<

پارادایم و دادگاییکردنی چەمکە سیاسییەکانی ئۆجەلان

05/05/2026, 22:09 (GMT+1)
پێشەکی:
پێش ئەوەی بچینە قۆناغی دووەمی باسەکەمان (کە دادگاییکردنی چەمکە سیاسییەکانی ئۆجەلانە لەسەر ئەرزی واقیع)، سەرەتا لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی ڕوون شیکارییەک بۆ بنەما و مەرجەکانی دروستبوونی ڕێکخراوی سیاسی بخەینە ڕوو؛ لەوانەش: شێوازی سەرکردایەتی، هۆکارەکانی سەرکەوتن و شکستی ئەو ڕێکخراوانە، هەروەها بەراوردکردنیان بە واقیعی مێژوویی سیاسەتی کوردییەوە. هەڵبەت باسەکەمان لەسەر بنەمای زانستی سیاسەت، فەلسەفەی سیاسی و مێژووی پارتە کوردییەکان چڕ دەکەینەوە، بەو ئومێدەی تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی کورد بەدەست بهێنین.
چۆن و کەی پێویستە ڕێکخراوێکی سیاسی دروست ببێت؟
لە زانستی سیاسەتدا، ڕێکخراوی سیاسی وەک پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی پێناسە دەکرێت. سەرهەڵدانی هەر ڕێکخراوێک پەیوەستە بە بوونی قەیرانێکی گشتییەوە؛ کاتێک کۆمەڵگە ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی یان سیاسی دەبێتەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە پێویستی بە خۆڕێکخستن و دروستکردنی دامەزراوەیەک دەبێت. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەسات و قەیرانانە، یەکبوون و دروستکردنی ڕێکخراوی سیاسی مەرجە، تاوەکو سەرەڕای جیاوازییە فیکرییەکان، بتوانێت کۆمەڵگە لەو دۆخە نالەبارە ڕزگار بکات. دروستبوونی ڕێکخراوێک لە دۆخێکی وەهادا، بەو مانایە دێت کە تا ئەو کاتە هیچ هێز و لایەنێک نەیتوانیوە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ئەو کێشەیە بکات. بۆ نموونە، کێشەی کورد کە کێشەیەکی قووڵی نەتەوەیی و سیاسییە، وایکردووە چەندین ڕێکخراوی سیاسی تێیدا دروست ببن بەو ئامانجەی ببنە نوێنەری خەڵک و چارەسەری قەیرانەکان بکەن.
لە مێژووی سیاسەتدا، هیچ بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی بەبێ بوونی ڕێکخستنێکی تۆکمە سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. بۆیە ڕێکخراوی سیاسی ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ و لە هەنگاوی یەکەمدا، بەرنامە، دەستوور و ستراتیژێکی ڕوون دەخاتە بەردەم ئەندامان و جەماوەرەکەی. ئەگەر پارتێک لە دەرەوەی ئەم بنەمایانە کار بکات، یان پێچەوانەی دەستوور و بەرنامەکەی خۆی هەنگاو بنێت، نەک هەر ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە و کارەساتی گەورە.
ئەگەر لێرەوە ئێمە بڕوانینە مێژووی کۆمەڵگەی کوردی، دەبینین زۆربەی ڕێکخراوەکان لەسەر بنەمای پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیریی دروست نەبوون، بەڵکو زۆرجار لەژێر فشاری ڕووداوەکانی ناوچەکەدا (وەک شەڕ و جەنگەکان)، یان لەپێناو بەرژەوەندیی تاکەکەسی و گرووپیدا سەریان هەڵداوە. تەنانەت لە زۆر قۆناغدا، گومانی ئەوە دەکرێت کە وڵاتانی داگیرکەر دەستیان لە دروستبوون و ئاراستەکردنیاندا هەبووبێت، بە مەبەستی ئەوەی ڕێگە نەدەن خەڵک خۆیان بزووتنەوەیەکی ڕەسەن دروست بکەن. دواتر دەرکەوتووە کە ئەو ڕێکخراوانە بوونەتە دەستکەلای دوژمن، و زۆرجار کەسانی نەشیاو خراونەتە لوتکەی دەسەڵاتەوە، کە گوێیان بە داخوازییەکانی خەڵک نەداوە. ئەمەش وایکردووە بونیادی دامەزراوەیی ئەو حیزبانە لاواز بێت و نەتوانن ببنە هەڵگری خەباتێکی درێژخایەن، بۆیە هەمیشە ئامادە بوون ئاشبەتاڵ بە دوای خۆیاندا بهێنن.
کێ دەبێت ڕابەرایەتی بکات و مەرجەکانی سەرکردایەتی چین؟
لە سیستەمێکی دیموکراتیکدا، پێویستە سەرکردایەتی لەلایەن کەسانێکەوە بکرێت، کە خاوەنی توانایەکی فیکری و سیاسیی بەهێز بن. دەبێت خاوەن ئەزموون بن، متمانەی جەماوەریان هەبێت، کەسانی سادە، دڵسۆز و خۆنەویست بن، سنگفراوان و کراوە بن بۆ ڕەخنە و لێپرسینەوە.
هەر سەرکردەیەک لە دەرەوەی ئەم پێوەرانە خۆی بسەپێنێت، لە کۆتاییدا ڕێکخراوەکە وەک موڵکی تایبەتیی خۆی مامەڵە پێ دەکات و دەبێتە دیکتاتۆرێک کە ئەندامەکانی وەک "شاگرد" سەیر دەکات. ئەم جۆرە سەرکردانە داخوازییەکانی گەل فەرامۆش دەکەن و زۆرجار تێکەڵ بە گەندەڵی و سازشکردن دەبن لەگەڵ دوژمندا. هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە دەبێت، کە خۆیان بکەنە "سیمبولێکی پیرۆز" و ڕێگە بە هیچ نوێبوونەوە و ڕەخنەیەک نەدەن، بەمەش کۆمەڵگەکە بەرەو کۆیلایەتی و دەمکوتکردن دەبەن.
لە ئەزموونی کوردیدا، زۆربەی سەرکردەکان پشتیان بە هێزی "کاریزما" بەستووە، نەک کارکردن وەک خزمەتکارێکی گەل کە لە کاتی پێویستدا ئامادە بێت دەست لەکار بکێشێتەوە و ڕێگە بە دروستبوونی سەرکردەی نوێ بدات. هەرچەندە سەرکردەی کاریزمی لە کاتی شۆڕش و قەیرانەکاندا ڕۆڵی خۆی هەیە، بەڵام بۆ مەودای درێژخایەن، دەبێتە ڕێگر لەبەردەم گەشەکردنی دامەزراوەکان و فرەدەنگی لەناو ڕێکخستنەکاندا.
مەرجەکانی ڕێکخراوی سیاسیی دروست:
هەر ڕێکخراوێکی سیاسی پێویستی بە چەند مەرجێکی بنەڕەتی هەیە، لەوانە:
1- بەرنامەیەکی نووسراو و ڕوونی هەبێت.
2- خاوەنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی گشتگیر بێت.
3- لەسەر بنەمای ڕێکخستنێکی ناوخۆیی تۆکمە (وەک کۆنگرە، ئەنجومەن و لیژنەکان) کار بکات.
4- باوەڕی بە دیموکراسیی ناوخۆیی، وەرگرتنی ڕەخنە و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان هەبێت لە پێناو بەرژەوەندیی گەل، نەک بۆ پاراستنی کورسیی سەرکردە و بەرپرسەکان.
بەبێ ئەم مەرجانە و لە کاتی پیادەکردنی پێچەوانەکەی، حیزبەکان دەگۆڕێن  و دەبنە "دوکانی سیاسی" و  دەکرێنە ئامرازێک بۆ کەڵەکەبوونی سامان و دەسەڵات لای چەند کەسێک.
هەموو پارتە کوردییەکان بە زارەکی و لەسەر کاغەز بەرنامە و پەیڕەویان هەیە، بەڵام لە پراکتیکدا بە فەرمانی سەرۆک و شاگردەکانی بەڕێوە دەچن. سەبارەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ش، هەرچەندە خاوەنی بەرنامەیەکە، بەڵام زۆربەی ناوەڕۆکەکەی زیاتر گێڕانەوەی مێژووی خەبات و قوربانییەکانە و دەیان ساڵە نوێبوونەوەی ڕیشەیی بەخۆیەوە نەبینیوە، کە ئەمەش دوورە لە مەرجەکانی بەرنامەی ڕێکخراوێکی سیاسیی مۆدێرن.
گەرەنتیی سەرکەوتن و هۆکارەکانی شکست چین؟
لە سیاسەتدا هیچ گەرەنتییەکی ڕەها بوونی نییە، بەڵام کۆمەڵێک فاکتەر چانسی سەرکەوتن بەرز دەکەنەوە، وەک: (یەکگرتوویی نێوان وتار و کردار)، (متمانە و پشتیوانیی ڕاستەقینەی جەماوەر)، (بوونی دامەزراوەی بەهێز) و (پەیڕەوکردنی سیاسەتی ورەبەرزکردنەوە لەبری سیاسەتی ترس و تۆقاندن).
لە بەرامبەردا، پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان بەهۆی پیرۆزکردنی سەرکردە، ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ دوژمن و شاردنەوەی لە خەڵک، نەبوونی دیدگایەک بۆ دەوڵەتداری و پاشکۆیەتی بۆ داگیرکەران، ڕووبەڕووی شکست و کارەساتی گەورە بوونەتەوە. سەرباری ئەمانەش، سەرکوتکردنی ڕای جیاواز و لادان لە بەرنامەی حیزب، ڕێکخراوەکە هەڵدەوەشێنێتەوە. هەر ئەم هۆکارانەیەیە، کە بە ڕوونی لە مێژووی پارتە کوردییەکاندا شکستیان هێناوە.
شیکاری و دەرەنجامی مێژوویی:
مەرجەکانی سەرکردایەتی:
سەرکردە دەبێت خزمەتگوزار بێت نەک فەرمانڕەوای ڕەها. پێویستە کراوە بێت بۆ لێپرسینەوە و کار بکات بۆ پێگەیاندنی سەرکردەی نوێ (ڕیزی دووەم و سێیەم) لە دەرەوەی بازنەی خێزان و خزمەکانی. ئەگەر سەرکردە نەتوانێت گۆڕانکاری بکات و دەسەڵات تەنها بۆ کەسوکاری خۆی قۆرخ بکات، ڕێکخراوەکە بەرەو کارەساتی گەورە و نەمان دەبات.
گرنگیی هۆشیاریی سیاسی:
بەپێی ئەزموونەکان، کێشەی سەرەکی نەبوونی حیزب نییە، بەڵکو نەبوونی شێوازێکی نوێی بیرکردنەوەی سیاسییە. بەبێ شۆڕشێکی فیکری و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە هۆشیاریی نەتەوەییدا، هیچ پارتێک ناتوانێت ئازادی بەدیبهێنێت.
بەراوردی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تردا:
بەهۆی داگیرکاری و جەنگە بەردەوامەکانەوە، کورد لە ڕووی دامەزراوەسازی و پەروەردەی سیاسییەوە لە دواوە ماوەتەوە. بەداخەوە، حیزبە کوردییەکانیش نەک نەیانتوانیوە ئەم دۆخە بگۆڕن، بەڵکو زۆرجار قەیرانەکانیان قووڵتر کردۆتەوە.
ئەنجامگیری بۆ کۆتایی ئەم بەشە:
ئەوەی ئەزموون و مێژووی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو بۆی سەلماندووین، ئەوەیە کە ئازادیی کورد بەم پارتانەی ئێستا نایەتە دی، بەڵکو دەبێت بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی بیرکردنەوە، دروستکردنی دامەزراوە و چەمکی سەرکردایەتیدا بێتە دی. ئەو ڕۆژەی کورد بتوانێت بۆ خۆی بیر بکاتەوە و ڕێکخراوەکانی لەناو  جەرگەی کۆمەڵگەوە هەڵبقوڵێن، ئەو ڕۆژە دەبێتە زەنگی دەستپێکی ئازادیی ڕاستەقینە.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم بنەما و پێشەکییەدا، لێرەوە دەست دەکەین بە دادگاییکردنی واقیعییانەی ئەو چەمکانەی کە لە فەرهەنگەکەدا خستمانە ڕوو. بۆ ئەم مەبەستەش، تەواوی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەکانمان بەسەر ئەم پێنج تەوەرەدا دابەش کردووە:
تەوەری یەکەم (سیاسەت و سیستەمی بەڕێوەبردن): لێرەدا هەڵسەنگاندن بۆ چەمکەکانی وەک (مۆدێرنیتەی دیموکراتی، کۆنفیدڕالیزم، نەتەوەی دیموکراتی، دەوڵەت-نەتەوە، هێڵی سێیەم، و دیموکراسیی خۆجێیی) دەکەین.
تەوەری دووەم (پرسی ژن و خێزان): لێرەدا ڕەخنە و هەڵسەنگاندن بۆ چەمکەکانی (ژنۆلۆژی، هاوژیانی ئازاد، ماڵیکردنی ژن، و هاوسەرۆکایەتی) دەخەینە ڕوو.
تەوەری سێیەم (ئابووری و ژینگە): تیشک دەخەینە سەر واقیعییەتی چەمکەکانی (ئابووریی کۆمۆناڵ، ئیکۆسۆسیالیزم، پیشەسازیی ئیکۆلۆژی، و سەرمایەداری).
تەوەری چوارەم (مێژوو، ئایین و گۆڕانی زەینی): لێرەدا باس لە (شارستانیەتی ناوەندی، ئیسلامی دیموکراتی، ڕەخنەدان، و عەقڵی سۆزداری/شیکاری) دەکەین.
تەوەری پێنجەم (بەرخۆدان، خۆپاراستن و هێزی پێشەنگ): لێرەدا هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ چەمکە پراکتیکییەکانی وەک (پاراستنی جەوهەری، توندوتیژیی ڕەوا، شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، و ڕۆڵی گەنجان لە شۆڕشدا).
چاوەڕوان بن، لە بەشەکانی داهاتوودا بە وردی لەسەر هەموو ئەمانە قسە دەکەین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست