(پەکەکە) لە دروستبوونییەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی 12)
14/12/2025, 21:38 (GMT+1)

لەسەر سیستەمی رێکخراوی سیاسیی و مێژووی خەباتی رزگارییخوازی نەتەوەکان، دیاردەیەک هەیە، کە هەمیشە دووبارە دەبێتەوە، بەتایبەتی لە کوردستاندا، ئەویش کاتێک ئەو رێکخراو و پارتانە بەپێی بەرنامە و پرۆگرامەکانیان خۆیان نمایش دەکەن، وای رادەگەیەنن، کە خەبات بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی و دیموکراسی دەکەن، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئامانج و بانگەشەکانیان دەگۆڕدرێن، دەبنە پارت و رێکخراوێکی خۆسەپێنەر، سەرەنجامەکەش بەوە دەشکێتەوە، کە تەنیا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سەرکردەکانیان کاردەکەن، سەرکردەکانیش دەست بەسەر رێکخراوەکەدا دەگرن، وەک دوکانێکی سیاسیی دەبنە خاوەنی. ئەم دیاردەیە لەلایەن زانای سیاسی وەک Robert Michels لە یاسای "حوکمڕانیی کۆمەڵێکی بچووکدا" (Iron Law of Oligarchy) باسی دەکات، دەڵێت: هەموو پارتە دیموکراتییخوازەکان لە کۆتاییدا دەگەنە ئەو خاڵەی، کە دەسەڵات لە دەستی چەند کەسێکی بچووکی خۆیاندا کۆدەکەنەوە.
لە کوردستاندا، سەرباری ستەمی توند و تیژیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، ئەم رێکخراوانەش کارەساتێکی گەورەتر بۆ گەل و خەڵکەکەی خۆیان دروست دەکەن، وای لێدێت، ستەمی دەسەڵاتی پارتە خۆسەپێنەرەکە لە ستەمی دوژمن و داگیرکەرەکان زیاتر کاریگەریی بەسەردا دادەنێت، رێگای خەبات و تێکۆشانی دوورتر دەکەوێتەوە. ناچار چاوپۆشی دەکەن لە کەموکوڕی و ستەمی پارتەکان.
لێرەوە هەوڵ دەدەم باس لەو دیاردە خراپ و نەخوازراوەی پارتە کوردییەکان بکەم. بەتایبەتی پەکەکە، کە چۆن لە پارتێکی ئازادیخوازانەوە خۆی گۆڕی بوو بە پارتێک هەموو دەسەڵاتەکانیان خستۆتە دەستی تاکە کەسێک و رێبەرێکی زیندانیکراوەوە.
یەکەم: مێژووی کوردستانی باکوور و ستەم و نکۆڵیکردنی تورک لەکورد:
بۆ ئەوەی لە دروستبوونی پەکەکە و هۆکاری سەرکەوتنەکانی تێبگەین، سەرەتادا پێویستە بزانین، لە چ بارێکی ناهەموار و بارودۆخێکی ترسناکدا پەکەکە دروست بوو. هەرچەندە لە بەشەکانی پێشووترماندا قسەمان لەسەر کردووە، بەڵام لێرەدا دەست بۆ چەند خاڵیکی گرنگتر رادەکێشین، بەتایبەتی ئەو هەڵکەوتە جوگرافییەی، کە باکووری کوردستانی تێکەوتووە، هەموو سنورە داگیرکراوەکانی دیکەی کوردستانی بە خۆیەوە بەستووە، ئەمیش پاش ساڵی 1923، کە کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتدا: تورکیا، عێراق (ژێر مانداتی بەریتانی)، ئێران، و سووریا (مانداتی فەڕەنسی) دابەش کرا. ئەم دابەشکردنە بووە گەورەترین کۆسپ لە ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتی یەکگرتووی کوردستان.
لە دوا ی ئەم دابەشبوونە، دەوڵەتی نوێی تورک، زیاتر کەوتە قەڵاچۆکردنی کورد، وەکو جینۆساید و راگواستنەوە و قەدەغەکردنی زمان و کەلتور و لێسەندنەوەی ناسنامەی کوردبوون. مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیان لەگەڵ کورد و نەتەوەکانی دیکەی ناو تورکیادا کرد. لەسەر بیرۆکە و پلانەکانی کەمال ئەتاتورک، بەوەی "یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک دەوڵەت"، هەموو نەتەوە و کەلتوورە جیاوازەکانی دیکەی ڕەت دەکردەوە، ئەو دەوڵەتە تورکییە هەوڵی دا هەموو کەس بە زۆر بگۆڕێت و بیانکات بە "تورکی ڕەسەن". ئەم سیاسەتە بە چەندین شێواز جێبەجێکرا وەکو:
- کارکردن بۆ نەهێشتنی ناسنامەی کوردی:
لە تورکیا کورد بە فەرمی وەک "تورکی شاخاوی" یان "تورکی رۆژهەڵات" ناودەبرا. ئەمە نەک تەنیا نکۆڵیکردن بوو لە کورد، بەڵکو هەوڵێکی دەسەڵاتی تورک بوو بۆ ئەوەی کورد لە ناو تورکیادا وەک نەتەوەیەکی جیاواز بسڕێتەوە . بۆ ئەمەش زمانی کوردی لە هەموو شوێنێکی فەرمی قەدەغە کرا، پەروەردەی قوتابخانەکان بە تورکی بوو، تەنیا زمانی تورکی یاسایی بوو، ئەوەی بە کوردی قسەی بکردایە سزا دەدرا. لەپاڵ ئەمانەدا دەستیان کرد بە گواستنەوەی خەڵکی کوردستان، کە بەپێی یاسای ساڵی 1934، هەزاران خێزانی کوردیان لە ناوچە کوردنشینەکانەوە گواستەوە بۆ ناوچە تورکنشینەکان، بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی ژمارەی کورد کەم بکەنەوە، تورکیان هێنایە ناوچە کوردییەکان. سیستەمی فاشست و رەگەزپەرستی تورک بەم کارانە نەوەستا، بەڵکو دەستی کرد بە کوشتار و توندوتیژیی، کوشتنی کوردیان وەکو ئەرمەنییەکان، خستە بواری جێبەجێکردن، دەستیان کرد بە کۆمەڵکوژیی وەک کوشتاری دەرسیم (1937-1938)، کە تێیدا دەیان هەزار کوردی عەلەوییان بە دڕندەترین شێوە لەناو برد، لەگەڵیدا سەدان گوندیان سوتان و تەختیان کرد، بەهەزاران کەسیان زیندانیکرد و ئەشکەنجەیان دەدان، لای تورکەکان تا ئەمڕۆش هەموو کوردێک وەک تاوانبار سەیر دەکرێت..دەرکەوتنی پەکەکە وەک وەڵامێک بۆ ستەمی تورکەکان:
لەو بارودۆخە خراپەدا کە بەسەر کورددا تێدەپەڕیی و رۆژ لە دوای رۆژ ژیانی بەرەو خراپی دەچوو، وەکو وەڵامدانەوەیەک لە ساڵی 1978 پەکەکە دروستبوونی خۆی راگەیاند، بەو ئامانجەی روبەرووی ئەو ستەمە نەتەوەییە دەبێتەوە، هەروەها وەڵامێک دەبێت بۆ تورکەکان، ئەوەی پەکەکەی لەو هەموو پارتە کوردییانەی پێشووتر جیاکردەوە، بەتایبەتی لە باشوور و رۆژهەڵات، چەند خاڵێکی بنەڕەتی گرنگ بوون لەوانە:
پەکەکە بانگەشەی بیرۆکەیەکی توند و شۆڕشگێڕانەی دەست پێکرد، لەسەرەتادا بە جیاوازی لە پارتەکانی پێش خۆی، وەک تاکە رێگا بۆ ئازادیی کورد و سەربەخۆیی کوردستان، بیرۆکەی چەپگەریانە و شۆڕشگێڕانەی هەڵبژارد، کە باوەڕی بە خەباتی چەکداری هەبوو، هەروەها رێکخستنێکی بەهێز و دیسیپلینی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆی ئەو شێوازە رێکخستنە، توانی بەرگەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بگرێت. ئەوەی جێگای سەرنج بوو، کە پەکەکە بایەخی زۆری بە پشتگیریی دانیشتووە کوردنشینەکانی گوندەکان دا، بەمە چالاکی خۆی لەسەر گوندەکان، لادێ و چیاییەکان چڕکردەوە، ئەو شوێنانەی، کە زۆرترین ستەمیان لێکرابوو. وای کرد پشتیوانیی خەڵکی هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان بەدەست بهێنێت.
پەکەکە وەک تاکە هیوایەک بۆ هەموو کوردان:
لە سەرەتای تەمەنییدا، پەکەکە، نەک تەنیا بۆ کوردانی باکوور، بەڵکو بۆ هەموو کوردی بەشەکانی دیکە لە (باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا) بووە سیمبوڵی هیوا، هەڵبەت ئەمەش چەند هۆکارێکی هەبوو جیاوازتر لە پارتەکانی باشوور و رۆژهەڵات:
- لە کاتێکدا پارتەکانی باشوور لە شەڕی نێوخۆ و هاوپەیمانیەتی حکومەتی بەغدا تێوەگلابوون، پارتەکانی رۆژهەڵاتیش لەژێر سەرکوتکردنی سەختدا لاواز ببوون، پەکەکە توانی شەڕێکی بەردەوام لە دژی دەوڵەتی تورک رابگەیەنێت، کە هەموو کوردی ئەو بەشانەی سەرسام کرد.
- دەزگای راگەیاندن:
پەکەکە بە بەکارهێنانی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و نووسراو، توانی زیاتر خۆی بناسێنێت، وەک تەنیا پارتێک دەیسەلماند، کە بە ڕاستی بەرگری لە ناسنامەی کوردبوون دەکات.
- سەرکەوتنە سەربازییەکان:
لە سەرەتای ساڵانی 1980، سەرکەوتنە سەربازییەکانی پەکەکە لە دژی هێزەکانی تورکیا، ئەو بڕوایەی بە خەڵکی کوردستان دا، کە پەکەکە دەتوانێت لە بری هەموو پارت و رێکخراوەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان ببێتە ئەڵتەرناتیڤێک، ئەم بڕوایەش وای کرد، خەڵکێکی زۆر باوەڕی پێ بهێنێت، زۆر کەس پەیوەندیی پێوە دەکردن، دەچوونە ریزەکانییەوە و چەکیان هەڵدەگرت، لە دەرەوەی وڵاتیش لایەنگری زۆریان بۆ پەیدا بوو، زۆرینەی خۆپیشاندانەکان ئەو هەوادار و لایەنگرانە بەڕێوەیان دەبرد.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە چۆن دوایی ئەم پارتە شۆڕشگێڕە وای لێهات، کە بە تێپەڕبوونی کات، گۆڕانکاریی بەسەر خۆیدا هێنا، لە ناوەرۆکدا وەک پارتەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی لێهات، خەبات و ئامانجی خۆی گۆڕی بۆ تەنیا ئامانجێکی زۆر بچووک، خۆی بچوکتر کردەوە، ئەویش بەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرکردەیان بوو، بەتایبەتی پارتێک، کە تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵات و پەرستنی تاکە سەرکردەیەک کەوتە کارکردن، هەموو ئامانجەکانی پێشووی خۆی، کە پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرد، خستیە خزمەتی سەرکردەیەکی زیندانییکراوەوە، سەرکردەیەک، کە پەیمانی بە دوژمنەکەی دابوو، چیدی لە خزمەتی دەوڵەتیی تورکدا کار بکات؟
دووەم: چۆن پارتێکی شۆڕشگێڕ دەبێتە موڵکی تاکە کەسێک
رۆبێرت میشێلز، زانای ئەڵمانی، لە کتێبەکەیدا (1911)، تیۆرییەکی ناوداری هەیە، کە بە "یاسای حوکمڕانیی کۆمەڵێکی بچووک" ناسراوە. بەپێی ئەم تیۆرییە، هەموو پارتە دیموکراتییەکان لە کۆتاییدا دەگەنە خاڵێک، کە دەسەڵاتیان دەخەنە دەست کۆمەڵێک بەرپرسی بچووک و دیاریکراوی سەرکردایەتی ئەو دەسەڵاتەوە، هەموو بڕیارەکان لەناو ئەوانەدا کۆدەبنەوە. میشێلز چەند هۆکارێک بۆ ئەمە دەستنیشان دەکات:
1- دەسەڵاتدارانی ناو ئەو پارتە، وا دەکات، کە پێویستی بە تاکە رێبەرێک بێت:
هەر پارتێک بۆ ئەوەی بە باشی کاربکات، پێویستی بە کەسانی سەرکردە هەیە، کە رێبەرایەتییان بکات، بڕیاردەربن و کارەکانیان ڕێکبخەن. ئەمە لە سروشتی خۆیدا جیاوازییەکی زۆر گەورە لە نێوان سەرکردە و ئەندامانی پارتەکەدا دروست دەکات، دەبێتە مەترسی، وەک نەمانی دیموکراتیی و دروستبوونی کەسایەتیی دیکتاتۆر.
2- سەرکردە و بەرپرسەکان بەهۆی پێگەی دەسەڵاتیان لەناو رێکخراوەکەدا، دەرفەتی زیاتریان دەبێت بۆ دەستکەوتی زۆر، نەک تەنیا زانیاری و ئەزموون، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.
3- خەڵکی بەگشتی ئارەزوومەندیی خۆیان پیشان دەدەن، کە متمانەی تەواو بەو سەرکردەیە بدەن، کوێرانە هەرچییەک بڵێت و بڕیارێک بدات، پشتی پێ دەبەستن، چونکە لە ناخیاندا ئەو خواستە هەیە، کە واز لە توانا و بیرکردنەوە و بەهرەی خۆیان بهێنن، چارەنووسی خۆیان دەخەنە دەستی سەرکردەیەک، تا لە جیاتی خۆیان ئەو سەرکردەیە بیریان بۆ بکاتەوە و کارەکانیان بۆ بەڕێوە بەرێت، بەتایبەتی کاتێک سەرکردە دەبێتە کەسایەتییەکی جێگای سەرنجڕاکێش، وەک ئەمەی ئۆجەلان، کە بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر متمانەی پێ بکەن و کوێرانە دوای بکەون، بەردەوام کتێبی دەنووسی و بەردەوام هەوادار و کادیر و ئەندامەکانیان لە قسەکانیاندا ئاماژەیان بە چەند دێڕێکی نووسینەکانی دەدەن، بەبێ ئەوەی خۆیان بیربکەنەوە، لێکدانەوە لەسەر بۆچوون و قسەکانی بکەن..
4- لە ناو پارتە کوردییەکاندا، ئەم یاسایە بە شێوەیەکی زۆر ڕوون دەردەکەوێت. پارتە کوردییەکان، کە لە شوێنێکی مەترسیدار و لەژێر ستەم و سەرکوتکردنی دوژمن و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییدان، هەموویان دەگەنە خاڵێک، کە بە ناچاریی دەسەڵاتێکی زۆر بدەنە دەست سەرکردەکانیان.
کاتێک دەسەڵات و (پارتێک) دەبێتە موڵکی تاکەکەسێک:
ماکس ڤێبەر، زانای ئەڵمانی، باس لە جۆرێکی تایبەت لە دەسەڵات دەکات، کە ناوی "دەسەڵاتی سەرنجڕاکێش"ی لێدەنێت. بەپێی ڤێبەر، سەرەنجامی ئەم جۆرە دەسەڵاتەش لەسەر باوەڕی خەڵک بە کەسایەتییەک دروست دەبێت، بەلایانەوە ئەو سەرکردەیە، کەسایەتییەکی تایبەتمەند و بەهێزە، دروستبوونی سەرکردەیەکی نمونەیی بەلای ئەو خەڵکەوە بڕوابوونێکی کوێرانەیە، نەک لەسەر بنەمای عەقڵ و یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دروست بووبێت.
تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە دەسەڵاتە:
1- بنەمای دەسەڵات: دەسەڵات لە کەسایەتییەکی بەهێزی سەرکردەوە سەرچاوە وەردەگرێت، نەک لە یاسا و رێساکان. خەڵک بەهۆی باوەڕی تەواوی بە توانا و کەسایەتیی تایبەتمەندی سەرکردە، دەسەڵاتی ئەو کەسە بە ڕەوا دەزانێت و کوێرانە دوای دەکەوێت.
2- وابەستەبوونی خەڵک بە کەسێکەوە، ئەویش پەیوەندیی نێوان سەرکردە و شوێنکەوتووەکانێتی، پەیوەندییەکی کوێرانە و سۆزدارییە، نەک پەیوەندییەکی فەرمی و رێکخراوەیی.
3- هەڵبژاردەی خەڵکەکە بۆ سەرکردەیەکی ئاوا، ئیتر سیستەماتیک ئەو دەسەڵاتە بە سروشتی دەبێتە دژە دیموکراسی، چونکە پەرستنی تاک، دەسەڵاتی ئەو کەسە و چارەنووسی رێکخراوەکە لە کەسایەتیی ئەودا کۆدەکاتەوە، هەرچییەک ئەو سەرکردەیە بڵێت و داوای بکات، یەکسەر جێبەجێ دەکرێت.
4- عەبدوڵڵا ئۆجەڵان لە ناو پەکەکەدا، وای لێهاتووە، وەک سەرکردە و کاریزما و رێبەرێکی بێ رکابەر چاوی لێدەکرێت، ڕۆڵێکی گەورەی لە ناو دەسەڵاتی پارتەکەدا هەیە، هۆکارێکی دیکەی ئەمەش ئەوەیانە، کە دەسەڵاتی کەسایەتیی بەهێزی ئۆجەڵان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزرانی پەکەکە، کە بە تێپەڕبوونی کات زیاتر و زیاتر دەسەڵاتەکەی بەهێز بووە، گەیشتۆتە ئەو ئاستەی، کە ئێستا هەموو بڕیارە گرنگەکان لەلایەن ئەوەوە دەردەچێت، کەس ناتوانێت ڕەخنە لە بیرۆکە، پەیام، یان پلانەکانی بگرێت.
گۆڕینی پارت بۆ "دوکانی سیاسی"
چەمکی "دوکانی سیاسی" کە سەرەتا ئاماژەمان پێی دا، دەتوانێت لە زانستی سیاسیدا بە چەندین چەمک ڕوونبکرێتەوە.
کاتێک پارتێکی سیاسی دەگۆڕێت بۆ "دوکانێکی سیاسی"، ئامانجی بنەڕەتیی تەنیا دەبێتە پاراستنی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتیان لە دەستدایە، نەک بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی، کە پارتەکە لە سەرەتادا بەڵێنی دابوو.
دەسەڵاتی خێزانی- کەسی:
بەپێی ماکس ڤێبەر، ئەمەشیان جۆرێکی دیکەی دەسەڵاتە، کە لە خودی مێژووی ئەو سەرکردەیە و بەپێی تێپەڕبوونی کات، خێزان و کەسوکارەکەی، پۆست و پلەیان لە ناو دەسەڵاتدا زیاد دەکات، خۆیان دەکەن بە خاوەنی پارت و هەموو سامانەکانی ئەو پارتە بە موڵکی تایبەتی خۆیان دەزانن. هەروەها لە ناو ئەم جۆرە پارتانەدا، دەسەڵات بەپێی خۆشەویستی و دڵسۆزی کەسی بەرامبەر بە سەرکردە دابەش دەکرێت، نەک بەپێی لێهاتوویی و شایستەیی، یان بڕیاری یاساکان، وەک نمونە بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی، هەروەها حەمەی حاجی مەحمود، شاسوار عەبدولواحید، نەوشیروان مستەفا، هەروەها لە ناو زۆرینەی پارتە ئیسلامییەکاندا دەبینرێت، کە رێکخراو و پارتەکانیان کردۆتە دوکانێکی سیاسیی و دەستەکەوتی بنەماڵەکەی خۆیانی تێدا دەپارێزن.
