پارادایم و دادگاییکردنی چەمکە سیاسییەکانی ئۆجەلان (بەشی 1)
06/05/2026, 23:19 (GMT+1)

دادگاییکردنی چەمکەکان لەسەر ئەرزی واقیع و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنیان
تەوەری یەکەم:
فەلسەفەی سیاسی، کۆنفیدڕالیزم، و پرسی نەتەوەیی کورد
کاتێک لێرەدا باس لە "دادگاییکردنی چەمکەکان" دەکەین، دەمەوێت ڕاستییەک ڕوون بکەمەوە؛ کە مەبەستمان لە بڕیاریی کۆتایی و ڕەها نییە، کە ئێمە لێرەدا بەسەر خودی کەسایەتیی (عەبدوڵا ئۆجەلان)دا دەدەین، ئەگەر ئەمەی ئۆجەلان بسەلمێنرێت کە خیانەتێکی نەتەوەییە، ئەوا دادگای گەل و مێژوو دەتوانێت کۆتا بڕیار بدات، ئەوەی ئێمە کە لێرەدا قسەی لەسەر دەکەیت تەنیا دادگایی ئەو بیرۆکە و چەمکانەیە، کە وەک فەلسەفەیەک خراونەتە ڕوو. لە مێژووی فەلسەفەدا، هەمیشە کەلێنێکی گەورە لە نێوان "جوانیی دەق" و "دڕندەیی واقیع"دا هەبووە.
کاتێک لەم چەمکانە دەڕوانین، لە ڕواڵەتدا دەبینین زۆریان ماسکێکی زۆر جوان و "مرۆڤدۆستانە"یان پۆشیوە؛ بانگەشە بۆ ئاشتی، ژینگەپارێزی و پێکەوەژیان دەکەن. بەڵام کاتێک دەیانخەینە ژێر وردبینیی زانستییەوە، تێدەگەین کە لەژێر ئەم وشە مرۆڤدۆستانەیەدا پلانێکی گەورە ئامادەکراوە و زیانێکی گەورە بە کورد دەگەیەنێت، ئەم بۆچوونانە، تاکی کورد لە جەوهەرە نەتەوەییەکەی و تەنانەت لە غەریزەی مانەوەی وەک مرۆڤبوونیش دادەماڵن؛ ئەویش لە ڕێگەی داڕشتنی عەقڵیەتێکەوە ،کە وا لە کورد دەکات بە ویستی خۆی و بە شێوەیەکی "ئارەزوومەندانە" شوناسی خۆی بسڕێتەوە و لەناو سیستەمی وڵاتە داگیرکەرەکاندا بتوێتەوە.
لە لۆژیکی فەلسەفیدا بنەمایەک هەیە دەڵێت: مەرج نییە هەر کەسێک قسەیەکی باش و جوانی کرد، خودی قسەکە یان ئەنجامەکەی بە تاقیکردنەوە و کردار بسەلمێنرێت. لەو بارەیەوە فەیلەسوفی ئیتاڵی (نیکۆلۆ ماکیاڤێلی) دەڵێت : "ئەو کەسەی لە پێناو ئەوەی کە دەیەوێت هەیبێت، واز لەوە دەهێنێت کە هەیەتی، خێراتر بەرەو وێرانبوون دەچێت نەک پاراستن." ئەمە ڕێک کێشەی فەلسەفەکەی ئۆجەلانە؛ تابلۆیەکی ئایدیاڵی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشێت کە هەرگیز بوونی نییە، و لە پێناو ئەو تابلۆ خەیاڵییەشدا، کورد لە تاکە چەکی بەرگریی واقیعیی خۆی دادەماڵێت.
ئەم گومانە زۆر زیاتر و ڕەواتر دەبێت کاتێک ئەو کەسەی فەلسەفە و داواکارییەکە پێشکەش دەکات، خۆی کەسێکی ئازاد نییە، بەڵکو دیل و زیندانییەکی ژێردەستی سیستەمێکی فاشیستییە. بێگومان، مرۆڤی کۆیلە و زیندانی هەمیشە خەون بە ئازادییەوە دەبینێت، بەڵام ئەم خەونە کارەساتە، کە کەسێکی خۆپەرست دەیبینێت، جێگای گومانە. مرۆڤی زیندانی بۆ گەیشتن بە ئازادیی خۆی، ئامادەیە دیوارەکانی زیندانەکە بڕووخێنێت، تەنانەت ئەگەر ڕووخانی ئەو دیوارانە ببێتە هۆی کاولکردن و وێرانکردنی ژیانی دەوروبەرەکەشی!
لێرەدا دەتوانین پشت بە تێڕوانینەکانی (فریدریش نیچە)ش ببەستین سەبارەت بە "ئەخلاقی کۆیلە". نیچە پێی وایە کاتێک مرۆڤێکی بێدەسەڵات ناتوانێت ببێتە خاوەنی هێز و زاڵ، دێت بێدەسەڵاتییەکەی خۆی وەک "فەزیلەت و چاکە" پێناسە دەکات. ڕەتکردنەوەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لەلایەن ئۆجەلانەوە و ناونانی بە نەخۆشی، لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە جۆرێکە لە ئەخلاقی ئەم کۆیلەیە؛ چونکە کە دەڵێت لە واقیعدا دروستکردنی دەوڵەت قورسە، لە هەمانکاتدا دەوڵەت شتێکی خراپە و با خۆمان بە کۆیلایەتییەکی مۆدێرن و توانەوەیەکی نەرم ڕازی بکەین! لە لایەکی تریشەوە. لەو بارەیەوە فەیلەسوفی فەرەنسی (میشێل فوکۆ) جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "دەق و حەقیقەت لە دەرەوەی دەسەڵات دروست نابن". ئایا زیندانییەک کە لەژێر چنگ و چاودێریی توندی دەوڵەتی تورکیادایە، چۆن دەتوانێت فەلسەفەیەک بەرهەم بهێنێت کە سەدا سەد لە دەرەوەی هەژموون و فشاری زیندانەوانەکەی بێت؟ هەموو ئەمانە جێگای گومانن.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم گومانە فەلسەفی و واقیعییانەدا، با ئەو چەمکە سیاسییانەی ئۆجەلان بێنینە بەردەم دادگای گەل:
1. وەهمی (نەتەوەی دیموکراتی) لە بەرامبەر دڕندەیی (دەوڵەت-نەتەوە)دا:
ئۆجەلان لەم فەلسەفەیەدا ڕەخنەیەکی توند لە مۆدێلی (دەوڵەت-نەتەوە) دەگرێت و پێی وایە ئەم مۆدێلە قەفەسێکی ئاسنینە، تەنها یەک زمان و یەک ئایین دەکاتە سەنتەر و سەرجەم جیاوازییەکانی تر لەناو دەبات. لە بەرامبەردا، چەمکی (نەتەوەی دیموکراتی) پێشنیار دەکات، کە تێیدا نەتەوە لەسەر بنەمای خوێن و زمان پێناسە ناکرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی چەندین پێکهاتەی جیاوازی وەک (کورد، عەرەب، تورک و فارس) دروست دەبێت.
ئۆجەلان لەم فەلسەفەیەدا ڕەخنەیەکی توند لە مۆدێلی (دەوڵەت-نەتەوە) دەگرێت و پێی وایە ئەم مۆدێلە قەفەسێکی ئاسنینە، تەنها یەک زمان و یەک ئایین دەکاتە سەنتەر و سەرجەم جیاوازییەکانی تر لەناو دەبات. لە بەرامبەردا، چەمکی (نەتەوەی دیموکراتی) پێشنیار دەکات، کە تێیدا نەتەوە لەسەر بنەمای خوێن و زمان پێناسە ناکرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی چەندین پێکهاتەی جیاوازی وەک (کورد، عەرەب، تورک و فارس) دروست دەبێت.
• ڕەخنە و هەڵسەنگاندن:
لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەمە چارەسەرێکی زۆر ئاشتیخوازانە و مۆدێرنە، بەڵام لە واقیعی تاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمە تیۆرییەکی کارەساتبارە بۆ نەتەوەیەکی بندەستی وەک کورد چونکە دراوسێکانی کورد (تورک، فارس، عەرەب) تا سەر ئێسقان دەستیان بە ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستیی خۆیانەوە گرتووە و دەوڵەتەکانیان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندووە، ئامادە نین بچووکترین سازش لەسەر شوناسی باڵادەستی خۆیان بکەن. کاتێک تۆ وەک نەتەوەیەکی داگیرکراو، دەستبەرداری دروشمە نەتەوەییەکانی خۆت دەبیت و بانگەشە بۆ "نەتەوەی دیموکراتی" دەکەیت، لە ڕاستیدا لە ڕووی دەروونی و فیکرییەوە خۆت لە هەموو جۆرە بەرگرییەک دادەماڵیت و خۆت بێچەک دەکەیت. ئەمە وا دەکات تاکی کورد سیستەمی بەرگریی نەتەوەیی لەدەست بدات، تا ئەو ئاستەی هەست بە مەترسیی سڕینەوەی شوناسەکەی نەکات، ئەویش بە بیانووی درۆینەی "برایەتیی گەلان". نەتەوەی دیموکراتی هەرگیز ناتوانێت لە ناوچەیەکدا سەرکەوێت کە بەرامبەرەکەت بە عەقڵیەتی دڕندانەی فاشیستیی دەوڵەت-نەتەوە دەتچەوسێنێتەوە.
2 . "ئینتێگراسیۆن و کۆماری دیموکراتی": پێکەوەژیان یان توانەوەی نەرم؟
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان کە جێگەی مشتومڕە، چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەم پارادایمەیە لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا. ئۆجەلان باس لە چەمکی "کۆماری دیموکراتی" دەکات وەک چارەسەر بۆ وڵاتانی وەک تورکیا و سوریا و ئێران، بەو پێیەی دەستوورەکانیان دیموکراتیزە بکرێت و دان بە مافی پێکهاتەکاندا بنێت. لە پاڵ ئەمەشدا، چەمکی "ئینتێگراسیۆن" (یەکگرتنەوەی دیموکراتی) بەکاردەهێنێت، کە بەو واتایە دێت کورد بەبێ هەوڵدان بۆ دابەشکردنی خاکی ئەو وڵاتانە، لەناو سیستەمەکەدا جێگەی خۆی بکاتەوە و لەگەڵیاندا بژی. ئەمەش دیسان خۆتواندنەوەیەکی ئارەزوومەندانە، بە خواستی خۆی.
• ڕەخنە و هەڵسەنگاندن:
لێرەدا ئەو ڕەخنە گەورەیەمان لەلا دروست دەبێت و بەرەو رووی ئۆجەلان دەبێتەوە، کە ئایا ئەمە بەلاڕێدابردن و فەرامۆشکردنی پرسی ڕاستەقینەی کورد نییە؟ ئۆجەلان باری قورسی "دیموکراتیزەکردنی تورکیا و سوریا"ی خستووەتە سەر شانی نەتەوەی کورد. واتە کورد لە جیاتی ئەوەی وزە و خوێنی خۆی بۆ ڕزگارکردنی خاکی خۆی و دروستکردنی قەوارەی خۆی تەرخان بکات، دەبێت قوربانی بدات بۆ ئەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کە سەدان ساڵە کۆمەڵکوژی دەکات) ئیستا کورد بۆیان بکات بە دەوڵەتێکی دیموکراتی! لە سەر ئەرزی واقیع، ئەم "ئینتێگراسیۆنە" لەناو دەوڵەتێکی فاشیستی وەک تورکیادا، دەرەنجامەکەی دەبێتە (توانەوەیەکی نەرم و لەسەرخۆ)، بۆ ئەمەش وای لێدێت کورد چیتر باسی چارەنووس و جیابوونەوە ناکات، بەڵکو بە ناوی دیموکراسییەوە دەبێتە بەشێک لە کۆمارێکی داگیرکەر، وردە وردە داخوازییە نەتەوەییە گەورەکانی کاڵ دەبنەوە و پرسی کورد لە پرسێکی خاکی داگیرکراوەوە، بچووک دەکرێتەوە بۆ تەنها داخوازیی مافی مرۆڤایەتیی، یان مافی تاکەکەسی و کردنەوەی چەند خوێندنگەیەک.
3. لێدانی خەونی سەربەخۆیی و شێواندنی مافی چارەی خۆنووسین
لەناو فەرهەنگەکەماندا دەبینین، کە ئۆجەلان بە توندی دژی دروستکردنی دەوڵەتی کوردییە و بە چەمکێکی سووکایەتیپێکراوی وەک "دەوڵەتی نەتەوەیی بچووک" ناوی دەبات؛ ئۆجەلان پێی وایە ئەمە تەنها کۆپیکردنی هەمان مۆدێلە فاشیستییەکەی دراوسێکانە و کێشەکان چارەسەر ناکات. لە هەمان کاتدا، چەمکی یاسایی و مێژوویی (مافی چارەی خۆنووسین) بە تەواوی لە مانا نێودەوڵەتییەکەی خاڵی دەکاتەوە، مافی کورد تەنها لە دروستکردنی (خۆبەڕێوەبەرییەکی لۆکاڵی) و چەند شارەوانییەکدا کورت دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی دەستکاری سنوورەکان بکرێت. ئەمەش گەورەترین خیانەتە، کە تا ئیستا و لە مێژووی کورددا نەبووە، هیچ سەرکردە و پارتێکی سیاسیی بەم شێوەیە دەست بۆ ئەم پرسە نەتەوەییە ببات.
• ڕەخنە و هەڵسەنگاندن:
ئەمە لێدانێکی ڕاستەوخۆیە لە مۆڕاڵ و خەونی سەدان ساڵەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد. ڕاستە دەوڵەت وەک بونیادێکی سیاسی لە جیهاندا کێشەی زۆری هەیە، بەڵام لەم سەردەمەی ئێستادا، (دەوڵەت) تاقە ئامرازی یاسایی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی نەتەوەیەک بۆ خۆپاراستن و لەناوچوون و جینۆساید. کاتێک تۆ لە ڕووی فیکرییەوە دەوڵەتی کوردی بە خەونێکی مەترسیدار و نەخۆشی پێناسە دەکەیت، لە ڕاستیدا پاساو دەدەیتە دەست (نەوەکانی داهاتوو )، کە چیتر قوربانی بۆ سەربەخۆیی نەدەن و بە کۆیلایەتییەکی مۆدێرن ڕازی بن. ئەمەش پێچەوانەی جاڕنامە و مافی چارەی خۆنووسینە کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بە ڕوونی باسی لێوەکراوە، واتە مافی دروستکردنی قەوارە و دەوڵەت؛ بەرتەسککردنەوەی ئەم مافە بۆ تەنها (بەڕێوەبردنی چەند شارەوانییەک لەژێر ئاڵای سەروەریی داگیرکەردا)، پاشەکشەیەکی گەورەی سیاسییە و بچووککردنەوەی ئازاری گەلێکە کە خاوەنی خاکێکی داگیرکراوە.
4. کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتی: تیۆرییەکی جوان کە پێویستی بە چەکی دەوڵەتە:
وەک ئەڵتەرناتیڤی دەوڵەت، ئۆجەلان چەمکی "کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتی" پێشنیار دەکات، کە پشت بە سیستەمی کۆمۆنە و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ دەبەستێت. واتە خەڵک لە خوارەوە بۆ سەرەوە خۆیان بەڕێوە دەبن، بەبێ بوونی پێویستی بە دەسەڵاتێکی ناوەندیی زەبەلاح و سوپا و دەزگاکانی دەوڵەت.
• ڕەخنە و هەڵسەنگاندن:
بۆ تاقیکردنەوەی ئەم چەمکە، باشترین تاقیگەی پراکتیکی (ڕۆژئاوای کوردستان)ـــە. ئەوەی لە واقیعدا بینیمان ئەوە بوو، کە خەونی (کۆمەڵگەی بێ دەوڵەت) لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی هێزەکانی وەک داعش یان سوپای دەوڵەتی تورکیادا، هەرگیز ناتوانێت تەنها بە (کۆمۆنەی گەڕەکەکان و ئەنجومەنی ئاشتی) بەرگری لە خۆی بکات. بۆ مانەوە لەو گۆڕەپانە خوێناوییەدا، ئەم مۆدێلە ناچار بوو بە تەواوی خەسڵەتەکانی (دەوڵەت)ی داگیرکەر رازی بێت و بەسەر خۆیدا فەرز و پیادەیان بکات! بە ناچاریی لە بری ئەوەی سوپایەکی مەرکەزی و ڕێکخراو دروست بکات، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی خۆی دابمەزرێنێت، باج و گومرگ کۆبکاتەوە، زیندان دروست بکات، هەروەها لەسەر مێزی دیپلۆماسی وەک لایەنێکی مەرکەزی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا (کە زەبەلاحترین دەوڵەتن) دابنیشێت. ئەمەش ئەو حەقیقەتە تاڵە دەسەلمێنێت، کە تیۆریی (بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەبێ دەزگاکانی دەوڵەت) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەفسانەیەکی خەیاڵییە، کاتێک دەکەوێتە ژێر فشاری ململانێی مان و نەمانەوە، بۆ پاراستنی خۆی ناچار دەبێت، کە بگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنان و دروستکردنی تەواوی ئامرازەکانی خودی دەوڵەت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





