<

ناپلیۆن و شۆڕشگیر و کۆمەڵگەی بێ مۆڕاڵ

22/12/2025, 0:33 (GMT+1)
لەنێو کۆمەڵگەدا، کاتێک کە بەرژەوەندیی تایبەتی، پارە و خۆدەرخستن، دەبێتە جێگرەوەی  موڕاڵ، ڕەوشت، بەهابەرزەکان و لەخۆبردووی، ئەم گرفتە دەبێت بە دیاردەیەکی زەق و دەرکیی پێدەکرێت، ئەوا ئەو کاتەیە کە ئەو کۆمەڵگەیە دەبێت بە گۆڕستانێکی بێ تروسکایی. ئەم دیاردەیە لەنێو کۆمەڵگەی کورددا بەتایبەتی لە باشووری وڵاتدا لە تەشەنە سەندنە، بۆ نموونە دامودەزگە حکومیەکان و جومگە سەرەکیی و  هەستیارەکان چی لەنێو ڕێکخراوە سیاسیەکاندا و چی لە ئاستی حکومەتدا،  تەژی کراون لە نەوەی جاش، کۆنە بەعسی و سیخوری کۆن و تازە، کۆنتراتچیەکان و بازرگانەکانی زەمانی بەعس، هەلپەرست، بەرژەوەندیی و پارەپەرست،  کە بێ گومان لە داهاتوودا لەهەموو ڕوویەکەوە ئەو دیاردەیە زەرەرمەندە. ئەم دیاردەیە هەموو کونوقژبنێکی نێو کۆمەڵگەی تەنیوە، بەتایبەتی لە دنیای داد، نووسین و هونەر و میدیادا بە کەناڵکانی تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، نووسەر  و مێژوونووسەکان، هونەر و پەروەردەدا. لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و شەقام و زۆرینەی سادە بەشێوەیەکی گشتی بەهەمان شێوەیە. 
میدیا چەکێکی دووسەریە، بیەوێت سپی ڕەش دەکات و ڕەشیش سپی دەکات.  کاتێک کە ئەو کەوتە ژێر هەژموونی هەر لایەنێک کە سەرچاوەی ئابووریتی، ئەوا سەربەخۆی خۆی لەدەست دەدا، ناتوانێت پەیڕەوی ڕەوشت و مۆڕاڵ بکات، بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئەو لایەنە دیاریکراوە کار دەکات، دەبێتە زوڕناژەن و ئامرازێکی بەهێز دەبێت لە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای ئەو لایەنە و بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئەوان ڕووداوە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیەکان ڕووماڵە دەکات. ئەو ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێت، لە چەواشە کردنی خەڵک لە ڕووماڵە کردنی ڕاستی ڕووداوەکان و سەپاندنی هەژموونی لایەنێکی دیاریکراو، جگە لەوەش لە دنیای نووسیندا نووسەری ڕاڕا، میدیاکاری بەرژەوەندیپەرست دەدۆزێتەوە، لەشکرێک لە قەڵەم و بەهرە فڕۆش دروست دەکات، وەک بووکەشوشە بەکاریان دەهێنێت. ئەم جۆرە میدیایە لە دنیادا لە زۆربەی وڵاتاندا هەن، بەڵام لە کۆمەڵگەی هۆشیاردا بە ئاسانی هەموو شتێکیان بۆ ناچێتە سەر، دژەکانیان بە ئەندازەی ئەوان دژایەتیان دەکەن، بەڵام لە کۆمەڵگەی ناهۆشیاردا زۆر شتیان بۆ دەچێتە سەر، هەوڵدەدەن ڕووداوە هەنووکەیەکان بەگوێرەی ویست و ئارەزووی لایەنێکی دیاریکراودا ڕووماڵە بکەن، نەک هەر تەنیا ئەوە، ئەوان هەوڵدەدەن مێژووش بشێوێنن. ئەم گرفتە لەلایەن خەڵکی ڕۆشەنبیر و دڵسۆز و نیشتمانپەروەردا پەنجەی بۆ درێژ کراوە، بۆ نموونە ئەو پارچە هۆنراوەیە لە فەیسبووکدا لەژێر ناوی (نەبەز ئەنوەر) بڵاوکرابۆیەوە کە جێگەی سەرنج بوو و دەڵێت: 
ئه‌ترسم کاسه‌ لێسێك مێژوو بنوسێته‌وه‌
زاڵم بکا به‌ مه‌زڵوم به‌درۆ بیهۆنێته‌وه
چه‌ته‌و جاش و ناپاکی کۆمه‌لێك بسڕێته‌وه‌
بوار نه‌دا شه‌هیدێك له‌دێرێك جێی بێته‌وه.
نەبەز ئەنوەر‌