لە پەکەکەدا، ئەم گۆڕانکارییە بە ڕوونی و بەشێوەیەکی دیکە دەبینرێت:
لە سەرەتای رێکخستنەکانی خۆیدا، پەکەکە هەوڵی زۆری دا، کە رێکخستنێکی کۆمەڵایەتی دابمەزرێنێت، تێیدا بڕیارەکان لە رێگەی گفتوگۆ و مشتومڕی دیموکراتیەوە وەربگیرێن. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەم رێکخستنە لاواز بوو، دەسەڵات و بڕیارەکان لە دەستی عەبدوڵڵا ئۆجەڵاندا کۆبوویەوە، بە شێوەیەک، کە ئێستا هەرچەندە لە زیندانیشدایە هیچ بڕیارێکی گرنگ بە بێ ڕەزامەندیی ئۆجەلان نادرێت.لە پەکەکەدا، ئەم گۆڕانکارییە بە ڕوونی بەشێوەیەکی دیکە دەبینرێت:
لە سەرەتای رێکخستنەکانی پەکەکەدا، هەوڵی زۆری دا، کە رێکخستنێکی کۆمەڵایەتی دابمەزرێنێت، تێیدا گوایە بڕیارەکان لە رێگەی گفتوگۆ و مشتومڕی دیموکراتیەوە وەردەگیرێن. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەم رێکخستنە لاواز بوو، دەسەڵات و بڕیارەکان لە دەستی عەبدوڵڵا ئۆجەڵاندا کۆبوویەوە، بە شێوەیەک، کە ئێستا هەرچەندە لە زیندانیشدایە هیچ بڕیارێکی گرنگ بە بێ ڕەزامەندیی ئۆجەلان نادرێت.
گۆڕانکاری لە بیروباوەڕدا:
بیرۆکەی پەکەکە لە سەرەتادا بیرۆکەیەکی چەپگەرا بوو، کە ئایدۆلۆژیا و بڕیارەکانی لەسەر خەباتی چینایەتی و ئازادیی نەتەوەیی داڕشتبوو. بەڵام دوای گرتنی ئۆجەلان، بیرۆکەی پەکەکە گۆڕا، تیوریی و بیرکردنەوەکانی ئۆجەلان کە لە زینداندا رێنمایی دەکرا، بوو بە بیروباوەڕی تەواوی سیاسەتی پەکەکە، وەک "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" رەنگدانەوەی لە بیرۆکەکانی موری بووکچین وەرگیرابوو، هەرچەندە ئەم تیورییە بە شێوەیەکی ناکۆک لەگەڵ رەوشی کوردستانی داگیرکراو و ناوچەکەدا نەدەگونجا.
دەسەڵاتی تاکڕەویی:
وەک لە سەرەوە باسمان کرد، یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی "دوکانی سیاسی" ئەوەیە، کە کۆمەڵێک بەرپرسی بچووک، کە دەتوانین لێرەدا ئەمانیش بە شاگردی ناو ئەو دوکانە سیاسییە ناوبهێنین، ئەم شاگردانە لە خۆشەویستیی کوێرانەیان بۆ سەرکردە گەورەکەیان، دەسەڵات قۆرخ دەکەن و هەمووی لە خودی تاکە کەسێکدا دادەنێن، تێیدا هەموو ئاستەنگەکان بەربەست دەکەن، تا کەس نەتوانێت پارتەکە بگەڕێنێتەوە بۆ سەر ڕێگای ڕاستەقینەی پێشووتری خۆی.
یەکێک لە ئاکامە خراپەکانی گۆڕینی پارتێکی شۆڕشگێڕانە بۆ دوکانێکی سیاسی، نەهێشتن و تیاچوونی گفتوگۆ و دەربڕینی رای جیاواز و دیموکراسییە، چ لە ناوخۆی رێکخراوەکە و چ لەدەرەوەی ریکخستنەکانی خۆیانە، هیچی ناهێڵن. کاتێک دەسەڵات لە دەستی یەک کەس یان کۆمەڵێک بەرپرسی بچووکدا کۆدەبێتەوە، هەموو ڕێگاکانی دیموکراتیک وەک هەڵبژاردن، دەنگدان، گفتوگۆ، و ڕەخنە، هەموویان لەکاردەکەون، بۆ داپۆشینی ئەمەش بە ئاسانی پاساوی نابەجێ دەهێننەوە، بۆیە هەرچییەک لە دوای ئەم دیاردانە بگوترێت، یان کاری لەگەڵدا بکرێت بێ مانا دەبێت و نرخی نامێنێت. لە پەکەکەدا، ئەمە لە چەند شێوەدا دەبینرێت:
نەبوون، یان قەدەغەکردنی ڕەخنە:
هەر ئەندامێک، ئەگەر هەوڵ بدات ڕەخنە یان سەرنجێک لە سیاسەت و پلانەکانی پارتەکە، یان سەرکردایەتی بگرێت، وەک "خیانەتکار" یان "تێکدەر" تاوانبار دەکرێت، سزای توند دەدرێت، سەرەنجامەکەی بە دوورکەوتنەوە و دەرکردن دەشکێتەوە، لە زۆر حاڵەتدا بەرەو رووی ناوناتۆرەی ناشرین و بوختان و لەناوبردنی فیزیکیش دەبێتەوە، ئەمە لەناو پارتەکانی دیکەی باشوور و رۆژهەڵاتیشدا ئەم میتودانە بەکار دەهێنرێت.
خاڵیکی دیکەش ئەوەیانە، کە پێگەی سەرکردە وەک مرۆڤێک دەگۆڕدرێت بۆ نیشانەیەکی نزیک لە خوا، یان پێغەمبەر، ئەو سەرکردەیە وا پێناسە دەکرێت، کە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە و کاری خراپی لێناوەشێتەوە، بۆیە هیچ ڕەخنەیەک ئەو ناگرێتەوە. هەموو سەرکەوتنەکان دەبەسترێنەوە بە بوون و بلیمەتیی ئەو سەرکردەیە ، هەموو شکستەکانیش دەدرێتە پاڵ کەسانی دیکە.
سەبارەت بە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی ناو پەکەکە: لەم حاڵەتەشدا بڕیاردان وەک کۆنگرە و کۆمیتەکان دەگۆڕدرێن بۆ دامەزراوەکانی سەر بە خۆیان، ئەوانەی، کە پێشنیاری بەستنی کۆنگرە و دامەزراوەکان دەکەن، دەبێت لە کۆتاییدا تەنیا بڕیارەکانی سەرۆک پشتڕاست بکەنەوە، هەرچی پێشنیار و راسپاردەیەکی دیکە هەیە پشتگوێ دەخرێت، کەس ناتوانێت بڕیاری گونجاوی سەربەخۆ بدات، یان ئەگەر بە زۆرینەی دەنگ لەسەر بڕیارێک کۆک بن، هەمووی پشتگوێ دەخرێت.
تایبەتمەندییەکی دیکەی دوکانی سیاسی، قورسبوون و بەرگریکردنە. ئەو کۆمەڵەی بەرپرسە بچووکەی، کە لە دوای سەرۆکەوە دەسەڵاتییان لە دەستدایە، هەموو هێزەکانیان تەرخان دەکەن بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەکانی خۆیان، نەک بۆ گەشەکردنی پارت و بەدیهێنانی ئامانجەکان. لە پەکەکەدا، ئەم دیاردەیە بە چەند شێوەیەک خۆی نمایش دەکات:
1- ڕێگری لەو کەسانە دەکرێت، کە هاتوونەتە ناوەوە و توانا و بەهرەیان هەیە،: هەر کەسێک، کە توانا و شارەزاییی هەبێت و بتوانێت ببێتە خاوەن پێگەیەک بۆ سەرکردایەتیی، لە سەرەتاوە ڕێگەی لێدەگیرێت، ناهێڵرێت بگاتە پلەی سەرکردایەتی، یان ئەگەر گەیشت، بە زووترین کات بیانوویەکی بۆ دەدۆزنەوە و لادەبرێت و دەردەکرێت.
2- نەهێشتنی نوێکردنەوەی بیرۆکە و ئایدۆلۆژیا، ئەگەر بێتو لەگەڵ بیروبۆچوونەکانی ئۆجەلاندا خۆی نەگونجێنێت. ئەمەش وای کردووە، کە پەکەکە لە بواری گۆڕانکاریی و نوێخوازیدا، لە بەرژەوەندی پارت و خەڵکی کوردستان دووربکەوێتەوە، هەروەها لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا خۆی نەگونجێنێت، هەموو بیرکردنەوە یان پێشنیارێک، کە لە بیرکردنەوەی سەرۆک جیاوازتر بێت، بە ئۆتۆماتیک ڕەت دەکرێتەوە.
3- خاڵێکی دیکە ئەوەیانە، کە بەرژەوەندیی تایبەتیی کەسایەتییەکان وا دەکات کۆمەڵێک دەسەڵاتدار لە گەشەکردنی پارت و بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکاندا بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بپارێزن و بڕیارەکان بەپێی ئەوەی کە چەندە سوودی بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتیان هەیە دەخەنە گەڕ، نەک بەپێی ئەوەی، کە چەندە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پارت و گەلەکەیان سوودبەخش دەبێت.
لە کۆتاییدا، کاتێک پارتێکی سیاسی دەگۆڕێت بۆ دوکانێکی سیاسی کە بەپێی ویستی یەک کەس یان کۆمەڵێک بەرپرسی بچووک بەڕێوە دەچێت، ئەو پارتە هیچ توانای نامێنێت، کە بۆ پاراستنی ئازادی و مافەکانی ئەندامەکانی و بۆ ئازادی و مافەکانی خەڵکی هەوڵ بدات.. ئەم دیاردەیە، نەک تەنیا پەکەکە بەڵکو هەموو پارت و بزووتنەوە و رێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانیش دەگرێتەوە. هەموویان لەو خاڵانەدا هاوبەشن، کە لە سەرەتادا بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی لە ستەمی نەتەوەیی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد دامەزرابوو، خۆیان دەگۆڕن بۆ رێکخراوێکی ستەمکار، ئەندامانی خۆیان سەرکوت دەکەن، ئازادیی بیرکردنەوە و قسەکردنیان لێ دەسەندنەوە. لە پەکەکەدا، ئەمە لە چەند شێوەدا خۆی دەردەخات:
کۆنترۆڵی تەواوی ژیانی ئەندامان:
ئەندامانی پارت لەژێر کۆنترۆڵێکی تەواودان، کە هەموو لایەنەکانی ژیانیان دەگرێتەوە: لە بیرکردنەوە و باوەڕەکانیانەوە تا هاوڕێیەتی و پەیوەندییە کەسییەکانیان.
سزادانی ڕەخنەگر و دژایەتیکردن:
هەر ئەندامێک ئەگەر هەوڵ بدات ڕای جیاوازی خۆی دەرببڕێت، یان پرسیار لە سەر بڕیارەکانی سەرکردایەتی بکات، سزای توند دەدرێت، لە شێوەی ئەشکەنجەی دەروونی تا دەگاتە لەناوبردنی فیزیکی، وەک نمونە هیچ کەس لە ناو پارتەکەدا پێگەیەکی سەربەخۆی نییە، بەڵکو تەنیا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی سەرکردایەتی وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت. بیرکردنەوە و کردەوەی هەمووان دەبێت تەواو لەگەڵ هێڵی سیاسەتی پارتەکەدا یەکسان بێت، بەبێ هیچ لادانێک.
بەراوردکردنی پەکەکە لەگەڵ پارتە کوردییەکانی دیکە:
بۆبۆ تێگەیشتنی باشتر لەو گۆڕانکارییەی کە پەکەکە بەسەریدا هاتووە، لێرەدا بەراوردێکی کورت لەگەڵ چەند پارتێکی دیکەی کوردییدا دەکەین:
1- پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) لە باشووری کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ساڵی 1946دا دامەزرا، ئیستا ئەو پارتە وەک دوکانێکی سیاسیی بنەماڵەی بارزانی خاوەندارێتی دەکات و دەستی بەسەردا گرتووە. دەسەڵات لەناو خێڵی بارزانیدا (لە مەلا مستەفا بۆ مەسعود بارزانی و ئێستا بۆ مەسرور و کوڕ و ئامۆزا و کەسوکارەکەی خۆی) قۆرخکراوە، ئەمە دەریدەخات کە دەسەڵات لە بنەڕەتدا بۆتە موڵکی تایبەتی خێزانێک، نەک ئەوانەی کاری تێدا دەکەن و خزمەتی دەکەن. ئەندام و دڵسۆزی راستەقینەی ئەو پارتە ئەوانەن کە خزمەتی بنەماڵەی بارزانی دەکەن، نەک خزمەتی پارتەکە و خەڵکی کوردستان. نزیکەی 60 ساڵە ئەم دوکانە خێر و بێر و دەستکەوتەکانی بۆ بنەماڵەی بارزانییە، بەرپرسەکانیش وەکو شاگردێک لە لای ئەم بنەماڵەیە کار دەکەن. جیاوازییەک لە نێوان PDK و PKKدا کە هەبێت ئەوەیە: PDK لە سەرەتاوە وەک پارتێکی سەنتەری و خێڵایەتی دەستی پێکرد، کەمتر بانگەشەی بۆ دیموکراسی و یەکسانی کردووە. لە بەرامبەردا، پەکەکە بە بانگەشەی شۆڕشگێڕانە و یەکسانیخوازانە دەستی پێکرد، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتە هەمان ئەنجامی رێکخراوی خۆسەپێنی وەک پارتیی دیموکراتی کوردستان.
2- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە لە سوریا و بە رێنمایی و پێشنیاری حافز ئەسەد لە ساڵی 1975 دامەزرا، تووشی هەمان دیاردە و کێشەی بۆ خەڵکی کوردستان دروست کردووە. هەرچەندە ئەم پارتە لە سەرەتادا بانگەشەی شۆڕشگێڕانە و دیموکراتیکی دەکرد، خۆی لە پارتی دیموکراتی کوردستان بەوە جیادەکردەو، گوایە پارتیی دەسەلاتێکی خێڵەکییە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەمانیش وەکو بنەماڵەی بارزانی دەسەڵات رێکخستنەکانی لەناو خزم و کەسوکاری تالەبانییدا هێشتەوە، (بنەماڵەی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد، کوڕەکانی شێخ جەنگی زڕبرای جەلال تالەبانی) بوونە خاوەنی یەکێتی. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەشیانە، کە سەرەتا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر پێشنیاری نەوشیروان مستەفا و پشتگیریی خودی جەلال تالەبانی هەوڵی ئەوەیان دا بوو رێکخستنێکی دیموکراتییانە، بڕیارەکان لە رێگەی کۆمیتەکانەوە بدرێت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەم رێکخستنە لاواز بوو، نەوشیروان هاتە دەرەوە و بزووتنەوەی گۆڕانی بۆ پاشەڕۆژی منداڵەکانی خۆی دروست کرد، جەلال تالەبانیش بەتەواویی بوو بە خاوەنی یەکێتیی، کە ئێستاش پاش مردنی، دەسەڵات و موڵک و سامانەکانی یەکێتیی بە سەر منداڵ بنەماڵەکەی خۆیدا دابەش کراوە.
3- پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI)
پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە ساڵی 1945دا دامەزرا و یەکەم کۆماری کوردی دامەزراند، هەروەها تووشی هەمان کێشە بووە. دەسەڵات لە ناو خێزانی قازی محەممەددا دەردەچوو، ئەمە دەرییخست کە دەسەڵات لە بنەڕەتدا بوو بە موڵکی تایبەتی خێزانێکە.
ئەنجامی ئەم بەراوردکردنە:
بە بەراوردکردنی مێژووی کارکردنی ئەم پارتانە دەریدەخات، کە کێشەی گۆڕینی دەسەڵات بۆ موڵکی کەسی و گۆڕینی پارتی سیاسی بۆ "دوکانی سیاسی" کێشەیەکی گشتییە لەناو هەموو پارتە کوردییەکاندا، نەک تەنیا لە ناو پەکەکەدا. ئەمەش ئەوە دەردەخات، ئەم کێشەیە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی، وەک:
خێڵ و نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی:
کۆمەڵگەی کوردی بە زۆری کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییە تێیدا پەیوەندیی خێڵایەتی بەهێزە. لەم بارودۆخەدا، سیاسەت زۆرجار وەک کاری کەسێتی و خێزانی دروست دەبێت، نەک وەک کاری رێکخراوەیی.
نەبوونی ئەزموونی دیموکراتیک: لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، ئەزموونێکی کەمیان لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا هەیە. زۆربەی کاتەکانیان لەژێر دەسەڵاتی سیستەمە خۆسەپێنەکانی داگیرکەراندا بەسەر بردووە، ئەمەش کاریگەری زۆری کردۆتە سەر شێوازی بیرکردنەوە و کارکردنی ئەوانەی، کە خەریکی سیاسەتن و بەو عەقڵەوە هاتوون رێکخراویش دروست دەکەن..
بارودۆخی شەڕ و ئاسایشی ناوچەکە:
پارتە کوردییەکان زۆربەی کاتەکانیان جگە لە شەڕکردن دژی دەسەڵاتی داگیرکەر، زۆربەی کاتەکان خەریکی شەڕ و پێکدادان و دژایەتی یەکتر بوون. لەم بارودۆخەدا، چیدی توانای ئەوەیان نامێنێت، کە رێکخستنێکی ناوەندگەرا و دیسیپلینی توندیان هەبێت، لە نەبوونی ئەمانەشدا سەرۆک و سەرکردەکان ئەو دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێت، کە خۆیان بکەنە باڵادەست و لەناو کۆمەڵگایەکیشدا، کە بەردەوام لە شەڕ و نائارامییدا بێت، ئاستی وشیارییان دێتە خوارێ، ئەمەش دەبێتە هاندەرێک، کە سەرکردەی خۆسەپێنەر، ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی رەها، ئەو دەسەلاتەی پێی دەدرێت باڵ دەکێشێتە دەرەوەی رێکخراوەکە و دەچێتە ناو کۆمەڵگاوە، تێکڕای ئەم دیاردەیەش ئەبێتە هۆی دووکەوتنەوەی کۆمەڵگا و رزگاریبوونی لە چەوساندنەوە و لە دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیی..
سەرچاوە:
بۆ بەهێزکردنی ناوەرۆکی ئەم باسە، بە دوای چەند سەرچاوەیەکدا گەڕام تا بزانم چ نووسەرێک بۆچوونەکانی من لەگەڵیاندا یەک دەگرێتەوە، گوگڵیش رێنمایی ئەم سەرچاوانەی خوارەوەی بۆ کردم:
- Michels, Robert. Political Parties: A Sociological Study of the Oligarchical Tendencies of Modern Democracy. (1911)
- Weber, Max. Economy and Society. (1922)
- Gunter, Michael M. The Kurds: A Modern History. (2016)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان







