<

سیستمی دامەزراوەیی و دۆخی بێ یاسایی

11/07/2026, 21:01 (GMT+1)
بابەتی بەخشینی دەمانچە بەدیاری بۆ سەرکردەکانی جیهان لەلایەن ئەردۆغانەوە جیاوازیی نێوان دەوڵەتی دامەزراوەیی و سیستمی بەڕەڵایەتی بەجۆرێک ڕوون کردەوە کە پێویست بە هیچ شیکردنەوەیەکی تر ناکات. ئەوە بێشەرمی سیاسیەکانی لای ئێمە کە نامرن و ناهۆشیاری کۆمەڵگەشە کە ئەم بابەتە زەق ناکەنەوە لە راگەیاندن و سۆسیال مێدیاکانیانەوە.
کاتێک کیێ ستامە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بە ڕاشکاوی دیارییەکە ڕەتدەکاتەوە تەنها بۆ ئەوەی تووشی لێپرسینەوە نەبێت (وەک چۆن کاتی خۆی بۆریس جۆنسن لەسەر پاسکیلەکەی نێچیرڤان بارزانی کێشەی بۆ دروستبوو)، تێدەگەین کە لەوێ پاوەنێکیش حیسابی لەسەرە لەگەڵ ئەوەشدا ناڵێین زۆر دەستپاک و بێ کەم و کورن من باسی سیستەمی ووڵات ئەکەم .
لای ئەوان چەمکی دەوڵەت و سەروەریی یاسا لە سەرووی هەموو کەسێکەوەیە؛ سەرۆکوەزیران بیت یان هاووڵاتییەکی ئاسایی، دەبێت پابەندی یاسایی و ئەخلاقیت هەبێت وەگەرنا دارئەدەن بە ڕووحتا، نەک وەک غەنیمەت لە موڵکی گشتی بروانن و لەژێر پەردەی پۆستەکەیاندا بیخەنە خزمەت بەرژەوەندیی شەخسی و خێڵەکی و حیزبیەوە .
یان راوێژکاری ئەڵمانیا ئەگەرچی دیاریەکەشی قبوڵکرد بەڵام ڕادەستی باڵیۆزخانەی ولاتەکەی کرد لە تورکیا تا بە ڕێکاری یاسایی و وەک دیارییەکی فەرمی دەوڵەت تۆمار بکرێت. ئەمە نیشانەی ڕێزگرتنە لە خاک و خەڵک و سیستمی حوکمڕانیەکەیان.
ئەی ماڵوێران خۆمان، بەس کاتێک سەیری واقیعی تاڵی خۆمان دەکەین لە سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا، دەبینین ئەوان تەنها سیستمێکی بەڕەڵایەتی و زەلکاوێکی لێڵیان دەوێت بۆ ئەوەی تێیدا ڕاو بکەن، دیمۆکراسی و دەوڵەتی سیستماتیکی واتە تیاچوونی خۆیانە. ئەوان خۆیان وەک خواوەند دەبینن و پێیان وایە کەس بۆی نییە موحاسەبەیان بکات وە شایەنی هەڵەش نین، بۆیە کاروکردەکانیان مابێت هیچ فلتەرێک بیگرێتەوە. بە ملیۆنان و ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتی و قووتی ئەم خەڵکە دەدزرێت کەچی دزێک نەگیرا! ملیۆنان شیرینی نەوت وەرگیرا هەمووی بەسەر خۆیاندا دابەشیانکرد و میللەتیان بێبەش و برسی و دەربەدەرکرد.
لای ئەوان یاسا تەنها بۆ چەوساندنەوەی خەڵکە ئاساییەکەیە یان بۆ راوکردنی ماسیە بچوکەکانی خوارەوە تا خۆیانی پێ گەورە و بێگوناح دەربخەن، نەک بۆ لێپرسینەوە لە خۆیان. یاسایان بەقەدەر باڵای خۆیان دوریوە.
قسەی خۆمان بێت ،دیوێکی تری ئەم دیاری بەخشینە زۆر مەهزەلەیە. هەر ئەم وڵاتە زلهێزانەی ئەوروپا و ئەمریکا کە لە ناوخۆدا هێندە ورد و یاسایین، هۆکاری سەرەکیی تێکدانی جیهان و ولاتانی ئێمەشن. کەچی ساڵانە هەزاران تۆن چەک و تەقەمەنی ڕەوانەی وڵاتانی تر دەکەن و جەنگ دەقۆزنەوە بۆ رەواجپێدانی بازاری چەک و تەقەمەنیان، بێ ئەوەی گوێ بدەنە هیچ بنەمایەکی مرۆیی. بەڵام کاتێک نۆرەی ناوخۆی خۆیان دێت، بۆ بردنەوەی یەک دەمانچەی دیاری، دەبێت هەموو فلتەرە یاساییەکان ببڕێت! ئەمە لەلایەک یاریپێکردنە بە عەقڵی خەڵکی دەرەوە و بە مرۆڤ نەزانینیان، لەلایەکی ترەوە لوتکەی خۆشویستنی نیشتمانی و رێزگرتنی سیستمی سیاسی خۆیانە. خۆزیا ئەوانەی ئێمەش ئاوا ئەنانی و دووروو ئەبوون لەم رووەوە و خزمەتکاری میللەتی خۆیان ئەبوون. با لە دەرەوە دەوری وێرانکەر و لە ناوخۆشدا پارێزەری یاسابوونایە. بەڵام بەخوا ئەو بەرەبابانەی ئێمە نە لە دەرەوە سەنگ و قورساییان هەیە، نە لە ناوخۆشدا دەزانن یاسا و دەوڵەتداری چییە!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست