەماس بە پارت و رێکخراوە کوردییەکان:
ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ ئێمەی کورد، کە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا حەماس، وەک بزووتنەوەیەکی چەکداری تیرۆریستی فەلەستینی، کە کەرتی غەززەی بەڕێوە دەبرد، هیچ کات لە بیروباوەڕ و ستراتیژی تیرۆریستانەی خۆی دژی ئیسڕائیل و بوونی جوو پاشگەز نەبووەوە. ئەم هەڵوێست و توندووتیژییەیان وای کرد ژمارەیەکی زۆریان لە هاوڵاتی ئیسڕائیلی کوشت، کەچی هیچ سازش و ڕیکەوتنێکیان لەسەر حسابی بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای خۆیان نەکرد. حەماس کە رێکخراوێکی تیرۆریستییە، زۆربەی سەرکردەکانیان کوژران، بەڵام وایان کرد ئیسڕائیل ناچار بێت دانووساندنیان لەگەڵدا بکات.بە پێچەوانەی پارتە کوردییەکان، کە هەمیشە لە بەرامبەر دوژمن و داگیرکەراندا سەریان شۆڕە و خۆیان زۆر بە بچوک زانیوە، لە بیروباوەڕ و داخوازییەکانی خۆیان پاشگەزبوونەتەوە. ئایدۆلۆژیای خۆیان بۆ بەرژەوەندی سەرکردەکان و رازیکردنی داگیرکەرەکان گۆڕیوە، یان وازیان لێهێناوە. ئەوەتا لە گرتنی ئۆجەلانەوە، تا بێت پەکەکە هەرچییەک تورکیا داوایان لێدەکات، بەجێی دەهێنن، تەنیا بۆ ئەوەی تورکیا ئۆجەلانیان بۆ ئازاد بکات، نەک پەکەکە بەڵکو هەموو پارتە کوردییەکانی دیکە ئاشبەتاڵ و خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانیان کردۆتە بەشێک لە کەڵتوری خەباتی سیاسییان.
ئەوەی ئیسڕائیلییەکان بە حەماس و بە دانیشتوانی غەززەیان کرد، ئەگەر ئەمە بەسەر هەر پارتێکی کوردییدا بهاتایە لەیەکەم هەفتەدا وازیان دەهێنا و تەسلیم دەبوون. بیروباوەڕی حەماس هەرچەندە نامرۆڤانە و تیرۆرریستانەیە، بەڵام هیچ کات لەسەر حسابی بیروباوەڕی خۆیان دانووساندنیان نەکردووە و پاشگەز نەبوونەتەوە، تەنانەت حەماس وای کرد، کە هەموو جیهان ئەو 1200 هاوڵاتییە مەدەنییەی ئیسڕائیل، کە کوشتبوونی لە بیربچێتەوە، تەنیا ناڕەزایی و خۆپیشاندان بۆ کوشتاری دانیشوان و کاولکردنی شاری غەززە بێت. ئەم نمونەیەی، کە لەسەر حەماس هێنامانەوە، بۆ هەموو پارت و رێکخراوەکانی وڵاتانی دیکە وەهایە، لە کاتی فشارێکی زۆردا کە دەکرێتە سەریان ناچار نابن دانووساندن بکەن، یان واز لە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای خۆیان بهێنن، بەڵام لە پێناوی ئامانجێکدا، رەنگە تاکتیک و هەنگاوەکانی کارکردنیان بگۆڕن، تا ئیستا هیچ رێکخراو و پارتێکی وڵاتانی ژێردەستە و داگیرکراو، بە شێوەی پارت و رێکخراوە کوردییەکان، هێندە لە ئاستی دوژمنەکانیاندا موویان نەرم نەبووە. من لێرەدا نامەوێت نمونە لەسەر خەباتگێڕ و پارت و رێکخراوەکانی ئەمەریکای لاتینی و ڤێتنام و وڵاتانی دیکە بهێنمەوە، نامەوێت رێکخراوی تیرۆریستی حەماس بخەمە ریزی خەبات و تێکۆشانی ئەوان، تەنیا ئەوە نەبێت، کە بڵێم، ئایدۆلۆژیای هەموو رێکخراوێکی سیاسیی، بیروباوەڕ و ئامانجیان نەگۆڕ و خەباتیان بەردەوام بووە.
دیسان ئەوەی، لێرەدا مەبەستمە و دەمەوێت بەراوردی رێکخراو و پارتە سیاسییەکانی جیهانی بکەم بە پارتە کوردییەکان، بەتایبەتی (پەکەکە)، کە تا ئیستا هیچ پارت و رێکخراوێکی کوردی خاوەنی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژێکی نەگۆڕی خۆیان نیین، هەرچەندە ناوەکانیان کوردستانیبە، بەڵام ئامادەن دەستبەرداری خاک و نیشتیمان و تەنانەت ناسنامە و ناوی کوردستانیش بن، تەنیا لەبەرامبەر ئەوەدا دوژمن و داگیرکەرەکان دانووساندنێکیان لەگەڵدا بکەن، ئەوەتا ئیستا پەکەکە لەبەرامبەر رازیکردنی تورکدا ناوی کوردستانیان لە ئەدەبیانی خۆیاندا سڕیوەتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





