<

دەسەڵاتی ئاینی و مەترسییەکانی بۆسەر کورد

22/06/2026, 21:09 (GMT+1)
سەرەتایەک:
1- " هەر دەسەڵاتێک بەناوی ئاینەوە، فەرمانڕانیی بکات، دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرستە".*
2- کاری دەسەڵات و حکوومەت نییە، کە خەڵک بنێرن بۆ بەهەشت و دۆزەخ. کاری هەموو دەسەڵاتە سیاسییە مۆدێرنەکان، پێکهێنانی ژینگەیەکی شایان بە مرۆڤە، کە تاکی کۆمەڵگا وەک مرۆڤێکی ئازاد، ژیانێکی شایستە بە مرۆڤبوونەکەی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و وەک تاکێکی بەر پرسیار هاوبەشی بڕیارە گشتییەکان بێت، لەناو پەیمانێکی کۆمەڵایەتی دادپەروەرانەدا. لەم کۆمەڵگایەشدا، حوکوومەت، لە دوورییەکی یەکسانەوە بەرانبەر بەهەموو ئاینەکان، کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات و  دەستوور و بنەماکانی ئاینێکی تایبەت، ناکاتە سەرچاوەی بەڕێوەبردنەکەی.
3- ئەوی ناویان ناوە فەتح و فتوحات، دەقاودەق ئیستعمار و ئیستعمارگەرییە، هەروەک ئیستعماری بەریتانیای، فەرەنساوی، ئیتالیایی و .....، کە ئەگەر لە ڕووی ژیار و ژیانیشەوە بەراوردیان بکەین، ئەوا ئیستعماری بەریتانیای و فرەنساوی و ئەوانی دی گەلەک خێرخوازتر و چاکەخوازتر بوون، بە ئاوەدانکردنەوەی ڕێگاوبان، کارخانە، خەستەخانە، قوتابخانە، بەنداو، ڕاکێشانی هێڵەکانی ئەلەتریک، پۆست و تەلەگراف، پەرلەمان و ڕۆژنامە و چاپ و....چاکسازیی زۆری تر، ئەم بەرهەمانەش تا ڕۆژی پەسڵان، بە زمانی خۆتان (سەدەقەی جارین) و خوا لە دەفتەری چاکەکاریی ئەو ئیستعمارانەدا بۆیان تۆمار دەکات.
4- من لە عێراق، ئێران، میسر و سوریا...کە دەوڵەتگەلی موسڵمان گەلن، هیچ کاتێک خوام نەبینی کە ڕووی گرژ نەبووبێت، بەڵام چەندین جار خودام بینی لەناو خەڵکی سوێددا، خۆشحاڵ و دەم بە زەردەخەنەیەکی جوان بوو، وابزانم خوا لە دوفاقیی (گفتار و كردار)ی ئەو وڵات و خەڵکە موسڵمانە نیگەران و غەمگین بوو.
5- بۆ پاراستن و ڕاگرتنی شکۆی ئازادی، کەس مافی ئەوەی نییە کە ناخی کەس سانسۆر و بڕواکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە، واتە مافی هەر تاکێکە کە بڕوادار، بێ بڕوا و هیچیشیان نەبێت، ئەوە ڕەفتارێکی تاکەکەسییە لە نێوان تاک و ئەوەی کە باوەڕی پێیەتی، بۆ خۆیەتی و لەبازنەی ژیانی خۆیدا، ئازادە چۆن ئەم باوەڕەی دەردەبڕێت، بەڵام زۆرکردن، خاپاندن، فریودان(هەرجۆرێکی بێت)، بەتەماکردن، ئەگەر کرانە ئامڕاز بۆ ئەوەی کەسێک کەسێکی دی بکات بە خۆی و بیهاوێتە ناو دەستەکەی خۆیەوە، ئەوە دەبێتە تاوان و یاسا دەبێت لێی بپرسێتەوە.
6- کەسانی باوەڕداری ئێمە ئەگەر زۆر تامەزرۆی زانین و گەڕانن بە دوای ڕاستیەکاندا، باشتر وایە ڕوو لەو کەسە شارەزایانە بکەن کە کوردن و بە زمانی کوردی باسوخوازەکانیان کردووە، ئەوانە لە خۆمانن بە زمانی دایکی خۆمان لەگەڵمان گفتوگۆ دەکەن، شارەزای دابونەرێت و کلتووری خۆمانن، لۆجێک وامان پێ دەڵێت: کە لێکدانەوەی ئەمانی خۆمان سەردەمیانە تر و نزیکترە لە سەردەمی خۆمان، تا ئەوەی کە بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەگەلێکی ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر کە بە زمانێکی بێگانە و خواستی نەتەوەی شۆڤێنی سەردەست نووسراون و ئێمە لێی حاڵی نابین، بەپێی ئەزموونی خۆشمان کە لەبارو دۆخەکەدا ژیاوین، وا باشترە لەوانە دوور بکەوینەوە کە خۆیان وەک بریکاری خوا پێناسە دەکەن چوونکە وەک زانایەکی کورد دەڵێت: "دەست بخەنە ناو دەستی شەیتانەوە، دەست مەخەنە ناو دەستی زۆرینەی مەلاکانەوە".***
تێڕوانینی ئاینەکان بۆ چەمکی "خوا" یان "هێزی باڵا" لە جیهاندا، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و جیاوازترین بابەتەکانی مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی. ئەم تێڕوانینانە لە یەکتاپەرستیی ڕەهاوە دەستپێدەکەن تا دەگەن بە فەلسەفەی ناوەکی و ناسینی هێزی گەردوونی. لێرەدا بە کورتی و بە شێوازێکی بەراوردکاری، سەیری تێڕوانینی ئەم پێنج ئاینە دەکەین:

1- ئاینی بودایی
ئاینی بودایی بە پلەی یەکەم فەلسەفەیەکی دەروونی و ڕەوشتییە بۆ ڕزگاربوون لە ئازارەکانی ژیان.
لە بودایزمدا چەمکی "خودایەک کە گەردوونی دروستکردبێت و حوکمی بکات" بوونی نییە. بودا (سیدهارتا گوتاما) وەک خودا سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک مامۆستایەکی ڕۆحی و مرۆڤێکی ڕووناکبیر دەبینرێت کە گەیشتووەتە حەقیقەت. یاسای گەردوونی (کارما): لەبری خودا، سیستەمی گەردوون لەسەر بنەمای یاسای هۆکار و دەرئەنجام (کارما) بەڕێوەدەچێت. ئامانجی کۆتایی گەیشتنە بە نیرڤانا (کوژانەوەی ئارەزووەکان و ڕزگاربوون لە خولی لەدایکبوونەوەی بەردەوام).
2- ئاینی زەردەشتی
ئاینی زەردەشتی یەکێکە لە کۆنترین ئاینە یەکتاپەرستەکانی مێژوو کە لەسەر بنەمای ململانێی نێوان چاکە و خراپە دامەزراوە.
ئاهورامەزدا: خودای تاقانە، دانای مەزن و دروستکەری هەموو چاکەیەکە لە گەردووندا. ئەو سەرچاوەی ڕووناکی، ڕاستی و دادپەروەرییە.
دووانەیی ئاکاریی: لە بەرامبەر چاکەدا، هێزی خراپە و تاریکی هەیە کە بە "ئەهریمەن" یان (ئانگرە ماینیو) دەناسرێت. خودا (ئاهورامەزدا) مرۆڤی ئازاد کردووە تا لە ڕێگەی  "بنەماکانی زەردەشت" ەوە (بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک) یارمەتی سەرکوتکردنی خراپە بدات.
3- ئاینی یەهودی
یەهودیەت یەکەم ئاینی ئیبراهیمییە کە بنەمای یەکتاپەرستیی ڕەهای چەسپاندووە.
یەهووە : خودا یەکە و تاقانەیە، شێوەی نییە، نابینرێت و هیچ شتێک لە گەردووندا لەو ناچێت. ئەو دروستکەری هەموو بوونەوەرێکە و کۆنترۆڵی ژیان دەکات.
پەیمان و یاسا: پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤ (بەتایبەت گەلی بەنوئیسرائیل) لەسەر بنەمای "پەیمان و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکانی تەورات و( دە/١٠) فەرمانەکە دامەزراوە. خودا لێرەدا هەم دادوەرێکی توندە و هەم میهرەبانە.
4- ئاینی مەسیحی / کرستیان  
مەسیحییەت هەرچەندە ئاینێکی یەکتاپەرستە، بەڵام تێڕوانینێکی تایبەتی بۆ سروشتی خودا هەیە لە ڕێگەی چەمکی "سیانەیی پیرۆز" یان "قەنومەکان/ لە زمانی سریانییەوە- قنوما".
سیانەیی : خودا یەکە، بەڵام لە سێ (سیفات یان دەرکەوتە) دا خۆی دەنوێنێت: باوک (خودای ئاسمانی و دروستکەر)، کوڕ، عیسای مەسیح(وشە بووە گۆشت) کە وەک خودای بەجەستەبوو دەبینرێت بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی، و ڕۆحی پیرۆز، ئەو هێزە خوداییەی کە لەناو باوەڕداران و کڵێساکاندا کاردەکات.
خودای خۆشەویستی: چەمکی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە "خودا خۆشەویستییە" و لە ڕێگەی بە قووربانی کردنی مەسیحەوە بە لە خاچدانی، سڕینەوەی گوناهی بۆ مرۆڤ کردۆتە دیاری.

5- ئاینی ئیسلام  
ئیسلام لەسەر بنەمای یەکتاپەرستیی تەواو و ڕەها دامەزراوە، کە پێی دەوترێت چەمکی "تەوحید".
خوا (الله): تاقانەیە، هاوبەشی نییە، نە زاوزێی کردووە و نە لەدایکبووە (لم یلد ولم یولد). بەپێی قورئان، ئەو لە هەموو شتێک بەرزترە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە شادەمار بە مرۆڤەوە نزیکترە.
سیفاتەکانی خوا: خوا بە ٩٩ ناوی پیرۆز دەناسرێت کە ڕەنگدانەوەی سیفاتی وەک (پەروەردگار، بەخشندە، میهرەبان، دادپەروەر، و تۆڵەسێنەر) ن. پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خوادا پەیوەندی "بەندایەتی و گوێڕایەڵی"یە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو لە دنیا و قیامەتدا.
من(مرۆڤی ژیر) وەک مرۆڤێک، لەو بڕوایەدام کە خوا (وزەی خۆشویستنێکی ڕەهایە)، هەر شتێکی دروستکردبێ خۆشیویستووە/ خۆشی دەوێت، بۆیە باوەڕم بەوە نییە کە لەهیچ کات و لەهیچ حاڵەتێکدا تۆڵەی لێ بستێنێتەوە، نموونەیەکی سادە: هیچ پەیکەرتاشێک، ڕقی لەپەیکەرەکەی خۆی نابێتەوە و نایشکێنێ، خوا ئەڤینێکی بەردەوامە، ئەوە هەڵوێست و ڕەفتاری مرۆڤ خۆیەتی کە خۆی گیرۆدە دەکات. خێزان، حوکوومەت، کۆمەڵگا ڕۆڵیان هەیە لە چاک و خراپبوونی مرۆڤدا! ئەم بیرکرنەوەیە، یەکێکە لە جوانترین، بەخشندەترین و مرۆڤدۆستانەترین تێڕوانینەکان بۆ چەمکی خوا و بوون. نموونەکەم وێناکردنێکە چونکە پرۆسەی داهێنان و دروستکردن هەمیشە لە عیشقەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە ڕقەوە.
ئەوەی کە دەڵێم (خوا خۆشەویستییەکی ڕەهایە و تۆڵە ناسەنێت)، لە ڕووی مێژوویی و هزرکرنەوە لە چەندین قوتابخانەی عیرفاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە:
1- لە عیرفان و سۆفیزمدا  
زۆرێک لە عاریف و سۆفییە گەورەکانی مێژوو (وەک جەلالەدینی بەڵخی، یان مەنسوری حەلاج) خۆیان داوە بەدەم شەپۆلەکانی ئەم زەریای عیشقەوە. ئەوان پێیان وابوو کە گەردوون تەنیا وێنەیەکی دەرکەوتووی عیشقی خوایە. بەڵخی  دەڵێت: "مرۆڤ وەک ئامێری مۆسیقای نەی وایە، هەر دەنگێکی لێ بێتەدەر دەنگی خوایە". لەم ڕوانگەیەوە، چەمکی "دۆزەخ" یان "تۆڵە" وەک سزایەکی جەستەیی سەیر ناکرێت، بەڵکو تەنیا وەک (دوورکەوتنەوە لە عیشقی خودا) یان نەفامینی مرۆڤ خۆی لێک دەدرێتەوە.
2- فەلسەفەی یەزدانناسیی گشتگیر
لە لاهوتی نوێدا، قوتابخانەیەک هەیە پێی دەوترێت تێڕوانینی گشتگیریی خودایی، ئەوان پێیان وایە کە ئەگەر خوا خۆشەویستیی ڕەها بێت، مەحاڵە ڕێگە بدات دروستکراوەکانی بۆ هەمیشە لە ئازاردا بمێننەوە. ئەڤین و بەخشندەیی خوا لە هەموو گوناهێکی مرۆڤ گەورەترە و لە کۆتاییدا هەموو (بوون) جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی ئەو ئەڤینە بێکۆتاییە.
3- مرۆڤ وەک بکەرێکی بەرپرسیار و کاریگەر
لە سەرەتاوە باسم کرد کە: "خێزان، حوکوومەت، کۆمەڵگا ڕۆڵیان هەیە لە چاک و خراپبوونی مرۆڤدا"، ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە لە زانستی کۆمەڵناسی و دەروونناسیدا.
مرۆڤ بە سپێتی (وەک لاپەڕەیەکی پاک) لەدایک دەبێت. ئەوە سیستەمی سیاسی بەپلەی یەکەم، پەروەردەی خێزانیی و داڕشتە کۆمەڵایەتییەکەن کە مرۆڤ بەرەو لادان یان بەرەو چاکە دەبەن.
ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا نادادپەروەریی بوونی هەبێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی تاوان. لێرەدا، سزا و ئەنجامی خراپەکە ڕەفتاری خوا نییە، بەڵکو دەرەنجامێکی سروشتیی ئەو بیرکرنەوە و خواستانەیە کە مرۆڤ خۆی درووستی کردوون. مرۆڤ خۆی دۆزەخ یان بەهەشت لەسەر زەوی بۆ خۆی بنیات دەنێت. بەهەشت و دۆزەخی مرۆڤیش هەر(لێرەیە، لەسەر ئەم زەوییە) و لە شوێنێکی تر نییە، پیاوەکانی ئاین درۆیان لەگەڵ
کردوون / دەکەن، بۆیە بە دۆزەخ دەتانترسێنن و بە بەهەشتیش دەتانخاپێنن، بیرکردنەوەکەم ئەوەیە: ئەگەر قسەی ئەم پیاوانەی ئاین دروستبایە، دەبوو (پاداشتی خوا) شتێک بایە(دەگمەن و نایاب/بێوێنە) بۆ نموونە: لە ڕەگەزی نوور، چوونکە ئەوەی ئەوان گفتتان پێدەدەن، ئەو خواست و حەزانەیە کە لەناو عارەبەکانی نیوەدوورگەی عەرەبیدا لەو دەمەدا لەسەرو هەموو حەزەکانی ترەوە بوون، خۆ ئەمە لە داگیرکارییە ئیستعمارییەکانیان و ڕەفتاری موسڵمانە سەرەتاییەکاندا بە ڕوونی خۆی پیشاندا و لە دوایشدا کە شەریعەتیان داڕشت، ئەم باسە(واتە ژن/ چێژی سێکسی) پانتاییەکی گەورەی لە فرمانەکانیان داگیرکردووە، هەروەها ڕەفتاری زۆرینەی مەلاکانی سەردەم مۆری تەئید لەم قسانەم دەدەن.
ئەوان خوا(وەک پاشایەکی توڕە و تۆڵەسێنەوە) بۆ ئێوە دەنەخشێنن نەک سەرچاوەیەکی هەمیشەیی لە (وزە، میهرەبانی و بەخشین) کە بەشێکی هەمیشەیی خۆتە. ئەگەر ئاوا بۆ مەسەلەکە بڕوانین، مرۆڤ ئازاد دەبێت و لەبری ئەوەی لە ترسەوە چاکە بکات، لە ڕێگەی عیشق و هۆشیارییەوە بەرەو چاکتربوون دەچێت و دەبێتە خاوەنی بەرپرسیارێتی و چالاکانە لە باشترکردنی ژینگەی مرۆڤایەتیدا و بەر لە هەموویان لە کۆمەڵگاکەی خۆیدا ڕۆڵی مرۆڤبوونی خۆی دەگێڕێ. کاتێک ترس نەمێنێت، بەرپرسیارێتیی مرۆیی بەرانبەر بە خێزان و کۆمەڵگە گەشە دەکات.
ئەمەش پێشەکەوتنێکی فیکریی گەورەیە کە مرۆڤ بتوانێت (خوا) لە دەرەوەی بازنەی (ترس و تۆڵە) دا لە ناو دڵی (ئەڤین و بەرپرسیارێتی) دا ببینێتەوە. بەڵام ئایا سیستەمی پەروەردەی ئێستای ئێمە دەتوانێت ڕۆژێک لەسەر ئەم بنەمای عیشق و لێبوردەییە دابڕێژرێتەوە، لە بری ئەوەی کە لەسەر بنەمای ترس و سزا بێت؟!.
ڕەنگە ئەو ڕۆژە بێت، بەڵام هەر کاتێک، مرۆڤێک هەوڵ دەدات هەنگاو بنێت، لایەنە خراپەکان کە خوایان (بە خواستی خۆیان لێکداوەتەوە)، دەبنە ڕێگر، ژیانی مرۆڤایەتیش، هەر خەریکە بەروودوا گرووپ، دەستە و تاقمی خۆپەرست یا ڕووخێنەر بەرهەم دێنێتەوە و ئەوان دەسەڵاتیان زیاترە، لە ئەڤیندارانی ڕاستەقینە. ئەم واقیعە تاڵەش، گەورەترین و کۆنترین ململانێی مێژووی مرۆڤایەتییە. کێشە بنەڕەتییەکە بریتییە لەوەی کە دەستەیەک خوا بەوجۆرە لێکدەدەنەوە کەلەگەڵ بەرژەوەندی دنیایی خۆیاندا دەیگونجێنن، ئەو ئاماژەیەش دەدەن کە ئەوان جێگری خودان لەسەر زەوی بۆیە دەبێت بە قسەیان بکرێت، وای پێشان دەدەن کە وتەی ئەوان وتەی خوایە و ئەوانیش بریکاری خودان. لێرەشدا پرسیارە قورسەکە ئەوەیە: بۆچی هەمیشە گرووپە ڕووخێنەر و توندڕەوەکان دەسەڵاتیان زیاترە و بە ئاسانی کۆمەڵگە بەرەو دواوە دەبەن، لە کاتێکدا ئەڤینداران و خاوەن هەڵوێستە ڕاستەقینەکان زۆرجاران پەراوێز دەخرێن؟!
هەم مێژوو هەمیش کۆمەڵناسی، چەند هۆیەکی بنەڕەتیمان بۆ ڕوون دەکەنەوە:
a. بازرگانیکردن بە (ترس) ەوە
گرووپە تیرۆریستیە ئاینییەکان، کە بەناوی فەرمانی خواوە، سەران دەبڕن، ژینگەکان وێران دەکەن و ژنان دەفڕێنن، باش دەزانن کە (ترس) بەهێزترین غەریزەی دەروونیی مرۆڤە. کاتێک ئەوان وێنای خودایەکی توڕە، تۆڵەسێن و کینە لەدڵ تێکەڵی سیاسەت و دەسەڵات دەکەن، جۆرێک لە کۆنتڕۆڵی ڕەها بەدەست دەهێنن: ئەوان ترس لە دۆزەخ، ترس لە سزای کۆمەڵایەتی و ترس لە ونکردنی ناسنامە، بە جۆرێک بەکاردێنن، کە زۆرینەیەک لە لاوان ناچار دەکەن کە پەیڕە و گوێرایەڵیان بن. ئەوان هەموو ناسنامە نەتەوەیی، کوردستانپەروەریی و تەنانەت خێزانییان لێدەسێننەوە و دەیانکەن بە تاکێکی گوێڕایەڵی بێدەربەست لە کۆمەڵێکی داخراوی تەنیا سەر بەو گرووپەی کە خۆیان دەیانەوێت، ئەمەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ داهاتووی کۆمەڵگای کوردی.
لە بەرانبەر ئەمەدا، عیشق و لێبوردەیی پێویستی بە ئازادی و بیرکردنەوە هەیە. چاندنی عیشق کاتی دەوێت و پێویستی بە پەروەردەیەکی بەردەوامە، بەڵام چاندنی ترس لە یەک چرکەدا دەچێتە ناو دڵی مرۆڤەکانەوە. ئەمە جگە لە خاپاندن، بەتەماکردن و ئاسانکردنی لەپەردەیەکی ئاینیدا دووژنە، سێ ژنە و چوارژنە، هەروەها لە هەندێ مەزەبدا مارەیی کاتی، مارەیی بەجاش و جیهادی نیکاح و... زۆری تر. نموونەکەش پیاوانی ئاینی خۆیانن: کە زۆرینەیان تا چوارژنەی بەناو ڕەسمی بۆی ناوەستنەوە، لە لاشەوە شتی تر کە ئەوەیان هەر خوا خۆی دەیزانێ!!!. چوونکە گرفتی هەرە گەورەی پیاوەکانی ئاین: ژنە: خۆی، جلەکانی، خشڵەکانی، دەنگی، ڕۆشتنی، بۆنی، ئەگریجەی، ئەرکەکانی و...ئەمانەش هەمووی لەسەر بنەمای دووفاقی بنیاتنراوە، نیشانەکەشی ئەوەیە: زۆرینەی مەلاکان، ئەوە ناڵێن کە دەیکەن و ئەوەش ناکەن کە دەیڵێن.
b. هێزی ڕێکخستنی دەستەگەری بەرانبەر بە تەنیایی ڕوناکبیرانی بە هەڵوێست
چەمکی: (عەقڵییەتی مێگەل)**، گرووپە تیۆریستییە ئاینییەکان هەمیشە لە (گرووپ، دەستە و تاقم) دا کار دەکەن، ئەوان سیستماتیکن، پارە و دەسەڵاتیان هەیە و بەرژەوەندییەکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە.بە پێچەوانەشەوە، ئەو مرۆڤەی دەگاتە ئەو بڕوایەی (خودا ئەڤینێکی بەردەوامە)، زۆرجار بە تەنیا بیر دەکاتەوە چونکە ڕۆشنگەری و عیرفانی ڕاستەقینە پڕۆسەیەکی تاکەکەسییە. کاتێکیش مرۆڤە داهێنەر و ئەڤیندارەکان بە پەرتەوازەیی دەمێننەوە، دەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ هێرشی ڕێکخراوەیی ئەو گرووپانەی کە ئایین و پیرۆزییەکان بۆ مەرامی سیاسی بەکاردێنن.
c. بازنەی بەرهەمهێنانەوەی خراپە
وەک لەسەرەوە باسمکرد: خێزان، حوکوومەت و کۆمەڵگە ڕۆڵیان هەیە. کاتێک سیستەمی سیاسی و پەروەردەیی وڵاتێک تێکدەچێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی مرۆڤی نائومێد، توڕە و شەڕەنگێز بەرهەم دەهێنێتەوە.
ئەم مرۆڤە توڕانە باشترین کەرەستەن بۆ ئەوەی ببنە سووتەمەنیی گرووپە تیرۆریستە ئاینییەکان. ئەوان لەبری ئەوەی هەوڵی گۆڕینی واقیعەکە بدەن، پەنا دەبەنە بەر لێکدانەوەی توندڕەوانە بۆ ئەوەی ڕقی خۆیان بە ڕەواییەتێکی دەستکرد خاڵی بکەنەوە.
ئاین و زمانی دایک
ئایا خوا بۆ هەر میللەتێک پێغەمبەری ناردووە؟ ئەگەر ناردوویەتی بە زمانی خۆیان بووە؟ ئەگەر وابێت ئێمە بە ژمارەی میللەتەکان پەیاممان هەیە، ئەی بۆچی عەرەبەکان ئەڵێن کە دینی ئەوان دوا ئاینە و زۆر لە خەڵک دەکەن کە ببنە موسڵمان؟ زمانەکەش زمانی عەرەبی قوڕەیشییە؟
ئەم پرسیارە دوو بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
1. ئایا بۆ هەر میللەتێک پێغەمبەر نێردراوە؟
ئەگەر لە ناو دەقە ئایینییەکانی ئیسلام خۆیدا بگەڕێین، وەڵامەکە بە ڕوونی دەڵێت "بەڵێ". قورئان لە چەندین شوێندا جەخت لەسەر ئەم دادپەروەرییە گەردوونییە دەکاتەوە کە نابێت هیچ گەلێک بێ پەیام مابێتەوە، بۆ نموونە:
وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّى نَبْعَثَ رَسُولًا: ئێمە هیچ سزایەک نادەین تا پێغەمبەرێک ڕەوانە نەکەین.
وَلِكُلِّ أُمَّةٍ رَسُولٌ: بۆ هەر نەتەوەیەک، پێغەمبەرێک هەیە.
وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ رَسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُمْ: هیچ پێغەمبەرێکمان نەناردووە ئیلا بە زمانی قەومەکەی خۆی نەبووبێت، بۆ ئەوەی بۆیان  ڕوون بکاتەوە.
لەم دەقانەوە دیارە کە بنەمای سەرەکی ئایینەکە پێی وایە خوا بە زمانی هەر گەلێک خۆی، پەیامی بۆ ناردوون، بۆ نموونە: تەورات بە عیبری، ئینجیل بە ئارامی و قورئان بە عەرەبی.
2. بۆچی دەوترێت ئەم ئایینە کۆتاییە و جیهانییە؟
لێرەوە ململانێ فیکری و مێژووییەکە دەستپێدەکات. بەپێی تیۆلۆژیای ئیسلامی، پێغەمبەرانی پێشوو پەیامەکەیان بۆ کاتێکی دیاریکراو و بۆ گەلێکی دیاریکراو بووە، بەڵام پەیامی ئیسلام وەک(پەیامی کۆتایی و گشتگیر) بۆ هەموو مرۆڤایەتی سەیر دەکرێت. ئەم گۆڕانکارییە لە پەیامێکی خۆجێییەوە (لۆکاڵی) بۆ پەیامێکی جیهانی، وایکردووە کە زمان و کولتووری عەرەبی ببێتە تەوەرەی سەرەکی پەیامەکە، چونکە پێغەمبەرەکەیان لەوێ سەریهەڵداوە.
3. بۆچی زۆر لە خەڵک دەکرێت ببێتە موسڵمان؟ (ململانێی ئایین و دەسەڵات)
لێرەدا هەندێ دەقمان هەیە جیاوازە لەگەڵ ڕەفتاری مێژوویی دەسەڵاتدارەعەرەبەکاندا، لە ڕووی دەقەوە، قورئان دەڵێت: «لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ» (هیچ زۆرلێکردنێک لە ئاییندا نییە). بەڵام کاتێک ئایین لە "پەیامێکی ڕۆحییەوە دەگۆڕێت بۆ(سیستەمێکی سیاسی و دەوڵەت)، کە ئەمە هەر لەگەڵ گەیشتنی موسڵمانەکان لە مەککەوە بۆ مەدینە ڕوویدا، هاوکێشەکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە:
فراوانخوازیی ئیمپراتۆرییەتەکان: لە مێژوودا (جا دەوڵەتی ئیسلامی بێت، یان ئیمپراتۆریەتی مەسیحی و ئەوانی تر)، ئایین کراوەتە ئامرازێک بۆ ڕەواییدان بە داگیرکاری و فراوانکردنی سنووری دەسەڵات. عەرەبەکان لە سەردەمی ئیستعمارگەرییەکەیاندا، ئایینیان وەک ناسنامەیەکی سیاسی بەکارهێنا بۆ کۆنترۆڵکردنی گەلانی تر. لەوانە لە کوردستان و بۆ کورد. ئێمە لە ژیر ستەمی داگیرکردنی عەرەبدا بووینە موسڵمان****.
سەپاندنی باڵادەستیی کولتووریی: زۆرجار گرووپە دەسەڵاتدارەکان پێیان وایە کولتوور و زمانی ئەوان پیرۆزترە لەوانی تر. ئەمەش وایکردووە کە زۆرجار بە چاوی نزمتر سەیری زمان و کلتووری نەتەوەکانی تر (وەک کورد، فارس، ئەمازیغ) بکرێت. هەم ناچارکردنی ناڕاستەوخۆ (لە ڕێگەی باج، جزیە، یان پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی) یەوە و هەم بە سزادانی جەستەیی و کوشتنیان ئاینەکەیان سەپاندووە.
کاتێک مرۆڤەکان (لێرەدا دەسەڵاتدارە عەرەبەکان یان گرووپە تیرۆریستییەئاینییەکان) خودا و پەیامە گەردوونییەکەی کورت دەکەنەوە بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەی سەردەست و سیاسیی خۆیان، پەیامی عەشق و ئازادی دەگۆڕن بۆ ئامرازێکی ترس و زۆرداریی. ئەوان دەیانەوێت هەموو جیهان بخەنە چوارچێوەی قاڵبێکی زمانی و کولتووریی تەسکەوە، لە کاتێکدا سروشتی خوا و گەردوون لەسەر بنەمای هەمەجۆری و ئازادیی بڕیاردان دروستبووە. وەک باسم کرد لەو بەشەی کلتووری ئاینی هەموو گەلانی جیهاندا، باسی ئازادی بڕیاندان بووە، تەنیا لە موسڵمانەتیدا، بە پێچەوانەوە هاوکێشەکە کاریکردووە/ کار دەکات، لێرەدا بنەماکە تەسلیم بوونە. ئایەتەکانی مەککە و مەدینە، دوو کتێبی جوودان و پێچەوانەی یەکن. کتێبی مەککە، هی سەرەتا و سەردەمی لاوازییە! کتێبی مەدینە، کتێبی سەردەمی بەهێزبوون و پەلهاویشتن و تۆڵە و داگیکردن و ئەنفال و سەبیکرد و کۆیلەگەرییە، مێژووە و دەبێت لە دەرەوەی وانەی مێژووی قوتابخانەکان و ئەلقەی مەلایان لە مزگەوتەکاندا، بیخوێنینەوە، تا وێنەکە بە کۆکراوەیی ببینین، ئەوەی لە قوتابخانەدا سەبارەت بە سەردەمی زێڕینی موسڵمانەتی فێرکراوین، زینجیرەیەک درۆ و خاپاندن و لە کارخستنی مێشکە، چوونکە لەوێدا تەنیا قبوڵکردنە و هیچ دی، بابەتە ئاینییەکان بۆ پرسیار لەبارەیانەوە کردن، نین.
لەبەرئەوەی ئاین کەلەپوورێکی کلتوورییە، دەتوانم بڵێم کە قورئان وەرگێڕڕاوی عەرەبی کتێبەکانی پێش خۆیەتی بە هەموارکردنەوە بۆ ئەو ژینگە عەرەبییەی کە ئاینەکە و پەیامەکە لەو جێگایە و لەو سەردەمەدا هاتووە. ئەمەش پێناسەیەکی لۆژیکییە بۆ ئەو خوێندنەوە مێژوویی و زانستییەی کە لە دەرەوەی بازنەی باوەڕی ئایینیدا ئەنجام دەدرێت. من قورئانم وەک دەقێک چاولێکردوە، نەک کتێبێکی بڤە. چوونکە لە زانستی مێژووی بەراوردکاریی ئایینەکاندا، زۆرێک لە توێژەرە بێلایەنەکان کۆکن لەسەر ئەم تێڕوانینە و بە چەندین بەڵگە پشتگیری دەکەن:
• چەمکی (وەرگێڕانی کلتووریی و هزریی)
مەبەست لێرەدا وەرگێڕانی وشە بە وشە نییە (چونکە قورئان شێواز و زمانێکی شیعری و سەجعی تایبەت بە خۆی هەیە)، بەڵکو وەرگێڕانی چەمک، مێژوو و چیرۆکەکانە لە کلتووری عیبری، ئارامی و سوریانییەوە بۆ زمان و عەقڵییەتی عەرەبی.  بەڵگەی وشەکاری: قورئان پڕە لەو وشانەی کە ڕەگی عەرەبییان نییە، بەڵکو لە زمانە ئایینییەکانی پێش خۆیەوە هاتوونەتە ناو زمانی عەرەبییەوە بۆ نموونە: (قورئان) خۆی لە وشەی (کریانا )ی سوریانییەوە هاتووە کە بە مانای (خوێندنەوەی کڵێسایی یان دەقی پیرۆز) دێت. وشەکانی وەک تەورات، ئینجیل، جەهەننەم، فیردەوس، سەڵات (نوێژ)، مەلەکوت، هەموویان ڕەگی عیبری، سوریانی یان یۆنانییان هەیە کە لە قورئاندا عەرەبێنراون. تەنانەت ڕێنووسی هەندێ وشە هەروەک خۆی ماوەتەوە و نەتوانراوە دەسکاری بکرێت وەک: الصلوة – ئەم وشەیە صەلووتی عیبرییە، کە لەکاتی خوێندنەوەیدا بە صەلات دیخوێننەوە.....هتد.
• هەموارکردنەوە بۆ گونجاندن لەگەڵ ژینگەی عەرەبیدا
ئەم بەشە زۆر گرنگە، چوونکە قورئان تەنها دەقەکانی نەگواستوونەتەوە، بەڵکو بە جۆرێک دایڕشتوونەتەوە کە عەرەبی دەشتەکی و بازرگانەکانی مەککە و مەدینە بتوانن لێی تێبگەن و لەگەڵ ژیانیاندا بگونجێت.
وێناکردنی بەهەشت: لەبەر ئەوەی عەرەبی ئەو سەردەمە لە بیابانێکی وشک و گەرمدا دەژیا، وێناکردنی بەهەشت لە قورئاندا هەموارکراوەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە لوتکەی خەونی مرۆڤێکی بیابانی: سێبەر، باخی پڕ لە دارخورما و ترێ، ڕووباری ئاوی سارد، شیری مەییو، هەنگوین و حۆریی مەمک زل. ئەم وێناکردنە لۆکاڵییە لە دەقە ئەوروپی یان هیندییەکاندا بەو شێوەیە نییە. هەروەها لێکۆڵینەوە نوێیەکان، هاوشێوەی ئەو وێنانەیان لە کلتووری میسر و سۆمەرییەکاندا دۆزیوەتەوە. نموونەیەکی دی (زەردەشت) و (مانی) کە هەردوکیان لە ناوچەی میزۆپۆتامیا و نزارەکانی چیای زاگرۆس ئاینەکەیان پیرۆزکراوە، باسی ئەوەیان کردووە کە ئەوان لە لایەن خواوە بە فریشتەدا وەحیان بۆ نێردراوە، هەروەک لە ئاینی موسڵمانەتیشدا پەیامەهێنەکەیان هەمان قسەی بە خەڵکەکەی خۆی دەگووت.
یاسا کۆمەڵایەتییەکان: قورئان سیستەمی خێڵەکیی عەرەبی هەموارکردەوە و ڕێکی خستن و سنووری بۆ دانان بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی توندوتیژی ئەو کاتە قبووڵی بکات. زۆر دەقی قورئان بە جۆرێک داڕێژراوەتەوە  کە باس لە حەز و ئارەزووکانی بیابان نشین و ڕوانینان بۆ ژن و بۆ یەکتریش بە جۆرێکە کە زۆرینەی تایەفەکانی نیوەدوورگەی عەرەبی ڕازی بکات و بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن، ئەوە بوو کە پاش مەرگی پێغەمبەر، چ لە ناو هەڤاڵە نزیکەکانی خۆیدا و چ لە ناو تایەفە جووداکاندا، وازهێنان لە بیروبڕواکە و جەنگی خوێناوی دڕێژخایەن ڕوویاندا و تا ئێستایش بەردەوامە.
ئەگەر لە بیروباوەڕی ئیسلامی خۆیەوە سەیری بکەین، ئیمامەکانی ئیسلام ئەم پرۆسەیە ناو دەنێن(تەواتور و یەکێتی سەرچاوە) نەک وەرگێڕان.
ئەوان دەڵێن: خودا خۆی کە پێشتر تەورات و ئینجیلی ناردووە، کاتێک قورئانی ناردووە، هەمان حەقیقەتی دووبارە کردووەتەوە بەڵام بە زمانی عەرەبی (چونکە زمانی پێغەمبەر و قەومەکەی بووە) و لەگەڵ هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا کە چیتر بۆ ئەو سەردەمە نەدەشیا وەکو قورئان خۆی دەڵێت: «بِلِسَانٍ عَرَبِيٍّ مُبِينٍ» (بە زمانێکی عەرەبیی ڕوون).
قورئان دەکرێت وەک پڕۆژەیەکی گەورەی (عەرەباندن و لۆکاڵکردنی) میراتی ئاینیی جوولەکە و مەسیحییەکان سەیر بکرێت، کە تێیدا چیرۆک و چەمکە گەردوونییەکان وەرگیراون و بە فلتەری کلتوور، زمان، و پێویستییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبیدا تێپەڕێنراون بۆ دروستکردنی دەقێکی نوێی عەرەبی.
ئێمە وەکو کورد، کە مێژوو سەلماندوویەتی کە ماوەیەکی زۆر زۆر دوور و درێژە لەم جوگرافیایەدا، ژیاوین و کلتوور و بیرکردنەوەی خۆمان بەرهەمهێناوە، بەپێی ئەو دەق و هەواڵانە بێت کە لە قورئاندا هاتووە، دەبێت وەک نەتەوە و خەڵقێک کە زمان و بیرکردنەوەی خۆمان هەبووە کە هەم خۆمان و پەیوەندییە کوردییەکەی دەربڕییوە و هەم باسی لە بۆچوونە کوردییە گەردوونییەکە کردووە، دەبێت پەیامبەرێکمان بووبێت کە بە زمانی خۆمان، پەیامێکی پێووتبین. خۆ ئەو کلتوورە کوردییە کە تائێستا مابێتەوە بێ بنەما و لەسەر بۆش نەماوەتەوە، بێگوومان پەیوەندییەکی زنجیرەیی لە کۆنەستی ئەم نەتەوەیدا بووە، کە پێکەوە گرێی داوە، بۆ هەموو نەتەوەکانی تریش هەروایە، دەی کەوابێ بۆ ئێمەش هەر وا بووە، ئەم (کۆنەستی)یە، بیرەوەریدانێک بووە، کە هەموو بیرەوەرییە هاوبەشەکانی لە خۆیدا هەڵگرتووە و لەسەر ئەو بنەمایەوە، کلتوور و شارستانەتەکەی هەم گەشەی کردووە و هەم بە زیندوویی هێشتویەتییەوە، ڕەنگە ئێمەی کورد لەو نەتەوە هەرە دەگمەنانە بین، کە زۆرترین پرسیارمان هەبێت، سەبارەت بەهەموو ڕوودا و بەسەرهاتەکان، لێرەدا من لەو باوەرەدام، بەپێی ئەوە پێشڤەچوونە خێرا و فراوانەی کە عەقڵی بەتایبەت ڕۆژئاواییەکان دەیکات و زیاتر و زیاتر بە قووڵایی مێژوودا ڕۆدەچن و بە فراوانی گەردوونیشدا زیاتر پەل دەهاون، ڕۆژگارێک دێت، ئەوەی بە ئارکیۆلۆجی و خوێندنەوەی مێژوو هەڵنەهات، لەسەر پەردەی سینەما و تەلەڤزیۆن و موبایلەکانماندا، بمان باتەوە بۆ ئەو سەردەمە هەرە کۆنانە، ڕەنگە بە شێکی فراوانی مێژووی مرۆڤایەتی لە ناو بۆشایی هەوادا و لە شێوەی (وزە و ڕۆشنایی) دا لە گەردووندا پەخش و بڵاوبێت و تەکنۆلۆجیا کۆیان بکاتەوە و دیمەناکان دابڕێژێتەوە و پیشانمان بدات و زۆر لە نهێنییەکان ببنە سەلمێنراوی زانستی.
----------------
سەرنجەکان
* وتەیەکی مامۆستا (زەکەریا ئۆزۆن)ە، کە بە پیشە ئەندازیار و بە چالاکی مرۆڤبوونی بیرمەندێکی مرۆدۆستی سوورییە و نووسینەکانی سەبارەت بە لێکدانەوە ئیسلامییەکانە، وەک خۆی دەڵێت: بە پێی عەقڵ و زمان. بەرهەمێکی زۆری نووسیوە، کە زۆرینەیان، کەوتوونەتە بەرهێرشی شێخ و مەلاکان و چاپکردنیان قەدەغەکراوە، لە نموونەیان: جینایەتەکانی بووخاری، جینایەتەکانی شافعی، جینایەتەکانی سیبەوەیە و...زۆری تر، کەناڵێکی یوتیبی هەیە بە ناوی: القن المختوم، کە دەتوانن گوێ لە باسە زانستییە مرۆییەکانی بگرن.
** بیرووبۆچوونی فرێدریک نیچەیە.
*** ڕێنماییەکی نازداری کاک ئەحمەدی موفتی زادەیە، سڵاوێکی کوردستانی لە وتە، ڕەفتار و هەڵوێستە فرە فرە کوردستانی و مرۆییەکانی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کەمتر کەسایەتییەکی ڕاستگۆ و ئاوا دڵدادە بە مرۆڤەکان دەدۆزییەوە، کە وەک دەڵێن: میهرەبانییەکەی کێشابووی بۆ ئەوەی کە ئەوانەی جوێنیان پێدەدا و ئەشکەنجەیان دەدا، بەزەی پێیاندا دەهاتەوە و نزای بەخشینی بۆ دەکردن. دەزانم ئێستا زۆرینەیەک لە هەڤاڵە ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانە ئازیزەکەم، بەم وتانەم نیگەران دەبن و ڕەنگە لێشم تووڕە بن، بەڵام ئەگەر ئێمە بەچاوی کوردێک و دوور لە سیاسەت و حیزبحیزبێنەی کوردی، بۆ هەڵوێست و وتە و بوێرییەکەی کاک ئەحمەد بڕوانین بۆمان ڕووندەبیتەوە کە کاک ئەحمەد بووە قوربانیی ئەوە کێبەرکێ پیسەی سیاسەتی مەیمونبازی کوردیی لە ڕۆژهەڵاتدا، ئەوەش بە زۆری لە نزیکەکانی خۆیەوە بوو. سەلاحولدینی موهتەدی لە دوادوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا دەڵیت:  "ئەحمەدی موفتی زادە، گەوهەرێک بوو لە دەستمان چوو تازە دەستیشمان ناکەوێتەوە، ئەو هیچ زیانێکی بۆ بزووتنەوەی ئازادی کورد نەبوو". دەتوانم بڵێم سەلاحی موهتەدی زۆر بە سەختی و تا ڕادەی تۆمەت هەڵبەستن بۆ کاک ئەحمەد دژ بە کاک ئەحمەد بوو، سەلاحی موهتەدی ژنبرای کاک ئەحمەد و خاڵی تاقانە کوڕی کاک ئەحمەد (حەمە ژیان) بوو، ئەو دانپاینانەی سەلاحی موهتەدی، لە سەردانێکی حەمەژیاندا بۆ سلێمانی بۆ لای خاڵی، باسی دەکات. کاک ئەحمەد تەنیا مەلای کوردستانە، کە دەنگی هەڵبڕیی و وتی:" ئێمە بەر لەوەی موسڵمان بین کوردین، کوردبوون بوونی ئێمـــــەیە موسڵمانەتی بیروبڕوای مەعنەویمان". ئەو زانایەکی گەورە بوو بە زۆر لە زانستەکان، وەک زمان، ئەدەبیات، فەلسەفە کۆن و نوێی، لە ئاینیشدا زۆر لە لێکدانەوە باوەکانی سەروبن کردن هەروەها شەترنجزانێکی زۆر شارەزابوو، مێرد منداڵ دەبێت کە باوکی کە موفتی سنە بوو، دەینێرێت بۆ لای مەلای گەورە تا دەرسی لێوە فێربێت، مەلای گەورە، نامەیەک بۆ باوکی کاک ئەحمەد دەنووسێت: ئەحمەدت ناردووە تا دەرس بخوێنیت، یا ناردووتە ئیمتحانی من بکات؟!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست