<

مەرگی حیزب و لەدایکبوونی نەتەوە (بەشی یەکەم)

09/03/2026, 23:06 (GMT+1)

ئەزموونی ڤێتنام؛

مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی جیهان و ئەو ئەزمونەی پێیدا رۆیشتوون، زۆر راستیمان بۆ دەسەلمێنێت، کە هیچ نەتەوەیەکی ژێردەستە بە پەرتەوازەیی و بوونی دەیان پارتی جیاواز نەگەیشتووەتە ئامانجی سەربەخۆیی. یەکێک لە زیندووترین ئەزمونی ئەو نەتەوانە گەلی ڤێتنامە، کە سەرەتا دژی داگیرکەری فەرەنسا و دواتریش ئەمریکا، نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام کاتێک (هۆتچی مینە) هەموویانی یەک خستەوە، بەمە توانیان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەویش بە یەکێتیی ریزەکانی گەلی ڤێتنام، کە ئەوەی بۆ سەلماندن، کە بوونی فرەحیزبی لە قۆناغی ڕزگاریدا نیشانەی ئازادیی سیاسی نییە، بەڵکو گەورەترین خزمەتە بە داگیرکەر.

گێژاوی فرەحیزبی و خزمەتکردن بە داگیرکەر

پێش ساڵی 1941، ڤێتنام گیرۆدەی دەستی پەرتەوازەییەکی کوشندە بوو. دەیان حیزب و ڕێکخراوی جیاواز (نەتەوەییەکان، کۆمۆنیستەکان، پاشایەتیخوازەکان و گرووپە ئاینییەکانی وەک کائۆ دای) لە گۆڕەپانەکەدا بوون. هەریەکەیان بە تەنیا و بەبێ هەماهەنگی خەباتیان دەکرد. لەو دۆخە نالەبارەدا، داگیرکەری فەرەنسیش لەبری ئەوەی سڵبکاتەوە، بە ئاسانی جوڵە و شۆڕشەکانی کپ دەکردنەوە.
فەرەنسا لە ڕێگەی دەزگای هەواڵگریی نهێنییەکەیەوە سیورێتێ - Sûreté)) بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی (پەرت بکە و زاڵ بە). سوودی لەم فرەحیزبییە دەبینی. پارە و چەکی دەدا بە هەندێک گرووپی بچووک تەنها بۆ ئەوەی دژی حیزبەکانی دیکە شەڕ بکەن. وزەی ڤێتنامییەکان لەبری ئەوەی ئاراستەی داگیرکەر بکرێت، لە ململانێی ناوخۆییدا هەمووی بەفیڕۆ دەچوو. بۆ نموونە، کاتێک لە ساڵی 1930 (پارتی نەتەوەیی ڤێتنام) ڕاپەڕینێکی گەورەی چەکداریی لە ناوچەی (یێن بای)ی بەرپا کرد، بەلام حیزبەکانی تر نەک هاوکارییان نەکرد، بگرە بێدەنگییان هەڵبژارد. سەرەئەنجام، فەرەنسا بە ئاسانی ڕاپەڕینەکەی تێکشکاند و سەرکردەکانی لەسێدارە دا. هەڵبەت ئەگەر ڤێتنامییەکان لەژێر یەک چەتردا یەکگرتوو بوونایە، فەرەنسا نەیدەتوانی ئاوا بە ئاسانی هێزەکانی تەنها لە یەک بەرەدا کۆبکاتەوە.
سەرباری ئەوەش، فەرەنسا ڤێتنامی لە ڕووی جوگرافی و کارگێڕییەوە دابەش کردبوو بۆ سێ هەرێم (تۆنکین، ئەنام، کۆچینچینا) بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونی هەستی (یەک نەتەوە) بکات. بوونی ئەو هەموو حیزبە لۆکاڵییەش، ئەم پارچەپارچەبوونەی قووڵتر کردبووەوە.

هۆ چی مین و فەلسەفەی (نەتەوە پێش ئایدۆلۆژیا)

گۆڕانکارییە گەورەکە لە ساڵی 1941 ڕوویدا، کاتێک سەرکردەی مێژوویی (هۆ چی مین)  هەستی بەم کارەساتە کرد. زانی گەلی ڤێتنام لەناو گوتاری جیاوازی حیزبەکاندا (کۆمۆنیزم، سەرمایەداری، پاشایەتی) سەرلێشێواو بووە و خەڵکی متمانەیان بە شۆڕش نەماوە. بۆیە، هۆ چی مین بڕیارێکی بوێرانەی دا و بەرەیەکی یەکگرتووی بە ناوی (ڤیێت مین - Viet Minh ) ، کە بە واتای (بەرەی ڕزگاریی ڤێتنام) ڕاگەیاند. مەرجی ئەم بەرەیەش ئاسان نەبوو، بەڵام بۆ رزگاریی و سەربەخۆیی پێویستیەکی مێژوویی بوو، ئەویش ئەوەبوو، کە: دەبێت هەموو حیزبەکان ئایدۆلۆژیا و ئاڵای خۆیان وەلابنێن ، تەنها لەژێر یەک ئاڵادا بۆ یەک ئامانج بجەنگن،  ئەویش دەرکردنی داگیرکەرە. بۆ ئەوەی متمانەی هەمووان بەدەست بهێنێت، هۆ چی مین بۆ خۆی گەورەترین قوربانیی سیاسیی دا؛ لە کاتێکدا خۆی کۆمۆنیست بوو، لە ساڵی 1945 بە فەرمی (حیزبی کۆمۆنیستی ڤێتنام)ی هەڵوەشاندەوە! بەم هەنگاوە بە هەمووانی گوت: (من ئامادەم لەپێناو ڕزگاریی نیشتماندا، قوربانی بە حیزبەکەم بدەم ! ئەی ئێوە؟!)

سادەیی سەرکردە و دروستکردنی کەسایەتیی (مام هۆ)

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم یەکگرتنە، کاریزما و سادەیی سەرکردەکە خۆی بوو. لە کاتێکدا سەرکردە حیزبییەکانی پێشتر کاڵا و جلی فەرەنسییان دەپۆشی و لە خەڵکە هەژارەکە دابڕابوون، هۆ چی مین جلی سادەی جووتیارانی لەبەرکرد و لە خانوویەکی داردا دەژیا. بەمەش بوو بە باوک و مامی هەموو ڤێتنامییەکان و نازناوی (مام هۆ) (Bac Ho)ی پێدرا..
تەنانەت پێڵاوەکانیشی بوونە هێمایەکی گەورەی شۆڕش. ئەو پێڵاوانەی، کە دواتر بە (پێڵاوی هۆ چی مین) ناسرا، لە پاشماوەی تایەی ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانە دروست دەکرا کە فەرەنسییەکان و دواتر ئەمریکییەکان بەجێیان دەهێشت یان تێکدەشکێنران. ئەمە پەیامێکی دەروونیی زۆر بەهێز بوو بۆ گەلی ڤێتنام ،کە وتیان: (ئێمە بە پاشماوەی ئامێرەکانی دوژمن، هەنگاو بەرەو ئازادیی دەنێین.)

وانەی ڤێتنام بۆ گەلانی ژێردەستە

لەژێر چەتری (ڤیێت مین)دا، دەرگا کرایەوە بۆ هەموو چین و توێژەکانی ڤێتنامی: جووتیار، کرێکار، پیاوانی ئاینی و تەنانەت ئاغاکانیش. هۆ چی مین خەباتی چینایەتی و ململانێی ئایدۆلۆژییان وەلا نا و پەیامەکەیان کورت کردەوە بۆ سێ وشەی سادە، کە هەموو کەس تێی دەگەیشت:
(سەربەخۆیی، نان، ئازادی).

وانەی ڤێتنام ڕوون و ئاشکرایە:

ئەوە سەرکردەیە، کە بتوانێت گەلێک ڕزگار بکات، سەرکردە ئەو کەسە نییە کە حیزبەکەی خۆی گەورە بکات، بەڵکو ئەو کەسەیە، ئامادە بێت  لە پێناو بەرەیەکی نیشتمانییدا، حیزبەکەی بچووک بکاتەوە یان نەیهێڵێت، ئەمیش بە ئامانجی رزگاریی و سەربەخۆیی. کاتێک نەتەوەیەک یەکگرتوو بوو، نەک هەر داگیرکەرێکی وەک فەرەنسا، بەڵکو دەتوانێت گەورەترین زلهێزی وەک ئەمریکاش تێکبشکێنێت.

تێبینی:

وێنەی یەکەم کەوشی (هۆ چی مین)ــەیە، کە لە موزەخانە دانراوە، ئەو کەوشە لە تایەی ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانەی فەرەنسییەکان دروست کراوە، تا ئەو پەیامەیان پێ بدات بڵێت : (ئێمە بە پاشماوەی ئامێرەکانی دوژمن، هەنگاو بەرەو ئازادیی دەنێین.)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست