ڕاسپۆتینەکانی ئەم سەردەمە
02/07/2026, 9:19 (GMT+1)

کاتێک ئایین دەبێتە پیشە ،ئیتر مێژوو پڕە لە کەسانێک کە ماسکی پیرۆزیان لەسەر دەموچاوی خۆیان داناوە، بەڵام لە ژێر ئەو ماسکەدا، ئارەزووەکانیان بۆ دەسەڵات، سامان و شەهوەت شاردۆتەوە. ڕاسپۆتین یەکێک لەو نموونانەیە کە ناوی تا ئێستا وەک هۆشدارییەک لە مێژوودا ماوەتەوە ، تا زوو خەڵک بەئاگابێت لەوەی ئاینداران ئەو مرۆڤە پیرۆزە نین کە لەسەر جبەکانیان نوێژ بکەن .
کاتێک کەسێک خۆی وەک نوێنەری خودا، ڕێبەرێکی ڕۆحی یان مامۆستای ئەخلاق پیشان دەدات، بەڵام ئەو متمانەیە بۆ فریودانی خەڵک و تێرکردنی ئارەزووە کەسییەکانی بەکاردەهێنێت ، ئەوە تەنها تاوانێک لە دژی تاک نییە ، بەڵکو تاوانێکە لە دژی متمانەی کۆمەڵگا دەست بەکارە .
ئێمە دەمان ووت مەترسی لە خودی ئایین نییە، بەڵکو لەو کەسانەیە کە ئایین دەکەنە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی حەز و بەرژەوەندییەکانیان. ئەوانە بە ناوی پیرۆزی، بیرکردنەوە دەکوژن، بە ناوی ئەخلاق، ڕەفتاری نائەخلاقی خۆیان دەشارنەوە و بە ناوی ڕێنمایی، خەڵک دەخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ئەوان خۆیان لێ بۆ تە ئەو زەبەلاحەی کەدەسەڵاتیان بەسەر هەمووشتێکدا هەیە .
مێژوو فێرمان دەکات کە نابێت مرۆڤەکان بە جل و بەرگ، ناونیشان یان وشە جوانەکان هەڵبسەنگێنین . پێوانەی ڕاستو درووست کردارە، چونکە کردار هەمیشە لە قسە ڕاستگووترە .
کۆنفیشیۆسConfucius دەیووت:
"مرۆڤی بەرز ڕەفتاری خۆی دەخاتە پێش چاو، مرۆڤی بچووک قازانجی خۆی."
لای من وایە کە مەترسی هەمیشە لەو کاتەدا دەست پێدەکات کە ئایین لە سنووری باوەڕی تاکەکەسی دەردەچێت و دەبێتە ئامرازێکی سیاسی. کاتێک پیرۆزی دەبێتە شتێک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، ئەوکات ڕەخنە دەبێتە تاوان، پرسیارکردن دەبێتە کوفر، و مرۆڤەکان لە جیاتی ئەوەی هاووڵاتی بن، دەبن شوێنکەوتووی کەسەکان . ئێستا کەسەیری ئەوڕووداوە دەکەین لەو هەرێمە لاقەکراوەدا ڕووی داوە ، دەبینین کە خەڵکێک هەیە هێشتا باوەڕی بەوەیە کە گوناحەکان گەورە نین ، تا نوێنەرێکی ئاین لەکەداربکرێت .
هەربۆیە لە ڕوانگەی ڕەخنەیی، ئیسلامی سیاسی یەکێکە لەو بزووتنەوانەی کە زۆرجار تێکەڵی دەسەڵات و ئایین دەکات ، تاکەس نەتوانێت پێیان بلێن ڕیشت ووسمەو خەنە داگیری کردووە . کاتێک دەسەڵاتێک خۆی بە پیرۆز دەزانێت، ئەوە مەترسییەکی گەورە بۆ ئازادی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنی کردارەکانی دروست دەکات ، چونکە ڕەخنە لە دەسەڵات بە ڕەخنە لە ئایین دەگۆڕدرێت. پێشمان دەڵێن ئەو ئایندارانە ڕەوتی ژیان بەڕێوەدەبەن .
ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو باوەڕداران یان هەموو پیاوانی ئاینی هاوشێوەبن. زۆر کەس هەن بە دڵسۆزی خزمەتی خەڵک دەکەن. بەڵام مێژوو بارودۆخی زۆری پیشان داوە کە هەر کات ئایین بۆ پاراستنی دەسەڵات، بەرژەوەندی یان ئارەزووی کەسی بەکار هاتووە، ئەنجامەکەی زیانیان بە کۆمەڵگا گەیاندووە.
هەر بۆیە، پیرۆزیی ڕاستەقینە لەوەدایە کە هیچ کەسێک لە سەرەوەی ڕەخنە و پرسیار نەبێت. ئەگەر بیرۆکەیەک یان ڕێبەرێک ڕاست بێت، لەبەرامبەر پرسیار و ڕەخنەدا هێزدارتر دەبێت، نەک لاوازتر.
لاو تزوو دەیووت :
کاتێک تاویزم ڕێگای ڕاستەکە لەدەست دەدات ، خەڵک پەنادەبەن بۆ پیشاندانی ساختەی ئەخلاق.
واتە کاتێک ڕاستگۆیی نامێنێت، خەڵک زۆرتر قسە لە ئەخلاق و پیرۆزی دەکەن، بەڵام کرداریان پێچەوانەی قسەکانیانە . نیشتمانە کڵۆڵەکەی ئێمەش بێبەش نییە لەو نەهامەتیە . هەر کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکان بەهۆی جل و بەرگ، ناونیشان یان پیرۆزیی بانگەشەکراو لە سەرو ڕەخنە بەرز بکاتەوە، لە ڕاستیدا ڕێگا بۆ دروستبوونی ڕاسپۆتینەکانی داهاتوو خۆش دەکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





