مەرگ؛ گەڕانەوەیە بۆ سروشت و باوەشی بێدەنگیی
02/05/2026, 1:18 (GMT+1)

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، مەرگ هەمیشە وەک یەکێک لە گەورەترین و قووڵترین مەتەڵەکان سەیر کراوە. زۆرجار مرۆڤ بۆ پێناسەکردنی ساتی مردن، پەنای بردووەتە بەر دەستەواژەی ترسناک یان وێناکردنی خەیاڵیی و ئاینیی. بۆیە ئەگەر بە چاوێکی فەلسەفی و واقیعییانەوە سەیری کۆتایی ژیان بکەین، دەبینین، کە مەرگ بەشێکی زۆر ئاساییە لە گەشتی ژیان و تەنانەت کۆتاییەکی جوانە لە سووڕی گەردوون. زمان و کولتوورە جیاوازەکانی جیهان، هەر یەکەیان لە گۆشەنیگایەکەوە تابلۆیەکی شکۆمەندانەیان بۆ ئەم ساتە نەخشاندووە.
وەک نمونە کاتێک لە دیدی فەلسەفەی سروشتیی و کولتووری نەتەوەکانی وەکو ئەڵمانی و سکاندیناڤییەکانەوە دەڕوانینە بوون و نەبوون، دەبینین کە ئێمە بەشێکین لە توخمەکانی ئەم زەوییە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە ماددە سەرەتاییەکانی گەردوون پێکهاتووە، بۆیە کاتێک جەستە لە کار دەکەوێت و مرۆڤێک کۆتایی بە ژیانی دێت، دەکرێت بەوپەڕی جوانییەوە بڵێین ، کە مردن گەڕانەوەیە بۆ نێو باوەشی سروشت. لە هەمانکاتدا ئەمە ڕاستییەکی زانستیی و هاوکات شاعیرانەشە؛ چونکە ئەو وزە و ماددەیەی ڕۆژێک لە شێوەی مرۆڤێکدا خۆی دەنواند، ئێستا بە بێدەنگی هەڵدەوەشێتەوە و تێکەڵ بە بێدەنگیی گەردوون دەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، گەر لە زمانی فەرەنسییەوە تەمەشای مەرگ بکەین، وێنایەکی هێمنانەترمان پێ دەبەخشێت. لەوێدا کۆتایی ژیان وەک تەواوبوونی وزەی مۆمێک یان ڕووناکییەک وێنا دەکرێت. مرۆڤ لە تەواوی تەمەنیدا دەسووتێت، وزە دەبەخشێت، خۆشەویستی یان هەستێکی رق دەدات و ئەزموون دەکات، بەڵام، کە کاتەکەی هات، بەبێ هیچ جەنجاڵییەک بە ئارامی دەکوژێتەوە. لەم ساتەدا، ئەو جەستە ماندووەی کە ساڵانێک هەڵگری ڕۆح و بیرکردنەوەی بووە، دەگاتە قۆناغی پشوودان و چرای ژیانی ئارام دەبێتەوە.
هونەر و ئەدەبی ئینگلیزیش خوێندنەوەیەکی دیکەی بۆ ژیان و مردن هەیە. ئەوان ژیان وەک شانۆگەرییەک یان گەشتێک دەبینن کە هەر مرۆڤە و پاڵەوانی چیرۆکێکی خۆیەتی. کاتێک کەسێک دەڕوات، مەرگ وەک نەمان سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک تەواوکردنی ئەرکێک تێی دەڕوانێت، وا پێناسەی دەکەن، کە کەسەکە گەشتەکەی تەواو کردووە.
بۆیە هەموو دەستپێکێک کۆتاییەکی هەیە و هەر مرۆڤێکیش کاتێک وشەکانی تەواو دەبن، دوای نمایشێک لەسەر شانۆی ژیانی خۆی، کۆتایی بە چیرۆکەکەی دەهێنێت. چیتر کاتی ئەوەیە پشوو بدات و پەردەی کۆتایی لەسەر ژیانی دابداتەوە.
مردن کۆتایی بیرکردنەوە، و ئەو جەنجاڵییانەی ناو مێشک و جەستەیە. کاتێک مرۆڤ ماڵئاوایی دەکات، دوور لە هەر گێڕانەوەیەکی خەیاڵی و میتافیزیکی، تەنها ڕاستییەک هەیە: ئەو کەسە دەچێتە نێو بێدەنگییەکی هەمیشەییەوە. بێدەنگییەک، کە تێیدا ئارامییەکی ڕەها هەیە و دەبێتەوە بە بەشێک لەو گەردوونەی کە لێیەوە هاتووە.
ئەگەر هەموو ئەم تێڕوانینانە بۆ تێگەیشتنەکەمان لەسەر ژیان و نەمان کۆبکەینەوە، دەگەینە ئەو باوەڕەی، کە مەرگ سزایەکی ترسناک نییە بۆ سەر مرۆڤ. هەر وەک ئیسلامەکان و سەلەفییەکان مرۆڤی پێ دەترسێنن، بەتایبەتی کاتێک کەسێک گیان لەدەست دەدات، ئەمانە وەها باسی دەکەن و خەڵکی پێدەتۆقێنن، لەکاتێکدا وەها وەها قسە دەکەن و پێناسەی دەکەن، خۆیان لە بیردەچیتەوە ، کە خۆشیان دەمرن، بەڵام مردنی کەسانی ناحەزانی خۆیان وەکو سزادانێکی خودایی دەبینن بەتایبەتی بۆ ئەوانەی گوایە مولحیدن، وای دادەنێن، کە مردن کۆتایی ئەو هەموو ئازارانەیە، کە چێشتوویەتی، یان ئازاری کەسێکی دیکەی داوە و کۆتایی پێهاتووە.
لە کۆتایی ئەم نووسینەمدا هەر لەبەر ئەم کەشە ئاڵۆز و پڕ لە ژاوەژاوە، ئەم چەند ڕۆژە لە بێدەنگییەکی تەواودا لەوانەشم دەڕوانی کە لە ناو خۆشییەکانی ژیانی خۆیاندا دۆڕاون و دەیانەوێت خۆیان لەناو مردنی کەسانی دیکەدا بدۆزنەوە، پاکانە بۆ ژیانی کورتی خۆیان بکەن، تا ئەوانیش کە مردن بە جوانی باس بکرێن، بۆیە بۆ خۆم ئەم ساتەم هەڵبژارد و خۆم پاسیڤ کرد. بەڵام لێرەوە پێتانی ڕادەگەیەنم ،کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە دەگەڕێمەوە لاتان. لەبری بەفیڕۆدانی کات لەناو ململانێ لاوەکییەکاندا، دەست دەکەمەوە بە بڵاوکردنەوەی زنجیرە نووسینەکانم و دەچینە ناو قۆناغی ڕەخنە، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی واقیعییانە بۆ چەمکە سیاسییە قووڵەکانی فەلسەفەی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان).
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





