<

ئەو ڕۆژەی خودا چاوەکانی داخست

15/05/2026, 13:10 (GMT+1)
عەجاج، ئەو جەلادەی لە زیندانی نوگرەسەلمان لە قەڵاکە خەڵکی ئەنفالکراوی ئەشکەنجە دەدا و ڕۆحی دەکێشان ، ئەمڕۆ دوای دۆزینەوەی تاوانەکانی حوکمی بەسەردا درا. بەڵام داخەوە هێشتا لە هەرێم دەیان  وسەدان تاوانبار هەن کە نەک تەنها لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو ڕێزیان لێدەگیرێت.. ئەمڕۆ دادگا حوکمی عەجاجی دەرکرد، جەلادێک کە لە تاریکیی زیندانی نوگرەسەلماندا دەستی بە خوێن و ئازاری ئەنفالکراوان سوور بوو. ئەو حوکمە، ئەگەرچی زۆر دواکەوت ، بەڵام هێشتا هەنگاوێکە بۆ دادپەروەری و گەڕانەوەی هیوایەکە دەلاقەیەکە بۆ ڕووناکی .
بەڵام تراژیدیای راستەقینە ئەوەیە کە لە هەرێم هێشتا دەیان کەس هەن کە مێژوو تاوانباریان دەکات، بەڵام لەبری دادگا، لەسەر کورسی ڕێز دانراون لەبری لێپرسینەوە، دەنگیان بەرزتر کراوەتەوە. نەتەوەیەک کە جەلادەکانی لەبیر بکات، ناچار دەبێت هەمان ئازار دووبارە سێ بارە بچێژێتەوە .
حوکمی عەجاج دەرکرا، بەڵام ئازاری قوربانییەکان هێشتا لە دیوارەکانی نوگرەسەلمان دەنگ دەداتەوە. دادگا توانی تاکێک سزا بدات، بەڵام تا کاتێک جەلادانی لەژیاندابێت ، دادپەروەری تەواو نابێت. خوێنی ئەنفالکراوان تەنها ناوی تاوانبارێک ناناوێت،  داوای ڕوونکردنەوەی تەواوی  دۆسیە داخراوەکان  دەکات.ئەمڕۆ ناوی عەجاج لە ناو دادگا خوێندرایەوە، ناوێک کە بۆ هەزاران بنەماڵە ئاسودەیی دەهێنێت ،  ئەوان ئەشکەنجە و نەگەڕانەوەی خۆشەویستانیان دەهێنێتەوە یاد  . جەلادێک کە لە تاریکیی نوگرەسەلماندا مرۆڤایەتی دەکوشت و هاواری ئەنفالکراوانی  خەفەدەکرد . حوکمی ئەمڕۆ، ئەگەرچی دواکەوت زۆر ، بەڵام بەڵگەی ئەوەیە کە مێژوو هەرگیز تاوان لەبیر ناکات.
بەڵام پرسیارە گەورەکە هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە:
چەند عەجاجی تر هەن کە ئێستا  بەرپرسیارن  فایلدارن و قسەکەری حیزبن ، سەرکردە یان کەسایەتی ناسراو ن و لەمێدیا زۆڵەکانەوە کوردایەتیمان پێدەفرۆشنەوە ، چەند ئەنفالچی و ئاغای جاش هەیە دیوەخانیان بۆ رازاوەتەوە لەسەردەمی بەعس ئاسودەترن ؟
چەند دەست کە ڕۆژێک بە خوێنی بێتاوانان سوور بوون، ئێستا بە جل و بەرگی ڕێز و دەسەڵات خۆیان شاردووەتەوە، یان شاردراونەتەوە؟
دادپەروەری تەنها بە حوکمدانی تاکێک تەواو نابێت. دادپەروەری ئەو کاتە دەست پێدەکات کە نەتەوەیەک بوێر بێت مێژووی خۆی بە ڕاستی بخوێنێتەوە،  نەک بە ئارشیفی فەرمی، بەڵکو بە فرمێسکی دایکە چاوەڕوانەکان کە سۆمایان لەدەستداوە ، بە هەناسەبڕکێی زیندووانی ئەشکەنجەدراو  بە بێدەنگیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
ئەنفال تەنها تاوانێکی ڕابردوو نەبوو،  تاقیکردنەوەی ویژدانی ئێمە بوو. ئەگەر جەلادێک سزا بدرێت و سەدان جەلادی تر لە سێبەری دەسەڵاتدا بپارێزرێن، ئەوا دادگا تەنها ئەوتۆڕەیە بچوکەلاوازەکان دەگرێ و گەورەکانیش تامردن مەرەخەس دەکات .
نەتەوەکان بە بیرەوەرییەکانیان دەژین. ئەو نەتەوەیەی جەلادەکانی دەشارێتەوە، ڕۆژێک قوربانییەکانی لەدەست دەدات. بەڵام ئەو نەتەوەیەی ڕاستی، هەرچەند تاڵ بێت، بڵاو دەکاتەوە، دەتوانێت لەسەر ئێسک و پرووسکی قوربانییەکان دادپەروەرییەکی نوێ بنیات بنێت . بۆیە دڵتان بەمەرگی پیرە سەگێکی جەلاد خۆش نەبێت . سەرانی کورد  دەسەلاتیان نییە ئەگینا وەک "نزار خەجرەجی و فڕۆکەوانەکە تاریق ڕەمەزانی جەلاد و دەیان گەوادو بەعسی تر دەیان شاردنەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست