<

چەمکی «پارادایم»؛ لە چوارچێوەی زانستییەوە بۆ ئامرازی سەرکوتکردن و شاردنەوەی شکستەکان (بەشی یەکەم)

15/02/2026, 22:43 (GMT+1)

وەڵامێک بۆ هەڕەشەی پەکەکە و تاوانبارکردنی رەخنەگرەکان

پێناسەی پارادایم:
وشەی "پارادایم" (Paradigm) لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانییە و بە واتای نموونە، مۆدێل، یان چوارچێوەی بیرکردنەوە دێت. لە ڕووی زانستی و فەلسەفییەوە، پارادایم بریتییە لەو کۆمەڵە بیروباوەڕە، بەها، و تێڕوانینە گشتییانەی کە لە سەردەمێکدا زاڵن و مرۆڤەکان کردوویانە بە بیروباوەڕی خۆیان و بڕوای تەواویان پییەتی، هەر لەو چوارچێوەیەوە سەیری جیهان و ڕاستییەکانی پێ دەکەن. 
ئەم چەمکە بۆ یەکەمجار لەلایەن فەیلەسوفی زانست "تۆماس کوهن" بەکار هات، کاتێک باسی لە "گۆڕانی پارادایم" کرد؛ واتا کاتێک رایگەیاند، کە سیستەمی کۆن ناتوانێت وەڵامی قەیرانەکان بداتەوە، دەبێت چوارچێوەیەک بۆ بیرکردنەوەی نوێ جێگەی بگرێتەوە.
لە جیهانی سیاسەتدا، ڕووداوەکان لە بۆشاییدا ڕوونادەن، بەڵکو دەرئەنجامی ئەو پارادایمە سیاسییەن، کە حوکمی دەوڵەت و حیزبەکان دەکەن. کاتێک پارادایمێک لە کار دەکەوێت، قەیرانەکان تەنها قەیرانی ئابووری یان ئاسایش نین، بەڵکو قەیرانی "بیرکردنەوەن". بۆ نموونە، دوای کۆتایی جەنگی سارد، پارادایمی باوی جیهان گۆڕدرا، ئەمڕۆ دەبینین زۆرێک لەو سیستەمانەی، کە نەیانتوانیوە خۆیان نوێ بکەنەوە، لە قەیرانی قووڵدان.

پیرۆزکردنی پارادایم وەک چەکی ئایدیۆلۆژی:

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە مێژووی بزووتنەوە سیاسییەکاندا، زۆرجار ئەم چەمکە فەلسەفییە وەک ئامرازێکی تێگەیشتن، دەگۆڕدرێت بۆ قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی شکستەکانیان. هەر سیستەمێک یان پارتێکی سیاسی، کە خاوەنی تێڕوانینێکی گشتگیریی بێت، چەمکی "پارادایم" دەکاتە دۆگمایەکی ئایینی و وشک.
نموونەیەکی زەقی ئەم وەرچەرخانە، بەکارهێنانی ئەم تێرمەیە لە گوتاری سیاسیی (پەکەکە)، کە لە سەرەتای ساڵانی دووهەزارەکانەوە، لەسەر دەستی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕایگەیان گوایە "گۆڕانی پارادایم"ی کردووە، واتا لە عەقڵیەتی (دەوڵەت-نەتەوە و مارکسیزم-لینینیزم)ــەوە وازی هێناوە و گۆڕاوە بۆ پارادایمی "کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی" و "نەتەوەی دیموکراتیک". بەڵام لە پراکتیکدا، ئەم چەمکە لە زیندانی ئەمیراڵییەوە ئەرکێکی نوێی پێ درا: ئەو ئەرکەش پاساوهێنانەوە بوو بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە ڕەخنەیەک و چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیەی ئۆجەلان، کە کورد ئیتر نابێت دوای سەربەخۆیی  و ئازادیی بکات، دەبێت ئەو سنورانەی کە ئیستا لە ناوچەکەدا هەن دەستکاری نەکرێت، کورد لە ناو ئەو وڵاتە داگیرکەرانەدا ئینتگرێیشنی خۆی بکات، واتا خۆی بتوێنێتەوە. ئەمە دوایین فەلسفە و بیری ئۆجەلان بوو، کە بەو قسانە، لە ئیمیڕالییەوە رێگای پێدرا  ئەو  هەموو کتێبە بنووسێت، تا بەناوی پارادایمەوە دەنگی نارازیی و رەخنەی پێ کپ بکەن.
شایانی باسە، کە تۆمەتبارکردنی ڕەخنەگران بە "تێنەگەیشتن لە پارادایم" لە دیدی گوتاری باڵادەستی ئەم پارتەدا، بۆ ئەو مەبەستەشە، کە کاتێک کەسێک، نووسەر، خوێنەوار و روناکبیرێک، تەنانەت کادرێکی خۆیان، ئەگەر ڕەخنە لە بڕیارێکی سیاسی، یان ستراتیژیی سەربازی بگرێت، ڕەخنە و تێبینییەکانی بە نائاسایی دادەنرێت، وەکو کوفرکردن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. یەکسەر تۆمەتباریش دەکرێت بەوەی، "لە دەرەوەی پارادایمەکە بیردەکاتەوە"، یان "کەوتۆتە ژێر کاریگەریی پارادایمی سەرمایەدارییەوە." بەم شێوەیە، پەکەکە خۆی لە وەڵامدانەوەی لۆژیکیی پرسیارەکان دەدزێتەوە. لەبری ئەوەی بڵێت "لەم خاڵەدا هەڵەمان کردووە"، دەڵێت "ئەو کەسەی ڕەخنە دەگرێت، هێشتا پارادایمی نوێی هەرس نەکردووە."

ناشرینکردنی دەنگی ناڕازیی و پاساوی "شەڕی تایبەت":

قۆناغی دوای تۆمەتبارکردن بە تێنەگەیشتن، ئیتر کەسی رەخنەگر  بەخائین پێناسە دەکەن، چونکە سیستەمی فیکریی ئەم جۆرە حیزبانە قبوڵ ناکات، بەتایبەتی بۆ پەکەکە نابێت دژی بیرۆکەکانی ئۆجەلان بوەستێتەوە، کە ئامانج و سەرەنجامی پارادایمەکەی ئۆجەلان ئەوەیە، هێدی هیدی کوردی باکور لەناو تورکیادا بتوێنێتەوە و ئێنتگرێیشنی خۆی بکات، ئیتر ئەوانەی دژی ئەم بیرۆکانەن، وەکو خائین سەیر دەکرێن، هەروەها ئەگەر هاووڵاتی یان کادرێکی خۆیان بە شێوەیەکی ئۆرگانیک و لەپێناو چاکسازییدا ناڕەزایی دەرببڕێت. قسەکانی دەبەستنەوە بە ئەجێندای دەرەکییەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردایەتیی پەکەکە زۆرجار دەستەواژەی "شەڕی تایبەت"یش بەکاردەهێنێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو رەخنانەی لێی دەگیرێت. وەک نموونە، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە (KCK)، کاتێک دژی بیروبۆچوونەکانی ئۆجەلان ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە،  ، زۆربەی کاتەکان ئاماژە بەوە دەکات کە: "هێرشەکان بۆ سەر ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکە لە ناوەندێکی شەڕی تایبەتی تورکیاوە بەڕێوە دەبرێن."
 ئەم جۆرە لێدوانانە پەیامێکی سیاسیی زۆر ترسناکیان لە پشتە، ئەویش ئەوەیە، کە ئیستا پەکەکە هیچ ڕەخنەیەکی ناوخۆیی یان دەرەکی بە ڕەوا نازانێت، دەیەوێت تۆ بیدەنگ بیت. کاتێک تۆ ڕەخنە دەگریت، ئیتر تۆ کوردێکی خەمخۆر نیت، دژی گەلیت، تۆ پیاوی میت و تورکیت، یەکسەر ئەمە بەوە دەبەستنەوە، کە ئەمە بەشێكە لە "ناوەندی شەڕی تایبەتی تورکیا". بەم شێوەیە، ئیرادە و سەربەخۆیی بیرکردنەوە لە تاک دەسەندرێتەوە، وەک ئامرازێکی دەستی دوژمنی ئەو رەخنەگرە وێنا دەکرێت.

ئەنجامگیری: کوشتنی دیالۆگ لەپێناو یەکدەنگیی ساختەدا:

 پارادایمی سیاسیی ڕاستەقینە، ئەو چوارچێوەیەیە، کە لە ناو واقیعەوە سەرچاوە دەگرێت و بۆ گۆڕانکاری و هەر بیروبۆچوونێک کراوەیە . بەڵام کاتێک چەمکێکی زانستیی وەک "پارادایم" بۆ داپۆشینی هەڵەکان و پاساوی "شەڕی تایبەت" بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگران بەکاردەهێنرێت، ئیتر ژینگەی سیاسی تووشی خنکاندن دەبێت. بەکارهێنانی زاراوە فەلسەفییە قورسەکان بۆ بێبەهاکردنی ڕەخنەگران، نیشانەی باڵادەستیی فیکری نییە، بەڵکو نیشانەی لاوازیی ئەم رێکخراوەیە، کە لە رووی فیکرییەوە شکستی هێناوە، ناتوانێت ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی بەجێ بهێنێت، ئەوەش دەردەخات، کە درۆی لەگەڵ ئەندام و لایەنگر و شەهیدەکانی خۆیدا کردووە. ئەمە راستییەکی تاڵە، چونکە ئەم پارتە بوونی کورد و نیشتیمانە داگیرکراوەکەی، کردۆتە قوربانی بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان، لە پێناو ئەمەدا دەیەوێت تیورییە نوێیەکەی ئۆجەلان، بکاتە واقعێکی چەسپێنراوە، تا تورک لێیان رازی بێت و ئۆجەلان ئازاد بکات.
لە کۆتاییدا ماوە بیڵێین، کە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە ئەوکاتە دروست دەبێت کە ئەم پارتە ددان بە هەڵەکانی خۆیدا بنێت، ئەوە بزانێت، کە رەخنە و ناڕەزایی لە سەرچاوەیەکی دڵسۆزانەوە دەگیرێت، کەسی رەخنەگر، کەسی خائین نییە. هەر رەخنە و بۆچوونێکی جیاواز کە ئاراستەیان دەکرێت، نابێت بە پیلانی ئیستخباراتی و شەڕی دەروونی لێکبدرێتەوە.

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1. لەسەر پێناسەی "پارادایم" و تیۆری گۆڕانی پارادایم:
- کوهن، تۆماس (Thomas S. Kuhn): کتێبی "پێکهاتەی شۆڕشە زانستییەکان" (The Structure of Scientific Revolutions)، بڵاوکراوەی زانکۆی شیکاگۆ. (ئەم کتێبە سەرچاوەی بنەڕەتیی چەمکی 'پارادایم' و 'گۆڕانی پارادایم'ـە لە فەلسەفەی زانستدا).
2. لەسەر گۆڕینی پارادایمی پەکەکە و تێزی نەتەوەی دیموکراتیک:
- ئۆجەلان، عەبدوڵا: نامیلکەی "کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی" (Democratic Confederalism)، هەروەها بەرگەکانی کتێبی "مانيفێستی شارستانییەتی دیموکراتی". (لەم سەرچاوانەدا بە ڕوونی باس لە وازهێنان لە دەوڵەت-نەتەوە و ڕاگەیاندنی پارادایمی نوێی پەکەکە کراوە).
3. لەسەر پاساوی "شەڕی تایبەت"و لێدوانەکانی سەرکردایەتیی پەکەکە/کەجەکە:
- بایک، جەمیل (هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی KCK): چاوپێکەوتن و وتارە بڵاوکراوەکانی لە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) و کەناڵەکانی وەک (Stêrk TV). (بۆ نموونە: لە ئەرشیفی میدیاکانی پەکەکەدا، بەردەوام تیایدا دووپاتی دەکاتەوە، کە هەر هێرش و ڕەخنەیەک لە دژی بزووتنەوەکە و 'ڕێبەر ئاپۆ' لە چوارچێوەی ناوەندەکانی شەڕی تایبەتی تورکیاوە بەڕێوە دەچێت).
4. بۆ تێگەیشتن لە چەمکی گۆڕینی ئایدیۆلۆژیا بۆ ئامرازی سەرکوتکردن:
- ئارێنت، هانا (Hannah Arendt): کتێبی "بنەچەی تۆتالیتاریزم" (The Origins of Totalitarianism). (ئەم سەرچاوەیە بۆ تێگەیشتنە لەوەی چۆن حیزبە چەقبەستووە فیکرییەکان، چەمکەکان و ئایدیۆلۆژیا دەکەنە چەکێک بۆ ناشرینکردنی دەنگی ناڕازی و خولقاندنی حەقیقەتی ڕەها).
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست