هەموو شتێک بن تەنها کورد مەبن
24/05/2026, 14:26 (GMT+1)

نەتەوە پەرستی و دەوڵەت نەتەوە
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەندێ ڕەوتی سیاسی، بە تایبەتی ئاپۆچیەکان و ئیسلامیی سیاسی، هەوڵیان داوە چەمکی "نەتەوەپەرستی" و "دەوڵەت ـ نەتەوە" وەک مەترسی و تۆقێنەر بناسێنن. بە شێوەیەک کە وا پیشان بدرێت هەر کەسێک داوای مافی نەتەوەی خۆی بکات یان خواستی دەوڵەتێکی نەتەوەیی هەبێت، ئەوا بە تۆقێنەر و شۆڤێنیزم و توندڕەو و ترسناک تاوانبار دەکرێت.
وامان پێ دەناسێنن کە گەر نەتەوە پەرست بیت و خواستی دەوڵەت نەتەوەت هەبێت ئەوا تۆ هۆلۆکۆست دەقەومێنیت لە کاتێکدا چ ئۆجالان وەک دژەنەتەوەی کورد و چ ئاپۆچیش وەک پەیڕەوانی ڕەتکەرەوەی دەوڵەت نەتەوە سەرەواوێک لە نەتەوەپەرستی کورد تێنەگەیشتوون.
- نەتەوەپەرستی پێش هەر شتێک پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیە کە پێکهاتەی " زمان، فەرهەنگ، مێژوو و بوونی گەلێکە " مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ نەتەوەیەک بەبێ هەستی نەتەوەیی نەیتوانیوە خۆی بپارێزێت و لە بەرامبەر سیاسەتەکانی سڕینەوەدا خۆی بگرێت ، هیچ نەتەوەیەک بە بێ نەتەوە پەرستی نەیتوانیوە بۆ سەد ساڵ بەرگە بگرێت مێژووش ئەوەی سەلماندوە .
- جۆرج ئۆرێڵ نووسەری پەرتوکی مەزرای ئاژەڵان دەڵێت
نەتەوەپەرستی لە کاتێکدا مەترسیدار دەبێت کە مرۆڤ خۆی بە گەورەتر و زیاتر لە خەڵکی تر بزانێت ، بەڵام هەستی نەتەوەیی بۆ پاراستنی ناسنامە شتێکی سروشتییە
بۆیە گەر بکۆڵینەوە لە نەتەوە پەرستی ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە کورد کە هەزاران ساڵە لەژێر سەرکوتکاری و زەبر و زەنگ ماوەتەوە و ملی کەچ نەکردوە و چ تەعریب و چ تتریک و چ فارسیک نەیتوانیوە کوردێک لە پێناسی خۆی داماڵێت و هەردەم بەرهەڵستکار بوە و خۆی بە هیچکام لەو نەتاوانە نەبینیوە لەوەیە خۆیان هەستی پێنەکەن بەڵام ئەوە نەتەوە پەرستیەتی کوردە کە وای کردوە کورد نەتوێتەوە
دەوڵەت ـ نەتەوە ئامرازێکی سیاسیی یاخوود ئالیەتێکی نەتەوەپەرستەکانە بۆ پاراستنی بوون و بڕیاردانی نەتەوەیەک ، لە جیهانی ئێستادا زۆربەی دەوڵەتانی دنیا ، بە جیاوازیی سیستەمی سیاسییەکانیان ، لەسەر بنەمای دەوڵەت ـ نەتەوە دامەزراون هەندێکیان دیموکراتین ، هەندێکیان دیکتاتۆرین، هەندێکیان ئایینین و هەندێکیان سیکولارن، بەڵام هەموویان لە کۆتاییدا بەرگری لە بەرژەوەندی و ناسنامەی نەتەوەی خۆیان دەکەن.
- فرانز فانۆن دەڵێت
هەر نەتەوەیەک کە لە ژێر ستەمدایە، پێویستی بە هەستی نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی خۆی لە سڕینەوە بپارێزێت .
بۆیە کاتێک کورد داوای دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەکات، ئەوە شتێکی نامۆ نییە ، بەڵکو داواکارییەکی سروشتییە کە هەر نەتەوەیەکی تر پێشتر بەدەستی هێناوە.
دووبارە ئاشناتان دەکەمەوە بە چەمکی دەوڵەت نەتەوە ، دەوڵەت نەتەوە ئەو پێناسە تۆقێنەرەی نیە کە ئاپۆچیەکان ئیدیعای دەکەن بەڵکو ئالیەتێکی نەتەوەپەرستە کە تیایدا تاکی نەتەوە پەرست خۆی نمایش دەکات و سنگ دەردەپەڕێنێت کە ئەویش وەک هەر نەتەوەیەکی تر خاوەنی کیان و ژیان و جوگرافیای خۆیەتی و لەسەر مێزی گەورەکان دەتوانێت خاوەن بڕیار بێت ، هەر بۆیە کاتێک کوردپەروەرێک دێت و دەیەوێت نەتەوەپەرستێک بێت و خواستی دەوڵەت نەتەوەی هەبێت ، دوژمنان و نەیارانی کورد دێن و کۆمەڵێک کەس و فکری جیات بۆ دەهێننە پێش تا بە ژێر دەستەیی بتهێڵنەوە نموونەی حەسەن خەیری و ئۆجەلان و پارتەکەی و تەڤگەرەکەی کە دێن و نەتەوە پەرست بە شۆڤێنی و دەوڵەت نەتەوە بە سڕەرەوەی دەوڵەتانی تر و نەتەوەکانی تر دەناسێنن و وەک هێزێکی تۆقێنەر و ترسێنەر لە کاتێکدا دەوڵەتانی دنیا بە دیموکراتی و دیکتاتۆری و ئیسلامی و عەلمانی و چەپ و هتد .. هەموویان دەوڵەت نەتەوەن و هەموویان تاکەکانی نەتەوە پەرستن
- نەتەوەپەرستی ڕادیکاڵ یاخوود توندڕەو
نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیزم یەک نین
پێویستە جیاوازییەکی ڕوون لەنێوان نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیزمدا بکرێت
شۆڤێنیزم ئەو بیرکردنەوەیەیە کە خۆی بە زاڵتر لە نەتەوەکانی تر دەزانێت، مافی ئەوانی تر ڕەت دەکاتەوە و هەوڵی داگیرکاری و و پاوانخوازی و سەپاندنی ناسنامەی خۆی دەدات.
ئەم جۆرە لە نەتەوە پەرست ئەوانەن کە خواستی داگیرکاری و پاوانخوازیان هەیە و هەموان لە ناوخۆیاندا دەسڕنەوە و نەتەوەیەکی دیاریکراو دەکەن بە ئەساسی مرۆڤایەتی و کەسیان قبوڵ نیە و هەردەم خۆیان بە پێرفێکت و بێ خەوش سەیر دەکەن و خواستیانە هەموو نەتەوەکانی دیکە لە خزمەتی خۆیاندا ببینن
ئەوانەی پەیڕەوی ئەو جۆرە بیرەن بریتین لە ڕەوتە شۆڤێنیەکانی ناو هەریەک لە (تورک ، فارس ، عەرەب ، ئیسرائیل ، ئیتاڵی ، یابانی ، چینی).
بینیومانن کە ئەم نەتەوانە چیان کردوە و چۆن جینۆسایدی نەتەوەکانی دیکەیان کردوە .
بەڵام نەتەوەپەرستی کورد جیاوازە و لە جۆری میانڕەوە بەو واتایەی کورد نەتەوە پەرستە کە ستەمی بەرامبەر دەکرێت و دەیانەوێت بیسڕنەوە ئەگین لە کاتی ئارامی و پێکەوە ژیان ئەو بەرگە لە بەری دادەکەنێت نموونەی سەربازێکە کە لە ژیانی پێش جەنگ جووتیارێکە بەڵام کاتی جەنگ سەربازە و جلی سەربازی لەبەردەکات لە دوای تەواوبونی جەنگ جلەکانی دادەکەنێت و دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی پێشووی ، نەتەوەپەرستی کوردیش هەمان شێوەیە
بە کورتی نەتەوە پەرستی کورد نەتەوەپەرستێکی بەرگریکارە کە دەیەوێت نەتەوە و کلتور و زمانی خۆی بپارێزێت نەک نەتەوەپەرستێکی هێرشبەر و توندڕەو کە ئەوانی دی بسڕێتەوە .
نەتەوەپەرستی لە هەناوی ستەمەوە درووست دەبێت و پێداگری لەسەر دەوڵەت نەتەوەی میللەتێک لەسەر ئەساسی داننەنان و پێداگری دوژمنان لەسەر داگیرکاری و سڕینەوەی تۆی کورد دروست دەبێت
ئەگین گەر بگەڕێینەوە و چاو بە مێژوودا بخشێنین بۆمان دەردەکەوێت کە کورد هیچکات نەتەوە پەرستێکی توندڕەو نەبوە لەگەڵ هەموان دانیشتوە و بێ ئەوەی چاوی لە ماڵ و سامانی هیچ نەتەوەیەکی تر بوبێت ، بۆیە کاتێک ئەم دەستەواژانە درووست بون وەک " نەتەوەپەرست و دەوڵەت - نەتەوە" بەو هۆکارانەی پێشوو کە باسم کردن دروست بون
کوبا و چین و ڕووسیا و کۆریا کە عەرابی ئاپۆ و ئاپۆچیەکانن لە پەیڕەوی ڕەوتی کۆمۆنیستی دەوڵەت نەتەوەن و نەتەوە پەرستیشن ، فەرموون کەسێک بە کۆریەک بڵێت تۆ کوردیت یا تورکیت یا عەرەبیت یاخوود بە کۆریەکی باکور بڵێ تۆ کۆریەکی باشووریت و بە پێچەوانەوە هەرگیز لێت قبوڵ ناکات ، بە دیموکراتیترین دەوڵەتی دنیا بڵێ ئێوە ئەو نەتەوەیە نین و ئێوە کوردن بزانن قبوڵی دەکات ؟؟
هەر بەوەدا بزانن کە ئۆجالان و پارتەکەی پڕۆژەی میتی تورکن کە دەڵێن ئێمە دژی دەوڵەت نەتەوە و نەتەوەپەرستین بەڵام لە هەمانکاتتدا ئۆجالان داوامان لێدەکات بە پشت بەستن بە چەمکی کۆمەڵگەی دیموکراتی کورد لە ناو دەوڵەت نەتەوەی تورک و لەگەڵ نەتەوەپەرستانی تورک ئینتیگراسیۆن بکەین
ئەلبێرت کامۆ دەڵێت
مرۆڤێک کە ناسنامەی خۆی ون دەکات، بە شێوەیەک لە شێوەکان بوونی خۆشی ون دەکات
ئەوە ئۆجالانە ئەوکاتەی ووتی دایکم تورکە ناسنامەی خۆی وون کرد و ئێستاش بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی وونکردوە و دەیەوێت کوردیش بەرەو ونبون ببات .
" کێشەی بیرۆکەی ئینتیگراسیۆن"
هەندێ بیرۆکە، بە ناوی «کۆمەڵگەی دیموکراتی» یان «ئینتیگراسیۆن»، هەڵگران و شوێنکەوتوانی ئەم چەمکە هەوڵ دەدەن کورد لە ناو سیستەمی دەوڵەتانی داگیرکەردا بتوێننەوە. واتە لەبری ئەوەی دەوڵەتەکان ناچار بکرێن مافی کورد بناسێنن، کورد بانگهێشت دەکەن خۆی لەگەڵ ناسنامە و زمانی دەوڵەتە داگیرکەر و پاوانخوازەکان بگونجێنێت.
جوان دیقەت بدەن لەم دێڕە " کورد لە ناو دەوڵەت نەتەوەی تورک و لەگەڵ نەتەوە پەرستانی تورک ئینتگراسیۆن بکەین " واتە خۆمان لە کلتور و زمان و فەرهەنگی جوانی کورد داماڵین و خۆمان لەگەڵ کلتور و فەرهەنگ و زمانی دوژمنان و داگیرکەرانی کورد بگونجێنین،
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش
فەرموو گەر ئۆجالان ڕاست دەکات و دەوڵەت نەتەوە مەترسیە و نەتەوەپەرستی باوی نەماوە با ڕوو بکاتە تورک و تورکیا و بڵێت ئەی نەتەوەی تورک و دانیشتووی دەوڵەت نەتەوەی تورکیا وەرن ئینتیگراسیۆن لەگەڵ کورد بکە و دەوڵەتەکە کە ناوی تورکیایە بگۆڕە بە ناوێکی دیکە کە مۆرکی نەتەوەیەکی دیاریکراوی پێوە نەبێت ؟؟
بۆ ئەوە ناکات ؟
لەبەر ئەوەی ئەو نەهاتوە تورک و ئەقڵیەتی شۆڤێنی تورک بگۆڕێت بەڵکو تورک هێناویەتی کورد و ئەقڵیەتی بەرەنگاری و یاخیبونی کورد و قبوڵنەکردنی ژێردەستەیی داگیرکەرانی تورک لە مێشکماندا بگۆڕێت و بمانکات بە ژێردەستە و تواوە و سڕاوەی پەڕەکانی مێژوو ، بۆیە ئۆجالان و پارتەکەی و پەیڕەوانی ئەو پڕۆژەیەی میت دەبێت لەوە تێبگەن کە کورد داوای سڕینەوەی کەس ناکات، بەڵکو داوای ئەوە دەکات خۆی نەسڕدرێتەوە. ئەوەش مافی سروشتی هەر نەتەوەیەکە
لە کۆتایدا دەمەوێت پێتان
کورد هێندە جوانە تەنانەت نەتەوەپەرستی و خواستی دەوڵەت " نەتەوەییەکەشی جیاوازە لە هەموو نەتەوەکانی جیهان "
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





