<

کۆیلەبوون و کەسایەتی تێکشکاو

29/12/2025, 23:58 (GMT+1)
کەسایەتی تێکشکاو دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، مرۆڤ تێیدا خۆی لە بەرامبەر هەموو کەسێکدا بە بچووک و لاواز دەبینێت. ئەم کەسایەتییە هەمیشە عەوداڵی گەڕانە بەدوای یەکێکدا کە یارمەتیی بدات و لە دەست ئەرک و قورسایی ژیان رزگاریی بکات، بۆ ئەمەش هەموو بڕیارێک دەداتە دەست ئەو کەسەی کە کردوویەتی بە گەورەی خۆی، چونکە خۆی هەست دەکات، کەسێکی ناتەواوە و لە ناخی خۆیدا بڕوای بە هێز و تواناکانی خۆی نییە. وەک چۆن نیچە دەڵێت: (ئەوەی نەتوانێت خۆی بەڕیوەبەرێت، دەبێتە بەندەی کەسانی دیکە.)
ئەم کەسایەتییە بە شێوەیەکی بەردەوام پەنا دەباتە بەر کەسانی دەسەڵاتدار، پارەدار، مەلا و پیاوی ئاینی، یان هەر کەسێکی دیکە، چونکە پێی وایە ئەوانە لە خۆی وریاتر و زیرەکتر و باشترن.
ژان پۆل سارتر لەسەر ئازادیی و بەرپرسیارێتی مرۆڤ دەڵێت: (مرۆڤ مەحکوومە بەوەی، کە ئازاد بێت.) بەڵام کەسایەتی تێکشکاو ئەو ئازادییەی ناوێت و لێی هەڵدێت. ئازادییەکەی دەداتە دەست کەسانی تر، کە لە راستییدا ئەمە هەڵاتنە لە بەرپرسیارێتی و هەڵاتنە لە خودی مرۆڤبوون.

(سەرچاوەی لاوازی کەسایەتیی تێکشکاو)

زانای دەروونناس ئێریک فرۆم باسی (ترسی ئازادیی) دەکات و دەڵێت: مرۆڤ کاتێک نەتوانێت بەرگەی ئازادیی کەسێتی خۆی بگرێت، ئەوا دەچێت خۆی بە سیستەم و کەسانی دەسەڵاتدار و عاقڵتر لە خۆی دەسپێرێت.
کەسایەتی تێکشکاو هەمیشە پێویستی بە باوکێکی دەروونی و رۆحانیش هەیە وەک سەرۆک، مامۆستا، یان ڕابەرێک بیکات بە گەورەی خۆی – کاتێک ئەوانە دەدۆزێتەوە، ئیتر هەست بە ئارامیی دەروونی و ئاسوودەیی خۆی دەکات. چونکە لە منداڵییەوە وا فێربووە، متمانەی بە خۆی نەبێت. وەک چۆن کارل ڕۆجەرز دەڵێت: (کاتێک پەروەردەکردن ئەگەر بە پێی مەرج دامەزرا بێت، ئیتر مرۆڤ نایەوێت خۆی فێری ئەوە بکات، لە خۆی رازیی بێت، بەڵکو فێر دەبێت چۆن کەسانی دیکە ڕازیی بکات، ئەوانیش بە بچوکی ئەمیان دەوێت و لە هەموو بۆنە و دەرفەتێکدا بەکاری دەهێنن.). 
کەسی تێکشکاو کاتێک کەسێکی گەورە بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، ئەمە دەبێتە خۆشترین ساتەکانی ئاسودەبوونی، چونکە ئیتر دڵنیاینە ئەرکێک لە کۆڵ بۆتەوە، چونکە دەسەڵاتدار و سیستەم و پیاوانی ئاینی لێی رازین، ئیتر دەسەڵاتدارانیش ئەم کەسە تێکشکاوە وەک خزمەتکار و کارەکەر ،  پیاو و پیاوکوژ، هەڵیاندەسوڕێنن و بەکاریان دەهێنن.
لە هەمانکاتدا کەسایەتیی تێکشکاو، واتای کۆیلەبوونە لە فۆڕمێکی نوێی سەردەمیانەدا، ئەو کەسایەتییانە تا چەندە خۆیان بە بچووکتر ببینن، ئەمە هانییان دەدات پشت بە خۆیان نەبەستن، هۆکاری ئەمەشە، کە لە ژیانیاندا سەرکەوتوو نابن. بەردەوام لە ناخیدا لەگەڵ خۆیاندا دەدوێن و دەڵێن: ئێمە بچووکین، پێویستمان بە یەکێک هەیە، تا ئێمە بەڕێوەبەرێت، لەو بارەیەوە سیگمەند فرۆید دەڵێت: (مرۆڤ  تێکشکاو کەسایتییەکەی خۆی دووبارە و چەندبارە دەکاتەوە، بەوەی گوایا بەمە چارەسەری خۆی کردووە.).
کەسایەتی تێکشکاو لە پێناوی دۆزینەوەی ئارامییەکی کاتیدا، خۆی لە بارە قورسەکانی ژیاندا دەردەکات، دووبارە خۆی دەسپێرێتەوە بە ئاغا و کەسێکی دەسەڵاتداری دیکە.

(چارەسەر)

سۆکرات دەڵێت: (ناسینی خود سەرەتای ژیریی و دانایییە.) کەسایەتی تێکشکاو دەبێت ددان بەوەدا بنێت، کە دەتوانێت پلەیەک خۆی بەرزبکاتەوە و ببێتە خاوەنی کەسایەتیی خۆی.
مارتین هایدێگەریش دەڵێت: (ئەو کەسەی نەتوانێت دان بە سنوورەکانی دەرەوەی خۆیدا بنێت، هەرگیز ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم سنوورانەدا بژی.). 
کەسایەتی تەواو و تەندروستیش ئەو کەسە نییە، کە هیچ پێویستی بە کەسی دیکە نەبێت، بەڵکو ئەوەیە، کە بزانێت کەی پێویستی بە یارمەتی هەیە و چۆن دەتوانێت بە هێز و توانای خۆی لەسەر پێی خۆی رابوەستێت.
ئاریستۆ دەڵێت: (میانەڕەویی باشترین شتە) میانەڕەو واتا لە نێوان پشتبەستن بە خوود و پشتبەستن بە کەسانی تر.
کەسایەتی تێکشکاو دەبێت فێر بێت، کە هێز لە خۆی وەربگرێت، نەک لە کەسانی دیکە.
لە ناو کورددا کەسایەتیی تێکشکاو لە هەڵکشاندایە، بۆیە خۆفرۆش و خائین و پیاوکوژمان زۆرە، نەفام و نەزانمان زۆرە، ئەوەی جێگای سەرنجە، کە کەسێکی تێکشکاو، بە پێچەوانەوەی بچوکی خۆیەوە، هەمان رەفتار لەگەڵ منداڵ و کەسی بێدەسەڵاتدا دەکات و سزای دەرونیان دەدات، بەتایبەتی پیاو، کە لەناو کۆمەڵگای ناوشیاردا، باڵادەستە.
لە کۆتاییدا ئەم قسانەم بۆ ئەوانەشە، کە دەبنە کۆیلەی پارت و سەرکردە و کەسانی دەسەڵاتدار و پارەدار، بەتایبەتی پارتە کوردییەکان کارگەی بەرهەمهێنانی کەسایەتیی لاواز و تێکشاون، ناتوانرێت بە نمونەی ئەمانە گەل و نەتەوەیەک ئازاد و رزگار بکرێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست