<

چەقۆ

14/07/2026, 13:41 (GMT+1)
چەقۆیەک بۆ کوشتن، کتێبێک بۆ ژیان
هێشتا دەتوانم ئەو ساتەوەخته بەخاوی 'سلۆ مۆشن' ببینم. چاوم لەسەر پیاوێکه که لەناو خەڵکەکەوه دەردەپەڕێت و لێم نزیک دەبێتەوه، هەموو هەنگاوه هەراوەکانی ڕاکردنه بەپرتاوەکەی دەبینم. خۆم دەبینم هەڵدەستمه سەر پێیەکانم و ڕووی تێ دەکەم "بەردەوامم لە ڕووتێکردنەکەم، هەرگیز پشتی تێ ناکەم، هیچ برینێک بە پشتمەوه نییه" دەستی چەپم بۆ بەرگریلەخۆکردن هەڵدەبڕم. چەقۆکەی تێ دەچەقێنێت.
پاش ئەوه چەندین چەقۆی تر دەوەشێنێت، لە ملم، لە سنگم، لە چاوم، لە هەموو جێگەیەک. هەست دەکەم قاچەکانم بڕستیان نامێنێت و ئیتر دەکەوم.
ئەم کتێبە یاداشتێکی کەسییە لە نووسەری "سەلمان ڕوشدی"،کە دوای هێرشی چەقۆیی لە ساڵی ٢٠٢٢ نووسیویەتی. کتێبەکە زیاتر لەوەی باسێکی سیاسی بێت، گێڕانەوەی ئەزموونی مرۆڤێکە کە لە نێوان ژیان و مردندا بووە ڕوشدی بە وردی باس لە ساتەکانی هێرشەکە دەکات،  ئەو کاتەی لەسەر شانۆ بوو بۆ وتارێک دەربارەی "پاراستنی ئازادی نووسەران"،پیاوێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەری. دوای هێرشەکە، گوزەرانی ناو نەخۆشخانە، نەشتەرگەری، دەرمان و ڕاهێنانی جەستەیی باس دەکات. هێرشەکە وای لێکرد چاوێکی لەدەست بدات و برینێکی قورس بەدەست و جەستەی بگات.
بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە قسە لە کاریگەرییە دەروونییەکانی هێرشەکە دەکات ، وەک ترس، خەونە ناخۆشەکان و هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی.
یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان، ڕۆڵی خێزان و هاوسەرەکەی 'ئێلایزا " کەبەشێکی کتێبەکەی بۆ داناوە وە ئەو هاوڕێیانەی  کە لە قۆناغی چارەسەردا پشتگیرییان کردووە.
لە کۆتاییدا، ڕوشدی باس لەوە دەکات کە توندوتیژی ناتوانێت ئەدەب و ئازادی ووتە سڕ بکات. ئەو هەرچەندە بریندار بوو، بەڵام بڕیاری دا بەردەوام بێت لە نووسین و ژیان.
ڕوشدی هەوڵ نادات هێرشکەرەکە وەک "دێو" پیشان بدات، چونکە ئەگەر مرۆڤێک تەنها بە دێو بناسرێت، ئەوا پرسیارە گرنگەکان ون دەبن. ئەو پرسیارەش ئەوەیە کە چۆن گەنجێکی تەندروست دەگاتە ئەو باوەڕەی کە کوشتنی مرۆڤێکی نەناسراو خزمەتێکە بە خودا؟
ڕوشدی وێنای گەنجێک دەکێشێت کە ژیانی ناوەوەی بەتاڵە. پەیوەندییەکی قووڵی بە خێزان و کۆمەڵگا نییە، ئاراستە و ئامانجی ژیانی دیار نییە، و بە هۆی ئەو بۆشاییەوە، ئامادە دەبێت مانای ژیانی لە دەستی بیرۆکەی توندڕەوە وەربگرێت. کاتێک مرۆڤ خۆی لە هیچ شتێکدا نەبینێت، زۆرجار بیرۆکەیەکی ڕەها دەتوانێت جێگای هەموو شت بگرێتەوە بۆی.
لە کتێبەکەدا هەست دەکرێت هێرشکەرەکە تەنانەت خۆشەویستی دایکی خۆشی بە نرخێکی کەمتر لە ئەو بیرۆکە ئاینییە دەبینێت کە پێی وتراوە. ئەمە قووڵترین تراژیدییە،  کاتێک مرۆڤ ئەوەندە دڵبەستەی ئایدیایەک دەبێت کە دڵبەستەییە مرۆڤییەکان، وەک دایک، باوک، هاوڕێ و ژیان، هەموویان لەبەرچاوی بچووک دەبنەوە . ئەو کاتە ئایین، کە بۆ زۆر کەس سەرچاوەی میهرەبانی و واتای ژیانە، لە دەستی توندڕەواندا دەبێتە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی بەزەیی لەکۆمەلگادا .
ڕوشدی لێرەدا شتێکی گرنگ دەڵێت:  هێرشکەرەکە تەنها هەوڵی وێرانکردنی ژیانی  سەلمان ڕوشدی نەدا، بەڵکو  ژیانی خۆشی وێران کرد. گەنجێک کە دەتوانی ژیانێکی ئاسایی هەبێت، خێزان پێکبهێنێت، کار بکات و خەونەکانی بدۆزێتەوە، بەڵام هەڵبژاردەیەکی بنیاتنراو لەسەر نەفرەت، هەموو ئەو داهاتووەی لێ ستاندەوە.
لە کۆتاییدا، کتێبەکە وادەکات بیر لەوە بکەین کە توندوتیژی تەنها قوربانی لێناکەوێتەوە بۆ ئامانجەکە  بەڵکو  تەنانەت ئەو کەسەش دەبات  کە ئەنجامی دەدات. ئەو گەنجە پێی وابوو "لە پێناوی خودا" کارێکی پیرۆز دەکات، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ژیانی خۆی بە زیندان و ناوی خۆی بە بکوژێکی شکست خواردوو تۆمارکرد . ئەوە یەکێکە لە تراژیدییە گەورەکانی کتێبەکە.چەقۆ وەک هێما یەک  ناوزەند دەبێت ، هیمایەک بۆ ڕۆحکێشان .
ڕوشدی پێمان دەڵێت کە چەقۆ تەنها ئامرازێکی هێرش نییە، دەبێتە هێمای ترس، نەفرەت و هەوڵی بێدەنگکردنی بیری جیاواز.
هەرئەمەیە  ڕوشدی هەوڵ دەدات ئەو چەقۆیە بگۆڕێت بۆ ماددەیەکی ئەدەبی، واتە ئەو شتەی  کەبۆ کوشتنی هاتبوو، دەکاتە هۆی نووسین.
شکستی توندوتیژی. هێرشکەر توانای بریندارکردنی جەستەی هەبوو، بەڵام نەیتوانی دەنگ و خەیاڵی نووسەر بکوژێت.
ئەمە وەک سەرکەوتنی هێزی وشە بەسەر هێزی چەقۆدا پیشان دەدرێت.
مرۆڤایەتی و بەدەنگەوەهاتن .
ڕوشدی زۆر سوپاسی پزیشک، پەرستار و هاوسەرەکەی دەکات.
ئەوە وادەکات کتێبەکە تەنها باس لە ڕق و توندوتیژی نەکات، بەڵکو باس لە میهرەبانی و هاوکاریش بکات.
هێرشکەر
جێگەی سەرنجی خوێنەرە  کە ڕوشدی زۆر جار ناوی هێرشکەر بەکارناهێنێت.
وەک ئەوەی دەیەوێت بڵێت: "من ناوم و کتێبەکانم گرنگن، نەک ناوی کەسێک کە هەوڵی کوشتنمیدا."
ئازادی ڕادەربڕین
کتێبەکە بەرگرییەکە لە مافی نووسەر بۆ نووسین، تەنانەت ئەگەر هەندێک کەس پێی ناڕازی بن.
ڕوشدی بانگەشەی ئەوە ناکات کە هەموو خەڵک پێویستە لەگەڵی هاوڕا بن، بەڵکو دەڵێت جیاوازیی بیر نابێت بە هۆی کوشتن یان هێرش بێت بۆئەوەی وەک تۆ بیرناکاتەوە .
ئەوەی بە ڕای من قووڵترین پەیامی کتێبەکەیە ئەوەیە کە نووسین دەتوانێت وەڵامی توندوتیژی بێت. هێرشکەر دەیویست کۆتایی بە چیرۆکی ڕوشدی بهێنێت، بەڵام ڕوشدی هەمان ڕووداوی کردە بنەمای نووسینی کتێبێکی نوێ. لەو مانایەدا، ئەدەب لە کتێبەکەدا دەبێتە شێوەیەک لە بەرخۆدان.
ڕۆمانی  "ئایەتە شەیتانییەکان" لە ساڵی ١٩٨٨ بڵاوکرایەوە. ڕۆمانەکە کاری ئەدەبییە، نەک کتێبێکی فەقهی یان مێژوویی. تێیدا ڕوشدی سوود لە خەیاڵ، هێما و ئەفسانە وەردەگرێت و هەندێک لە چیرۆکە ئاینییەکان بە شێوەیەکی ئەدەبی دووبارە دادەنێت. بۆ هەندێک موسڵمان، ئەم شێوازە بە سووکایەتی بەرامبەر پێغەمبەر و پیرۆزییەکانی ئیسلام لێکدرایەوە و لەبەر ئەوە تووڕەییەکی گەورە دروست بووبەرامبەر نووسەر ، بەڵام هەندێک کەسی دیکەش دەڵێن ڕۆمانەکە مافی ئەدەبی نووسەرە بۆ بەکارهێنانی خەیاڵ و ڕەخنە.
لە چەقۆدا  بە ڕای من، ڕوشدی زیاتر لەوەی ئیسلام وەک ئاین بخاتە ژێر پرسیار، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەخاتە ژێر پرسیار کە پێی وایە لە پێناوی خودا دەتوا
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست