<

مەرگی نیشتمان لە سایەی دەسەڵاتی بازرگان و مەلای بەکرێگیراودا

22/01/2026, 16:37 (GMT+1)
لە دوای راپەڕینەوە، دەسەڵاتی سیاسی لە باشووری کوردستان (پارتی و یەکێتی)، بەسەرپەرشتی میت و ئیتلاعات بە بەرنامەیەکی داڕێژراو،  دەرگایان بۆ تەوژمێکی مەترسیداری ئیسلامی سیاسیی توندڕەو و سەلەفییەت کردەوە، لە هەمانکاتدا ژێرخانی پەروەردەیی قوتابخانەکانیان بۆ نەوەکانی داهاتوو وێران کرد، بە پێچەوانەوە بە لێشاو مزگەوت و ناوەندی ئاینییان کردەوە، مینبەری مزگەوتەکانیان رادەستی کەسانێک کرد، لە نمونەی مەلا مەزهەر، د. عەبدولواحید، مەلا هەڵۆ، عەبدوللەتیف سەلەفی و دەیان مەلای هاوشێوەی ئەمانە، کە تێکڕا هەموویان هاوشێوەی بیرکردنەوەی داعشیان پێ بوو . لەم مینبەرانەوە، هەرچییەکیان دەگووت رێگاپێدراو بوو، هەر سوکایەتییەکیان بە کورد و نیشتیماکەی دەکرد چاوپۆشی لێ دەکرا؛ چونکە ئەم کارەکتەرە ئاینییانە لە بنەڕەتدا بەرهەمی ئەجێندای داگیرکەران و بەکارهێنراوی دەسەڵاتەکە خۆی بوون. پارتیی و یەکێتی پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ ئەم مەلا خائینانەدا هەبوو، چونکە لە خیانەت و ناپاکییدا بەرامبەر بە خاک و نەتەوە و نیشتیمانی کورد، ئەمانیش هاوشێوەی خۆیان بوون .
ئەم پیاوە ئاینییە بەکرێگیراوانەیان خستە، سەرووی یاساوە و سزایان لەسەر هەڵگرتن، ئەوانیش بەوپەڕی بێباکییەوە سووکایەتییان بە ئاڵا و سرود و بە مێژوو، بە پیرۆزییە نەتەوەییەکان و خاکی کوردستان دەکرد. بە ئیستاشەوە ئەوان بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "خاک پیرۆز نییە، بەڵکو ئاین پیرۆزە"، بە پێچەوانەوە کاتێک دەچنە تورکیا و ئێران، یان سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکەن، بەوپەڕی ملکەچییەوە ئاڵای ئەو وڵاتانە ماچ دەکەن و خاکەکەیان بە پیرۆز دەزانن. وەک نمونە دەبینین چۆن لەسەر گۆڕی سوڵتانە عوسمانییەکان و تەنانەت ئەتاتورک دەگرین و کڕنۆش دەبەن، لەکاتێکدا لەم لاشەوە لە کوردستان خەریکی شۆردنەوەی مێشکی گەنجان و لاوانی کوردن تا لە بەها نیشتمانییەکان دایانبماڵن. هەر دەنگێکیش دژی ئەجێندای هەواڵگریی وڵاتانی داگیرکەر (وەک میت) بوەستێتەوە، یان دژی پارتیی و یەکێتیی قسەیەک بکات، چارەنووسی کوشتنە یان زیندانی دەبێت، یاخود ناچار دەکرێن بە کۆچکردن و جێهێشتنی نیشتمان.
ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ مەلاکاندا، باشووری کوردستانیان رووبەڕووی گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی و کولتووریی مەترسیدار کردووەتەوە؛ وڵاتیان پڕ کردووە لە عەرەب و کولتووری سەلەفییەت، هاوتەریب لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دیاردەی "کچە مۆدێل" و شوێنی رابواردن و بازرگانیکردن بە جەستە و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، سیناریۆی دروستکردنی ئۆپۆزیسیۆنی کارتۆنی و حزبۆچکەی ساختە دووبارە دەکەنەوە، تەنها بۆ ئەوەی بەهای ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینە بشکێنن و متمانەی خەڵک بۆ هەموو گۆڕانکارییەک کەم بکەنەوە. زیاتر لە ٣٥ ساڵە، بنەماڵەکانی دەسەڵات (بارزانی و تاڵەبانی) و میراتگرانیان، ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکەن، کە تەنانەت دوژمنانیش بەو ئەندازەیە زیانیان بە کورد نەگەیاندووە.
لەسەر ئاستی نەتەوەیی و کەلتووریش، درزێکی گەورەیان خستووەتە نێوان زاراوەکان (سۆرانی و بادینی)؛ لەبری کارکردن بۆ یەکخستنی زمانی کوردی وەک کۆڵەکەی بنیاتنانی دەوڵەت بۆ پاشەڕۆژ، زمانەکەیان پارچەپارچە کردووە. لە رووی ئابووریشەوە، بازاڕی ئازادیان قۆرخ کردووە و جومگە ئابوورییەکانیان خستووەتە دەست چەند کۆمپانیایەکی سێبەری سەر بە خۆیان، کە راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە ئێران و تورکیاوە، بەجۆرێک هیچ کەسێک جگە لە پیاوانی سەر بەخۆیان بۆی نییە لە دەرەوەی بازنەی ئەوان کارێک بکات و پارەدار بێت، یان بهێڵن کەسێک بۆ خۆی بەسەربەستی کار بکات. ئەم سیاسەتە تێکەڵکردن و ئاژاوەیەکی ئیداریی لێکەوتووەتەوە؛ ناسنامەی شارەکانیان شێواندووە، سلێمانی و هەولێر، دهۆک و کەرکوک و خانەقینیان کردووە بە گۆڕەپانی ململانێیەکی دەستکرد، وای لێهاتووە شیرازەی کۆمەڵایەتییان تێک داوە، کەم کەس دەبینرێت کە هەست و ئینتیمایان بۆ خاک و نەتەوە، بۆ مێژوو و کەلتوری کوردیی مابێت.
لەناو ئەم گێژاوەدا، کۆمەڵێک مەلا و بانگخواز دەهێنرێنە پێشەوە کە بە زمانێکی زبر و پڕ لە سووکایەتی قسە بە کورد و بە مێژوو و بە خاک و نیشتیمانەکەی دەدەن؛ ئەوانەی لە ڕێگەی گوتاری "ناوگەڵ"ـەوە باسی ژن دەکەن و دەیانەوێت ئافرەتی کورد تەنها وەک "کۆیلەی پیاو" ببێتە ئامێرێکی ناو ژووری نووستن و چێشتخانە، بەو شێوەیەش وێنایان دەکەن. ئەمانە بە ناوی ئاینەوە خەڵک دەکەن بە پاشکۆی کولتووری عەرەب و تورک و فارس، هانیان دەدەن جلوبەرگی بیانی و عەرەبی بپۆشن و لە کولتووری ڕەسەنی خۆیان داببڕێن، هەموو ئەمانەش بە بەرچاوی دەسەڵاتەوە دەکرێت.
دەسەڵاتی سیاسی لە باشوور، نەک هەر بێدەنگە، بەڵکو ئەندازیاری ئەم دۆخەیە. سیاسەتی "برسیکردن و بێ مووچەیی" بەشێکە لە ستراتیژێکی دوو جەمسەریی: یەکەم، سەرقاڵکردنی خەڵک بە بژێوی ڕۆژانەوە، تا داخوازییەکان تەنیا لە مووچەدا کورت بکەنەوە و بیر لە مافی نیشتمانی نەکرێتەوە. دووەم، هەڵوەشانەوەی ئەخلاقی، تاک بەتاکی کۆمەڵگا، تا خەڵکی لەبەر نەبوونیی و لە چارییدا ئامادەبێت دەستبەرداری شەرەف و کەرامەتی خۆیان ببن، پەنا بۆ هەموو کارێکی بەدڕەوشتیی بەرن.
دەرەنجامی ئەم ژینگە ژەهراوییە، وەک دەبینن دەیان خۆفرۆش لە نمونەی "مەلا هەڵۆ"کان بەبێ ترس ستایشی دوژمن دەکەن و بیرکرنەوەی داعش پیرۆز دەکەن. فەرموون سەیری دەرەنجامی ئەم سیاسەتە بکەن؛ گوێ لەو گوتارە پووچ و خەیاڵییانە بگرن کە ئەمڕۆ لەلایەن ئەم مەلایەوە ئەحمەد شەرع (موحەمەد جۆلانی) پیرۆز دەکەن، ئەمەش بەرهەمی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییەوە، کە بە گوێی کۆمەڵگادا گوزەری پێدەکەن، بە مەبەستی ترس و دڵەراوکێ و بۆ دەستکەوتی ئامانجەکانی ئیسلامە سەلەفییە داعشەکان و دوژمانی کورد.
لە رێگای ئەم جۆرە وتارانەوە، مژدەی ئەوە بە خەڵکی کوردستان و خەڵکی دەدەن، کە گوایە کارەساتی حەڵەب ویستی خوایە و هەموو شارێکی کوردستان دەبێت چاوەڕوانی چارەنووسی رەشی خۆی بێت.
بۆ بینین و گوێگرتن لە قسەکانی مەلا هەڵۆی خائین و خۆفرۆش کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
(20+) Facebook
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست