پارادایمەکەی ئۆجەلان لە ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفا کارەساتبارترە
22/05/2026, 21:34 (GMT+1)

ئەگەر مێژوو بەڕاستی لەسەر مەلا مستەفا و ئۆجەلان بنووسرێتەوە، ئەو جیاوازییە لە نێوانیاندا بەدی دەکرێت، کە مێژووی ئەمیان بە دارجگەرەکەی، و ئۆجەلانیش بە قەڵەمەکەی کە پارادایمی پێ نووسی. بەرهەمی ئەویان ئاشبەتاڵ و ئەمیشیان چەکدانان و چۆڵکردنی قەندیل دەبێت. ئەوەی کە مێژووش بۆ هەمیشە تۆماری دەکات و لە بیرناچێتەوە، ئەو کەسانەن کە خیانەتیان لە گەل و نیشتمان کردووە. بۆیە بێ هیچ گومان و دوودڵییەک، ئەگەر لە ئەمڕۆدا خۆشمان بێدەنگ بین، بەڵام مێژوو دەیسەلمێنێت، کە پێشڕەوی خیانەت بارزانی و نەوەکانێتی، هەروەها بە دوایاندا بنەماڵەی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەدن، لە هەموویان کارەساتبارتریش کە خۆی گەیاندە لوتکە ئۆجەلانە، چونکە بە نووسینی پارادایمێک تەواویی پێناسەی خیانەتی بۆ کردین، تا وەک تێزابێک ناسنامە و بوونی کوردی پێبسڕێتەوە. ئاشبەتاڵ و پارادایمیش دوو دەستەواژەی نزیک بە یەک ئامانجی ترسناکن.
مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، بەتایبەتی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا پڕە لە قوربانیدان و خوێنڕشتن لە پێناو گەیشتن بە بچووکترین مافی سەرەتایی و سەربەخۆیی و پاراستنی سەروەریی خاک و نیشتمان. بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا، لەناو بەشێک لەم بزووتنەوانەدا وەرچەرخانێکی زۆر ترسناک ڕوویدا؛ بەتایبەتی لە بەشی باکووری نیشتمان، کە خەباتی کوردی لە داوای دەوڵەت و سەربەخۆییەوە بچووک کردەوە بۆ داوای تێکەڵبوونی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەریی لەژێر ڕەحمەتی داگیرکەراندا. ئەندازیاری ئەم وەرچەرخانەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو، کە لە ڕێگەی داڕشتنی چەندین چەمکی وەک نەتەوەی دیموکراتی و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، بیرکردنەوەیەکی نوێی لەناو هزر و عەقڵی شوێنکەوتووەکانیدا سەپاند. ئەمەش وای کرد ئەو پرسیارە بکرێت، کە بۆچی سەرکردەیەک لە ژوورێکی زیندانەوە، دەیەوێت ئاراستەی خەباتی نەتەوەکەی پێچەوانە بکاتەوە و بەرەو نەمان و تواندنەوەیان ببات؟ هەروەها بۆچی سەدان هەزار کەس لە شوێنکەوتووەکانی مێشکیان جامبووە، بە بێ هیچ ڕەخنە و هەڵوەستە و هەڵوێستێک، ئەم نووسینانەی ئۆجەلان کە ناوی ناوە پارادایم بە ڕاستییەکی ڕەها دەزانن؟
کاتێک سەرکردەیەک دەخرێتە زیندانێکی تاکەکەسییەوە و دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵ و هەڕەشەی ڕۆژانەی دەوڵەتێکی فاشیستیی وەک تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکەیەوە، لەبەر دەمیدا تەنها دوو ڕێگە دەمێنێتەوە. یان ئەوەتا وەک نێڵسۆن ماندێلا پێداگری بکات لەسەر ئامانجە نەتەوەییەکەی، لەو پێناوەدا ئامادە بێت بمرێت، یان زیندانی هەتاهەتایی قبووڵ بکات. یانیش بۆ مانەوە و پاراستنی پێگەی شەخسیی خۆی، لەگەڵ داگیرکەرەکەیدا دەست بکات بە سەودا و مامەڵەکردن. لە نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیەدا ئۆجەلان ڕێگەی دووەمی هەڵبژارد، سەرەتا بۆ ئەوەی لە سێدارەی نەدەن و دواتریش بۆ ئەوەی ئازادی بکەن، هەموو دۆزی کوردی کردە قوربانیی خۆی، ئامانجی پارتەکەی گۆڕی بۆ بیروباوەڕێکی داتاشراو. ڕایگەیاند و وتی: بوونی دەوڵەت لە بنەڕەتدا نەخۆشییە، با وازی لێ بهێنین، وەک برایەتیی گەلان لەگەڵ داگیرکەرەکانماندا کە تورک و عەرەب و فارسن، بچینە ناویانەوە و لە ناویاندا بژین.