کێشەی بێ موڕاڵی و بەدڕەوشتی لەنێو کۆمەڵگەدا نەخۆشیەکی کوشندەیە، بەشێوەیەکی بەرچاو کاردانەوەی، لەسەر جوڵانەوەی سیاسی، هەژموونی لەسەر بڕیاری سیاسیی، داتاشینی هەیکەلی حکومەت، هەڵبژاردنی سیستەمی حوکمڕانی و  ئارستە کردنی کۆمەڵگەدا دەبێت. هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی، یان شۆڕشی چەکداری یان هەر سیستەمێکی حوکمڕانی بۆ ئەوەی بتوانێت کاردانەوەی هەبێت لەسەر ڕای گشتی، هەمیشە لە ڕابردوو، ئێستا و دواڕۆژدا دروشم، ڕێباز و گوتاری سیاسی لەنێو چوارچێوەی مۆڕاڵ و ڕەوشتی بەرزدا دەڕازێنێتەوە، وەک نەهێشتنی زوڵم و ستەمکاری، سەربەستی بۆ وڵات، دابین کردنی ژیانێکی ئازاد بۆ گشت کۆمەڵگە و پاراستنی ماف و ئازادی تاک. لەژێر ئەو دروشم و بیروباوەڕاندا بوو کە شۆڕشەکانی کورد، خەباتی چەکداری ژێرزەمینی خەڵکی خاوەن هەڵوێست، نیشتمانپەروەر و لەخۆبووردووی تێددا کۆبۆیەوە، خۆ ئەگەر بیروباوەڕ و دروشمی پڕ لەو ڕەوشتانە نەبووایە، سەرانی کورد یەک تاکە کەسیان لەگەڵدا نەدەبوو لە زەمانی شاخ و پێشمەرگایەتیدا.   
کاتێک کە تاک پەروەردە دەکرێت بۆ پارە بژێت، بێ گومان گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایش و  ئابووریی وڵات دروست دەکات. تاکی پارەپەرست ئەگەر لە سوپادا دەستی بڕوات، بۆ پارە سیخوری بۆ دوژمنی وڵاتەکەی دەکات، لە کاتی تەنگانەدا بەگوێرەی دەسەڵاتی خزمەت بە لەشکرکێشی بێگانە دەکات. ئەو ئامادە دەبێت دەست بۆ سامانی گشتی ببات. مافیا دروست بکات، بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر بکات. پارەپەرست،  بەهای هیچ ڕەوشتێکی لا نامێنێت، لە کاتی تەنگەژە سیاسیەکاندا دەبێت بە جاش و خۆفرۆش و وڵاتفرۆش.
لە پەڕتووکە مێژوویەکاندا هاتووە، کاتێک کە ناپلیۆن ١/٧/١٧٩٨دا  هێڕشی سەربازی بۆ سەر میسر دەکات، سوپای میسری بە ڕێبەرایەتی موحەمەد کەریم ڕووبەڕووی ئەو هێرشە دەبێتەوە. لە ئەنجامدا ناپلیۆن سەردەکەوێت، محەمەد کەریم بەدیل دەگرێت و حوکمی لە سێدارەدانی دەدا.  دواتر ناپلیۆن دەچێت بۆ لای محەمەد و دەڵێت:
" نامەوێت پیاوێک بکوژم، کە بەو رۆحیەت و ئازایەتیە، بەرگری لە وڵاتەکەی کردبێت. نامەوێت لە مێژوودا تاوانبار بم، بە کوشتنی پاڵاوانێک کە بەو ئازایەتیە شەڕی بۆ وڵاتەکەی کردووە، بۆیە لێت دەبوورم، بە مەرجێک کە ١٠هەزار لیرە بدەیت بەو سەربازانەی کە لەو هێڕشەدا بەشدار بوون و کوژراون".   
محەمەد کەریم لە وەڵامدا گوتی: 
" ئەو پارەیەم نییە، بەڵام بە سەدان هەزار لیرەم لای بازرگانەکانی شاری ئەسکەندەریە هەیە. دەرفەتم بدە، قسەیان لەگەڵدا بکەم. موحەمەد کەریم بەدەست و قاچ زنجیرکراوی، لەژێر چاودێری سەربازیی فرنسیدا لە بازاری شاری ئەسکەندەریەدا، دەچێت بۆ لای تاجیرەکان و داوای قەرزەکەی دەکات".  ئەوان لە وەڵامدا دەڵێن:
"تۆ تاوانباری، بەرگریت لە شاری ئەسکەندەریە کرد، بووی بەهۆی ئەوەی ئەو شارە وێران بێت و زەرێکی زۆرت لە بازار دا، بۆیە ئێمە ئامادەنین قەرزەکەت بدەینەوە و دەربازت بکەین".
محەمەد کەریم هاتەوە بۆ لای ناپلیۆن، پێ ڕاگەیاند کە چی ڕوویدا. ناپلیۆن گوتی:
" من لە سێدارەت دەدەم، نەک لەبەرئەوەی دژی ئێمە بەرگریت کرد، بەڵکو لەبەرئەوەی خۆت بەخت کرد بۆ کەسانێکی ترسنۆک، کە تیجارەتی خۆیان لە وڵاتەکەیان خۆشتر دەوێت". 
پێش لە سێدارەدانی موحەمەد کریم، گوتەیەکی گرنگی بۆ مسریەکان بەجێهێشت و تێددا هاتووە:
"بۆ کۆمەڵگەی جاهل، ئەو کەسەی کە هەوڵدەدات شۆڕش هەڵگیرسێنێت، وەک ئەوە وایە کە ئاگر لە جەستەی خۆی بەربدات لە پێناو ڕووناک کردنەوەی ڕێگەی کوێران".
مێژووی بزوتنەوەی سیاسی و چەکداری و کۆمەڵایەتیی لە دنیادا، وانەی زۆر گرنگیان لەخۆیان گرتووە، بێ مۆڕڵی و بەدڕەوشتی و گەندەڵی، دەردێکی کوشندەی ژیانی مرۆڤایەتی بووە. گیڤارا، شوانێک بە گرتنی دا. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی بەو کارە دژی جیڤارا هەستا؟ لە کاتێکدا ئەو بۆ خۆشبەختی ئەو بەرەنگاری کردووە. لە وەڵامدا گوتی، جیڤارا دۆخێکی خراپی بۆ مەڕوماڵەتەکەم خوڵقاندبوو! 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست