سپای ڕزگاری کوردستان(سرک)
03/02/2026, 21:18 (GMT+1)

پێشکەشە بە ڕابوونی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەییمان
گیانەکانم، ئێوە دەزانن کە چەندە خۆشحاڵ و سەربەرزین بەو یەکبوونەمان، یەکبوونە نەتەوەییەکەمان، هەموو دنیای هەژاند، هەموو هێزە بڕیاردەرە جیهانییەکانی ناچارکرد کە لە بڕیارەکانیاندا سەبارەت بە مەسەلە ڕەواکەمان وشیار و لە سەر هەست بن، بۆیە بەردەوامیتان، کاریگەری مەزنی لەسەر بڕیارەکان دەبێت، هەروەها دەزانن کە ئیتر سەردەمی کڕووزانەوە و باوەشکردن بە دوژمنانی کورددا، کە لەمەوبەر ڕوویانداوە، بووە مێژوو، ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی نەتەوەییمان دەدات، ئەوە نەتەوەکە خۆیەتی، ئەمە ئەو دەمەیە کە حەفتا ساڵە نەتەوەکە داوای یەکگرتن و پێکەوەیی لە هێزەکانی دەکرد، ئێستا نەتەوەکە ئەوەی کرد، کە دەبوو بیکردایە، ئەم یەکبوونەمان، هەموو پلانەکانی داگیرکەرانی ئیستعماری ناوچەکەی پوچەڵکردەوە، ئێمە خاوەن مەسەلەیەکی ڕەواین، ئازادیخواز و مرۆدۆستین، داواکارکێکی سەرسەختی ئاشتی و ئارامیین، بۆ خۆمان و بۆ مرۆڤایەتیش، لەسەر ئازادبوونیش، مامەڵەو سەودا ناکەین، چوونکە نەتەوەیەکی ئازادین، یەک هێز، یەک تەوژم و یەک ڕێکخستن دەمانپارێزێ و سەرمان دەخات، ئەویش هێز و تەوژمی یەکێتی نەتەوەییمانە، ئەوە گەرەنتی سەرکەوتنمانە، ئەگەر لە تاقم و دەستەدا پەرت و بڵاوبین، جیهانیان نازانن لەگەڵ کاماندا بدوێن و کێ نوێنەرایەتیمان دەکات، بۆیە یەکبوونەکەمان گرنگترین خاڵی کرۆکی و سەرەکییە، کە جیهانیان ئێستا دەزانن کە میللەتێکی دەیان میلیۆنی نوێنەرایەتی خۆی دەکات، ئەمە زۆر گرنگە، کەس ناتوانێت ڕەتمان کاتەوە، چوونکە نەتەوەکەیە قسە دەکات، نە ئەمە و نەئەوە و نە ئەوان، بەرخۆدان و سەرهەڵدان و ئازادییە کە قسان دەکات، ڕابوونی نەتەوەیەک، نیشانەی بزووتنی شارستانەتەکەیەتی، ئەوە ئەو دەمەیە کە سەدان ساڵە دەوڵەتنەتەوە ئیستعمارییەکانی داگیرکەری کوردستان، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بوو کە کورد نەگاتە ئەو خاڵە، سپاس بۆ کوردبوون و دلێریتان، لە کاتێکدا کە سێ بەشی نیشتمانە مەزنەکەمان، ڕۆژانە زامدار و سەردەبڕدرێ، ئێوە وتتان (یەکێتی نەتەوەیی) و خاکی کوردستان ئێوەی گرتە باوەش، کەواتە لە پێناوی کوردستاندا، یەکێتی نەتەوەیی و دیسان یەکێتی نەتەوەییمان بپارێزین. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە، کە وشیار و لەسەر هەست بن، هەموو بیروباوەڕێک بەڕێز و ئازادە، بەڵام مەسەلەی ئێمە، بیروباوەڕێکی دیاریکراوە، (ئازادی بۆ نیشتمان)، بیروباوەڕەکان نەتەوە نیین، ئەوانە هەستی مەعنەوی خاونەکانیانن و شایان بەخۆیان و بەڕێزن. وشیار بن، هەزاران داوی نەبینراو و بینرا و لەسەر ڕێگای تێکۆشانەکەماندا چنراوە و دەچنرێ، بەڵام ڕزگاریی نیشتمان، هێندە گەش و تەرلان و شۆخ و شەنگە هەر لە دوور ڕا دەیناسینەوە. پێوانەتان با یەکێتی نەتەوەیتان بێت، ئێدی بەلا ڕێدا ناڕۆین و ناتوانن گومڕامان بکەن.
لەم کاتەدا پارچەیەکی تری نیشتمانەکەمان، ڕۆژهەڵاتی لە دڵماندا شیرین، ڕۆژهەڵاتی ڕۆژئاڤامان، لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، ئێمەیش، بۆمان ڕوونبۆتەوە، کە ڕۆژئاڤا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە، گرنگە بە بەردەوامبوونمان، سەرنجی جیهان و خۆمان بۆ ژان و ئازارە سەختەکەی ڕۆژهەڵات ڕابکێشین و ئامادەکاری بکەین، بۆ بەرگرییەکی ڕۆژئاڤایی لە ڕۆژهەڵاتە ئازیزەکەمان، لە کۆکردنەوە و پاشەکەوتکردنی خۆراک و پێویستییەکانی تری ژیان، بۆ ڕۆژهەڵات بەردەوام بن، ئێوە لەم ڕۆژە پیرۆز و ئاشنا بە رۆحەماندا، ڕۆژانی یەکێتی نەتەوەییمان، زۆر ڕێگا و شێوازی گرنگ فێربوون، بۆ مانەوە و بەردەوام بوون، ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر باسی (سندوقی پاشەکەوتی نەتەوەیم) کردووە، کە لەهەر ماڵێکدا، جێگایەکی تایبەت بۆ ئەو پاشەکەوتە کەسییە، تەرخان بکەن، کەس داواتان لێناکات، کە بیدەن بەوان، بەڵکە ئامادەکارییەکە بۆ ڕۆژانی داهاتوو، لەهەر جێگا و هەرێمێکی نیشتمان، پێویست بوو، ئێمە ئەوسا ئەو سندوقە نەتەوەییە پێشکەش دەکەین، دەبێ ئامادە بین، ئامادەییمان دەمانپارێزێ و پاراستنی تاک و منداڵانای کوردیش، بناغەی ئەو یەکێتییە نەتەوەییەمانە کە ئێستا تێیدا دەژین و پێی دەژین. ڕۆژئاڤا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە. بۆیە نابێت، جگە لە یەکێتی نەتەوەیی کە بە ڕاپەڕینی مەزنی ئێوە دروست بووە، هیچ جۆرە دەستەگەرییەکی دی قبوڵ بکەن، کورد یەک نەتەوەیە، تا ئازادی وڵاتەکەی کە کوردستانە، تێکۆشانی بەردەوام دەبێت، تەنیا نەتەوەکە نوێنەری خۆیەتی، تاک بە تاکی ئازادیخواز و شەرافەتمەند، لێپرسراوی لە ئەستۆدایە بەرانبەر بە پاراستنی ئەو یەکێتییە نەتەوەییەمان، ڕێگای ڕزگاری نیشتمان، کە تا ئێستا بە خوێن و فرمێسکی ئێوە بەردەوامە، خاوەنەکەی ئێوەن، جیهان لەگەڵ ئيوە قسە دەکات، وشیار و وریا و ئاگادار بن، هەموو بستە خاکێکی کوردستان، ڕۆژئاڤایە و دەبێت ڕۆژئاڤایانە بەرگری لێ بکەین، دەشی کەین، گوێ لەو کەسانە مەگرن، کە حیکایەتتان بۆ دەکەن، ئەوان حەزیان لە قسەیە، ئێمەش نەتەوەکە خواستمان ئازادییە، دەزانین بە پێی توانا، دەبێت ژیرانە لەگەڵ بارودۆخەکاندا ڕەفتار بکەین، ئەمە گرنگە…. ئاگادار بن، ئاگادار.
ئێستا کە بناغەیەکی پتەوی یەکێتی نەتەوەییمان بنیات ناوە، پێویستمان، بە سپایەکی ڕێکخراوی بەهێز هەیە کە بمانپارێزێت و هەنگاوەکانمان جێگیر بکات، بۆیە دەبێت بەگشتی داوا لەو هێزەکوردیانە بکرێت کە پێشمەرگەیان هەیە، یا بە جۆرێک لە جۆرەکان هێزی چەکداریان هەیە، وەک سەرەتا (بەشێک لەو هێزانەیان، بخەنە ناو سپای ڕزگاری کوردستان) ەوە بۆ دروستکردنی کرۆکی سپای نیشتمان، هێزێکی کوردی نەتەوەیی سەر بە نەتەوەکە، کە لە ژێر دسپلینێکی مرۆیی، بۆ پاراستنی نەتەوەکە هەم گرنگە هەم نێودەوڵەتی و قبوڵکراو دەبێت، کەس ناتوانێت، وەک میلیشیا باسی بکات، چوونکە سپایەکە وەک هەموو سپاکانی دنیا، پرێنسیپە مرۆییەکان ڕەچاو دەکات و وەک سپایەکی ڕێکخراو و خاوەن دسپلین ڕەفتار دەکات. جا من لێرەوە داوا لە پارتە چەکدارەکانی کوردستان دەکەم، کە هەنگاوبنێن بۆ بنیاتنانی ئەو سپایە، لە حاڵێکدا ئەگەر سەرپێچی و بە دەنگی خواستی نەتەوەکەوە نەچن، ئەوا:
١- داوا لە باوانی کیژان و کوڕانی کورد دەکەم، کە منداڵەکانیان، لە ڕیزەکانی ئەو سپایەدا ناونووس بکەن، ئێمە منداڵی خۆمان نەناردووە چەکداری حیزبی بێت، ناردوومانە لە پێناوی ڕزگاری کوردستاندا، تەنانەت گیانی ببەخشێ. ئەوە چەندین ساڵە ئەمێریکییەکان دوا لە هێزی حەفتا و هەشتا دەکەن کە ببنە یەک هێز، کەواتە سپایەکی نەتەوەیی، کە نەتەوەکە خاوەنی بێت، یاسایی و فەرمی و قبوڵکراوە، بەڵام چەکداری پەرتەوازە قبوڵ کراو نییە.
٢- ئەگەر حیزبەکانی کوردی بە تایبەت لە ئێستادا، لەم خواستەی نەتەوەکە و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتدا خۆ لەم داخوازییە نەتەوەییە نەبان بکەن، ئەوە نەتەوەکە ناچار دەبێت، کە خۆی دەستبەکار بێت، تا سنووری چەککردنیان دەتوانێ هەنگاو بنێت، ئەم قۆناغە جگە لە (یەکێتی لە هەموو بوارەکانی کوردەواری)دا هیچی دی قبووڵ ناکات و ناشگوونجێ لەگەڵ بیروباوەڕە کوردستانییەکەیدا. سەرنجم بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە ئەم دەموودوانەم لە پلەی یەکەمدا ڕووی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستانە- پژاک، چوونکە ئەو ئەم هزرە باڵا، زۆر پێویست و کرۆکییەی بە گەل ڕاگەیاند و ئامادەیی پیشاندا کە بۆ بنیاتنانی ئەم سپا کوردستانییە، هێزەکەی خۆی دەخاتە پێناویەوە و ئەو دەربڕینە کوردستانییەی ڕاگەیاند، کە هێزەکانی حیزبە کوردییەکان ڕۆڵەی ئەم نەتەوەیەن و ڕۆڵەکانی نەتەوەش دەبێت نەتەوەکە بپارێزن، نەک حیزبەکان.
٣- گلەیی لەکەس ناکەم، ڕابوونێکی نەتەوەیی لە سەدا سەد کوردستانیمان بە ڕێخستووە، بەڵام بینینی مەودایەکی دوورترە بۆ داهاتوویەکی نە زۆر دوور، کە پێویستی بە بڕیاری دروست، خێرا و ژیرانە هەیە.
٤- زۆرینەی دەستپێکەکانمان، کۆتایی کارەسات هێن بوون، ئەم دەستپێکەمان هەموو تێکۆشانە تێکشکاوەکانمانی کۆکردەوە و کردییە مێژوویەک کە ئیتر نابێت، لە کردەوەدا ڕووبدەنەوە.
٥- یەکینەکانی ڕێکخستنی گەل و ناوەندەکانی فریاگوزاری و پشتیوانی لە یەکتر کۆکردنەوەی زانیاری دروست، بێ ڕەچاوکردنی جوگرافیای وڵات، دابمەزرێنن.
٦- داوا لەو پزیشک و شارەزایانەی تەندروستی دەکەم، کە بە پێی توانا، کۆرسەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ قوتابیان و خوێندکاران بکەنەوە و توانای فریاگوزاری لاوەکانمان ڕێکبخەن، تا گەلێکی ئامادەکراومان هەبێت.
٧- لاوەکان، خۆیان پەروەردە بکەن، بەو باسانەی کە بابەتی ئەمڕۆن، دەبێت ڕیالیستانە بۆ ڕووداوە سیاسییەکان بڕوانن، کتێبگەل شتگەلی تیۆری باس دەکەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە باری کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەی گەلانەوە هەیە، چوونکە مرۆڤ بوونەوەرێکە، یاسای کۆمەڵایەتی ناتوانێت، بەردەوام بیبەستێتەوە بەو یاسایانەی کە لە ناو کتێباندا نووسراوە، بزووتنی کۆمەڵایەتی وەک بابەتگەلە تیۆرییە تاقیگاییەکان نییە، لە چەشنی فیزیک، کیمیک یا ماتماتیک کە بەرهەمەکانیان ببینین، نموونەیەک دێنمەوە: ساڵانێکی زۆر لەناو سەرە زلەکانی کلتووری ئێراندا، هەرچی تیۆری جیهان هەیە کۆکرانەوە و خەڵکی ئێرانیان پێوە خەریکاند هەیان بوو سەرچاوەی ئاوخواردنەوەیان لە دەرەوە ڕا بوو وەک حیزبی تودە هەشیان بوو کە دەستیان دایە چەک و قارەمانێتی سیاهکەلیان خوڵقاند، بەڵام تا هاتنەوە هۆش خۆیان مەلاکان سوار کۆڵی ئێرانییەکان بوون، کەواتە تیۆریی وەک خۆی لە ناو کتێباندا مایەوە و ئەو ٤٦ ساڵە بە پراکتیکی سیستەمی ئاخوندەکان، درەووی سەر و ملی ئازادیخوازانی بە تایبەت نەتەوەی کورد دەکەن. بۆیە گرنگە کە تیۆری ناو کتێبان لە بواری بزووتنەوە مرۆییەکاندا، بەروارد بکەین بە حاڵەتە ڕیالیستییەکە و دەرسی تایبەتی بۆ کۆمەڵگای خۆمانی لێ هەڵهێنجین. ئەوەی کە شیاوی جێبەجێکردنە.
٨- مزگەوت دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە، کە جێگای بەجێهێنانی داب و نەرێتی باوەڕدارییە، نەک قوتابخانەی ئیسلامی سیاسی و برایانی ئەهریمەن، کە ببێتە ناوەندی بڵاوکردنەوەی ڕق و قین لە نەتەوەکە و تاکی کورد، کە لەوێوە سووکایەتی بە جوانییەکانی نەتەوەکە و تێکۆشانی نەتەوەکە بۆ ئازادی و ڕزگاری نیشتمانەکەیان، بکرێت، گاڵتە بە تێکۆشانی ژنانی دلێری کورد بکەن، ئەم مزگەوتانە لە خاکی کوردستاندان و کورد خاوەنی ئەم خاکەیە، دەبێت هەڵگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمەی کە کاک ئەحمەدی شێخ، مەحوی، مەولەوی و حاجی قادری کۆیی و هەزاران ڕێبەری لە بوارە باوەڕدارییەکە و کلتوورییەکەی کوردستاندا بەرهەم دەهێنا کە هەر کەسایەتییەک لەوانە لە لوتکەی داهێناندا خەرمانێک بەرهەمیان بۆ جێهێشتووین.
٩- مانەوەی تاکی کورد، کە هەم ژیانەکەی بایەخدار و هەم گیانبەخشینەکەی بەهادار و کوردستانی بێت، ئەرکێکە لە ئەستۆی تاک بە تاکماندا، وەک چۆن پارێیزگاری لە مانەوی خۆم دەکەم، ئەوەندەش پارێزگاری لە مانەوەی تۆ و ئەو بکەم، هەست بکەم کە تۆ و ئەو پشتیوانی بوونی منن، لە هەر پلە و پایەیەکدا بین، بڕوابوونمان بە کوردەکەی تر و بەرژەوەندییە کوردستانییەکە، بنەمای هەموو ڕەفتار، دانووسان و وتووێژەکانمان بێت.
١٠- مامۆستای قوتابخانەکان بەتایبەت لە پلەی سەرەتایدا، منداڵەکان فێری هاوکاری، خۆپاراستن و دەربازبوون لە مەترسییەکان بکەن، هەنگاوی زۆر گەورەتان ناوە و بەرهەمەکەیمان لەم ڕابوونە نەتەوەیەدا بینی و هەستمان پێکرد و دڵشادی کردین، کە قوتابییەکی سەرەتایی ڕۆژانەکەی خۆی کە ٢٥٠ دینارە وەک هاوکاری پێشکەش بە شەڕڤانانی دلێری ڕۆژئاوا کرد.
هەموو قامەتی خۆم بەرانبەر گیانبەخشینی شەهیدانی ئەم ڕابوونە نەتەوەیە و بەرانبەر گیانبەخشینە کوردستانییەکەی شەهید( ئەحمەد هێمن) وەک سیمبۆلی یەکێتی نەتەوەییمان، دادەنەوێنم.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