هەڵبەت ئەمە لە ڕووی دەروونییەوە تەنها پاساوهێنانەوەیە بۆ شکست و خۆبەدەستەوەدان. دەوڵەتی تورکیش کە بینی ئەم بیرکردنەوەیە بەتەواوی لە خزمەتی ستراتیژیاندایە، هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کرد، هەرچی پێویست بوو بۆی ڕەخساند. سەرەتا کتێبخانەیەکی گەورەیان خستە بەردەستی، تا وەک سەرچاوە یارمەتیی نووسینەکانی بدات، خواردن و خواردنەوە و ژیانێکی دوور لە زیندانییان پێبەخشی. وەک ڕاگەیاندنە تورکییەکانیش لەو ماوانەدا ڕایانگەیاند، تەنانەت دەیانبرد تا سەردانی پزیشکی ددان و چاویش بکات.
ئۆجەلان وازی لە دروشمە کۆنەکانی هێنا، کە باسی سەربەخۆیی کوردستان و ئازادی کوردی دەکرد، لەگەڵ ئەوەدا کە هەزاران کەسی بە کوشت دا و بووە مایەی تێکدان و کاولکردنی سەدان گوند و ئاوارەکردنی هەزاران کورد لە ناوچە کوردییەکاندا. دوای ئەوە هات و بەناوی پارادایمەوە، کۆمەڵێک دەروێشی شوێن خۆی خست، چونکە زانی بەم تیۆرییانە، دەتوانێت کاریگەریی بخاتە سەر شوێنکەوتووەکانی و کەسانی ساویلکە و نەخوێندەواریش، لەگەڵ کەسانی خەباتگێڕ و ماندووبووی چیاکانی قەندیل لە ترساندا ناچاربکات، کە چیدی داوای جیابوونەوە نەکەن، تیۆرییەکانی وەها هۆنییەوە، کە ڕزگاریی و ئازادیی لەبەر دەمیاندا ببێتە کێوێکی سەخت، سەرەنجام تەسلیم بەو واقیعە ببن کە میت و حکومەتی تورکیا نەخشەی بۆ دانابوو. هەڵبەت پاش چەندین ساڵی دیکە کورد کە بۆ هەمیشەیی بوونی نامێنێت، ژمارەیان وەکو سریانی و ئاشووری و کلدانی لێدێت، کە بەمە نابنە جێگای مەترسی، ئەوەی دەشمێنێتەوە ئەو توانا و هێزەی نابێت، بیر لە ئازادیی و سەربەخۆیی بکاتەوە. گەنجانی کوردیش بە ناسنامەیەکی بەتاڵەوە، لە ئاستێکی نزمی مرۆڤبووندا سەرقاڵی ژیانی خۆیان دەبن، بۆیە تورکیا نەک هەر ڕێگریی لە ئۆجەلان نەکرد، بەڵکو هەرچییەک بۆ بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی پارادایمەکە و کاریگەریی بۆ سەر شوێنکەوتووەکانی هەبوو، هەمووی بۆ ڕەخساند و ئامادەکرد. کاتی خۆشی و تا ئەم دواییەش سەبارەت بە کتێب و نووسینەوەی کتێبەکانی، زۆر کەسی ساویلکە بڕوای وابوو، کە ئەم کتێبانە لەناو زیندانی ئیمڕاڵییەوە دەنووسرێن و دزە دەکەنە دەرێ.
لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامەکانیدا جارێکی دیکە خەڵکی وێنە و ڤیدیۆی تازەی ئۆجەلانیان بینی. کە رەنگە زۆر کەس سەرنجی نەچووبێتە سەر جل و بەرگ و سەر و ڕیش و گیانی، ئەوەبوو ئۆجەلان بە ورگێکی زلەوە لەسەر مێزەکەی بەردەمی دەرکەوت. بەمەش دەزگای هەواڵگریی میت دیوێکی شاراوەی ژیانی 27 ساڵەی ئۆجەلانی نیشان داین، تا بە شوێنکەوتووەکانی بڵێت: "بێ خەم بن نە دارکاری کراوە، نە ئازاردراوە، نە وەکو زیندانیەکانی ئامەد (دیاربەکر) مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و هەڵواسراوە. بۆ خۆی لە تەڕ دەخوات و لە وشک دەنووێت". من هەر زوو زیندانەکەی ئۆجەلانم ناو لێنا بە (زیندانی پێنج ئەستێرە)، چونکە دەزگای هەواڵگری میت لەو هەموو ساڵانەدا وەک زیندانییەکی کورد مامەڵەیان لەگەڵدا نەکردبوو، بە لەش ولاریدا دیاربوو هەرچی خواردنی خۆش و چەورە بۆیان ئامادە و بە قوڕگیاندا کردووە، ژیانێکی نیمچە پادشاییان بۆ ڕەخساندبوو. نموونەی زیندانیکردنی ئۆجەلان لە تورکیا نموونەیەکی دەگمەنە و لەمێژووی تورکیادا بەو شێوەیە مامەڵەی زیندانی نەکراوە، بەتایبەتی ئەگەر کوردیش بێت، جگە لەمە تەندروستیی ئۆجەلان کە هەرگیز لە کەسێکی زیندانی ناچێت، تا ئەو هەموو ساڵە بەو شێوەیە لەش و لاری بە خرپنی و خڕی بمێنێتەوە، ئەمە بەڵگەشە بۆ قسەکانی ئەو پارێزەرەش، کە دەزگای هەواڵگریی میت بە بەرنامە سەرپەرشتیی تەندروستیی و هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانەی ئۆجەلانیان کردووە.
ئەحمەد زەکی ئۆکچوئۆغڵو، پارێزەری پێشووی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لێدوانێکی ئاگرینی بڵاوکردەوە کە هاوکێشەکانی سەبارەت بە دۆسیەی زیندانی "ئیمڕاڵی" پێچەوانە کردەوە. ئۆغڵو لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئۆجەلان بە مانا باوەکەی زیندانی نەکراوە، بەڵکو لە دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەتدا هێڵراوەتەوە و تەنیا لە کاتی دیداری پارێزەرەکانیدا دەهێنرێتە زیندانی ئیمڕاڵی!
ئەحمەد زەکی ئۆکچوئۆغڵو، پارێزەری پێشووی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لێدوانێکی ئاگرینی بڵاوکردەوە کە هاوکێشەکانی سەبارەت بە دۆسیەی زیندانی "ئیمڕاڵی" پێچەوانە کردەوە. ئۆغڵو لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئۆجەلان بە مانا باوەکەی زیندانی نەکراوە، بەڵکو لە دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەتدا هێڵراوەتەوە و تەنیا لە کاتی دیداری پارێزەرەکانیدا دەهێنرێتە زیندانی ئیمڕاڵی!
بە قسەی پارێزەرەکەی پێشووی (ئەحمەد زەکی ئۆکچوئۆغلو)، کە ئاشکرای کرد ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵیدا نییە و لە شوێنێکی تایبەت دایانناوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە تورکیا ژیان و گوزەرانی زیندانییەکان بەتایبەتی ئەگەر کورد بن بە بارێکی زۆر ناهەموار و ناخۆشیدا دەڕوات و زیندانی دیاربەکر شایەتیی تەواوی ئەمەیە. بەڵام بۆچی ئۆجەلان بە پێچەوانەوە وەک زیندانییەک ڕەفتاری لەگەڵدا نەکراوە و ئەشکەنجە نەدراوە؟ هەڵبەت ئەمە قسەکانی ئۆجەلانمان بیر دەخاتەوە، کە لە کاتی گرتنەکەیدا وتی: "من دایکم تورکە و دەمەوێت خزمەتی دەوڵەتی تورک بکەم". کلیکی ئەو لینکە بکە:
The interrogation of Abdullah Öcalan - Wikipedia, the free encyclopedia
لێرەدا ئەوەشمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە ئۆجەلان خەونی نەتەوەیەکی زیاتر لە پەنجا ملیۆنی کردە قوربانیی مانەوەی خۆی، تا دەوڵەتی تورک لێی ڕازی بێت و تورکیاش وەک کارتێکی فشار دژی کورد بەکاری بهێنێت. هەڵبەت ئەگەر لە سەرەتای دروستبوونی حیزبەکەیدا ئەمەی بگوتایە ئێمە هاتووین کۆمەڵگەیەکی بێ دەوڵەت و بێ چینایەتی بونیات بنێین و بۆ مافی مرۆڤی چەوساوە خەبات دەکەین، وەک بەڕێزێک بۆی نووسیوم، ئەوا دوو سەد کەس نەدەچوونە ناو پارتەکەیەوە، و دە کەسیش ئامادە نەدەبوون چەکی بۆ هەڵبگرن، بەڵام ئۆجەلان هەل و مەرجی کوردستان و بوونی گەلێکی چەوساوەی قۆستەوە.
The interrogation of Abdullah Öcalan - Wikipedia, the free encyclopedia
لێرەدا ئەوەشمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە ئۆجەلان خەونی نەتەوەیەکی زیاتر لە پەنجا ملیۆنی کردە قوربانیی مانەوەی خۆی، تا دەوڵەتی تورک لێی ڕازی بێت و تورکیاش وەک کارتێکی فشار دژی کورد بەکاری بهێنێت. هەڵبەت ئەگەر لە سەرەتای دروستبوونی حیزبەکەیدا ئەمەی بگوتایە ئێمە هاتووین کۆمەڵگەیەکی بێ دەوڵەت و بێ چینایەتی بونیات بنێین و بۆ مافی مرۆڤی چەوساوە خەبات دەکەین، وەک بەڕێزێک بۆی نووسیوم، ئەوا دوو سەد کەس نەدەچوونە ناو پارتەکەیەوە، و دە کەسیش ئامادە نەدەبوون چەکی بۆ هەڵبگرن، بەڵام ئۆجەلان هەل و مەرجی کوردستان و بوونی گەلێکی چەوساوەی قۆستەوە.
کاتێک بیرۆکەکانی پارادایمی ئۆجەلان لە ناو کتێبەکانیدا دەهێنینە دەرێ و لە مەیدانی ئەرز و گەزدا بمانەوێت کاری لەسەر بکەین، ئەو راستییە تاڵە و قەبارەی ئەو کارەساتەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەم ئایدیۆلۆجیا تازەیە بە قەد ڤایرۆسی ئیبۆلا بۆ دۆزی نەتەوەییی کورد ترسناکە، چونکە بوونی کورد لەناو نیشتمانی خۆیدا دەسڕێتەوە. دیسان ئەمەش بەڵگەیە کە هەر وشەیەک ئۆجەلان لە ناو پارادایمەکەدا بەکاریشی هێناوە، بە فلتەری میتدا تێپەڕیوە لە تێزاب سامناکترە، چونکە پارادایم مێشک و هزر و بیرکردنەوەی کورد وێران دەکات. ببینن چۆن ئۆجەلان بە ناوی نەتەوەی دیموکراتییەوە، نەتەوەی کورد لە خاوەندارێتیی خاکەوە دەگوازێتەوە بۆ ڕێکخراوێکی مەدەنی، کە بەدوای شارەوانییەکدا دەگەڕێت و پرسەکە لە دۆزی گەلێکەوە بچووک دەکاتەوە بۆ پرسی دیموکراسی و پرسی هاووڵاتیبوون لەناو دەوڵەتی داگیرکەردا. ئەو دیموکراسییەی، کە تەنیا لەناو کتێبدا بوونی هەیە، چونکە لە دیموکراسیی ڕاستەقینەدا وەک سویسرا، کەنەدا یان بەلجیکا، پرسی گەلان و ناسنامەیان ناتوێنەوە، بەڵام ئەمەی ئۆجەلان لە چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستاندا تا دوو سەد ساڵی دیکەش نابینرێت.
ئەم پارادایمە بەردەوام سەرنجی تاکی کورد لادەدات بۆ کێشە و پرسەکانی دیکەی وەک فێمینیزم، مافەکانی هاوڕەگەزخوازی و پرسی ژینگەپارێزی؛ پرسگەلێک، کە لە دوای دروستبوونی دەوڵەت و وەرگرتنی مافی سیاسییەوە، پێویستیشیان بە خەباتی چەکداری نابێت لەسەر چیاکان. ئیدی وەک دەردەکەوێت گەریلایەک بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت لە شاخ خەبات دەکات بۆ مافی ژینگە و هۆمۆسێکسواڵ، وەکو کۆیلەیەکی گوێڕایەڵ دەڵێت خەبات دەکەین بۆ بیروباوەڕەکەی ئاپۆ. ئەم تێکەڵکردنەی کورد بە دەوڵەت-نەتەوەی داگیرکەران، ئاشبەتاڵێکی فیکری و سیاسییە، کە لە ئاشبەتاڵەکەی ساڵی 1975ی مەلا مستەفا زۆر مەترسیدارترە، چونکە دۆزی کورد دەگۆڕێت بە جۆرێک کە خەڵک ئامادە نەبن بۆ مافی نەتەوە خەبات بکەن، تەنانەت زمانی کوردیش بە گرنگ نەزانن و پێیان وابێت زمان تەنیا ئامرازێکە و گرنگ نییە، ئیتر زمانی کوردی بێت یان تورکی، چونکە ئەوان ناتوانن بچنە دەرەوەی ئەو هێڵەی کە پارادایمەکەی ئۆجەلان بۆی کێشاون، پێیان وایە تێکەڵبوون لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب مانای برایەتییە، لە کاتێکدا ئەمە تەنیا مانای توانەوە و لەناوچوونە.
بەشێکی دیکەی بیرۆکەکانی ئۆجەلان، قسەکردنە لەسەر ژن و خستنە سەرشانی قورساییەکی بێبەزەییانە. بە ناوی ئازادیی ژنەوە، سیستمێک پێشنیار دەکات کە قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی مێینە. ژنی کورد دەبێت ببێتە جەنگاوەر، سیاسەتمەدار، ڕزگارکەری جیهان، لە کۆتاییشدا کابانی ماڵەوە! لەبری ئەوەی سیستمەکە داوا بکات پیاوی خێڵەکی بگۆڕێت، تەنها وشەی هاوسەرۆک بە ژن دەبەخشێت، بەڵام جەوهەری بڕیاردان هەر لای پیاو دەمێنێتەوە. ئەمەش ژنی کورد لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە تا ئاستی وێرانبوون شەکەت دەکات.
لە ڕووی ئابوورییەوە، لە سەدەی بیست و یەکدا، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک و ئابووریی پێشکەوتوو حوکمی جیهان دەکەن، ئەم بیرکردنەوەیەی ئۆجەلان داوای خۆبژێوی و ئابوورییەکی سادەی گوندنشینی دەکات. ئەمە کۆمەڵگە دەباتە دواوە و ڕووبەڕووی هەژارییەکی کوشندەی دەکاتەوە، چونکە نەتەوەیەک بەبێ پیشەسازی و پارە و پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ناتوانێت یەک ڕۆژ بەرگەی گەمارۆی داگیرکەران بگرێت. لە پاڵ ئەمانەشدا، بە ناوی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی و پاراستنی جەوهەرییەوە، تەواوی کۆمەڵگە دەکرێتە ئامانجی سەربازی. گەنجان لەبری خوێندن و پێشکەوتنی زانستی، دەکرێنە سووتەمەنیی شەڕێکی بێئەنجام کە نە قەوارە دەپارێزێت و نە سەروەری تاکی مرۆڤبوونی کورد دەهێڵێت. بەڵگەش بۆ ئەمانە فشارخستنە سەر گەنجانی کوردە؛ کە لە خێزان و دایک و باوکیان دووریان دەخەنەوە، هەندێک جاریش دەیانفڕێنن و کاریگەری دەخەنە سەر مێشکیان تا واز لە خوێندن بهێنن و خۆیان بۆ خزمەتی بەرنامەکانی ڕێبەر تەرخان بکەن. ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی ئەورووپاش بە ئاشکرا پیادە دەکرێت. چەند خێزانێک لەو بارەیەوە پەیوەندییان پێوە کردووم، ئامادەشن بەرەو ڕوویان ببنەوە.
یەکێک لە سەیرترین دیاردەکانی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەشیانە کە چۆن سەدان هەزار کەس، زۆرجار تەنانەت کەسانی خوێندەواریش، وەک دەروێشێکی نەزان یان گەمژەیەکی کۆیلە، بە بێ بیرکردنەوە بڕوا بەم قسانە دەکەن و کۆیلایەتییەکی هزرییان قبووڵ کردووە و دەڵێن: "سەرۆک دەزانێت چۆن سیاسەت بکات، ئێمە ئاستی ئەومان نییە، باوەڕمان بە ڕێبەر هەیە". هۆکارەکەی ئەوەیە، کە ئەم بزووتنەوەیە چیتر حیزبێکی سیاسی نییە، کە کار بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی بکات، بەڵکوو بووەتە ئایینێکی داخراو. ئۆجەلان لە سەرکردەیەکی سیاسییەوە کراوە بە پەیکەرێکی سیاسی گوایە هەرچییەک دەڵێت بێ غەل و غەشە، کوێرانە دوای فەرمایشتەکانی دەکەون. ئەمەش بۆ خۆی وەک ئایینە داخراوەکان وایە، کە ڕەخنەگرتن تێیاندا بە ناپاکی و کوفر دادەنرێت نەک بە دەربڕینی بیروڕای جیاواز.
لەلایەکی ترەوە، شوێنکەوتووەکان ناتوانن واز لەم فیکرە بهێنن، چونکە بزووتنەوەکە خوێنی هەزاران شەهیدی وەک قەڵغانێک لەبەردەم خۆیدا داناوە. هەرکاتێک ڕەخنە لە هەڵەیەکی ستراتیژیی ئۆجەلان بگیرێت، یەکسەر دەڵێن تۆ سووکایەتی بە شەهیدەکان دەکەیت! ئەمە هێرشێکی سۆزدارییە دژی ئەوانەی ڕەخنە دەگرن تا بێدەنگیان بکەن. زۆربەی خەڵک وایان لێهاتووە، کە بۆیان هەرس ناکرێت دان بەوەدا بنێن دەیان ساڵە خوێنی گەنجەکانیان بۆ خەیاڵێکی بەتاڵ ڕژاوە، بۆیە پێیان باشترە لەناو ئەو خەیاڵەدا بژین نەک ڕووبەڕووی حەقیقەتە تاڵەکە ببنەوە. ئەم بیرکردنەوەیە زۆر زیرەکانە وشە باڵاکانی وەک دیموکراسی، ژینگەپارێزی، ئازادیی ژن و ئەخلاق بەکاردەهێنێت. تاکی کورد کە هەمیشە تینووی ئازادی بووە، بە بینینی ئەم وشانە سیحری لێ دەکرێت، بێ ئەوەی بزانێت ئەم وشانە تەنها بەرگێکی جوانن بۆ داپۆشینی پڕۆژەی خۆڕادەستکردنەوە بە دەوڵەتانی داگیرکەر. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر دەنگێکی ناڕازی یان ڕەخنەگرێک لە دەرەوە یان لە ناوەوەی بزووتنەوەکە پەیدا بێت، یەکسەر مۆری خائین و جاش و بەکرێگیراوی لێ دەدرێت. ئەم ترسە وایکردووە کە گفتوگۆی دروست و گونجاو، نەمێنێت و کەس زاتی ئەوە نەکات بیر لە ڕەخنە و پێشنیار بکاتەوە، تەنها ئەوەی لەسەر بێت کە دەستخۆشی بکات و چەپڵە لێبدات.
کەسی کۆیلە و شوێنکەوتووی ئایدیۆلۆژیایەکی داخراو مێشک و بیرکردنەوەی دەوەستێت وەک مریشکی لێدێت، کە ناتوانێت لەسەر ئەو هێڵەی بۆی دیاریکراوە، لابدات تەنها چاوی لەسەرێتی.یان وەکو مێروولە ناتوانێت لەناو ئەو بازنەیەدا دەربچێت کە بۆی کێشراوە.(تەماشای ئەو دوو ڤیدیۆیە بکە)
کاتێک مریشکێک سەری نزم دەکرێتەوە و هێڵێک لەپێش دەنووکی دەکێشرێت، مێشکی تووشی جۆرێک لە هیپنۆتیزم یان شۆک دەبێت لە ترسا، و بۆ ماوەیەک بەتەواوی لە جووڵە دەکەوێت و وا دەزانێت مردووە.
لە ڕووی زانستییەوە، مێروولە بەهۆی بۆنی ماددەی قەڵەمەکە یان دەباشیرەکەوە (کە هەستی بۆنکردن و فرمۆنەکانی تێکدەدات) وا هەست دەکات کە بەربەستێک یان دیوارێکی گەورە لەبەردەمیدایە، بۆیە ناتوانێت لە بازنەکە بچێتە دەرەوە
ئەم داخراوییە هزرییە بۆ کەسێکی هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی داخراو دەبێتە کەسێکی کۆیلەی گوێڕایەڵ ڕاستەوخۆ خزمەت بە سیاسەتی داگیرکەر دەکات.بەبێ ئەوەی هیچ کام لە شوێنکەوتووەکان بیریان بەلای ئەوەدا بچێت، یان گوێ بەوە بدەن، کە لەولاشەوە دەبینن چۆن ئۆجەلان لای دوژمن و داگیرکەرەکان بووەتە دۆست و هاوڕێیان، لە زیندانی پێنج ئەستێرەکەیەوە بە دیاری فەرشێکی گرانبەها بۆ دەوڵەت باخچەلی دەنێرێت، بە ئاشکراش باخچەلی داوا دەکات، کە پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ ستاتۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە فەرمی بیکەن بە پیاوی خۆیان و بیکەنە جاش، بۆیە ئەو هەنگاوانە لە ئاستی ئەوەدایە کە ڕێک وەکو بنەماڵەی بارزانی ئەو دەسەڵاتەی پێ بدەن کە هێندەی دیکە کورد ماڵوێران و سەرگەردان بکات، کورد لە تورکیادا بە تەواوی نەهێڵێت و لەناوی ببات.
لە کۆتاییدا دەبێت بڵێین، بیروباوەڕی ئۆجەلان پێشکەوتنێکی هزری نییە بۆ گەلی کورد، بەڵکوو ئاشبەتاڵێکی فیکری و قەوارەییە کە بە وشەی مۆدێرن ڕازێنراوەتەوە. ئەم پارادایمە، خەباتی ڕەوای گەلێکی داگیرکراوی کردۆتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی خەیاڵی کەسێک، ئەو کەسەش لە ژێر ڕەحمەتی داگیرکەرەکەیدایە. ئەگەر نەتەوەی کورد بیەوێت لەم سەدەیەدا بمێنێتەوە و لەناو نەچێت، دەبێت سەرەتا پەیکەرە سیاسییە پیرۆزکراوەکانی ناو هزری خۆی تێکبشکێنێت. دەبێت تێبگات، کە مانەوە بە دروشمی ڕۆمانسی و ئابووریی خۆبژێوی نایەتە دی. نەتەوەی زیندوو پێویستی بە دامەزراوە، سوپای نیشتمانی، پەیوەندیی لۆژیکی، ئابوورییەکی بەهێز، و سەروەریی دەوڵەت هەیە. تا ئەو کاتەی تاکی کورد بەدوای شوان و ڕێبەرێکی فریادڕەسدا بگەڕێت، وەک ئەوەی پەکەکە پیادەی دەکات، هەمیشە تاکی کورد وەک مێگەلێک لەلایەن داگیرکەرانەوە بەرەو قەسابخانەکان دەبرێت. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کورد لەبری پەرستنی کەسەکان و پەیکەرە سیاسییەکان، پەرستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و واقیع بکاتە سەرمەشقی خەباتی خۆی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









