<

مێژوو؛ بازنە داخراوەکەی جووڵەی کورد

25/04/2026, 16:21 (GMT+1)
کاتێک ئەنیشتاین باس لە گەردوون و جووڵەی تەن دەکات، ئاماژە بەوە دەدات کە "کات" لە دەرەنجامی جووڵەوە دروست دەبێت. واتە گواستنەوەی تەنێک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، ئەو مەودایەی کە دەیبڕێت، "کات" پێکدەهێنێت. تێپەڕبوونی "کات"؛ واتە بوونی ئەوەی ڕوویداوە، ئەوەش دەبێتە مێژوو. ئەم پێناسەیە تەنها بۆ تێگەیشتن لە فیزیا نییە، بەڵکو دەکرێت وەک میتافۆرێکی فەلسەفیی قووڵ بۆ ژیانی مرۆڤایەتی و مێژووی نەتەوەکانیش بخوێندرێتەوە. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری (بوون) بکەین، دەتوانین وای دابنێین، کە هەموومان لەناو ژوورێکداین کە تێیدا "کات" بە مانا باوەکەی بوونی نییە. بەڵام لەم دۆخە چەقبەستووەدا هیچ شتێک ڕوو نادات تاوەکو جووڵەیەک دروست نەبێت؛ واتە تەنها "جووڵە"یە، کە بوون دەسەلمێنێت و "کات" دروست دەکات. ڕێک وەک ئەوەی کاتێک لە ژوورەکە دەردەچین و بەرەو خاڵێکی دیکە هەنگاو دەنێین، لەو ساتەدا "کات" لەدایک دەبێت. کەواتە، مێژوو جگە لە پرۆسەیەکی گواستنەوە هیچی تر نییە؛ گواستنەوە لە خاڵی سفرەوە بەرەو قۆناغێکی سەرووتر. لێرەدا ماتماتیک دەبێتە پێوەرێکی ورد بۆ خوێندنەوەی "کات". کاتێک بەهۆی جووڵەوە شوێنێک جێدەهێڵین و ڕوو دەکەیتە خاڵێکی دیاریکراو، ئیتر تۆ پێویستت بە لێکدانەوەی ماتماتیکییە بۆ پێوانی (مەودا و خێرایی و کاتی گەیشتن). مێژووش خودی ئەم پرۆسەیەیە؛ تۆمارکردنی ئەو گۆڕانکارییانەیە لە کاتی گواستنەوە لە خاڵی سفرەوە بەرەو خاڵی مەبەست ڕوودەدەن. کاتێک ئەم هاوکێشە فیزیایی و مێژووییە لەسەر نەتەوەکان جێبەجێ دەکەین، جیاوازییەکی گەورە و تراژیدی لە نێوان کورد و گەلانی دیکەدا بەدی دەکرێت. کێشەی نەتەوەی کورد لە تەممەڵی یان نەبوونی "جووڵە"دا نییە؛ بەپێچەوانەوە، کورد هەمیشە لە جووڵە و شۆڕش و تێکۆشاندا بووە بۆ گەیشتن بە خاڵێکی دیاریکراو. بەڵام جیاوازییەکە لە سروشتی جووڵەکەدایە؛ لای نەتەوەکانی دیکە، جووڵە هێڵێکی ڕاستە، ڕۆیشتنە بەرەو پێشەوە، بەڵام لای کورد، ئەم جووڵەیە زیاتر لە جووڵەیەکی بازنەیی دەچێت، کە سەرەنجام دەگەڕێتەوە سەر هەمان خاڵی دەستپێک. واتە هەرچەندە لە ژوورەکە دەردەچێت، دواجار دەگەڕێتەوە ناو هەمان ژوور و هەمان شوێن.

هۆکاری بەردەوامیی ئەم گەڕانەوەیە بۆ سەر خاڵی سفر چییە؟

وەڵامەکە لە نەخوێندنەوە و پشتگوێخستنی ئەزموونەکاندایە. ئێمە وەک نەتەوە، پەندمان لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وەرنەگرتووە و بایەخمان بە "ماتماتیکی مێژوویی و سیاسی" نەداوە. هەموو هەنگاوێک بەرەو ئامانج، پێویستی بە لێکدانەوەی وردی "هێز"، "کات" و "هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان" هەیە. لەبەر ئەوەی ئێمە نەمانتوانیوە لێکدانەوەیەکی دروست بۆ هەنگاوەکانمان بکەین و مێژووی خۆمان لەسەر بنەمای لۆژیک بخوێنینەوە، زۆرجار بە سۆزەوە جووڵاوینەتەوە نەک بە ژمارە و داتا. لە لایەکی دیکەوە، پێناسەیەکی تری مێژوو ئەوەیە، کە "بریتییە لە گێڕانەوە و نووسینەوەی ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ڕووداوەکان، شرۆڤەکردن و بەستنەوەیانە بە کات و سەردەمی خۆیان، پاشان بەراوردکردنیان لەگەڵ ئێستا و پێشبینیکردن بۆ داهاتوو". بۆیە هەر قسەکردن و لێکۆڵینەوەیەک لەسەر مێژوو گەر لەسەر بنەمای هزر و بیرکردنەوەیەکی قووڵ نەنووسرێتەوە، بایەخی زانستیی نابێت. بەپێی ئەو تیۆرییە فیزیکییەی سەرەوە دەتوانرێت بگوترێت؛ مێژوو بریتییە لە کۆتاییهاتنی ئێستا و بەجێهێشتنی بەرەو داهاتوو، هەموو بەجێهێشتنێک دەبێتە ڕابردوو. ڕابردووش تەنها بە تێپەڕبوونی شەو و ڕۆژ، یان ئەو ساڵانە دیاری ناکرێت، کە بەهۆی سووڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆی و خۆردا دروست دەبێت؛ بەڵکو دەکرێت بە پێوەری خێرایی تێپەڕبوونی تیشکیش بپێورێت. کەواتە، پێناسەی مێژوو دیسانەوە دەبێتەوە بەو "جووڵانەوەیە"ی، کە تێیدا ئێستا جێدەهێڵرێت بۆ ئەوەی پێ بنرێتە داهاتوو. بەم جووڵەیەش ڕابردوو لەدایک دەبێت، واتە ئەوەی پێش ئێستا دەبێتە (مێژوو). لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی ئێمە نەزانین چۆن بە مێشکێکی لۆژیکییەوە مامەڵە لەگەڵ "کات" و "جووڵە"دا بکەین، تێکۆشانەکانمان هەرچەندە گەورەش بن، هەمیشە مەترسیی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفریان لەسەرە. دەرچوون لەم بازنە داخراوە و دروستکردنی مێژوویەکی ڕاستەقینە، پێویستی بەوەیە جووڵەکانمان لەسەر بنەمای هاوکێشەکان ورد و هەژمارکراو بن، ئەگەرنا بۆ هەمیشە لەو ژوورە داخراوەی "کات"ی تێدا بەسەر دەبەین، دەمێنینەوە و لێی دەرباز نابین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست