<

پارادایم و دادگاییکردنی چەمکە سیاسییەکانی ئۆجەلان (بەشی 3)

11/05/2026, 0:00 (GMT+1)
ئابووری و ژینگە؛ لە نێوان خەونی (خۆبژێوی) و هەژموونی (بازاڕ)دا
ئۆجەلان لە فەلسەفەکەیدا ئابووری وەک (جێگەی هەناسەدانی کۆمەڵگە) دەبینێت و پێی وایە سیستەمی سەرمایەداری ئەم هەناسەیەی لە مرۆڤایەتی بڕیوە. لەم تەوەرەدا، ئەو چەمکە ئابووری و ژینگەییانە هەڵدەسەنگێنین کە دەیانەوێت پەیوەندیی نێوان (مرۆڤ، کار، و سروشت) ڕێکبخەنەوە، و دادگاییان دەکەین بزانین تا چەند لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگەی کوردیدا دەگونجێن.
1- ئابووریی کۆمۆناڵ و خۆبژێوی:
ئایا دابڕان لە بازاڕی جیهانی گونجاوە؟
لە فەرهەنگەکەماندا ئاماژەمان بە چەمکەکانی ئابووریی کۆمۆناڵ (ژمارە 24)، ئابووریی ئەخلاقی (ژمارە 92) و ئابووریی خۆبژێوی (ژمارە 121) کردووە. ئۆجەلان داوای ئابوورییەک دەکات کە تێیدا ئامانجی سەرەکی تەنها پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خەڵک بێت نەک کۆکردنەوەی قازانج، بەو جۆرەی کە گوند و شارەکان بتوانن نانی خۆیان بەرهەم بهێنن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئیرادەیەکی سیاسیی سەربەخۆ.
ڕەخنە و هەڵسەنگاندن (پراکتیک):
لەم سەردەمەی ئێستادا کە تەواوی جیهان وەک یەک (گوندی بازرگانی و بازاڕێکی یەکگرتوو) کار دەکات، بیرۆکەی (خۆبژێوی) ڕووبەڕووی بەربەستی ئەستەم (مەحاڵ)دەبێتەوە. کۆمەڵگەی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، بەتەواوی بەستراوەتەوە بە هاوردەکردنی کاڵا، تەکنەلۆژیا و وزە لە دەرەوەی سنوورەکانی. کاتێک لە ڕووی تیۆرییەوە باس لە ئابوورییەک دەکرێت کە دابڕاو بێت لە ململانێی (قازانج)، لە واقیعدا ئەمە دەبێتە هۆی لاوازبوونی کێبڕکێ و دابەزینی کوالیتیی بەرهەمەکان.
لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستاندا بینیمان کە دروستکردنی (کۆپەراتیڤە هەرەوەزییەکان) تەنها لە ئاستێکی زۆر سەرەتایی و کشتوکاڵیدا قەتیس مایەوە و نەیتوانی ببێتە جێگرەوەیەک بۆ دابینکردنی پێداویستییە پیشەسازی و تەکنەلۆژییە ئاڵۆزەکان. مانەوە لە چوارچێوەی ئەم (ئابوورییە سادە و خۆژیێنە)دا، نەتەوەیەک بەرەو هەژارییەکی بەردەوام دەبات، چونکە ناتوانێت لەگەڵ هەژموونی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا خۆی ڕابگرێت و لە جەنگی ئابووریدا دەدۆڕێت.
2- پیشەسازیگەری و ئیکۆسۆسیالیزم:
پارادۆکسی گەشە و پاراستن
ئۆجەلان ڕەخنەی توند لە ئیندۆستریالیزم یان پیشەسازیگەری (ژمارە 15) دەگرێت و بە هۆکاری سەرەکیی وێرانبوونی ژینگەی دەزانێت. وەک ئەڵتەرناتیڤێک، باس لە ئیکۆسۆسیالیزم (ژمارە 184) و پیشەسازیی ئیکۆلۆژی دەکات، کە تێیدا تەکنەلۆژیا بە ڕێژەیەکی سنووردار و تەنها لە خزمەت سروشتدایە و زیانی پێ ناگەیەنێت.
ڕەخنە و هەڵسەنگاندن (پراکتیک):
کێشە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە: هیچ نەتەوەیەک لە سەدەی بیست و یەکدا ناتوانێت بەبێ بوونی (پیشەسازییەکی بەهێز و قورس) پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات، بەتایبەت لە ڕووی سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەوە. کاتێک تۆ لە ڕووی فیکرییەو ڕەخنەی توند لە پیشەسازیگەری دەگریت، بە کردەیی کۆمەڵگەکەت لە کەرەستەکانی بەرگری و پێشکەوتن بێبەش دەکەیت. بۆ نموونە، بزووتنەوەیەک کە باس لە ئیکۆلۆژیای قووڵ (ژمارە 50) دەکات، بۆ بەرگری لە خۆی ناچارە چەک، تەقەمەنی، درۆن و ئامێری پەیوەندیکردنی پێشکەوتوو بەکاربهێنێت، کە ئەمانە هەموویان بەرهەمی هەمان ئەو (پیشەسازییە وێرانکەرە)ن کە تیۆرییەکە ڕەخنەی لێ دەگرێت! ئەمە جۆرێک لە (دووفاقەیی و پارادۆکس)ی گەورە لە نێوان تیۆری و پراکتیکدا دروست دەکات؛ تیۆرییەکە داوای پاراستنی ژینگە و دوورکەوتنەوە لە پیشەسازی دەکات، بەڵام واقیعی خوێناویی شەڕ و سیاسەت ناچارت دەکات ببیە بەکاربەری مەکینە پیشەسازییەکەی دوژمنەکانت.
3- (گەڕانەوە بۆ سروشت) یان بازدان بەسەر قۆناغی مۆدێرنەدا؟
چەمکەکانی گەڕانەوە بۆ سروشت (ژمارە 185) و سروشتی سێیەم (ژمارە 87)، جەخت لە ئاشتکردنەوەی مرۆڤ و ژینگە دەکەنەوە. ئۆجەلان مێژووی شارستانیەت و دەوڵەت وەک مێژووی (تاڵانکردنی سروشت) دەبینێت و داوای گەڕانەوە دەکات بۆ هاوسەنگیی سروشتی.
ڕەخنە و هەڵسەنگاندن (پراکتیک):
کۆمەڵگەی کورد لە ئێستادا بە قۆناغی (مۆدێرنە)دا تێنەپەڕیوە، بەو مانایەی کە هێشتا خاوەنی سەروەریی خاکی خۆی، پیشەسازیی قورس و دامەزراوەی سەربەخۆ نییە. گواستنەوەی کۆمەڵگەیەک کە هێشتا خەریکی دەستەبەرکردنی کێشە سەرەتاییەکانی ژیانە (وەک نان، کار و ئاسایشی نەتەوەیی) بۆ قۆناغی (ئیکۆلۆژیای قووڵ)، لە واقیع زۆر دوورە. وەک کوردەکە خۆی دەڵێت: (ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێکی تر). ئۆجەلان لە ژوورێکی زیندانەوە، ڕێگەی پێدراوە وڕێنە بۆ کۆمەڵگەیەکی ژێردەستەی وەک کورد بکات و سەرقاڵیان بکات بە خەونێکی ئیکۆلۆژییەوە داگیرکەرەکەی، کە (خاوەنی گەورەترین بەنداوی وێرانکەر و سوپایە) ڕێگەی لێ گرتووە. ئەمە ڕێک وەک ئەو پیاوە هەژارە وایە کە بەلای کۆشک و تەلارێکدا دەڕوات و دەڵێت (منیش خانوویەکی وەها دروست دەکەم)، بەبێ گوێدانە کات و توانا و کۆکردنەوەی ئەو سەرمایەیەی کە دەتوانێت خەونەکەی بهێنێتە دی.
هەر بۆیە، زۆرجار ئەم چەمکانە لەناو بزووتنەوەکەدا دەبنە هۆی (ڕۆمانسییەتێکی شاخاوی). واتە گەریلا لە شاخ هەست بەو هاوسەنگییە دەکات لەگەڵ سروشتدا، بەڵام ئەو مۆدێلە بۆ خەڵکی ناو شارەکان کە لەناو دووکەڵی کارگە، بێکاری و قەیرانی ئابووریدا دەژین، هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە پێشکەش ناکات. (سروشتی سێیەم) تەنها وەک دروشمێکی جوان دەمێنێتەوە ئەگەر پلانێکی ئابووریی تۆکمەی دەوڵەتداری لەپشت نەبێت کە بژێوی خەڵک دابین بکات.
4- ئیکۆنۆمیزم و فەرامۆشکردنی فاکتەری بژێوی:
ئۆجەلان ڕەخنەیەکی توند لە ئیکۆنۆمیزم (ژمارە 190) دەگرێت، کە تێیدا هەموو شتێک تەنها بە پارە و قازانج دەپێورێت. ئەو پێی وایە مرۆڤ نابێت ببێتە کۆیلەی مووچە و ماددە، بەڵکو دەبێت بۆ بەها ئەخلاقییەکان بژی.
ڕەخنە و هەڵسەنگاندن (پراکتیک):
ڕاستە مرۆڤ نابێت تەنها بۆ کۆکردنەوەی ماددە بژی، بەڵام فەرامۆشکردنی ئابووری وەک (کۆڵەکەی مانەوەی دەوڵەت و نەتەوە) و کورتکردنەوەی تەنها لەنێو چوارچێوەی (ئەخلاق)دا، مەترسیدارترین هەڵەی ستراتیژییە. کۆمەڵگەیەک کە لە ڕووی ئابوورییەوە لاواز بێت، زووتر تووشی داڕووخان و خۆبەدەستەوەدان دەبێت. تێبینی دەکرێت کە لەو شوێنانەی ژێر هەژموونی ئەم فیکرەدان، زۆرجار بەهای (کار، بەرهەمهێنان و داهات) کەم دەکرێتەوە بۆ بەرژەوەندیی (خەباتی سیاسی و سەربازی). ئەمەش وایکردووە کە زۆرێک لە گەنجان و کادرەکان لە واقیعدا تووشی تەنگژەی دارایی قووڵ بن و نەتوانن ژیانێکی سەقامگیر بۆ خۆیان دروست بکەن، چونکە تیۆرییەکە وەڵامێکی ڕوونی بۆ (چۆنیەتی دەوڵەمەندبوون و بەهێزبوونی ئابووریی نەتەوەیەک) تێدا نییە، بەڵکو تەنها وەڵامی بۆ (چۆنیەتی ژیانێکی سادەی ناو سروشت) تێدایە.
کورتەی تەوەری سێیەم:
تیۆرییە ئابووری و ژینگەیییەکانی ئۆجەلان زیاتر وەک (مانیفێستۆیەکی ئەخلاقی و ڕۆحی) دەردەکەون نەک وەک (پلانێکی ئابووریی زانستی و مۆدێرن). ئەمە لە کاتێکدایە کە جیهان بەرەو پێشبڕکێیەکی تەکنەلۆژی و پیشەسازییەکی ترسناک دەڕوات، بەڵام ئەم فەلسەفەیە داوای گەڕانەوەی کۆمەڵگەی کوردی دەکات بۆ ژیانێکی (سادە و هەرەوەزی). ئەمەش بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە خاکی داگیرکراوە و لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە، دەبێتە هۆی لاوازییەکی زیاتری ئابووری و سەربازی. ئیکۆلۆژیا و ژینگەپارێزی پێویستیان بە پارە و تەکنەلۆژیایەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە ئەم تیۆرییە خۆی دژی ئەو سیستەمەیە کە دەتوانێت پارە و تەکنەلۆژیا بەرهەم بهێنێت!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست