ئاخۆ دوای کەوتنی تاران، ئێران چی بەسەر دێت؟ وە ئایندەی کوردستان چۆن دەبێت؟
18/04/2026, 11:33 (GMT+1)

- ئاخۆ چی ڕوودەدات، ئەگەر ڕژێمی ئێران بڕوخێت؟
- ئایا دابەشبوونی ئێران خێرا دەبێت؟ یان ئاژاوەیەکی کۆنترۆڵکراو؟
- ئاخۆ ئەم گۆڕانکاریە بۆ کوردستان دەرفەتێکە یان ئەگەرێکی مێژوویی لەدەستچوو دەبێت؟
- ئاخۆ ووزەی نەوت و غازی کوردستان دەرفەتێک بێت بۆ سەربەخۆیی کوردستان؟
--------------------------
- ئاخۆ چی ڕوودەدات، ئەگەر ڕژێمی ئێران بڕوخێت؟
ئەم سیناریۆیە زیاتر پەیوەندی هەیە بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نائارامی ناوخۆیی و ڕکابەرایەتی جیۆپۆلەتیک. بەڵام هەر کەسێک چاوەڕوانی ئەوە بێت کە ئێران دابەش بێت بە چەند ووڵاتێکی بچوکی سەربەخۆ و فره دەوڵەت و له نێوەندەدا کوردستانێکی گەورە دروست ببێت، ئەوا ئەوکەسانە ئاڵۆزییەکانی دەسەڵات و سنوور و بەرژەوەندیەکان بەکەم دەزانێت.
- ئایا دابەشبوونی ئێران خێرا دەبێت؟ یان ئاژاوەیەکی کۆنترۆڵکراو؟
ڕووخانی ڕژێمێک بە دەگمەن بە مانای لەدایکبوونی دەستبەجێی ووڵاتێک یان وڵاتانی نوێی تر دەبێت،
بەڵکو قۆناغێکی نادڵنیایی سەرهەڵدەدات، وەک ململانێی دەسەڵات لە نێوان بزووتنەوە سیاسییەکان و میلیشیا ناوچەییەکان و بەکرێگیراوانی ووڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا.
لە دۆخێکی ئاوادا، پێدەچێت لەسەرەتادا ئێران بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی لاواز و پارچەپارچە، نەک کۆکراوەیی بۆنمونە شەش هەرێم یان ووڵاتی سەربەخۆ!
بەڵام نموونە مێژووییەکان هەتا ئێستا پیشانی دەدەن کە ڕوخاندنی ووڵاتێک، زیاتر دەبێتە هۆی
ناسەقامگیری درێژخایەن نەک دیاری کردنی سنووری تازە!
- ئاخۆ ئەم گۆڕانکاریە بۆ کوردستان دەرفەتێکە یان ئەگەرێکی مێژوویی لەدەستچوو دەبێت؟
بۆ کورد بەگشتی، ئێرانێکی لاواز باشترە و بەڕاستیش لەوانەیە پەنجەرەیەک بکاتەوە بۆ سەربەخۆیی!
بەڵام لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، کوردەکان دەتوانن داوای فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی بکەن، هەر وەک چۆن لە ساڵانی نەوەدەکانی باشوری کوردستان ئەوەیان کردە ڕاستی!
سەرەڕای ئەوەش، خەونی یەک کوردستانی یەکگرتوو (هەموو پارچەکان) کە بەشێکی ئێران دەگرێتە و بۆ ئێستا دوورەوە، ئەویش بەهۆی هەڵوێستی تورکیاوە.
وە هۆکارەکانیش تەنها دژایەتی دەرەکی نییە، بەڵکو دابەشبوونی ناوخۆیی و پێکهاتە سیاسییە جیاوازەکانی نێوان بزووتنەوە کوردییەکان خۆشیانە!
- ئاخۆ تورکیا فاکتەری یەکلاکەرەوەی کوردستانێکی سەربەخۆ بێت؟
هەموو سیناریۆیەک کە سەبارەت بە کوردستانێکی یەکگرتوو بێت، بەبێ هەڵویستی تورکیا گرانە! ئەگەر هێزە نێودەوڵەتیەکان فشارەکانیان نەخەنە سەر تورکیا!
چونکە ئەنقەرە هەر جۆرە سەربەخۆیییەکی کورد وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی خۆی دەڕوانێت!
لە کاتێکدا ڕەنگە تورکیا هێشتا تەحەمولی کوردستانی باشوری بکات کە پەیوەنی ئابووری لە گەڵیدا هەیە، بەڵام بە توندی دژایەتی کوردستانێکی گەورە و یەکگرتوو دەکات!
چونکە هەر دەوڵەتێکی کوردی سنووری تورکیا ببەزێنێت لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، ئەوا تورکیا بەتەقینەوەی دەبینێت!
- ئاخۆ ئیسرائیل و کەنداو یاریزانێکی بێدەنگن یان بنیاتنەرن بۆ کوردستان؟
دەوڵەتانی کەنداو بەرژەوەندییان لەگەڵ ئێرانێکی لاوازتردا هەیە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە چالاکانە کار بۆ تێکدانی ئێرانێکی پڕ ئاژاوە دەکەن! چونکە ئاژاوەگێڕی ئێرانێکی هەڵوەشاو، مەترسی توندڕەوی و لێشاوی پەنابەران دروست دەکات، ئەوەش لەوانەیە بەقەد ئێرانێکی بەهێز مەترسیدار بێت! کەواتە دەوڵەتانی کەنداو دەیانەوێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئێرانێکی بچوک کراوەی هەڵوەشاوی کۆنترۆڵ کراو، کە پارچەکان لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەڕێوە بچن!
لەم کارەدا ئیسرائیل دەتوانێت وەک هاوبەشێکی بێدەنگ سەیری قەوارەیەکی کوردی بکات، بەڵام لە پشت پەردەوە ئیسرائیل ڕۆڵی پۆزەتیڤی خۆی دەگێڕێت نەک بە ئاشکرا ئاراستەی کورد بکات!
- ئاخۆ ووزەی نەوت و غازی کوردستان دەرفەتێک بێت بۆ سەربەخۆیی کوردستان؟
لە ئایندەدا کوردستانێکی سەربەخۆ کە خاوەنی یەدەگی نەوت و گازە، دەرفەتی ئابووری دەڕەخسێنێت. بەڵام ووزە بە تەنیا دەوڵەتێک دروست ناکات.
ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت ئێستا بە ناچاری لە ڕێگەی تورکیاوە دەڕوات و ئەوەش پەیوەندییەکی وابەستەیی دروست دەکات لەگەڵ تورکیادا کە سنوورێکی سیاسیە بۆئامانجەکانی دواڕۆژی کورد.
بەبۆچونی من سێ سیناریۆ بۆ داهاتوو کوردستان هەیە لەم بارودۆخەی ئێران و شەپۆلی گۆڕانکاری ناوچەکەدا:
- پاراستنی ئێران لە ڕێگەی چاکسازییەوە.
واتە ئێرانێکی لاواز بەڵام نەگۆڕ، کە ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی دەدات بە کورد.
- بەهێزتربوونی کوردستانی عێراق.
ئەگەری سەربەخۆیی کوردستانی عێراق، بە پەیوەندیی نزیک لەگەڵ کوردی سووریا، بەڵام ئەمەش بەبێ یەکڕیزیی تەواوی کورد گرانە کە دروست ببێت!
- پارچەپارچەبوونی ناوچەیی.
ئێرانێکی هەڵوەشاوە و پێکهێنانی چەند دەوڵەتێک، لە نێویاندا کوردستانێکی گەورەتر لە ئێستا! واتە یەکگرتنی پارچەکانی ڕۆژهەڵات و باشور و ڕۆژئاڤا.
کەواتە ڕووخانی ڕژیم لە ئێران بێ گومان شەپۆلی شۆکی جیۆپۆلەتیکی لێدەکەوێتەوە. ئەمەش بۆ کورد دەرفەتێکی مێژووییە ئەگەر سەرکردە کوردەکان بە زیرەکانە و بەپێی بەرژەوەندی بەرزی نەتەوەیی ئەو دەرفەتە زێڕینە بقۆزنەوە!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





