دیالێکتیکی وەهم و واقیع: شیکارییەکی سیاسی و فەلسەفی بۆ پارادایمەکەی ئۆجەلان
30/03/2026, 18:01 (GMT+1)

"حەقیقەت عەشقە، عەشق ژیانی ئازادە، ژیانی ئازاد بە تێکۆشان بە دەست دێت."
زۆر کەس لە هەودار و لایەنگرانی پەکەکە ئەو قسەیەی ئۆجەلانیان لە واڵی فەیسبوک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا داناوە، بۆیە بە پێویستم زانی سەر ئەو قسەیە بوەستم و یەکە بەیەکە بە دوای وشەکاندا لێکدانەوەیان بۆ بکەم ، لێرەدا هەوڵ دەدەم، وشەکان، رستە و بۆچوونان لەگەڵیدا مەترسییەکانی روونبکەمەوە، چونکە ئەمە واتای قوڵتر دەگرێتە خۆی، ئەگەر بۆ ئەمڕۆش قسەی لەسەر نەکرێت، وەک مێژوو با بمێنیتەوە، تا بزانن کەسانێک هەبوون هەڵوێستیان لەسەری وەرگرتووە.
سەرەتا:
ئەم دەستەواژەیە، کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە داڕێژراوە، تەنها دروشمێکی سادە نییە، بەڵکو کڕۆکی فەلسەفەیەکە کە دەیان هەزار گەنجی کورد بۆی تێکۆشاون و گیانیان لەسەر داناوە. لە ڕواڵەتدا، ئەم وتەیە پارچە پەخشانێکی ڕۆمانسییە، دەیەوێت وەک مانیفێستێکی فەلسەفی پیشانی بدات، گوایە کاریگەریی هەیە بۆ ئازادیی و ڕزگاریی، بەڵام کاتێک ئەم ئایدیاڵیزمە دەهێنینە ناو گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، کە کورد بەشێکە لەو نەتەوانەی تێێدا دەژی ولە قووڵاییەکانی فەلسەفەی مەعریفەوە لێی دەکۆڵیتەوە، ڕووبەڕووی دەیان مەترسیی گەورە دەبینەوە. ئەم وتارە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی دوو ڕەهەندییە (سیاسی و فەلسەفی)، کە ئۆجەلان لە ئێمیڕاڵییەوە تێکەڵی کردووە بە پارادیمەکەیەوە، کەسی سادە و ئاسایی لە مەبەستە ترسناکەکەی ناگات.
تێکەڵکردنی خەیاڵ لەبەردەم واقیعی تاڵی کورددا:
وەک نمونە کاتێک پارادایمەکە دەخەینە سەر ئەرزی واقیع، ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان باشترین نموونەمان دەخاتە بەر دەست. دروشمی "دیموکراتیزەکردنی سووریا" و نەویستنی دەوڵەتی سەربەخۆ، وای کرد گەنجانی کورد ببنە قوربانی بۆ تێکشکاندنی داعش و پاراستنی ناوچەکە. بەڵام چونکە ئامانجەکە دروستکردنی قەوارەیەکی یاسایی و سەربەخۆ نەبوو، بینیمان کە چۆن کاتێک ڕژێمی ئەسەد لە کۆتایی 2024 ڕووخا و حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع هاتە کایەوە، هەموو دەستکەوتەکانی کورد لە رۆژئاوا کەوتنە مەترسییەوە. چونکە بەهۆی نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و پشتنەبەستن بە خەونی دەوڵەتداری، لە ساڵانی 2025-2026 ڕۆژئاوا ناچار بوو بچێتە ژێر باری ڕێککەوتنی تەسلیمبوون واتا (ئینتیگرەیشنی زۆرەملێ). هێزەکانی هەسەدە خرانە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا و ناوچەکان ڕادەستی حکومەتی ناوەندی کرانەوە. ئەوەی ڕوویدا بە پراکتیک سەلماندی، کە تێکۆشان بۆ "پارادایمێکی بێ دەوڵەت"، وەک ئۆجەلان بانگەشەی بۆ دەکات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتاییەکەی گەڕانەوەیە بۆ نێو باوەشی داگیرکەر.
ئایدۆلۆژییەکەی ئۆجەلان و گەمەی تورکیا:
گەورەترین دژایەتی کە ڕووبەڕووی ئەم پارادایمەی ئۆجەلان دەبێتەوە ئەوەیە: چۆن نەتەوەیەک دەتوانێت لەگەڵ داگیرکەرێکدا ئینتیگرەیشنی خۆت بکات کە تەنانەت زمانەکەی قەدەغە کردووە؟ ئازادی لە کوێدایە کە کورد واز لە سەربەخۆیی بهێنیت؟
لێرەدا پرسیارێکی ترسناک دروست دەبێت، کە ئایا تورکیا وەک دەوڵەت چ قازانجێک لەم تیۆریانەی ئۆجەلان دەبینێت؟ ئایا گومانی ئەوە ناکرێت کە ئەم فەلسەفەیە لە بنەڕەتدا خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەکات؟
بە ڕوانینێکی واقیعیانە، تورکیا دەبێتە براوەی یەکەم لەم گۆڕانکارییە فیکرییەی ئۆجەلان:
1- کوشتنی خەونی سەربەخۆیی:
ئۆجەلان توانی خەونی "کوردستانی گەورە و سەربەخۆ" لە مێشکی ملیۆنان کورددا بسڕێتەوە و ئامانجەکەیان بچووک بکاتەوە بۆ شارەوانی و پێکەوەژیان لەناو سنووری تورکیادا. (ئەمەش ویستی تورکیاش بوو).
2- دابەشکردنی ماڵی کورد:
ئەم فەلسەفەیە درزێکی گەورەی خستە نێوان تەواوی هەموو کوردەوە (بەرەیەک داوای دەوڵەت دەکات و بەرەیەک دژایەتی)، ئەمەش وای کرد کورد خۆی بە خۆیەوە سەرقاڵ بێت.
ئەم فەلسەفەیە درزێکی گەورەی خستە نێوان تەواوی هەموو کوردەوە (بەرەیەک داوای دەوڵەت دەکات و بەرەیەک دژایەتی)، ئەمەش وای کرد کورد خۆی بە خۆیەوە سەرقاڵ بێت.
3- پاساوی داگیرکاری:
دروشمە جیهانییەکانی پەکەکە و بەستنەوەی ڕۆژئاوا بە ئیمراڵییەوە، باشترین بیانووی دایە دەست تورکیا، تا بە ناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییەوە جوگرافیای کوردستان بخاتە شەڕێکی بێ کۆتاییەوە و درێژە بە داگیرکاریی بدات، کارەکە بۆ نەوەی داهاتوو زەحمەتتر بکات.
حەقیقەت لای ئۆجەلان چییە؟ :
هەڵوەشاندنەوەی فەلسەفیی دروشمەکە جارێ ئێمە لە بەشە سیاسیەکەی دەگەڕێین و دەچینە ناو کرۆکی فەلسەفیی دەستەواژەکەی ئۆجەلانەوە (حەقیقەت عەشقە...). کە کێشە گەورەکە لە خودی وشەی "حەقیقەت"ـەوە دەست پێدەکات.
ئەگەر من چاویلکەیەکی سوورم لە چاودا بێت و تۆ بەبێ چاویلکە هەر یەکەمان سەیری جیهان بکەین، بۆ هەر یەکەمان بینینی حەقیقەت جیاوازە. یان ئەگەر هەردووکمان لە یەک ژووردا بیین و هەریەکەمان لە پەنجەرەیەکەوە سەیری دەرەوە بکەین، ئەوەی من دەیبینم بۆ من حەقیقەتە و ئەوەی تۆش دەیبینیت بۆ تۆ حەقیقەتە. کاتێک "ئیمانوێل کانت" دەڵێت ئێمە شتەکان وەک خۆیان نابینین، بەڵکو وەک ئەوە دەیانبینین کە مێشکمان نیشانمان دەدات، یان "نیچە" دەڵێت "هیچ حەقیقەتێکی ڕەها نییە، تەنیا تێڕوانین هەیە"، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەن، کە حەقیقەت ڕێژەییە.
کەواتە، کاتێک ئۆجەلان دەڵێت "حەقیقەت لای ئێمەیە یان حەقیقەت عەشقە"، لە ڕاستیدا مەبەستی "حەقیقەتە گشتییەکە" نییە، بەڵکو مەبەستی تێڕوانینی خۆیەتی کە لە پەنجەرەیەی ژووری ئێمیرالییەوە دەیبینێت، نەک ئەوەی، کە ئێمە لە دەرەوە هەر یەکەمان دەیبینین.
لە عەشقی ڕۆمانسییەوە بۆ دەمارگیری و قۆرخکردنی ئازادی:
ئینجا کاتێک تۆ "عاشقی" ئەو حەقیقەتە دەبیت، کە لە پەنجەرەکەی خۆتەوە دەیبینیت، عەشق لێرەدا دەبێتە خۆپەرستی و دەمارگیریی. تۆ هێندە ئەو وێنەیە (ئایدۆلۆژیای حیزب)ت خۆشدەوێت، کە کوێرانە بەرگری لێدەکەیت و چاوت لە ئاست بینینی جوانییەکانی پەنجەرەکەی بەرامبەرت کوێر دەبێت. وەک فەیلەسووف "شۆپنهاوەر" ئاماژەی پێ دەکات، ئەم جۆرە عەشقە وەهمێکە بۆ خەڵەتاندن و مانەوەی ئایدۆلۆژیاکە.
کاتێک حەقیقەتەکەی تۆ بوو بە عەشقێکی دەمارگیرانە، ئازادی بوونی نامێنێت. ئازادی تەنیا بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە، کە لە هەمان پەنجەرەی تۆوە لە دەرەوە دەڕوانن و وەک تۆ بیری لێ دەکەنەوە. هەر کەسێک بڵێت "جیهان سوور نییە و حەقیقەتێکی تر هەیە"، ئیتر تۆ وەک دوژمنی خۆت و بیروباوەڕەکەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت.
تێکۆشان بۆ سڕینەوەی ئەوانی دی:
لەم دیالێکتیەدا، قۆناغی کۆتایی "تێکۆشانە". تێکۆشان لێرەدا مانای ڕزگاربوون نییە، بەڵکو مانای بێکاریگەرکردن و لەناوبردنی ئەوەیە، کە دژی خۆت بیردەکاتەوە . تێکۆشان دەبێتە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی ئەو کەسانەی کە لە پەنجەرەیەکی ترەوە سەیری ژیان دەکەن. وەک "هێگڵ" لە دیالێکتیکی (گەورە و کۆیلە)دا ڕوونی دەکاتەوە، ئەمە شەڕێکە بۆ ئەوەی ئەوی تر ناچار بکەیت حەقیقەتەکەی تۆ قبووڵ بکات و ببێتە کۆیلەی بیروباوەڕی تۆ.
سەرەنجام:
ئەگەر بەم شیکارییە واقیعی و فەلسەفییەوە سەیری دروشمەکەی ئۆجەلان بکەین، دەتوانرێت بەم شێوە ترسناکە بخوێندرێتەوە، کە:
"تێڕوانینی حیزبەکەم بۆ من حەقیقەتە، من بە دەمارگیرییەوە عاشقی ئەم حەقیقەتەم، کە ئۆجەلان لە پەنجەرەی ژورەکەیەتەوە دەیبینێت و ئازادی تەنیا لەناو قبووڵکردنی ئەم حەقیقەتەی ئۆجەلاندا هەیە، بۆ سەپاندنی ئەمەش، تێکۆشان دەکەم بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی هەموو ئەوانەی جیاوازتر بیر دەکەنەوە!"
هەر ئەمەشە کە کورد بەردەوام لە شەردا ئەگەر براوە بووبێت، بەلام لەسەر مێزی گفتوگۆ دۆراندوویەتی، جونکە شوێنکەوتوانی پارتە کوردییەکان، سەرکردەی پارتەکان هەمیشە فێڵیان لە خەڵکی کردووە، دەستیان لەناو دەستی دوژمندا بوو، کوردستانیان وەکو دوکان و بازاڕێک بینیوە و خوێنی کوردیان وەکو کەرەستەی فرۆشتن مامەلە کردووە، کورد هەمیشە لەبەر دەم ئەو سەرکردە و رێبەر و پارتانەدا وەک مەڕ باڕاندوویەتی، بیری لەوە نەکردۆتەوە، کە لە پێستی مەڕبوونی خۆی دەربچێت و خۆی بڕیاری خۆی بدات، جگە لەوە هەموو وا پەروەردەکراوین، کە لە دەرەوەی بوونی خۆمان وەک کورد بە سۆزەوە بکەوینە نێو یارییەکی نێودەوڵەتییەوە، وامان کردووە بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتان بەڕێوە بچین (نموونەی تەسلیمبوونەوەی ڕۆژئاوا)، چونکەلە ناوخۆشماندا باوەڕمان بە فرەپەنجەرەیی و ڕێژەییبوونی حەقیقەت نییە. بۆیە تا ئەو کاتەی کورد واز لەم عەشقە دەمارگیرانەیە نەهێنێت، خوێنڕشتن بۆ "ژیانی ئازاد" بەردەوام دەبێت، بەڵام بەرهەمەکەی هەمیشە خراوەتە گیرفانی داگیرکەرانەوە، سەرکردە و رابەرەکانیشمان ورگیان زلتر و گیرفانیان پڕتر کردووە.
سەرچاوەکان:
1- عەبدوڵڵا ئۆجەلان: مانيفێستۆی شارستانیی دیموکراتی (Demokratik Uygarlık Manifestosu) - بەرگی یەکەم (میتۆد و ڕژێمی حەقیقەت) و بەرگی سێیەم (سۆسیۆلۆژیای ئازادی). لینکی ئەرشیفی کتێبەکانی ئۆجەلان
2- ئیمانوێل کانت (Immanuel Kant): ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی (Critique of Pure Reason) - سەبارەت بە جیاوازیی نێوان (Phenomenon) و (Noumenon) و مەحاڵبوونی گەیشتن بە حەقیقەتی ڕەها.
3- فریدریش نیچە (Friedrich Nietzsche):لەودیو چاکە و خراپەوە (Beyond Good and Evil) - سەبارەت بە ڕێژەییبوونی حەقیقەت و ویستی هێز.
4- ئیسایا بەرلین (Isaiah Berlin): وتاری دوو چەمکی ئازادی (Two Concepts of Liberty) - سەبارەت بە مەترسییەکانی ئازادیی ئەرێنی و سەپاندنی حەقیقەتی تاکلایەنە.
5- فریدریش هێگڵ (G. W. F. Hegel):دیاردەناسیی ڕۆح (The Phenomenology of Spirit) - سەبارەت بە دیالێکتیکی گەورە و کۆیلە و ململانێی ئاگاییەکان.
6- تۆماس هۆبس (Thomas Hobbes): لیڤایەسان (Leviathan) - سەبارەت بە دۆخی سروشتی، دڕندەیی مرۆڤ و زەرورەتی دروستبوونی دەوڵەت.
تێبینی: هەندێک لە زانیاریی ئەو کتێبانە وەکو سەرچاوە، لە گوگڵم وەرگرتووە و لە (AI)یش کەڵکم بینیوە.
تێبینی: هەندێک لە زانیاریی ئەو کتێبانە وەکو سەرچاوە، لە گوگڵم وەرگرتووە و لە (AI)یش کەڵکم بینیوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





