<

نایەکسانی لە دەرفەتەکان و بەدامەزراوەیی نەکردنی دەسەڵات

13/12/2025, 1:50 (GMT+1)

ئارینی کوڕی مەسرور وەک نمونە 

دەرفەتەکانی وەک (خوێندن، پلە و پۆست، چالاکیی دیپلۆماسی) ئەبێت لەسەر بنەمای شایستەیی (Meritocracy) بن نەک خوێن و بنەماڵە وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستان دا باوە. 
کاتێک گەنجێکی ئاسایی ساڵانێکی زۆر ماندوو دەبێت بۆ بەدەستهێنانی تەنها یەک بڕوانامە و دواتر لە بازاڕی کاردا بێبەش دەبێت، وە لە بەرامبەردا بینینی کەسایەتییەک کە لە تەمەنێکی کەمدا هەموو دەرگاکانی بۆ کراوەتەوە، ئەم نادادیە هەستی نائومێدی لای گەنجان دروست دەکات و نیشتمانپەروەری لەناو ئەبات . 
بەشداریپێکردنی کوڕی سەرۆک لە شاندە فەرمییەکان و کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکان بێ ئەوەی پلەیەکی فەرمیی دەوڵەت یان حکوومی یان حیزبی هەبێت، کورتکردنەوەی مەفهومی دەوڵەتداریە لە چوارچێوەی خێزاندا. ئەمە وادەکات وێنای حوکمڕانی لە دەوڵەتی دامەزراوەیی یەوە بگۆڕێت بۆ حوکمی میراتگری. وەک ئامادەکاریەکانی بابی ئارین بۆ تەسلیمکردنی حوکمی هەولێر بە ئارینی کوڕی لە چەند ساڵی داهاتودا. 
بەدەستهێنانی سێ بڕوانامە لەماوەیەکی کورتدا ( بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانکۆی ئەمریکیی لە دهۆک لەبەرواری 28/03/2023، و بڕوانامەی ئەکادیمیای شاهانەی سەربازیی ساندهێرست لە بەرواری 2024-08-09، و تەواکردنی خوێندنی ماستەر لە 12/12/2025، لە لەندەن ) و بەڕێوەبردنی چەندین ڕێکخراوو زانکۆ و بانک و هتد، ئەبێت پرسیار لای ناوەندە ئەکادیمییەکان دروست بکات. چونکە پڕۆسەی زانستی پێویستی بە کات، لێکۆڵینەوە هەیە، ئایە ئارین ئەم هەموو کاتەی لەکوێ بوو بەم هەموو سەرقاڵیەی خۆیەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم هەموو بڕوانامانە؟! یان بابەتەکە شتگەلێکی ترە! 
ئەم خوێندنانەی ملازم ئارین زیاتر وەک پۆزێکی کۆمەڵایەتی و خۆفەرزکردنێکی سیاسی و دەستەمۆکردنی کۆمەڵگە دەرئەکەوێت نەک وەک پڕۆسەیەکی زانستی. 
گەنجانی بەهرەمەندیش لەم نێوەندەدا ئەبێت تەنها دەوری تەماشاچی ببینن و لە چاوەڕوانی حوکمی نەوەی نوێی بنەماڵەدابن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست