<

ڕاپەڕینی گەلانی ئیران و خولانەوە لە بازنەیەکی داخراودا

10/01/2026, 21:09 (GMT+1)
مێژوو پێمان دەڵیت، کە داتاشینی پەیکەری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە لەژێر هەژموونی ململانێ  نێوان هێزە دەرکییەکان و ناوچەکە و  ناوەخۆیەکان بووە. هەر هێزێک کە لە ململانێ سەربازییدا سەرکەوتوو بووبێت، ئەوا بووە بە بڕیاردەری سەرەکیی لە دیاری کردنی چارەنووسی گەلانی ناوچەکە و ڕاکێشانی سنووری جوگرافیای وڵاتانی ئەو دەڤەرە. 
دوای ڕووخانی ئیمپراتوریەتی عوسمانی و سەفەوی، وڵاتانی زلهێزی سەرکەوتوو، بەتایبەتی لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمدا، لەسەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا و دۆزینەوەی نەوت لەو ناوچەیەدا، داتاشینی پەیکەری سیاسیی و دیاری کردنی سنووری جوگرافیای، وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کەوتۆتە ژێر دەسەڵات، ئەوجا بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان هاوپەیمانەکانیان بەکارهێناوە، ئەوان بڕیاریانداوە کام کەسایەتی کە بۆ ئەوان گونجاوە بیگەیەننە کورسی دەسەڵات. هیچ سەرۆک کۆمارێک یان سەرکردەیەک نەگەیشتۆتە دەسەڵات ئەگەر جاش و ملکەچی زلهێزەکانی دونیا و ناوچەکە نەبووبێت، بۆ نمونە لە تورکیادا لە ئەتاتورکەوە بگرە تا دەگات بە ئەردوغان. لە عیراق لە مەلیک فەیسەڵ  بگرە تا دەگات بە سەڕۆک کۆماری ئەمڕۆ. لە میسر لە مەلیکەوە بیگرە تا دەگات بە سیسی. لە ئێران لە ڕەزا پەهلەوی تا دەگات بە پزیشکیان.
دابەش بوونی وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتوریەتی عوسمانی لە سەرەتایی سەدەی ڕابردوودا، ئەجێنداو ستراتیژیەتی داڕێژڕاوی پێشوەختەی زلهێزەکانی دنیا بوو، واتە تا ئەوان لە جیهاندا دەسەڵاتدار بن و خاوەن هێزی سەربازیی زەبەلاح بن، مەحاڵە بهێڵن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارە هێزی زەبەلاح دروست بێت و لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتی هاوشێوەی جاران خۆی بنوێنێت. دابەش بوونی ئەو ناوچەیە لەسەرەتای سەدەی بیستدا، تەنیا بۆ ئەو سەد ساڵەی ڕابردوو نەبوو، بەڵکو خاڵی دەستپێکردن بوو، بۆ دابەش بوونی زێتری ئەو ناوچەیە لە ئایندەدا، کە ئێستا پێیان خۆش بێت یان نا، ئیران و تورکیا لەژێر ئەو هەڕەشەیەن. ئەگەر زلهێزەکانی دنیا بۆیان بلوێت، هاوکێشەی هێز لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زێتر بەلای ئەواندا بشکێت، ئەوا بە دڵنیایەوە کار بۆ پارچەبوونی زێتری ناوچەکە دەکەن، لەبەرئەوەی بۆ ئەوان ئاسانتر دەبێت، بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی زێتر و سەپاندنی هەژموونیان، بەڵام نادیارە داهاتوو چی لە هەگبەکەی حەشارداوە، کام زلهێز، کام ئەجێندا، کام ستراتیژ لەو ناوچەیەدا سەردەکەوێت و هاوکێشەی هێز بەکام لادا دەکەوێت!
بە گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات و سەڕۆکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،  باردودۆخی گەلانی ناوچەکە نەگۆڕاوە و هەمیشە ناهەموار بووە، چی لە ڕووی ئابووریی و چی لە ڕووی سیاسیی و نەبوونی دەسەڵاتێکی دیموکراتی ڕاستەقینە لەنێو سنووری جوگرافیای هەر وڵاتێکدا، هەمیشە گەلانی ناوچەکە  ناڵاندوویانە لەژێر دەسەڵاتی حوکمڕانی زۆردار و دیکتاتۆر و گەندەڵ و دز و جەردە. واتە ئەزموونی سیاسیی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لەو ناوچەیەدا، سەلماندویەتی کە گەلانی ئەو ناوچەیە لە بازنەیەکی داخراودا خولاونەتەوە، دوور نەڕۆین ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریانەی کە ناوی لێنرا "بەهاری عەرەبی"، کە کۆمەڵێک سەڕۆک کۆماری ئەو ناوچەیە یەک لەدوای یەکدا ئەتک کران. 
ڕاپەڕینی گەلانی ئیران ١٩٧٩
وەک، موبارەک لە میسر، قەزافی لە لیبیا و سەدام لە عیراق و هیتر، هەنووکە ئەنجامەکەی لەبەرچاوی هەمووانە، کە دۆخی ئەو میللەتانە لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەو خراپی چوو، نەک بەرەو باشی، بۆیە ناولێنانی ئەو ڕاپەڕینانە و گۆڕانکاریانە بە "بەهاری عەرەبی"، دەستەواژەیەکی ئێجگار هەڵە بوو، بەهیچ شێوەیەک نەبووە هێنانەدی خەونی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئەو میللەتانە و ئاشتی و ئاسایش بەرقەرار نەبوو، لەبری بەهاردا زستانێکی سەخت و تەڕوتووشی لەگەڵ خۆیدا هێنا.
ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریانەی لەو ناوچەیەدا سەریان هەڵدا، کە سەدان خەڵک بوون بە قوربانی، لە بنەڕەتدا ڕێشمەکەی بەدەست زۆرداران و هێزی دەرەکیی بوو، بۆ نمونە ڕێشمەی ڕاپەڕینەکانی عیراق لە ساڵی ١٩٩١دا بەدەست ئیران بوو، لە ڕێگەی تەنسیق کردن لەگەڵ سەرانی ئۆپۆزسیۆنی عەربی شیعە و کورد، بۆیە لەو بەروارەوە هەژموونی ئیران لە باشووری کوردستان سەپێنرا، دوای ڕووخانی سەدام لە ٢٠٠٣دا عیراق بەتەواوی کەوتە ژێر هەژموونی تاران.  دەبێت ئەو ڕاستییە نەبوێرین، کە  بەشێوەیەکی گشتی سەرانی هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانە، مەبدەئیانە هەڵسوکەوتیان نەکردووە لەگەڵ هەلە مێژوویەکاندا، لە کاتی دانیشتنیان لەگەڵ نوێنەری زلهێزەکانی دنیادا ڕۆڵیان لە ماستاوساردکردنەوە بەولاوە هیچی دی نەبووە، تەنیا داوای پارە و پۆستیان کردووە، وەک ئەوەی بڕێمەر لە بیرەوەریەکانی باسی دەکات.  بۆیە سەرانی ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانیوە ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی داواکاریە سیاسیی و نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی میللەتەکان، لە ئەنجامدا میللەتان بەرهەمی خەبات و ماندووبوونی خۆیانیان نەخوارەدووە. لە هەموو قۆناغەکاندا، هەموو ئەوانەی کە  هاتوونەتە دەسەڵات لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە پشتیوانی وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە و دنیادا بووە، کە لە ئەنجامدا کاردانەوەی هەبووە لەسەر بیروبۆچوونی ئەوانەی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشتوون، پێیان وابووە، کە پشتبەستن بە هێزێکی دەرەکیی، مانەوەی ئەوان مسۆگەر دەکات، نەک هێز و توانای میللەت، بۆیە هەرکە هاتوونەتە دەسەڵات لە گەل و میللەتانی ناوچەکە بێمنەت بوونە و  هەژماریان بۆ خواست و ئارەزوو و ڕای میللەتەکە نەکردووە.
ڕاپەڕینی گەلانی ئیران ٢٠٢٦
دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە بەزەبری ترس و تۆقاندن و بە کوشتنی تاک و کۆمەڵکوژی هەوڵیانداوە میللەتانی ناوچەکە سەرکوت بکەن، بۆ ئەو مەبەستە، سامانی گشتیان خەرج کردووە، بە سەدان دامودەزگەی هەواڵگری و سیخوریان لەنێو دڵی میللەتەکەدا دامەزراندووە، کۆمەڵێک لە حوسالەی نێو کۆمەڵگەیان لەخۆیان کۆکردۆتەوە،  کە لە ئەنجامدا بە هەزاران بەدڕەوشت، نەفسنزم، بێویژدان، پارەپەرست و ئەشکەنجەدەر و جەلادیان تێیدا هەڵکەوتووە، بوون بە ئامرازێکی کارێگەر بەدەست ئەوانەی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشتوون، بێشەرمانە کەوتونەتە گیان خەڵک و دەنگی ئازادیان کپ کردووە. بە خەرج کردنی سامانی گشتی بۆ بەزەبەلاح کردنی ئەو جۆرە دامودەزگەیانە، بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی  دەنگی ناڕەزا و بێزاری خەڵک گەیشتۆتە للووتکە، کە وەک چەکێک بەکارهاتووە لەلایەن زلهێزەکانەوە بۆ تۆقاندنی کەسی یەکەم و حزبی دەسەڵاتدار لەو وڵاتانەدا. واتە تا بەرژەوەندیی زلهێزەکان لەمانەوەی ئەو سەڕۆکانە بووبێت، چاویان لە ئاست هەموو تاوان و گەندەڵیەکان نوقاندوە کە بەرامبەر بە میللەت ئەنجامیان داوە، بۆ نموونە، ئەنفال و کیمیابارانی زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان لەساڵی ١٩٨٨-١٩٨٧دا بەتایبەتی لە هەڵبجە، بەڵام کاتێک دەگەنە ئەو خاڵەی کە بەرژەوەندیان خوازیارە و  پێویستە ئەوانە بگۆڕن، ئەوجا پەیتا پەیتا هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگی ناڕەزەیان داوە، وەک ئامرازێک بەکاریان هێناوە بۆ ڕووخاندنیان، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین لەدوای گۆڕینی هەر ڕژێمێک لەو وڵاتانەدا، بارودۆخی میللەت گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا نەهاتووە و واتە لە بازنەیەکی داخراودا خولاوەتەوە. 
هێزی چەکدار، شمشێر لەشکر و سوپای زەبەلاح، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە، لە داڕشتنی پەیکەری سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی میللەتانی ئەو ناوچەیە و دیاریکردنی سنووری جوگرافیای وڵاتان و سەرخستنی کەسێک بۆ للووتکەی دەسەڵاتی هەرەمی، دەنگ و ناڕەزایی میللی نێو گەلان وەک ئامرازێک بەکارهاتووە، بۆ سەرخستنی ئەجێنداو و ستراتیژی داڕێژراوی پێشوەختەی دەسەڵاتدارانی دنیا. ئەزموونی شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی ناوچەکە ئەو ڕاستیەیان دەمێکە پشتڕاست کردووە. کاتێک کە ئێستا لە میدیاکاندا، سەیری جۆشوخرۆش و ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلانی ئیران دەکەین، ئەگەر بەراوردیان بکەین بە هەمان ڕاپەڕینی جەماوەریی ساڵی ١٩٧٩دا کە دژی شای ئێران ئەنجام دار، وێنەکان کتومت وەک یەکن،  زۆربەیان گەنج و نەوەی تازەی ئەو سەردەمەن. کاتێک کە خومەینی بە فڕۆکە لە فرەنساوە گەیندرا تاران، بەهۆی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە نەبوو، بەڵکو ئەجێندایەکی حازر بەدەستی پێشوەختەی دەسەڵاتدارانی دنیا بوو، بەڵام ئەو ڕاپەڕینەیان بەکارهێنا بۆ مەشروعیەتدان بە دەسەڵاتی داهاتووی ٤٧ ساڵەی مەلاکانی ئیران.
ئەو ڕاپەڕینەی ئەمڕۆی گەلانی ئیران ئاوێنەیەکە، کە تێیدا ڕاستی جۆری حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی تارانی پێوە دیارە، کە زلهێزەکان دڵنیا بووونە لەوەی کە ئەو جۆرە ناڕەزاییە دووبارە سەرهەڵدەداتەوە، بەڵام تا ئەو کاتەی خۆیان دەیانهەوێت، ئینجا ڕێگەی سەرکەوتنی دەدەن.  پێش چوار ساڵ، گەلانی ئێران بەو جۆرە هاتنە سەرشەقام، بەڵام ئەو کات زلهێزەکان لە میدیاکاندا ڕایانگەیاند، کە ئەوان هیچ نیازی ئەوەیان نییە، ڕژێمی ئیران بگۆڕن یان بڕوخێنن، بەڵام ئەمڕۆ هەڵویستیان گۆڕاوە. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ زلهێزەکانی دنیا هیوای زۆریان بەهەمان ئەزموون هەبووە کە دووبارە ببێتەوە، وەک کارتی فشار بەکاریبهێنن بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان، بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران و مەشروعیەتدان بەو کەسەی کە خۆیان پێشوەخت لە ئەجێندایاندا هەیە، سەریبخەن بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵاتی ئیراندا، بەدڵنیاییەوە ئینتیهازیەکانی نێو کۆمەڵگەی ئیران و نێو هێزی ئۆپۆزسیۆن خۆیان بۆ ئەو هەلە مەڵاس داوە. 
ڕاپەڕینی جەماوەری گەلانی ئیران دژی شا لە ساڵی ١٩٧٩د
٤٧ ساڵە، گەلانی ئیران جەزرەبە دەکێشن، بەدەست دەسەڵاتێک کە بە پشتیوانی ئەمریکا و ئەوروپا هاتە دەسەڵات. ٤٧ ساڵە میللەتی کورد لەنێو سنووری ئەو وڵاتەدا دەچەوسێتەوە، تا ئەمڕۆ لە سێدارەدانی لاوی کورد لەژێر تاوانی مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر  پەردەپۆش دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاران، بەهەمان شێوەی کە شا لە دەسەڵاتدا بوو. کاتێک کە خومەینی هاتە دەسەڵات، زۆربەی کوردستان ئازاد کرابوو، لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردیەکاندا بوو، بەڵام دواتر بەبەرچاوی زلهێزەکانی دنیا، بە زەبری کوشتن، بڕین تۆپ، فڕۆکە و خومپارە و هێزی پیادەی سوپای پاسداران، میللەتی کورد دەنگی لەنێو چوارچێوەیەکی بچووکیی داخراودا قەتیسما، کە ئەمڕۆ هەمان ئەزموون خۆی دووپات دەکاتەوە. 
لەو ٤٧ ساڵەدا، چوار تا پێنج نەوە لەژێر دەسەڵاتی نامڕۆڤانەی ئێراندا گوزەریان کرد، ئەوەی نەکراوە بەو میللەتە کراوە، بەڵام تاران بە پشتیوانی زلهێزەکانی دنیا دەنگی زوڵاڵ بوو، تا هەردووک لایەن بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازیەکانیان جووت بوو، مێش میوانیان نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەجێنداو ستراتیژیەتی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆیە پشتیوانی لە دەنگی شەقام و زۆرینەی سادەی نێو گەلانی ئیران دەکەن، کە تا ئەو ساتەش ئەوەش جێگەی متمانە نییە. 
لە ساڵی ١٩٧٩دا، ئەوان شای ئێرانیان بە نەخۆشی ژێرپەنجەوە سوورگومی میسر کرد، بۆ ئەوەی ڕۆژێک هەمان ئەزموون دووبارە بکەنەوە، لەوێدا جێگرەوەی ئەو بە زیندووی بمێنێت و پشتیوانی لێ بکرێت بۆ سەعاتی سیفر و بۆ ٥٠ ساڵی دی نەوەی داهاتوو بکەن بە سووتەمەنی بەرژەوەندیەکانیان. ئەمڕۆ ئەوان بە دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، دەسەڵات بەجێبهێڵن بەرەو ڕوسیا سوورگوم بن، وەک ئەوەی لەگەڵ شای ئێرانیان کرد پێش ٤٧ ساڵ لەوە پێش، واتە ڕاپەڕینەکان و شۆڕشە جەماوەریەکان لە بازنەیەکی داخرودا دەخولێنەوە، لەبەرئەوەی دوای گۆڕینی دەسەڵات، دەسەڵاتەدارە تازەکان بەهەمان شێوەی دەسەڵاتدارە کۆنەکان لە فەلەکی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان دەخولێنەوە. هەنووکە ئاماژەکان دەریدەخەن، کە  دوای مەلاکان کوڕی شا لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشێنن، بۆیە دووبارە بوونەوەی ئەو سیناریۆیە چاوەڕوان کراوە، کە زلهێزەکانی دنیا  دوای ٥٠ ساڵی دی کردنی ٥ نەوە بە سووتەمەنی ئەو دەسەڵاتە تازەیە، ئەوجا پاشماوەی مەلاکان لە ڕوسیا بگەرێننەوە و دووبارە بە چەپڵەڕێزانە لەسەر کورسی دەسەڵاتیان دابنێن!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست