دەسەڵاتی کوردی( بەخت) ی نییە، ( بێدەنگی ) ئێمەی هەیە!
14/02/2026, 19:01 (GMT+1)

جێگەی سەرسوڕمانە میللەتێک بۆ پارچەکانی تری نیشتمان زۆر بەیەکگرتووی شەقامەکانی دونیا دەهەژێنێت، دژی هەموو دونیا ئەڵێ ئێمە هەین بە شانازیەوە کوردی ڕەسەن و ڕەگداکوتراوین و هەرگیز تەسلیم نابین ، کەچی لە ئاست ئەو تاڵانی، جەردەیی و چەتەییەی کە لە ناو جەرگەی ماڵەکەی خۆیدا لێی دەکرێت، وەک مردوو کڕومات دانیشتووە و تەنها تەماشاکەرە!
چ گاڵتەجاڕییەکە ئەو هۆشیارییە نەتەوەییەی کە بۆ ڕۆژاوا و پارچەکانی تر دەبێتە مەشخەڵی ڕاپەڕین، کاتێک دەگاتە بەرامبەر مافیاکانی ناوخۆ و داگیرکەرە دۆستنماکان، دەبێتە خۆڵەمێشێکی بێبڕست؟
ئەم جیاکارییە لە هەڵوێستدا زۆر جێگەی نەنگییە لە ئاست ئەو خوێنمژانەی کە نانی سەر سوفرهکەی دەدزن، کڕنۆش ببات.
ئەگەر ئەو تووڕەیی و وزە لێشاوییەی کە شەقامی کوردی بۆ ململانێ لاوەکییەکان و بە پەرتەوازەیی خەرجی دەکات، تەنها نیوەی ڕووی لەو خێڵ و بنەماڵە قۆرخکارانە بوایە کە چەندین دەیەیە گیرفانی ئەم خەڵکە بەتاڵ دەکەن و خاک و داهات دەفرۆشن، ئێستا هیچ بەرپرسێکی دەمڕوت و هیچ چەتەیەکی سیاسی جورئەتی نەدەبوو نەک دەست بخاتە بینەقاقای ئەم میللەتە، بەڵکو نەدەوێرا سەیری ناو چاوی هاوڵاتییەکیش بکات. بێدەنگیی ئێوە، مۆری ڕەزامەندییە لەسەر ئەو هەموو سوکایەتییەی کە پێتان دەکرێت؛ ئەوە بێدەنگیی ئێوەیە کە وای کردووە مایەی دزی و نوخبەی مافیایی وا هەست بکەن ئەم نیشتمانە موڵکی باوکیانە و ئێوەش تەنها کۆمەڵێک ڕەعیەتی بێئیرادەن کە بۆ چەند سەعاتێک کارەبا و مووچەیەکی پڕ لە منەت، ئامادەن کەرامەتتان هەڕاج بکەن.
ڕاستییە تاڵ و بێپەردەکە ئەوەیە: کاتێک جەماوەر لە ئاست ستەمکاریی ناوخۆیدا دەبێتە دارشەق "گۆپاڵ" بۆ دەسەڵات یان بێدەنگێکی ترسنۆک، دەسەڵاتدار ئەمە وەک وەفاداری نابینێت، بەڵکو وەک ڕازیبوون بە کویلایەتی لێکدەداتەوە. بێدەنگیی ئێوە، گەورەترین چەک، بەهێزترین قەڵغان و بێشەرمترین شەرعییەتە بۆ بەردەوامیی ئەم گەندەڵی و داڕمانە. ئەم دەسەڵاتە فێڵبازە فێربووە چۆن لە کاتی تەنگانەدا، هەستی نەتەوەیی و پیرۆزییەکانتان وەک مۆرفین و دەرمانێکی بێهۆشکەر بەکاربهێنێت بۆ شاردنەوەی کونی دزییەکان و فەشەلی کارگێڕییەکەی. ئەوان دەزانن تا ئەو کاتەی ئێوە تەنها لە کاتی کارەسات و جینۆسایدەکاندا بێنە دەنگ، ئەوا لە کاتی ئاشتیی چەتەگەریدا ئەوان دەتوانن بەبێ ترس لە لێپرسینەوە، نەک هەر نانتان، بەڵکو دواین دڵۆپی شکۆ و کەرامەتیشتان بدۆشن و پاشانیش پێتان پێبکەنن.
ئەمە کۆتایی ڕێگەکەیە؛ یان دەبێت ئەو تووڕەییە پیرۆزەی بۆ دەرەوە هەتانە، بیهێننە سەر ئەو مافیایانەی کە شارەکانیان کردووەتە سەربازگە و پەرلەمانیان کردووەتە تەویلەی حیزب، یان دەبێت قبوڵی بکەن کە ئێوە تەنها پاشکۆیەکی بێدەنگن لە مێژوودا. مێژوو ڕەحم بەو کەسانەش ناکات کە لەبەردەم جەلادە ناوخۆییەکاندا کڕنۆش دەبەن و بۆ دوژمنە دوورەکان شێرن. کاتی ئەوە هاتووە ئەم هاوکێشە سەرەوژوورە ڕاست بکرێتەوە؛ کەرامەتی میللەتێک لەسەر سندوقی بەتاڵی نان و لە ژێر پێڵاوی بنەماڵە سیاسییەکاندا نییە، بەڵکو لەو "نا"یەدایە کە دەبێت وەک هەورەبرووسکە بەسەر کۆشکی ستەمکاراندا ببارێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان








