<

برایەتی گەلان

09/02/2026, 1:27 (GMT+1)

وانەکانی یەکێتی نەتەوەییمان: نابێ لە کووردبوونمان ڕابکەین، بەڵکو دەبێت بەرەو کوردبوونمان ڕا بکەین.

برابوون و برایەتی لە زمانی کوردیدا، دوو کوڕی یەک باوانن، یا دەتوانم فراوانتر بڵێم دوو منداڵی یەک باوانن، کوڕێک و کوڕێک، یا یا کوڕیک و کچێک، ئەگەر فراوانتر لە پەیوەندییە مرۆییەکەدا باسی بکەم، بەڵام کوڕان و کچانی هاوسێکەمان نابنە برای من، منیش نابمە برای ئەوان. لەم حاڵەتەی دوایدا، کوردبوون، فاکتەری هاوبەشی نیوانمانە، کە زۆر گرنگ و بنەڕەتییە و ئەم ڕایەڵە نەبینراوەیە کە نەتەوەکەی هێشتۆتەوە، چوونکە ئەم براییە، ئەگەر چی لەیەک باوانیش نەبن، بەڵام هێزێکی مەزنە لە ناخەوە ڕا، لە دەوری یەک مەسەلەی بنجی کۆمان دەکاتەوە، واتە براییەکی نوێ دەخوڵقێنێ، کە مەزنترە لە برایی باوانیی. ئەم براییە کوردییە، کە لە کوردبوونمانەوە دروست دەبێت، هەر هەست نییە بەڵکو تێکەڵە بە جیناتەکانمان، بۆ هەموو گەلانی دنیا بەو جۆرەیە، واتە مەسەلەکە سروشتییە، کەی لەم سروشتی بوونەی دەردەچێت؟ کاتێک کە گەلانێک یا کەسانی سەر بە نەتەوەیەک بێن و بڵێن: نەتەوەکەی من، شانی لە شانی نەتەوەکانی ترە بەرزترە، زمانەکەی من لە زمانەکانی دی جوانترە یا ئاینەکەی من و مەزهەبەکەی من لەهی ئەوان چاکترە، لووتی کچانی نەتەوەکەی من لە لووتی کچانی تری نەتەوەکانی دی قنجترە، ، یا تووڕەهاتی تر کە دۆزینەوەیان ئاسانە، لەمەڕ مێژوو، کلتوور و ئەم ڕەزم و بەزمە، کۆبکەنەوە و لەسەر ئەم پێوانە سەقەتانەوە، بیانەوێ نەتەوەکانی دی بکەنە کوێلەی خۆیان، یا سوغرەکێشی باری نالەبارییان. بەم پێشەکییە سادەیە لە ڕواڵەت و قووڵ لە مانادا، چوومەتە ناو باسکەوە. 
بۆچی ئەم باسە دەکەم؟! چوونکە لەناو نەتەوەکەی مندا جوامێرێکی شایان بە خەباتی نەتەوەکە(ئاپۆ)، ئەم باسەی وەک چارەسەرێکی سیاسی ناکۆکییە زۆرەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هانیوەتە بەر باس و لەسەری نووسیووە، نووسین و قسەی ئەویش، قورساییەکی زۆر و دەنگدانەوەی زۆر و ڕەنگێکی دیاری دەبێت، هەم لە ناو کورددا(بەتایبەتی) هەم لە مێدیا ناوچەیی و جیهانییەکاندا بە گشتی، چوونکە ئەو دامەزرێنەری بزووتنەوەیەکی کوردی، زۆر جیاواز و گرنگ و شایان بەنەتەوەکەی بنیات نا و مەسەلەی کوردیی لە نێوان چوار دەوڵەتنەتەوەی ئیستعماری داگیرکەری بەشێک لە خاکی کوردستانەوە، گواستەوە بۆ هاوارێکی بەرزی ناو نەتەوەکان و سیاسەتە پەیڕەوکراوەکەی ئەمڕۆی جیهان. بزووتنەوەکەی ئەو ڕێبەرێتی کۆمەڵگای(شۆڕش تا ئێستا بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵگای کوردی بۆ مانەوەی)، بەتەنیا لە پیاودا قەتیس نەکرد، بەڵکو بواری گەشانەوەی توانای ژنانی ڕەخساند و ژنی کورد، بوونە سیمبۆلی بزووتنەوی ئازادیخوازیی نەتەوەکە. 
١- من هیچ نەنگی، کەمی یا لارییەک لەوەدا نابینم، کە جوامێریکی کورد، ژن یا پیاو، دەنگی بکەوێتە سەرووی دەنگی ئەو هەموو بیرمەند و خەڵکانەوە کە باسیان لە بەڕێوەبەرێتی کۆمەڵگاکان کردووە، بە پێچەوانەوە، ئەم لەناو جەرگەی ناکۆکیی، پێکدادان و ڕەتکردنەوەی نەتەوەیی و سڕینەوەی کوردوە هاتووە و هەموو تاڵی و گرفتەکانی (کوردبوونی چەشتووە، تا سەر ئێسقان)، ئەم بۆ من ئیمتیازی زۆر زیاترە، لە بیرمەندێکی ئەڵمانی یا دوورتر و نزیکتر، کە باسی کوردیان کردبێت، کەس لەو زانا کۆمەڵایەتی و مرۆناسانە، بە منیان نەگووتوە: " کوردبوون تاڵە، ڕاکردن لێی نامەردییە"، ئەو بە منی گووت.
٢- بیرکردنەوەیەکە، هەموو هزر و بیرێکیش، شایانی لێکۆڵینەوە و پێدا چوونەوە و ڕەخنە و قبوڵکردن و ڕەتکردنەوەشە، ئەوەی کە نووسراون سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی هزریی مارکسیزم، بارتەقای ئەو نووسراوانەیە کە سەبارەت بە شایانبوونی بیری مارکسیزم نووسراون. 
٣- کورد بەتایبەتی، دەبێت و دەبێت، بیرکردنەوە و هزرکردن، بنرخێنێ، لە حاڵی ئاپۆدا، لە هزرکردنەوە گواستراویشەتەوە بۆ پراکتیککردنی هزرەکە، جا لەسەرەتاوە، وەک کوردستانییەکی بێخەوش، تەکانێکی وای دا بە مەسەلەی کورد کە لە بنجەوە لەرزاندی، پاشانیش کە هاتە سەرهزرری (پێکەوە ژیانی گەلان) یش، ئێمە دەزانین ئەو پەرۆشی چارەسەری گرفتی نەتەوەکەیەتی بە کەمترین زیان بۆ نەتەوەکەی، بەڵام ئەو قسە لەگەڵ کۆمەڵێک ژیری مرۆڤدۆست ناکات کە باوەڕیان بە ئاشتی و یەکسانی نێوان گەلان و مرۆڤ هەبێت، یا ئەو دیلێک نییە لە سوێد یا سیویسرا بەندکرابێ،  بۆیە لەم بەشەدایە کە دەبێت: زۆر بووەستین و لەبارەیەوە، لەناو خۆماندا گفتوگۆی ژیرانە و کوردانەی لەسەر بکەین. ئەوە پەیوەندی بە چارەنووسی نەتەوەکەوە هەیە، ئاپۆ دەزانێ ئەوە بەستراوەتەوە بە چارەنووسی نەتەوەکەیەوە، بەڵام بۆ وای وت؟ بۆ هەنگاوی بۆ ئەمە نا؟ لێرەدایە کە دەبێت، شیکردنەوەی کوردستانی، ژیرانە و ژیرانەتر، بۆ ئا و ناکان بکەین، هەموو باسە وردوو هۆشمەندەکان، هەڵسەنگێنین، تا ورییایی و وشیاریی کوردانەمان بۆ جەنگە زۆر تایبەتییەکانی دوژمنانمان، لێ تێکەڵ و پێکەڵنەبێت و ڕێگای یەکێتی نەتەوەمان لێ بزر نەبێت و ئەوان نەتوانن زەفەر بە ڕابوونە نەتەوەییەکەمان بەرن. چوونکە ئەوە ڕاستییەکی ٢٧ ساڵەیە، کە ئەو جوامێرەی کورد، دیلی دەستی ڕۆمییانە و ئازاد نییە تا لە دڵەوە نەتەوەکەی خۆی بدوێنێ و بۆی بنووسێ و باسوخوازیان لەگەڵدا بکات، کوردیش دیلبوون لەدەستی توورکدا دەناسێت، بۆیە دەبێت لەسەر هەست بێت، سەبارەت بەهەر باسوخواز و نووسینێکەوە کە لە ئیمڕالییەوە دێتە دەرەوە، لە سەرەتاکانی خەباتەوە، ئاپۆ چەندین جار ئەوەی ڕاگەیاندووە، کە ئەگەر هەڤاڵێکی ئێمە لەهەر پلەیەکی تێکۆشاندا بێت دەسگیرکرا، تا ئازاد دەبێت، هەڤاڵانی ئازاد لە دەرەوە نابێت، قسە و باسی لێوەربگرن. ئەگەر ئەم قسانە، قسەی ئاپۆن، هەڤاڵانی دەرەوە نابێت بە قسەی بکەن، ئەگەر هی ئەویش نەبن، یا دەسکاری کراوون، کە بێگوومان و شک، دەزگای سیخووڕی توورکان، ڕێگە بەهیچ لێدوان و نووسینی ئەو نادەن کە وەک خۆی بگاتە نەتەوەکەی، کەواتە هەر نابێت بە قسەی بکرێت، ئەگەر هەر ڕاستە و ڕاست ئەو نووسین و قسانە هی ئەون و ڕای ئیستای لەسەر مەسەلەی کورد ئاوایە، دیسان نابێت لێی وەربگیرێت، چوونکە کارەساتەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژئاوا، پێچەوانەی ئەو دەربڕین و ڕاسپاردە و بیروڕایانەی سەلماند و هەر بەپێی قسەی لەوەوبەری خۆی نابێت ئەو قسە و نووسینانە وەک ڕا و بۆچوونی دەقاودەقی ئەو وەربگیرێن، ئەو جوامێرێکی مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردە و بزووتنەوەکەی لە هەموو ڕووەکانەوە بردە لووتکە، ئیتر دەبێت ئێمەیش گەیشتبینە ئەو ڕاستییە کە نابێت، گەشەکردن و بەردەوامیی ڕابوون و بەرخۆدانەکەمان، ببەستینەوە بە بەرخۆدانی زیندانەوە، هەڤاڵان بە شێوازی خۆیان بەرخۆدانی ناو زیندانەکان بەردەوام دەکەن و ئازادیخوازانی دەرەوەش کە ڕاستەوخۆ لە مەیدانی بەرخۆداندان شێوازی بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەخۆ ڕەچاو بکەن و پتەوەیی یەکێتی نەتەوە بپارێزن و ئەو ئامادەییە نەتەوەییەی کە نەتەوەکە دروستی کردووە، ڕوو بە هەموو کوردستانی مەزن، بەتینتر و گەشاوەتر بکەن، چوونکە ئەم ڕابوونە نەتەوەییە ئەوەی سەلماند کە ڕابوونی نەتەوەکە لە هەرچوارهەرێمەکەدا پێکەوە تەنیا ڕێگای سەرکەووتنی نەتەوەکەمانە و ئەم ڕابوونە زۆر تیۆریی و بۆچوونی کلاسیکی خێڵگەرای بۆ هەمیشە پوچەڵکردەوە. دەبێت ئەوە بڵێم کە ڕاپەرینێکی ئاوا و شایان بە کورد، دوژمنانی ترساند، دنیای هەژاند و تاقم و پارت و دەستە کوردییەکانی تاساند، چوونکە ئەوان پێیان وا بوو کە نەتەوەکەیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردووە و بەناوی ئەوەوە قسەیان دەکرد، بەڵام دەرکەوت کە نەتەوەکە لە کاتی خۆیدا قسەی خۆی دەکات و قسەی خۆی کرد و پەیامی خۆی بە هەمووان دا، ئێستا ئیتر قۆناغێکی نوێ و سەرەتایەکی زۆر بەهێزی تەکاندەرە، کە لە ڕۆژئاڤاوە نەتەوەکەی لە دەوری کوردبوون کۆکردەوە، بۆیە گرنگە کە ئەو پارت و تاقم و دەستانە، بە خۆیاندا بچنەوە و هاوبەشی سپای ڕزگاری کوردستان بن، تا درەنگ نەبووە بۆیان، چوونکە ئیتر لێیان قبووڵ ناکرێت.
٤- پەلامارە چەکدارییەکەی ئەم دواییەیان بۆ سەر ڕۆژئاڤا، کە بە دڵنیاییەوە پەلامار بوو بۆ سەر نەتەوەکە، پەلامارێکی سیاسی، لەشکری، دبلۆماسی، ئابووری و میدییایی ڕەگەزپەرستانەی قووڵ و بەرفراوان بوو، کە درێژەی ئەنفالەکان و هەڵەبجە و سنە و سابڵاغ و شرناخ و نکوڵیەکانی سەدانساڵەی دەوڵەتنەتەوە ئیستعمارییەکانی داگیرکەری بەشێک لە خاکی کوردستان بوون بۆ کوردو بۆ کووردبوون، هەموو ڕاستییەکانی بەرمەڵاکردن و برایەتی گەلانی لە سەنگی مەحەک دا و قین، دڵڕەشی، ئاستی مرۆڤ بوون، خواستی هەمیشەیی ئەوانی تر، ڕشانەوە بە ڕاستییە مێژوویەکاندا و ئاستی بڕوا بوونی ڕۆشنبیرەکانی ئەوانی تری پیشاندا و ماسکی مرۆدۆستی ناو کتێبەکانیانی داماڵی و دەرکەوت کە ئەوان لە کوێدا خۆیان حەشارداوە و بۆچی قسەیان بە تاڵ و نووسینیان وڕێنە و خواستیان مەکر و ڕەفتاریان چاوبەستەگییە. ئەوان ئەگەر یەک زەڕڕە لەئاست قسە و چیرۆک و فانتازیا ساختەکانیاندا بانایە، کورد، ڕێگاکەی پیشاندان و فرسەتەکەی بۆ هێنانە سەر سەکۆی ژیانیان، دەیانتوانی ئەم ڕابوونی کوردبوونە بکەنە، وەرگەڕانێک لە بیرکردنەوەیاندا، بۆ ئێمە نا، بۆ گەلانی خۆیان کە تا دێت، بە زەلکاوی کوێربوون و دەبەنگی و ژیان لە ڕابووردوویەکی خوێناویدا، ڕۆ دەچن. سەختبوونی کوورد بوون، لەکاتی خۆیدا قسان دەکا و قسەی کرد و تەوژمە شارستانەتەکەی خۆی بە ئاڵوواڵایی، تەرلان و شۆخ و شەنگ، لەسەر سەکۆی جیهان پیشاندا، ئەمە ئێمەین.... بەڵام ئەوان نەهاتنەوە هۆش خۆیان، تا خاوەنی ئەم لێڕوانینەش بن لەسەر کورد و کوردبوون ئەوا هەر دەبێ بڵێن: قِفَا نَبْكِ مِنْ ذِكْرَى حَبِيبٍ ومَنْزِلِ   بِسِقْطِ اللِّوَى بَيْنَ الدَّخُول فَحَوْملِ
٥- بۆچی شمشێر ڕاوەشاندنیان، ژن دزینیان، منداڵ کوشتنیان، سووتاندنی دار و مزگەوتیان، کلێسا، کنشت و جێگا پیرۆزەکانی تریان، ژاراوی کردنی ڕووباریان، سووکایەتی کردنیان بە پیرە ژن و پیرەپیاویان، حەزیان بۆ خوێن و کاولکاریان، هاتووهاواریان، دزینی کلتووری گەلانی تریان و... هەزاران ڕەفتاری جەنگەڵستانییان بۆ ئێمەی کورد، ڕەفتارێکی نوێیە تا لەلامان ببێتە عاجباتی و سەرمان لێی سووڕ بمێنێ؟! ئەو هاوارەی کە کورد کردی و بە هەمووانی گووت: کینە ئەم کوردن ئەم، هاوارێکی یەک دەنگ بوو کە ئیتر دەبوو ئەم هاوارە بکات، چوونکە برایەتی نێوان گەلان، شایان و لایق بەوان نییە، دەبوو: هاوارێکی ئاوا بڵند و كێوئاسا بە روویاندا بتەقابایەوە، کەهەم نەتەوەی بێدارکردبایەوە، هەم هێڵێکی بۆ ئەوان کێشابا، بەڵام من دەپرسم، سێسەد و پەنجا ملێۆن کەس، ملکەچی ئەوە بن و کەسێک لە خۆیان بە شایانی ئەوە نەزانن کە ڕێبەرێتیان بکات، ژنکوژێک نەبێت، ئەرێ ڕۆشنبیرەکانیان چۆن نابنە دڵۆپە ئاوێک و بە ناخی زەویدا ڕۆناچن، بەرگری لە خوێنڕشتن و فەساد و دەمارگیریی کوێرانە و بینراو بکەن و بتوانن بڵین و بنووسن و کتێب بڵاو بکەنەوە؟!. من بە دەیان و سەدان نووسینی ئەوانم دییوە، دەمێکە نووسینیان ناخوێنمەوە، جا تازی، عەجەمی یا ڕۆمی بێت، چوونکە بە شایانی ئەوەیان نازانم کاتی کوردبوونی خۆمیان بۆ تەرخان بکەم، جگە لە ژمارەیەکی زۆر دەگمەن، کە لەو کلتوورە خوێناوە، ڕزگاریان بووە و ئەوان خەڵکی خۆیان ناو ناوە: ظاهرة صوتية/ دەنگە دیاردە، واتە ژاوەژاوێک کە لە دەمیانەوە دێتە دەرەوە و دەبێتە زماندرێژییەکی بێناوەرۆک و بەدڕەفتار، جا من وتاری ئەوانم زۆر بینیووە بۆ نموونە لەسەر: مامە ڕەشە جوانەکەمان نیلسۆن ماندێلا، یا لەسەر مامە ڕووتەڵە مرۆڤەکەمان گاندی، ئێستا وای دا دەنێم ئەم مامە ڕەشە و ئەم مامە ڕووتەڵەیەمان، کوردن و بەو کێوانەی کوردستانەوە، بانگی کوردبوون و کوردایەتییان هەڵداوە، جا ئەوسا ببینە ئەم دیاردە دەنگیانە، چییان پێدەکەن و چۆن پیاندا دەڕشێنەوە، تۆ بزانە لە هەر چوارقۆڕنەی جیهانەوە لەسەر ئەو جوامێرەی کورد کە دیلی دەستی ڕۆمیانە لە ئیمڕاڵی، هاتنە دەنگ، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، پێی وتن، وەرن با پێکەوە بژین، ئێمە دەتوانین یەک هاوبەشی لە نێوانماندا بدۆزینەوە و پێی بژین و لەوە زیاتریشی پێووتن و بۆکردن و بانگی برایی دا، بەڵام ئەوان کەلە زلەکانی ڕۆشنبیرییان، نەبیستیان و نەبینیان ونە بەهۆشدا هاتنەوە، ئا لێرەدا بوو کە برایەتی گەلان خرایە تەرازووی ئاوەز و بیرەوە و لای ئەوان، تای خوێنڕشتن و ژن دزین و منداڵ سەربڕین و بڕینی کەزی کچی کوردی شەهیدی وێنەکرد و بەرەو زەلکاو دایبەزاندن، ئێستا ئێمە بۆمان ڕوون بویەتەوە کە وتارمان چەندە، كووردبوونمان دەنوێنێ و دەبێ ڕووی قسەمان لە کێ بێت و چۆنی بکەین و بۆ کێی بکەین، بەر لەهەر کەس دەبێت بۆ نەتەوەکەی خۆمانی بکەین، ئێمە کە لە ناو ئاشتییەکی جواندا لەگەڵ خۆماندا بژین، بێگوومان دەرهاویشتەی مرۆی بەرزیشمان دەبێت، خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە کچان و کوڕانی کورد، نابێت و نابێت بکرێنە سووتەمەنی هیچ دیاردەیەک و فەلسەفەیەک، چوونکە نرخی ئەوان لە چاو دیاردە و فەلسەفەکاندا، بارتەقایە، دەبێت کچان و کوڕانی کورد، لەناو(سپای ڕزگاری کوردستان) دا، گیانفیداییان بۆ بەرهەمهێنانی ئازادیی بۆ خاک و نەتەوەکەیان و پاراستنی کوردبوون و ئاسایش بۆ منداڵانی کورد، بێت.     
 ٦- تا گیان لە جەستەمدا ببزوێ و تا خوێن بە دەمارەکانمدا بێت و بچێ و تا مێشکم ڕێنمام بێت، یەک هەناسەی ساردی شەڕڤانێکی ئازادیخواز لەبەرگریدا بۆ مانەوەی کورد، لە قەندیل و لە ڕۆژئاڤا لە زەینمدا ناسڕێنەوە، هاوارە کوردستانییەکەی (بێریتان) کە دوژمنی کورد و بەشێک لە کورد خۆشی دەوریان دا بۆ بە زیندوویی دەسگیرکردنی، بەڵام  ئەو مەرگی بەرزەفڕی هەڵبژارد، نەک تەسلیم بوون، خەباتم بۆ ئازادی گەرمتر و داخوازیم بۆ ڕزگاری نیشتمانەکەم شایانتر دەکات، پێویستتر دەکات، کە هەرچی زووە، سپای ڕزگاری کوردستان، بنیات بنێم. هەروەک هەڵمەتەکانی لەوەوبەری(مامە ڕیشە)ی گەرمیان و تێکۆشانە کوردستانییەکەی( کاک فوئاد) و سەدان و هەزاران گیانفیدایی ترکە بەکوردبوون بەخشران لە کوێستانەکاندا، لە دەفتەری بیرەوەریی هەمیشە کراوەمدا، هەواڵی ڕۆژ و سترانی گەش و بزوێنەری ڕۆژگارەکانمن.
٧- ئێمە لە کوردبوون زۆر جار ڕامان کرد، منداڵی کوردمان بەجێهێشت، ژنی کوردمان بۆ گرنگ نەبوو، خوێنی کوردمان لا هەرزان بوو، ئەو دەمەی کە هەموو بارەکان لە باربوو، کە(ئەنفال) و (هەڵەبجە) بکرێنە ئەو سەرلەوحەیەی کە دەبوو سەددام و دەستەکەی لە ژێریدا دادگایی بکرێن، نوێنەرانی کورد کردیان بە ژێر لێوەوە و بە شەرمەوە درکاندییان، کووردبوونی ئەو کارەساتانەیان جێهێشت، ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات، ئەڵقەکانی ئەوسای ڕاکردنی ئەوانە لە (کوردبوون). 
٨- ئەوەی کە ئێستاش ڕوودەدات لە یەکبوونی نەتەوەییمان، گردبوونەوەمانە لە دەوری کوردبوون. کەواتە دەبێت: لە کوردبوونمان ڕا نەکەین، بەڵکو بەرەو کوردبوونمان ڕابکەین.
٩- وانەی یەکەم بوو لە ڕابوون و یەکێتی نەتەوەیمان، دەستی پێوەبگرن، پتەوەی بکەن، بیخوێننەوە، لێی ڕابمێنن، باسی بکەن، بینووسنەوە، هاواری بکەن و بۆ هیچ مەبستێک نەیدۆڕێنن، با پیوانەتان بۆ هەموو باسوخواز و ڕامانێکی سیاسیتان، یەکێتی نەتەوەییتان بێت، خۆشترین کۆبوونەوەتان، جوانترین بەرگتان و داهێنانەکانتان، با لەیەکێتی نەتەوەییتاندا بێت، ئەمە قوتابخانە و زانکۆ و خوێندنگایەکی بنەڕەتی ژیانتانە، بۆ ئێستا و بۆ داهاتووی منداڵەکانتان، کەواتە یەکیتی نەتەوەییتان پیرۆز بێت، کە هەموو دەستە و تاقم و باسوخوازێکی تایفەگەریی و حیزبگەریی و کوێربوون بە فەلسەفەیەکی تێپەڕاند، لەناو یەکێتی نەتەوەیتاندا، کە ڕابوونی شارستانەتێکە کە تەنانەت کورد بۆ خۆشی فرە بێئاگایە لە سەرەتاکەی، ئەم ڕابوونە نەتەوەییە، کلیلی کردنەوەی دەرگا بەستراوەکانی پێدان و گڕێکوێرەی پەرتەوازەیی بەهۆکاری حیزبایەتییەوەی بۆ کردنەوە، هیچ مەبەستێک، لەم ڕابوونە نەتەوەییەتان شایانتر نییە، هیچ خواستێکیش پێش ئەم ڕابوونە ئازیزە، ناکەوێت، ناشتوانێ پێشی بکەوێت، مەگەر بە قبوڵ کردنی پلەیەک لە خوارمرۆڤ ببونەوە، بێت، کە ئەوەش لەگەڵ کوردبوونی ڕاستەقینەدا، ئاسمان و ڕێسمانە، یەک جارە و بۆ کۆتایی، کورد وتی و کوردبوونیش سەلماندی و پیشانی جیهانی دا کە: ڕۆژئاڤا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە و کورد یەک نەتەوەیە: کینە ئەم کوردن ئەم، ژیان لەسەر ئەم خاکەدا دەبێت بە ئازادی بێت، ژنی ژیر و ئازادی کورد، ژیانیکی ئازاد بەرهەم دێنێ، کەواتە ئێرە وڵاتی ژنە و ژیانە و ئازادی.  
١٠- كچم، هەناسەکەی دایە
دەنگوباسی قوتابخانە لە چیدایە؟!
دایە دایە
هەواڵەکە فرە خۆشە و فرە خاسە
کورد و کووردبوون
وانەی ڕۆژە و دەنگوباسە
• ڕێنماییەکی گرنگ و بنەرەتی لە بیرمەندی کوردەواری و گەشترین بیری کوردبوونەوە، مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت:" هەڵبەتە (سەربەخۆیی) کە قەڵغانی سەلامەتی و بەزاندنی خەتەری تەفروتونابوونە، بەر لە هەر مەبەستێکەوە دێت، دواتر حیسابی کەرامەتی تاک و دادی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆ...دێت. کە ئەمانەش دەبێ لە سەرەتای خەباتەوە بەشێکی فەلسەفەی تێکۆشان بێت، نەک دواتر کە حاکمی کورد بوو بە جەللاد(وەک لە هەموو میللەتێکی تازە ڕزگاربووی دوواکەوتوو ڕابەرەکەی بە عادەت دەبێتەوە میری سەربڕی خۆماڵی) سەرلەنوێ خەڵقەکە گۆڕەوشار بدرێتەوە بۆ ئازادبوونێکی تازەزاو. ئەمەندە بە کافی دەزانم بۆ ئێستاکەی کورد... پەرژینی بێدەنگی لاپەرە ٥٦ پەرەگرافی یەکەم، کۆمەڵەی سوێد- کوردستان، سوێد ١٩٩٦  
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست