<

پارادایم و دادگاییکردنی چەمکە سیاسییەکانی ئۆجەلان (بەشی 2)

09/05/2026, 0:48 (GMT+1)
فەلسەفەی ئازادیی ژن؛ لە شۆڕشی هزرییەوە تا قەیرانە پراکتیکییەکان
ئەگەر پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی جەستەیەک بێت، ئەوا (ئازادیی ژن) ڕۆحی ئەو جەستەیەیە. ئۆجەلان تەواوی مێژووی شارستانیەت و دروستبوونی دەوڵەت، دەبەستێتەوە بە پڕۆسەی خستنەژێردەستەیی ژنەوە. بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا ئەو چەمک و ئامرازانەی بۆ ڕزگارکردنی ژن پێشنیار کراون، لەسەر ئەرزی واقیع ژنیان ئازاد کردووە، یان تەنها فۆڕمێکی نوێی ئەرک و قورسایی زیاتریان خستووەتە سەر شانی؟
لەم تەوەرەدا گرنگترین چەمکەکانی ئەم بوارە هەڵدەسەنگێنین.
1-  ژنۆلۆژی (زانستی ژن):
زانستێکی سەربەخۆ یان ئامرازێکی ئایدۆلۆژی؟
لە فەرهەنگەکەدا ئاماژەمان بە چەمکی ژنۆلۆژی (ژمارە 19) و کۆمەڵناسیی ژن (ژمارە 233) کردووە. ئۆجەلان پێی وایە زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا بە عەقڵییەتی پیاوسالاری نووسراونەتەوە، بۆیە بۆ هەڵدانەوەی مێژووی شاراوە و پێناسەکردنەوەی ژیان پێویستمان بە (زانستی ژن) هەیە.
• ڕەخنە و هەڵسەنگاندن:
لە ڕووی فەلسەفییەوە، ڕەخنەگرتن لە پیاوسالاریی ناو زانست هەنگاوێکی زۆر گەورە و پێشکەوتووە. بەڵام کێشەکە لە وشەی (زانست)دایە. ئایا ژنۆلۆژی لە واقیعدا میتۆدێکی زانستیی ئەکادیمییە، یان لقێکی ئایدۆلۆژیی حیزبیە؟
مەرجی یەکەمی زانست ئەوەیە،  کە دەبێت بێلایەن بێت، کراوە بێت بۆ ڕەخنە، و  پێشوەختە ئەنجامەکانی دیاری نەکرابن. بەڵام لە پراکتیکدا وەک نموونە لە ئەکادیمیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان یان قەندیل، ژنۆلۆژی زیاتر وەک (پەروەردەیەکی حیزبی و سیاسی) دەخوێنرێت نەک وەک میتۆدێکی زانستیی سەربەخۆ. کاتێک زانستێک تەنها لە چوارچێوەی فەلسەفەی یەک سەرکردەدا بخولێتەوە و  پێشوەختە هەموو وەڵامەکان لە کتێبەکانی ئۆجەلاندا درابێتنەوە، ئیتر ئەوە ئیتر زانست نییە، بەڵکو مانیفێستۆیەکی ئایدۆلۆژییە. ئەمەش وایکردووە ژنۆلۆژی نەتوانێت ببێتە بابەتێکی ئەکادیمیی جیهانی، تا  زانکۆکانی دەرەوە ددانی پێدا بنێن، بەڵکو تەنها لە چوارچێوەی لایەنگرانی بزووتنەوەکەدا ماوەتەوە.
2- هاوسەرۆکایەتی و  ڕێکخستنی تایبەتی ژنان:
یەکسانیی جەوهەری یان ڕووکەش؟
بۆ تێکشکاندنی قۆرخکاریی پیاو، ئۆجەلان چەمکی هاوسەرۆکایەتی (ژمارە 27 و 261) و ڕێکخستنی تایبەتی ژنان (ژمارە 91)ی داهێناوە. بەپێی ئەمە، ژنان هەم ڕێکخراو و سوپای تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ ئەوەی پیاو بڕیاریان بەسەردا نەدات، هەم لە هەموو پۆستێکی کارگێڕی و سیاسیدا، دەبێت ژنێک شانبەشانی پیاوێک لە لوتکەی دەسەڵاتدا بێت.
• ڕەخنە و هەڵسەنگاندن:
ئەمە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شۆڕشێکی بێوێنەیە و بە رووکەش وێنەیەکی یەکجار جوانی پێشکەش بە جیهان کردووە. بەڵام لە کاتی دادگاییکردنی واقیعی ئەم چەمکانەدا کۆمەڵێک پرسیار دروست دەبن، کە ئایا بوونی ژنێک لە پۆستی هاوسەرۆکایەتیدا هەمیشە بە مانای بوونی (دەسەڵاتی بڕیاردانی یەکسانی نێوان ژن و پیاو) دێت؟
وەک نمونە لە زۆرێک لە ئەزموونەکانی باکوور (شارەوانییەکان) و ڕۆژئاوا، زۆرجار تێبینی کراوە، کە هاوسەرۆکە پیاوەکە بەهۆی پاشخانە کۆمەڵایەتی و خێڵەکییەکەیەوە خاوەنی بڕیارە ڕاستەقینەکە بووە، هاوسەرۆکە ژنەکەش زیاتر وەک دیکۆرێک بۆ پڕکردنەوەی (مەرجە ئایدۆلۆژییەکە) دانراوە و ڕۆڵێکی  سیمبوڵی هەیە.
هەروەها، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی زۆرجار دەبێتە هۆی (ئیفلیجبوونی کارگێڕی). کاتێک لەسەر بچووکترین بڕیاری شارەوانییەک ئەگەر پێویست بە ڕەزامەندیی دوو کەس بکات، ڕەنگە هەر یەکەیان دیدگایەکی جیاوازیان هەبێت، ئەمەشیان بیرۆکراسییەتێکی کوشندە دروست دەکات.
هاوسەرۆکایەتی هێندەی ئەوەی وەک (بڕیارێکی یاسایی حیزب) جێبەجێ دەکرێت، هێندە نەبۆتە باوەڕ و بڕیاڕێکی کۆمەڵایەتی تا لە خوارەوە بۆ سەرەوە پیادەبکرێت.
3- ماڵیکردنی ژن و قورسایی خەباتی فرەڕەهەند بەسەر شانی ژنەوە:
لە فەرهەنگەکەدا ئاماژەمان بە ماڵیکردنی ژن (ژمارە 88) و کۆیلایەتیی ماڵەوە (ژمارە 119) کردووە. پارادایمەکە پێی وایە سەرمایەداری و پیاوسالاری، ژنیان لەناو چواردیواری ماڵدا زیندانی کردووە بۆ ئەوەی بێ بەرامبەر خزمەت بکات. چارەسەریش، دەرهێنانی ژنە لە ماڵەوە و بەشداریکردنێتی لە شۆڕشی ژن (ژمارە 76) لە هەموو کایەکانی سیاسەت، شەڕ، و ئابووریدا.
• ڕەخنە و هەڵسەنگاندن:
ئەمە بانگەوازێکی گەورەیە بۆ ئازادیی، بەڵام لە واقیعدا جۆرێک لە (ستەمکاریی شاراوە)ی تێدایە بەرامبەر بە خودی ژن. ئۆجەلان دەڵێت: (سەدەی 21 سەدەی ژنە) و ژن دەبێت پێشەنگی شۆڕش بێت. ئەمە واتە تەواویی باری قورسی گۆڕینی کۆمەڵگەیەکی 5000 ساڵە (کە پڕە لە تەنگەژەی ئایین، خێڵ، شەڕ و وێرانکاری) هەمووی  خستۆتە سەر شانی ئەو ژنەی، کە تازە خەریکە لە ماڵ دێتە دەرەوە!. ژنی کورد لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا ڕووبەڕووی قورساییەکی لە ڕادەبەدەر بۆتەوە: هەم دەبێت چەک هەڵبگرێت و شەڕی قورسترین هێزەکانی وەک داعش و تورکیا بکات، هەم دەبێت لەناو کۆمەڵگەدا سیاسەت بکات و بەرەنگاری عەقڵیەتی خێڵ ببێتەوە، لەهەمانکاتدا کاتێکیش دەگەڕێتەوە ماڵەوە (لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا)، هێشتا ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و کابانێتی هەر لەسەر شانێتی، چونکە پیاوی ڕۆژهەڵاتی بەو خێراییە نەگۆڕاوە و ناشگۆڕێت. لەبری ئەوەی سیستەمەکە پیاو ناچار بکات ئەرکەکان هەڵبگرێت، وەک قسەی خۆیان ئەرکی (ڕزگارکردنی جیهانی) خستۆتە سەر شانی ژن، کە ئەمەش لە ڕووی دەروونی و جەستەیییەوە ژنان دەگەیەنێتە ئاستی شەکەتکەوتن و زیاتر ماندوویان دەکات.
4. (هاوژیانیی ئازاد) و قەیرانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خێزانی نەریتیدا:
چەمکەکانی هاوژیانیی ئازاد (ژمارە 52) و خێزانی دیموکراتی (ژمارە 59)، ڕەتکردنەوەی مۆدێلی خێزانی باوکسالاریی کلاسیکن. ئۆجەلان داوای پەیوەندییەک دەکات لەسەر بنەمای هەڤاڵتی بێت، نەک خاوەندارێتی (کە پیاو خاوەنی ژن بێت). لە پێناویدا داوای کوشتنی پیاوێتی (ژمارە 102) دەکات، واتە کوشتنی ئەو عەقڵیەتە زاڵەی پیاو.
• ڕەخنە و هەڵسەنگاندن:
ئەمە خاڵی پێکدادانە  هەرە گەورەکەی تیۆرییەکەی ئۆجەلانە لەگەڵ واقیعی سۆسیۆلۆژیی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. خێزان لەم ناوچەیەدا، بەهێزترین دامەزراوەی پارێزەری کۆمەڵگەیە و بە توندی بە ئایین و دابونەریتەوە بەستراوەتەوە. کاتێک ئەم فەلسەفەیە بانگەشە بۆ تێکشکاندنی خێزانی کلاسیک و مۆدێلی (هاوژیانیی ئازاد) دەکات، کۆمەڵگەی نەریتی ئەمە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر رەوشت و نامووس دەبینێت. لە واقیعدا، بزووتنەوەکە زۆرجار نەیتوانیوە خێزانەکان لە ناوخۆیاندا دیموکراتیزە بکات، بەڵکو لەبری ئەوە پەنای بردۆتە بەر (دەرهێنانی منداڵ و گەنجان) لە ناو خودیی خێزانەکاندا،  بەتایبەت کچان و دوورخستنەوەیان لە خێزانەکانیان و بردویانن بۆ ناو ڕیزەکانی شۆڕش. ئەمەش وایکردووە زۆرجار دابڕان و دوژمنایەتییەکی قووڵ لە نێوان خێزانەکان و بزووتنەوەکەدا دروست ببێت. هەروەها،  (کوشتنی پیاوێتی) پرۆسەیەکە، کە بە بڕیارێکی حیزبی یان چەند کۆبوونەوەیەکی پەروەردەیی لە مێشکی پیاوی کورددا ڕوو نادات. زۆرجار پیاوان لەناو دامەزراوەکاندا بە ڕووکەش و لە کاتی قسەکردندا خۆیان وەک بڕوادار بە ئازادیی ژن نیشان دەدەن (بۆ ئەوەی پۆستەکانیان لەدەست نەدەن یان ڕەخنەیان لێ نەگیرێت)، بەڵام لە جەوهەر و لە ژیانی تایبەتیی خۆیاندا، هەر هەمان پیاوی خێڵەکی و دەسەڵاتخوازن. ئەمەش جۆرێک لە دووڕوویی سۆسیۆلۆژی لەناو کۆمەڵگەدا بەرهەم هێناوە. پەروەردەی کۆمەڵگایان بەرەو دەبڵموڕاڵی بردووە.
کورتەی ئەم باسە:
فەلسەفەی ئۆجەلان بۆ ئازادیی ژن، بومەلەرزەیەکی فیکریی گەورەیە و بوێرییەکی بێوێنەی تێدایە بۆ شکاندنی تابۆکان. بەڵام هەڵەی گەورەی واقیعیی ئەم تیۆرییە لەوەدایە، کە دەیەوێت بە خێرایی باز بەسەر (قۆناغەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی)دا بدات. دەیەوێت بە شۆڕشێکی سیاسی، کۆمەڵگەیەک کە هێشتا لە قۆناغی خێڵەکیدایە، ڕاستەوخۆ بپەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی باڵای یەکسانیی ڕەگەزیی ئۆرگانی. دەرەنجامەکەشی ئەوەیە کە زۆرجار دەستکەوتەکانی ژن تەنها دەبنە دەستکەوتی (فۆرم و ڕووکەش)، ئەمەش وەک بە پراکتیک دەیسەلمێنێت، کە تا ئەو هێزە سەربازیی و حیزبییە لەسەر سەریان بێت ژن بارێکی قورسی دەکەوێتە سەر و جێبەجێ ناکرێن، بەڵام هەرکە هێزەکە لاواز بوو (یان لە ناوچەیەک کشایەوە)، دەستبەجێ کۆمەڵگەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر هەمان عەقڵیەتی پیاوسالاریی پێشووی خۆی، باجەکەش دەبێت ژنەکان بیدەین، بەمەش کۆمەڵگا خێلەکییەش ژن وەکو دوژمن سەیردەکات و دەیەوێت تۆڵەی لێبکاتەوە، چونکە گۆڕانکارییەکە لە ناخەوە نەکراوە، بەڵکو لە سەرەوە سەپێنراوە. بەڵگەش بۆ ئەمە پاشەڕۆژ دەیسەلمێنێت، کە وا خەریکە ژنانی کورد لە رۆژئاوا ئەو مەترسییە بەرەو روویان دەبێتەوە، باجێکی گەورە ژنانی کوردی رۆژئاوا دەیدەن.

شۆڕشی ژن، بە هەردوو دیالیکتیکی کوردی کرمانجی و بە دوایدا سۆرانی


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست