وەهمی ئایدۆلۆژیا و کەمئەندامیی مێشک؛ وەڵامێک بۆ بوختان و بێویژدانییەکان
20/05/2026, 23:06 (GMT+1)

مرۆڤ کاتێک خاوەنی ئیرادەیەکی ئازاد و قەڵەمێکی سەربەخۆ بێت، نەیەوێت لەبەردەم هیچ ئایدۆلۆژیا و پارتێک و سەرکردەیەکدا چۆک دابدات، دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بێت کە لەلایەن کۆیلەکانییانەوە تیرۆری کەسایەتی بکرێت.
لەم ڕۆژانەدا و دوای بڵاوکردنەوەی چەند وتارێکی شیکاری و ئەکادیمی لەسەر پارادایمی ئۆجەلان و هەڵەکانی پەکەکە، کۆمەڵێک (منداڵەوردیلەی ناو کایەی سیاسی)، کە نە شارەزاییان لە مێژوودا هەیە و نە فڕیان بەسەر موڕاڵ و ویژدانەوە ماوە، کەوتوونەتە هەڵڕشتنی بوختان و جنێو. سەیرترین بوختان ئەوەیە، گوایە من لە ڕابردوودا کۆمۆنیست بووم، یان پیاوی پاراستن و میت و دەستی دوژمنم لە پشتە! بۆیە لێرەدا، نەک بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی، کە مێشکیان لەکار کەوتووە، بەڵکو بۆ مێژوو، هەروەها بۆ خوێنەری هۆشیار، چەند ڕاستییەک دەخەمە ڕوو بۆ ئەوەی پەردە لەسەر ئەو دۆگما و داڕمانە ئەخلاقییە هەڵبدەمەوە، کە ئایدۆلۆژیا بەسەر کوردی هێناوە.
سەرەتا من لە تەواوی ژیانمدا نە کۆمۆنیست بووم، نە مارکسی، نە پارتی، نە یەکێتی، نە گۆڕان و نە ئیسلامی، پەیوەندیم بە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی هاوردەی دەرەوە نەبووە، کە سەردەمانێک لە کوردستاندا باو بوون و بۆ خۆدەرخستن کرابوونە مۆدێل. لە تافی لاویدا و تا تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، من تەنها (کاژیک) بووم، کە گوایە ڕێکخراوێکی نەتەوەیی بووە، دواجار زۆربەی ئەندام و شوێنکەوتووەکانیان لەلای پارتیی خۆیان دۆزییەوە و ژمارەیەکیان چوونە باخەڵی پاراستنیشەوە. پێشتریش بە دوور و درێژی بە چەند زنجیرەیەک لەسەر ئەو قۆناغەم نووسیوە. من هەر لە سەرەتاوە دژی بنەماڵە، عەقڵیەتی خێڵەکی، خیانەت و گەندەڵی بووم. هەر ئەو باوەڕە نەتەوەیی و ویژدانییەش بوو، کە وای لێکردم لە ساڵی 1981دا کوردستان جێبهێڵم و ڕێگەی تاراوگە هەڵبژێرم، تەنها لەبەر ئەوەی نەمویست بچمە ڕیزەکانی سوپای عێراقەوە و لە شەڕی عێراق و ئێراندا چەک بۆ بەرژەوەندیی ڕژێمێک هەڵبگرم، کە داگیرکەری بەشێکە لە نیشتیمانەکەم. لەو ڕۆژەوە تا ئەم ساتە، نە یەک دینار مووچەی هەرێمم وەرگرتووە، نە خانەنشینیی، و نە مووچەخۆری بندیواری هیچ دەسەڵاتێک نەبووم، بە سەربەرزییەوە ژیانێکی هاکەزاییم بۆ شێوازی ژیانی خۆمم هەڵبژاردووە..
من هەر لە تافی لاویمەوە تێکەڵاوی سیاسەت بووم، پەیوەندیی کۆمەڵایەتییم لەگەڵ کەسایەتیی سیاسیی کوردییدا هەبووە، زوو تێگەیشتم کە زۆربەی پارتە کوردییەکان دروستکراوی دەستی دوژمن و داگیرکەرانن. هەر پارتێکی کوردی، ئەگەر لە سەرەتادا بە ئیرادەی خۆشی دروست بووبێت، دواجار سەرکردەکانیان تەسلیمی دوژمن بوون و ئاراستەی حیزبەکانیان خستووەتە خزمەت بەرژەوەندیی داگیرکەرانەوە. هەر ئەم تێگەیشتنە قووڵەش بوو، هانی دام لە سەردەمی شۆڕشی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ساڵی 2001ــــەوە پڕۆژەی میدیایی خۆم بە دامەزراندنی (کوردستانی ئەمڕۆ) و دواتریش (کوردستانپۆست) دەست پێبکەم. مێژووی ئەم دەزگایە ڕوون و گەشە؛ قەڵایەک بووە، تا ئەمڕۆش دەسەڵاتی دز و خائینەکانی کورد نەیانتوانیوە زەفەری پێ ببەن ویژدانمان بڕوشینن و خاڵی لاوازمان بگرن. ئەوانەی لە نزیکەوە دەمناسن و کاری ڕۆژنامەوانییان لەگەڵدا کردووم، دەزانن، کە لای من کوردبوون و خاکی کوردستان لە هەموو شتێک، لە هەموو حیزبێک و سەرکردەیەک پیرۆزترە. بۆیە کاتێک بە بەڵگە و قسەی لۆژیکی هەڵوێستم لەسەر پەکەکە و خودی ئۆجەلان وەرگرت، لە سۆنگەی ئەو پیرۆزییەی خاکەوە بوو نەک هیچ شتێکی تر.
بەڵام کاتێک دێیت و ڕەخنە لە (بتێکی سیاسی) دەگریت، شوێنکەوتووەکانی لە بری وەڵامی زانستی، پەنا دەبنە بەر قێزەونترین چەکی بێدەسەڵاتەکان، کە ئەویش (بوختان و جنێو)ە. یەکێک لەو قسە سەیر و سەمەرانەی دەیڵێن ئەوەیە کە گوایە من (پیر بووم و خەرەفاوم)! ئەمە لە کاتێکدایە، کە لە ڕووی تەمەنەوە، من سێ مانگ لە ئۆجەلان بچووکترم. لێرەدا لۆژیکی شێواوی ئەوان دەردەکەوێت؛ چۆن دەبێت سەرکردەکەی ئەوان، کە لە من گەورەترە نەخەرەفابێت و هەموو قسەیەکی وەک وەحیی ئاسمانی سەیر بکرێت، بەڵام منێکی ڕەخنەگر خەرەفابم؟! وەڵامەکەش سادەیە: (ئایدۆلۆژیا ڕووح و موڕاڵی مرۆڤ وێران دەکات و دەیانکات بە کەسانی کەمئەندام).
لای من، کەمئەندامبوون مەرج نییە ئەوە بێت، کە مرۆڤ دەست و قاچی شەل و خوار بێت، یان چاوی نەبینێت و کەمایەسییەکی جەستەیی هەبێت. مەترسیدارترین جۆری کەمئەندامی، (کەمئەندامیی مێشک و بیرکردنەوەیە). ئایدۆلۆژیای چەقبەستوو (دۆگما)، مێشکی مرۆڤ ئیفلیج دەکات، توانای پرسیارکردن و ڕەخنەگرتنی لێ دەسەنێتەوە و عەقڵی لە قاڵب دەدات. ئەو کەسەی، کە دەقێکی حیزبی وەک حەقیقەتی ڕەها دەبینێت و ئامادەیە لەپێناویدا بوختان بە کەسانی تر بکات، لە ڕووی فیکرییەوە کەمئەندامە، چونکە مێشکی لە گەشەکردن وەستاوە. دۆگما وا لەم گەنجانە دەکات، تەنها وشەی گەورە و قەبە بەکاربهێنن بێ ئەوەی لە ماناکانیان تێبگەن، تەنها بۆ ئەوەی خۆیان وەک کەسانی خوێندەوار دەربخەن، لە کاتێکدا لە ناوەوە خاڵین لە هەر بەهایەکی مرۆڤدۆستی و ویژدانی.
کاتێک ویژدان و موڕاڵ لە مرۆڤدا دەمرێت، ئیتر درۆکردن، بوختان هەڵبەستن، لەگەڵ تیرۆری کەسایەتیدا لای ئەو جۆرە کەسانە دەبێتە ئەرکێکی ئاسایی و تەنانەت (پیرۆز)یش. بۆیە کاتێک سەیری کۆمێنت و هێرشی ئەم کەسە بێئەزموون و چەقبەستووانە دەکەم کە نوقمی زەلکاوی بڕیاردانی پێشوەختە بوون، تووڕە نابم، بەڵکو تەنها بەزەییم پێیاندا دێتەوە. ئەوان قوربانیی سیستەمێکن، کە فێری کردوون چۆن ببنە ئامێرێکی گوێڕایەڵ، نەک مرۆڤێکی ئازاد، بەڵام دڵنیابن، قەڵەمی ئازاد و ئیرادەی سەربەخۆ، هەرگیز بە دەنگی ئەوانەی لە ڕووی مێشکەوە کەمئەندام بوون، بێدەنگ ناکرێت. مێژوو خۆی گەورەترین دادگایە و پیشانی دەدات کێ خزمەتی بە خاکی کوردستان کردووە و کێش خەونەکانی لە پێناو وەهمدا بە فیڕۆ داوە.
لە کۆتاییدا هۆنراوەیەکی شاعیرێکی عێراقیی (ئەحمەد مەتەر)م بیرکەوتەوە، کە بۆ ئەم بۆنەیە گونجاوە کاتێک دەڵێت:
ئەگەر من شیعر نەنوسم
هەواڵدەرەکان چۆن نانی بژێوی خۆیان پەیدا بکەن؟
گەر من توانج لە سەرکردەکان نەدەم
کێ دەبێت بیگرن ؟
گەر من زیندانیی نەکەن
کێ دەرگای زیندانەکان کلوم بکات، یان بیکاتەوە؟
من ڕا دەکەم
هەواڵدەر، پۆلیس، پاسەوان، جەللاد ، ڕاخەری فەرشی سوور ، نووسەر ، لێکۆڵەر ، دادوەر ..
هەموویان بە دوامدا ڕادەکەن
هەموویان بەناوی منەوە سەرقاڵن
هەمویان نانی شیعرەکانی من دەخۆن ..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





