<

لە کانی ماسییەوە بۆ تاران، ڕەووتی ژیانیی باوک و کوڕەکان

15/07/2026, 16:19 (GMT+1)
• شۆڕشەکانی کورد و سەرکردەیەتی سلیبریتی حیزبەکانی
بۆ ئێمەی کورد، کە یەک چرکە نابێت لە بیرمان بچێت کە داگیر و دابەشکراووین، دوو واژە و دووپەیوەندی هەیە کە لە ژیانی ئێمەدا وەک نەتەوە، یا زۆرینەی نەتەوەکە، بزووتنی ژیانمان دیاری دەکات و ناچارمان دەکات کە دەبێت هەڵوێست وەربگرین و کاردانەوە لە خۆمان پێشان بدەین، دەنا دەچینە ناو ئەو ڕیزە کوردانەوە کە مردوون، یا ڕیزی ئەوانەی کە لەگەڵ داگیرکردنەکە و لێکەوتەکانی داگیرکردنەکە ڕاهاتوون و بە چالاکیی هاوبەشی بەردەوامبوونیشین. ئەوەش بریتین لە: دابەشکردن و داگیرکردن.
حاڵەتێکی زۆر سەیر و سەمەرەیە بۆ کوردێک، کە بینینی جەندرمەیەکی عەرەب، فارس و ترک، تەنانەت بینینی عەرەبێک، فارسێک و ترکێک، هەڵوێستەی پێنەکات و نەیخاتە ناو خەیاڵ و هزرکردنەوە کە ئەم جەندرمانە و ئەم کەسانە چی دەکەن لە وڵاتی ئەودا؟!. خۆت ماندوومەکە بەدوای بەهانەدا مەگەڕێ بۆیان، من لیستەی بەلایەنی کەمەوە سی ملێۆن بەهانەی عەقیدەتی، مرۆڤایەتی، سیاسی، بازرگانی، جوگرافیایی، مێژوویی و دبلۆماسی و تێکەڵاوویی خێزانی و ژن و ژنخوازی سی ملێۆن کوردم لە سنگدایە و هەموو ڕۆژێک دەیخوێنمەوە، زەردەخەنە نەیەتە سەر لێوەکانت، ئەم وتارە کورتەشم! هەر لەو سی ملێۆن بە هانەیەی ڕەشە کوردەکە و فشنبیرە کوردەکەوە هەڵهێنجاوە، سەر سووڕمانەکەشم هەر لەو لیستەیەوە بۆ دروست بووە، ئەو پرسیارەشم هەر ئەو لیستەیە هێنایە بەر زەینم.
شۆڕشەکانی نەتەوەکە سووتەمەنییەکانیان بەخشینی خوێنی(كچان و کوڕانی لاوی) کورد بوون، ئەوان لەو ساتەوە کە ماڵی باوانیان بەجێهێشت و تا ئەوەدەمە پیرۆزەی دواهەناسەیان دا و بۆ لای کوردستان گەڕانەوە، هیچ گوومانی تێدانەبووە/ تێدا نییە کە بۆ یەک مەبەست بووە، کە ئازادی نەتەوەکە و کۆتاییهێنان بووە بە داگیرکردن و دابەشکردن، ئازادیی تەنیا عەقیدە و بیر و لێکدانەوەی ئەو لاوانە بووە، دەنا هیچ شتێک ئەوە ناهێنێ کە کیژێک و کوڕێکی کورد، ژیانی خۆیانی پێشکەش بکەن، تەنانەت ژیان خۆشی، کەواتە لای ئەوان (ئازادی) لە ژیان بەماناتر و بەنرختر بووە، بۆیە وا ئەویندارانە چوونە شەڕی ئەو داگیرکەرانەوە.
ئەم شۆڕشی عیشقە و ئەم گەڕان بە دوای دڵبەرەدا، بە بەردەوام بوونی، زەمینەی دامەزراوەی دی بەرهەمهێنا، دیوێکی نایەتی و ناشرینی نەبیراو، کە دیسان سووتەمەنییەکە مێژووی گەشاوەی خوێنی ئەو کیژ و کوڕانەی کوردبوون/ هەن، سەربووردەی شەهیدان، کێ بووە خاوەنی ئەم ئاوازە خۆشە و ئەم سەربووردە پیرۆزە، چەند سەرکردە و ڕێکخراو و دەستە و تاقم، کە بە تێپەڕینی کات، فێری یارییەکە بوون و هاوکێشە سۆزدارییەکانی ئەم (وتارە)یان شیکارکرد و کردیانە پەیژەی سەرکەوتن، کورسی فەرمانڕانیی و بازرگانییەکی بە برەو و ڕەواجدار، ئێستا ئەوان وان لە ئامێزی خاکی کوردستاندا و خوێنی ئەوان کۆمەڵێک سلیبریتی خۆڕانەر، خۆدەرخەر و تەنانەت، تا ڕادەی دژەکوردی، کە بە هەزار و یەک  داوی عەقیدەتی، ڕەفتاریی، خۆبەکەم و بچووکزانیی و بازرگانی شارەزای وابەستە بە داگیرکەرانی نەتەوەکەی لێدروستبوون، کە وەک مەیلییان دەیهەوێ و بارودۆخی حیزبیان حەزی لێیە و مەرامەکانی خۆیان ئاواتی پێدەخوازێ، مەسەلەی نەتەوەیەکی دابەش و داگیرکرا و لە سمینار، کەناڵی مێدیایی، ڕۆژنامە و سایت و کۆبوونەوەکاندا، با دەدەن و دەیهێنن و دەبەن، بێ ئەوەی پرسیان بە نەتەوەکە کردبێت، یان جارێک لە جاران، دوای وتاردانیان، گوێیان بۆ کاردانەوەی نەتەوەکە گرتبێ، سەربەخۆ وەک یەکەیەکی کە خۆی بە خاوەنی نەتەوەیەک بزانێ، پێشنیازی ناقۆڵا بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی کورد دەکەن و زۆرجاران، بە ئومێدی دەستگیربوون لە کورسییەک و پلەیەک، مامەڵەی سەیر و سەمەرە و کوشندە، بە نەتەوەکەوە دەکەن.
لە نیشانەکانی:
- کاتێک کە بارودۆخی نەتەوەکە، داوای یەکێتی (هێز و بیری) دەکرد، ئەوان خۆیان دابەش دەکرد بەسەر دەستە و تاقمی نوێدا، کەواتە سوودەکە لای ئەوان لە دابەشکردندا بووە، نەک یەکێتی نەتەوەکە.
- لە مێژووی حەفتاو هەشتا ساڵەی ئەم تاقم و دەستانەدا، نەمان بینی و نەمان بیست، کە سکرتێری یەکێک لەم دەستەو تاقمانە، خۆبەخشانە، واز لە دەسەڵاتەکانی بێنێ و بە نەتەوەکە بڵێت کە من ئیتر وەک ڕاوێژکارێک بۆ مەسەلەی نەتەوەکەم، درێژە بە خەباتی کوردایەتی خۆم دەدەم!!!.
- لەسەر بەرپرسیاربوون و سکرتێربوون و دەسەڵاتە حیزبییەکان، شەڕی خوێناویان بە کچان و کوڕانی کورد کرد، هەمووشی بە ناوی نەتەوەکەوە ئەنجامیان دا. لەم سی و پێنج ساڵەی دوایشدا لە ژێر بەناو ئاڵای کوردستانیشدا ئەم خیانەتە نەتەوەییانەیان کردووە.
- لەهیچ یەک لەو کارەساتە نەتەوەییانەی، کە بنەماکانی ڕوودانیان، سیاسەتی نانەتەوەیی سەرکردەیەتی حیزبەکانی بوون، پەرۆشییەکی نەتەوەییمان لە سەرکردەیەتییەکانی نەبینی، کە خۆیان بکەنە پێشەنگی بەردەوامبوونی شۆڕشەکانی، نا، بنەمای کارەکە لای ئەوان، پارێزگاری بەرژەوەندییە بنەماڵەیی و حیزبییەکان بوون، چوونکە حیزب، کۆمپانیایەکەی ئەوانە و ئامڕازیی بەردەوامبوونی بازرگانییەکی ڕەواجدار، ئەوان بەبێ حەشاماتی حیزب، دەبوونە دارێکی ڕووتەڵە و دەواری شڕی بەردەم ڕەشەبا. ئەوان لە چاوی بنەماڵەوە نەتەوە و ئازادیی و ڕزگاریی نەتەوەیان دەبینی، نەک پێچەوانەکەی، بۆ ئەوەش پێش ئەو کەسانەی حەشاماتی حیزبی بکەوم، بەر لەوەی دەمیان بکەنەوە، دەپرسم: ئایا هۆی ئەوە چی بووە/ چییە کە هەر لە سەرەتای شۆڕشەکانەوە، کوردی شەڕافەتمەند و کوردستانپەروەر، کە زۆرینەیان سەرکردە و فەرماندەی بە ئەمەکی نەتەوەکەیان بوون و لە پێشەنگانی ڕۆشنبیریی و دڵسۆزانی کورد بوون، هەر لەو سەرەتایانەوە دەکوژران و گیانیان دەبەخشی( دەڵێم دەکوژران، چوونکە من گوومانم لە گیانبەخشینی ئەو گیانە پیرۆزانە هەیە، کە ناکۆکی و سەدبەرەیی و چاوچنۆکی و خۆپەرستی ناو سەرکردەیەتییەکان، هۆی کوژرانی ئاوا زووی ئەو ئازیزانەمان بوون، زەمینەی شەهیدبوونیان بۆ دەڕەخساندن، تەنانەت بە دەستتێكەڵکردنیش لەگەڵ بکوژەکانیان)دا.
• ئاوڕدانەوە لە هوونەری داگیرکردن
کلتوور، هەموو بەرهەمە مرۆییەکانی بیرکردنەوەی نەتەوەیەکە، کە لە ڕەفتاریدا خۆی دەنوێنێ، لە دوو تەوەرەش زیاتر تێناپەڕێ لە حاڵەتی داگیرکەر و داگیرکراودا : یا ئازادیخوازە، یا دژ بە ئازادییە. دەسەڵاتە تاکڕەو و تۆتالیتێرەکان، دژ بە هوونەری ئاوێنەی ئازادین، نووسەران، مێدیاکاران، ڕۆناکبیران و قەڵەمە ئازادیخوازەکان، تیرۆر دەکەن یا لە زیندانەکانیان توند دەکەن. ئەوەی من دەمەوێ باسی بکەم، کلتوور و هوونەری نەتەوەگەلێکە کە نەتەوەی تریان داگیرکردووە و خاکەکیان لێ زەوت کردووە، لە حاڵەتی کورددا (من نووسەرێکی کوردم، باسی نەتەوەکەی خۆم دەکەم، ئەگەر نەتەوەیەکی تریش هەمان حاڵی نەتەوەکەی منی هەبێت، ئەوا باسەکەم، بۆ ئەو نەتەوەیەش بەراستدەگەڕێ)، من دوو کارەسات بەرۆکی گرتووم، دابەشکردن و داگیرکردن، کەواتە لەم حاڵەتەی مندا نووسەرانی نەتەوە داگیرکەرەکە، لێپرسراوی زۆر مەزنتریان لە ئەستۆدایە، کە زۆر لە وە گەورەترە کە بەرهەمێکیان قەدەغە بکرێت یا لەلایەن دەسەڵاتەکەیانەوە سانسۆر بکرێت. پێوانەی من بۆ هەموو بەرهەمێکی نووسەرانی نەتەوەی داگیرکەر ئەوەیە: کە ئایا ئەم بەرهەمە باسی داگیرکردنێک دەکات کە نەتەوەکەی خۆی لێپرسراوە لێی یا باسی خەیاڵی خۆی نووسیوەتەوە؟!. لای من لە ئێران، توورکیا و ٢٣ دەوڵەتی عەرەبیدا، ئەگەر بەرهەمێکی هوونەری باسی ئازادی کوردیی نەکرد، چ نرخێکی مرۆیانە و هوونەریانەی نییە، نەک هەر ئەوە بەڵکو هاوبەشییەکی چالاکانەشە لەو تاوانانەی کە دەرهەق بە نەتەوەکەی من دەکرێن. بە زمانی داگیرکردنی من نووسیویەتی، زمانێک کە بە دەیان هەزار فرمانی قەدەغەکردن، کوشتن، سووتان، وێرانکردن، پەلامار، لەسێدارەدان و ئاوارەکردنی زۆرەملێی پێنووسراوە، ئایا ئەم هەموو تاوانانە دەرهەق بە میللەتێکی داگیرکراو، بایی ئەوە سەرنجی کابرای فشنبیری نەتەوەی داگیرکەری ڕانەکێشا، کە پرسیارێکی لا درووست بکات؟! پرسیارێک کە سەرەتای هەموو پرسیارەکانی تری هوونەر و کلتوورە لە ناو کۆمەڵگایەکی داگیرکەردا، چوونکە ئازادی تەنیا یەک پێناسەی هەیە، ڕوخسارەکەشی یەک ڕوخسارە، تا کۆتایهێنان بە داگیرکاری نەتەوەی داگیرکەریشەوە، دەبێت پرسیاری یەکەم و ئاخری نووسەرانی بێت، دەنا ئەوەی دەینووسن و بەرهەمی دێنن، مەکینەی درۆ و پاساوی داگیرکردنن، واتە نووسەرەی نەتەوەی داگیرکەر جەندرمەیەکی قەڵەم بە دەستن، بە بیرکردنەوە و مەرامیان، کە تفەنگەکانی لەشکری داگیرکەری نەتەوەی سەردەست ئاڕاستە دەکەن.
"من، دەمردم
تۆ، شیعرت بۆ سێوێک دەنووسی
من، دەسووتام
تۆ، وێنەی ژنێکی رووتت دەکێشا
من، دەخنکام
تۆ، گۆرانیت بۆ شەپۆلەکانی زەریا دەگووت"(١)
کوا ئەوانە دڵبەری منن؟! من دڵبەرەکەی خۆم دەناسمەوە،
باڵای
چاوی
ڕێکردنی
مۆسیقای دەنگی،
دڵبەرەکەم، من دەناسێتەوە، ئەوانەی تۆ پیشانت دام، هیچیان هەو نەبوون.
" ئەوەتەی گڕڕ هەیە
دەسووتێم
ئەوەتەی ئاو هەیە
دەخنکێم... ئەوەتەی تیغ هەیە قوربانیم
ئەوەتەی خاک هەیە، بێ خاکم
ئەوەتەی شاخ هەیە من تلۆر دەبمەوە و
ئەوەتەی دار هەیە
لێی دەدرێم"(٢)
ئەوە منم، من خۆم دەناسمەوە، دڵبەرەکم دەناسمەوە، ئەو دەزانێ من هەر بەتەنها بەدوای ئەودا وێڵم
" ئازادیی من،
نە سیوێکە و
نەژنێکی ڕووتە و
نە گۆرانی
ئەو منداڵێکی کوردی هەتیووە
لە بەر بێبەرگی مەیلی هەتاو دەکا
چاوی لێیە، سێ جەندرمەی فارس و ترک و عەرەو
لەسەر کانییە کوژراوەکە
دایکی ئەویان ڕووت ڕووت کردۆتەوە و
بەدەم هەنسکی گریانەوە، لە خۆی دەپرسێ
کێ ئەو مافەی بە ئێوە داوە ئازاری دایکم بدەن؟!
ئای گیانەکەم ئای گیانەکەم
هەم ئاسمان و هەم یاساکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە دەڵێ:
ئێران، دەوڵەت نەتەوەیەکە و ئەوەی دەیکات، پەیوەندی ناوخۆی خۆیەتی
ترک دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و کەس ناتوانێ ڕۆبچێتە ناو کێشە ناوخۆییەکانییەوە
بیستوسێ دەوڵەتنەتەوەی عەرەبی، وڵاتانی سەربەخۆن و بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتان، کەس بۆی نییە لە کێشەکانی ناوخۆیان بپرسێتەوە
گیانی گیانم
ئەوان کتێبێکیان پێیە
دەڵێ: بیانکوژن
نامەیەکی خەلیفەیان پێیە
دەڵێ: ئاگرپەرستن، سەریان بڕن
تۆمارێکیان پێیە
دەڵێ: هەقتان هەیە ژنەکانیان"سەبی" بکەن
ڕێ پێدراون گیانی گیانم، ڕێ پێدراون
هەم لە خودای حەوت ئاسمانەوە
هەم لە خواکانی سەر ئەرزەوە
ڕێ پێدراون گیانی گیانم"(٣)... .

• ڕەووتی ژیانیی باوک و کوڕەکان
ڕۆژی ١٥-٠٥- ١٩٦٨ لە کانی ماسی، کە گوشتارگای ئازادیخوازان و نەیارانی، بنەماڵەی بەرزانی بوو، هیوایەکی ڕۆژهەڵاتی، بە ئومێدی پشتیوانی درێژەدان بە شۆڕشی کوردایەتی، لەگەڵ چەند هەڤاڵیدا ڕوویان لە دەڤەری باشوور کرد، کە بنەماڵە بەرپرسیار و فەرمانڕانی ناوچەکە بوون و ئیتر ماوەی چەندساڵێک بوو ڕەگیان داکووتابوو، تاوانی گەورەیان بەرانبەر بە کورد ئەنجامدابوو. کا سلێمانی موعینی کە سەرپەرشتی کۆمەڵێک ڕۆشنبیری دەکرد، کە ئامانجی یەکەمیان ڕزگارکردنی مەسەلەی کورد بوو لە ڕۆژهەڵات، کە حیزبی توودە لە ڕووی هزر و ڕێکخستنەوە، باڵی بەسەر حیزبی دیمۆکراتی ئێراندا کێشابوو، بەپیلانێکی پیسی بنەماڵە، ئەو ڕۆژهەڵاتیانەی ناو حیزبی دیمۆکرات کە ببوونە کۆیلەی بنەماڵە، توودەییەکانی ناو حیزبی دیمۆکرات و ساواک، دەستگیری دەکەن: وەکو شاخێک بێت و قسان بکات، پێیان دەڵێت: "خۆتان بمکوژن و هەر لێرە لە کوردستان تەرمەکەم بەخاک بسپێرن، بەڵام مەمدەنەوە بە ساواکی ئێرانی". ئەوە یەکەم ڕچەشکاندنی ئەو ڕێبازە پیسە بوو، کە کوشتنی کوردی بەدەستی کورد و ڕادەستکردنەوەی تەرمی شەهیدی کوردی بە دوژمنانی دێرینەی کورد، کردە باو و ڕەفتارێکی ئاسایی لە ناو بزووتنەوەی کورددا. ئەم ڕێبازە درێژە دەکێشێ و تا دوێنێ ئەم میراتە چەپەڵە، لە ئیدریسی باوکەوە بۆ نێچیری کوڕ، جارێکی تر، هەموو دەڤەری ڕۆژهەڵات غەمگین و تووڕەدەکات.
• ئایا ئەو ڕەفتار و هەڵویستەی نێچیر، دەبێت مایەی نیگەرانی بێت؟
ڕەفتارێک کاتێک دەبێتە مایەی نیگەرانی و ئازارت دەدا، ئەگەر لە کەسێکی دڵسۆز، ویژدانزیندوو، بە ئەمەک، خاوەن ژیریی، ڕابووردووپاک و کوردستانپەروەر و خەسڵەتە مرۆیی و نەتەوەییە بەرزەکانەوە بێتە کردن. باوکی ئەو ئەندازیاری ئەو پەیوەندییە توند و تۆڵە بوو، کە پێشمەرگە تێکشکاو و کۆیلەکانی حیزبی بنەماڵەی دوای ئاشبەتاڵی سەر لە نوێ ڕێکخستەوە و کەوای خیانەتی نەتەوەیی لەبەرکردن و بوونە کەوا سووری بەر لەشکری، سپای پاسدارانی ئیسلامی ئاخووندەکان بۆ پاکسازیی گوند، شار و چیاکانی ڕۆژهەڵات لە ئازادیخوازانی کوردی ڕۆژهەڵاتی، ئەم کارەشیان هەم قۆنتەرات بوو، هەم ترس لە بزووتنەوەی کوردایەتی ڕۆژهەڵات، ئایا پیتان سەیرە و عاجباتییە کە کوڕی ئەو بکوژە، وەسپ و سەنای دکتاتۆرێکی ئاخووندی وەک خامەنەیی بکات؟! مەگەر ئێوە شەڕی سنە و ناسری سەلیمی و براکەیی و سەدان کچ و کوڕی ترتان لە بیرچۆتەوە، کە قیادەموەقەتە، وەک ئەڵقە لە گوێی فەرمانەکانی ئاخووند خلخالی، گوولەبارانیان کردن بەدەم وتنەوەی سروودە ئاینییەکانی ئاهەنگەرانی فارسەوە؟!  چ خەسڵەتێکی کوردستانی و نەتەوەیتان لە مێژووی ئەم بنەماڵەیەدا، لا پەسەندە وا بە قسەی کوڕی خیانەتمەندێکی نەتەوەیی، نیگەران و تووڕەدەبن؟! بە پێچەوانەوە، گەل دەبێت پرسیاریی ئەوە لە ئێوە بکات: کە لەپای کام خزمەت و هەڵوێستی نەتەوەیی ئەم بنەماڵە خیانتمەندەدا چاوەڕوانیی ڕەفتاری قۆڕی ئاواتان لێیان نەبووە/ نییە؟! بەقسەی کۆمەڵێک ڕۆژهەڵاتی فشسم(فشنبیرانی سوشیال مێدیا)، تەفرەمەخۆن، ئەوان وێنەیەکی ئاوەژوویان لە بنەماڵە و حوکوومەتەکەیان، لەلای ئێوە نەخشاندووە، کوردایەتی ئەوان، بەربەستێکی ڕاستەقینە بووە/ هەیە، لەبەردەم کورد و کوردایەتی و گەشەی بیری نەتەوەیی لە کوردستاندا، سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی کوردستانی مەزن، ڕەگەگەی وا لە ڕەفتاریی دژە نەتەوەیی مەلایی و جەلالیدا، پێویست ناکات لیستی تیرۆری لاوانی ئێوە لە هەرێم و سووکایەتی و بێڕەوشتی لەلایەن بەرپرسەکانیانەوە بە کچان و خوشکانی ڕۆژهەڵاتی وەبیری ئێوە بێنمەوە، ئێوە خۆتان لەو زەلکاوەی حیزبیی باشووریدا ژیاون، پاکانەکردن بۆیان، دەبێتەوە بەخیانەتی بەچکەی خیانەت لە حەقیقەت. ئەوانن خاوەنی ئەو دیسکۆرسە فەلسەفی و زانستییە باڵایە!!! کە دەڵێن: "ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت، خۆ شۆڕشمان پێ تێکدەدرێت"، هەرواشیان کرد و بە موو لەم ڕێبازە لایان نەدا، لە هەر بستەخاکێکی ئەم نیشتمانە داگیرکراوەدا، بزووتنێکی سەر بەنەتەوەکە، سەری هەڵدابێت، ئەوان یەکەم دڕکیان لە ڕێگایدا چاندووە، چوونکە لە خەیاڵی نەکوڵاویاندا، هەر بەتەنیا ئەوان خاوەنی کوردستان و خاوەنی کوردن. ئیوە بە ڕاپەڕینی شکۆداریی ژن ژیان ئازادییەوە، کە ڕیشەکەی لە کلتوورێکی ئازادیخوازیی بەردەوامەوە ئاو دەخواتەوە، چۆن دادەبەزنە ئاستی کلتوورێکی خیانەتمەند و تەمای کوردبوون و کوردایەتی لە بنەماڵەیەک و دووبنەماڵە و....هتد، خیانەتمەند دەکەن؟!
• ڕوخسارە دەمامکدارەکانی، حیزبی بنەماڵە لە باشووردا
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە مەلایی و جەلالی، لە ناکۆکیدا دروستبوون، لە ناکۆکیدا گەشەیان کرد و بە ناکۆکیش دەژین و مانەوەیان هەر لە ناکۆکیدایە، ناکۆکی نێوان کورد و کورد، گوند و گوند، شار و شار، ئیستاش دەڤەر و دەڤەر، ئەم سەردەمە ئاسانترین سەردەمە بۆ خۆڕانان، دەرکەوتن، خۆدەرخستن و پەیوەندی گرتن، بەهۆی ئامڕازەکانی سوشیاڵ مێدیاوە، حیزبەکانی بنەماڵە لە باشووردا، وەک هەنگوینیان لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە، بە پارەی پیترۆدۆلاریی دزراو(کە موڵکی تاڵانکراوی نەتەوەی کوردە)، بە سەدان و هەزاران، کەناڵی دەستەجەمعی، کەناڵی تاک نەفەری، ژووری مێدیایی، مایکرۆفۆنی تاکو جووت، ژنانیی مێدیایی، پیاوانی مێدیایی، بەرنامەی ئاڕاستەکەر و پڕۆگرامیان دەستبەسەردا گرتووە و گوژمە دۆلاری خەیاڵی لێ سەرفدەکەن، بۆ دروستکردنی (گوومان، دووبەرەکی و ناکۆکی)، ئێستا کە ئارخەیانبوون لەوەدا کە تۆویی ناکۆکییەک کە ئەوان چاندیان و زەریایە خوێنی لاوانی کوردیان بەناهەق ڕژاند، لە باشووردا هاتۆتەبەر و ئەوان بەرەکەی دەچننەوە، ئێستا چاویان بڕیوەتە ڕۆژهەڵات، پارچە فرە ئازیز و ستوونەمەزن و گرنگەگەی قەڵای نیشتمانی کورد و نەتەوەی کورد.
• بۆچی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێندە گرنگ و بایەخدارە؟!
ئەم دەڤەرە ئازیزەی کورد، لە ڕووی ڕووبەری جوگرافیایی و ژمارەی کوردەوە کە لەوێندەرێ خەبات و تێکۆشان دەکەن، لە پاش باکووری کوردستانەوە، دووەم ئەڵقەی مێژوویی نەپساوی بیرکردنەوەی کوردییە، زۆر لە باکووریش گرنگترە ، سەبارەت بە هەڵکەوتەی سیاسی- ئابووری و پاشخانی کلتووری کوردی. هەر لە سەرەتای ژین و ژیارە کوردستانییەکەوە، ڕۆژهەڵات مەڵبەندی بزووتنێکی کوردیی نەپساوە و بیرکردنەوە بووگە، کە تیشکی پرشنگداری هزری کوردی، جا لە تەوژمی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەراندا بووبێت، یا خود لەو کەشکەلانەی ئەدەب و مۆزیک و خۆڕانانی کلتووریی کوردیدا بووبێت، پێشەنگ بووە و ڕووناکییەکەی گەیشتۆتە هەموو مەڵبەندێکی تری کوردی کوردستانە مەزنەکە. لە ڕووی سیاسی و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و فەلسەفەی هزرکردنی کوردییەوە، ڕۆژهەڵات مەڵبەندی لەدایکبوونی بیرکردنەوەی کوردییە (کوردایەتی) کە هەر دەبوو دامەزراوەیەکی ئاوا کوردستانی باڵا بەرز و شۆخی وەک (کۆماری کوردستان)ی لێ بەرهەم بێت، بەرهەمیش هات و پەیامە کوردستانییەکەی گەیاند و ڕچەکەی شکاند و ڕێبازەکەی نەخشاند و کلیلەکەشی دایە دەست نەتەوەکە، جا سەرکردەیەتی تاقم و دەستە سیاسییەکانی پاش کۆمار، بۆچی؟ و لە پای چیدا؟ کلیلەکەیان گوومکرد، ڕچەکەیان کوێرکردەوە و ڕێبازەکەیان گۆڕی، مێژوویەکی خەمناکە، لە هاواری ژنان، کچان و کوڕانی ڕۆژهەڵاتدا، یەخەی بە سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکانی گرت و زارا پێی وتن: من نەوەیەکی تر پەروەردەدەکەم، لە جنسی ئێوە نەبێت، زەینەب پێی وتن: من بەیداخی تێکۆشانتان لێ وەردەگرمەوە و خۆم پێشەنگایەتی ئەم بزووتنە کوردییە نوێیە دەکەم و ئابڕووی تکاوی سەرکردە پیاوەکانی کورد کۆدەکەمەوە.
ڕۆژهەڵات سنووری بەرگرییە لە شکۆی کلتووری کوردی، لەو شوێنەدا کە سنووری بیرکردنەوەی هەندێ لە کوردستانیان لە ڕۆژهەڵاتدا تێکەڵ بە زەینی کلتوورێکی وەک زەینی مەیلە و خزمێک دەبێت و ناوچەیەکی لێڵ دروست دەکات و هزرەکان ئاڵوودەدەبن و زۆر جاران دەکەونە خزمەتی لێکجووداکردنەوەی کورد و کوردەوە، ئەو سنوورە سنووری کلتووری (فارس)ە، کە کلتوورێکی درۆزنانەی، پەلاماردەری، لووتبەرزی، فشەڵی زماندرێژییە. لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتدا بنەمای بیرکردنەوە ڕۆحیەکانی نەتەوە سەرهەڵدەدات و فۆڕمێکی تایبەت بە ژیان و ژیاریی کوردی بە خۆوە دەگرێت و دەبێتە ئاوێنەی(هزرکردنە کوردی)یەکە سەبارەت بە ژیان و ئەرکی مرۆڤبوون و گەیاندنی پەیامێکی گەردوونی زۆر قووڵ، کە هەموو هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ئایندەی کورد، تاوەکو ئێستا دیاری دەکات. بیرمەندی فەیلەسووف و لە پێشەنگەکانی فەلسەفەی نەتەوەیی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد، کە لە هەموو فەیلەسووفەکانی دنیای بیر و هزرکردنەوە، لە ئێمە نزیکترە چوونکە کوردە و لە خۆمانە، دەڵێت:" ئێمە خاوەنی زمانی خۆمانین و هەرچییەکی لە ئاڤێستا و ئاینی زەردەشتدا هەیە پەیوەندیان لەگەڵ زمانی ئێمە نزیکترە و لە ویژدانی پیاوێکی کوردەوە هەڵقوڵاوە و ئەو ناڕازیبوونەی کە لاملێک دەریدەبڕێ گوایە خۆبەستنەوە بە زەخیرەیەک کە یەکلایی نەبۆتەوە، کارێکە ڕەتکراوەتەوە، چوونکە ڕازی بوون بەوە ڕاگەیاندنی خۆ بەدەستەوەدانە و هیچ زمانێک نییە ئێستای یەکلایی کرابێتەوە، لە کۆنەوە یەکلایی بووبێتەوە و عەرەب، کورد و ترک و عەجەم لەم لایەنەوە یەکسانن"(٤).
گرنگترین و بنەماییترین گۆڕانکارییەک کە لە دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی کوردەمادەکانەوە، لە نەتەوەی کورد لە ڕووی هزر و بیرکردنەوەوە ڕوویدا، دەستبەسەراگرتنی(ناوەرۆکی کتێبی پیرۆزیی ئاڤێستای زەردەشت) بوو کە هەم دەوڵەتیان پێسەرخست و هەم بنزاراوەیەکی زمانی کوردی(فارسی) یان پێکردە زمانی دەوڵەتێک و تەنانەت ئیمپراتۆرییەک، کە تەنانەت دوای ئەسکەندەر و ڕووخانی دەوڵەتی هاخامەنشییەکانیش، فارسی وەک زمانی نووسین و خۆدەربڕین و وەک کەلەپۆرێکی فارسی تەماشای کرا و تا ئێستا ٢٠٢٦ هەرچی لە ئاڤێستاوە گێڕڕاوەتەوە، چ لە دنیای ڕۆژهەڵاتناسان و ئەکادیمیکارەکاندا، تەنانەت بە لای زۆرینەی فشنبیرانی ئێستای عارەب و ترکیشەوە، وەک بۆماوەیەکی فارسی بۆی دەڕوانن و هەر لەم گۆشەنیگایەشەوە بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی(کورد) یش دەڕوانن!!!، جا بزانە کڵۆڵییەکە چەندە مەزنە، ئەگەر کوردێکی فشەڵبیر یا ئەکادیمیکارێکی کوردی خۆ بەکمزان، لە ٢٠٢٦ دا لەسەر هەمان ڕێچکە بیر لە خۆیی و بزووتنەوە نەتەوەییەکەی خۆی بکاتەوە، بزانە پلەی خۆ بەکەمزانینی چەند دابەزیوەتە خوارەوە!!!. خۆ ئەمە چیرۆک نییە لە گوێئاگرداندا، مامۆستای فەیلەسووف، بۆمان بگێڕێتەوە، یا منی خوێندکاری ئەو زانستەگە باڵایە، بۆتان بگوازمەوە، نا، هەموو شۆڕش و بزووتنەوە کوردییەکان، شەرافەتمەندیی و خیانەتەمەندییەکان، کە نەتەوەکە خاوەنێتی و بەرانبەر بە نەتەوەکە کراوە، ڕەگەکەی لەم شانازییە نەتەوەییە کوردییە و لەم خۆبەکەمزانینەوە سەرچاوە دەگرێ، کە گەیاندی بەوەی ئاسایی بێت، تەرمی شەهیدێکی کورد ڕادەستی داگیرکەرێکی مێژووی خۆت بکەیتەوە، یا ئاوا بە شان وباڵی داگیرکەری خۆتتدا شیعر و شانمە بهۆنییەوە و پەسەنی ڕەفتارەکانی دژ بەنەتەوەکەی خۆتی، بکەیت. ئەم ڕەفتارانە زۆر قووڵترە لە هەڵسووکەوتی دبلۆماسی و ڕاگرتنی پارسەنگەکان، ئەو وشانە وەک هەموو درۆکانی تری سەرکردەیەتی سیاسی کوردی، ساڵانێکی زۆرە هەم دەکرێنە پاساوی شکاندنە پیاوانەکانی یەک لە دوای یەکەکانی سەرکردەیەتی سیاسی کورد، کە هەمیشەش بنەماڵەکانی خۆیان دەربازکردووە و نەتەوەکەیان بە گورگانخواردوو داوە، هەم لەم ماوەی ٣٥ ساڵەی دەسەڵاتی بنەماڵە سیاسییەکانی کورد لە باشووردا، بوویە ئاوێنەی ڕەفتاری ڕاستەقینە و دەسەڵات ناخی ئەوانی بە ڕوونی بۆ نەتەوەکە دەرخست و ئەم ئاوێنەیە ئاوێنەیەکی کوردستانییە و وێنەی هەموویان پیشان دەدات، ئەوانەیان کە ملیاردێری کارخانەی شۆڕشی کوردن و ئەوانەشیان کە ڕیزیان گرتووە بۆ گەیشتن بەو دەسەڵاتە هەر لە ئێستاوە دژە کوردە.
بڵێی سەرکردەیەتی حدک و کۆمەڵەیش، لەو زۆنە لێڵەوە بۆ بنەماڵە سیاسییەکەی باشووریان ڕوانیبێت و چاوەڕوانی هەڵوێستی کوردبوون و کوردستانییان، لێکردبن، وا بە سانیی چوونە ژێرباڵیانەوە و دەیان پاساوی خەیاڵیان بۆ کوردستانیانی ڕۆژهەڵات هێنانەوە؟! کە یەکێکیان ئەوە بوو، لەبەر خاتری چاوی ڕەشی کوردانەی هەرێم، ئێمە خۆمان دەکەینە قوربانیی و چەکەکانمان دادەنێین و خەباتی مەدەنی دەکەین، کەچی یەکجاریش نەمان بینین لەو هەموو خۆپیشاندانانەی کوردانی باشووردا، هەڵوێستێک، تەنانەت بە بەیاننامەیەکیش، هاوسۆزیی و پشتگیریی بۆ داخوازییە ڕەواکانی چینەجیاوازەکانی باشوور لە دەسەڵاتە چەتەکەی، دەرببڕن؟!. خۆ کوردستانیانی باشوور، زۆر جیاواز بیریان لە ئێوە دەکردەوە، لە هەموو پێشمەرگەیەکی دیمۆکرات و کۆمەڵەدا، قازی محەمەدیان دەبینی و ئەگەر ڕۆژهەڵاتییەک رێی بکەوتایە دوکانێک و خاوەنەکەی لە کوردە شەرافەتمەندەکانی شاربایە، دەستبەجێ بیرەوەرییە پیرۆزەکانی ژێ- کاف، گۆڕەپانی چورچرا و ناوی شەهید قاسملۆ و کاک فوئاد، دەپەرینە ناو زهنییەوە و بە نیشانەی خۆشەویستی بۆ هەموو پیرۆزییەکانی ڕۆژهەڵات، دەستی بۆ سەر چاوانی دەبرد!!!.
بەڵام با هەموو فشسمەکانی ڕۆژهەڵات، زۆرینەی فشەڵبیرەکانی ئەدیمیاکانی ئەوروپا و ئەمێریکا، دەسەڵاتە ڕزیوەکەی باشوور، قەڵەمە کاسەلێسەکانی کویلەی دەربار، دەمهەراشەکانی مێدیاکانی باشوور، کە(کوردایەتی) قەڵبی تەفرەدەر و جل و جامانەی بنەماڵەکان، وەک زێڕ، بۆ کوردستانیانی ڕۆژهەڵات و باشوور وێنە دەکەن، باش بزانن، کە ئاسنی سارد دەکووتن، شەمەندەفەری شەرافەتمەندیی و کوردستانپەروەری ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکوور و باشوور، جێگای ئەوان نییە و بەجێی هێشتوون. ڕایەڵەی کوردستانی بوونی بزووتنەوەی کورد، زۆر لەوە پتەوترە و ڕیشەکەی وا لە ئاڤێستا و پەیامەکانی زەردەشتدا، هەر چۆن درۆ مێژووییەکانی فارسەکانی بەتاڵکردەوە و ڕوخساری گەشی شارستانەتی کوردیی دەنوێنیتەوە، هەرواش، ئەم پیلانە دژە کوردە، دەناسێتەوە با بەزمانی کوردیش بگووترێن و باسی برایەتی لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکان بە خوێنی لاوانی کورد، تا لە دوایدا ئەگەر سۆزیان بزوا وەک هاوڵاتی پلە دوو و سێ قبوڵمان بکەن، وەک وەهمێکی بێ بنەما بگێڕێتەوە. نەتەوەکە لە فیکەکانی ئێوە تێدەگات، سیاسی، دبلۆماسی، بازرگانی، ئەکادیمی، تیۆری، یا چەکداریش بێت، بە داوێنی بزووتنەوە کوردستانییە ئازادیخوازییەکەیدا، ڕا ناگات و سپای ڕزگاری کوردستان/ سرک، وەک هێزی یەکگرتووی نەتەوەی کورد، هەم نیشتمان و نەتەوەکە دەپارێزێ و هەم دەبێتە جێبەجێکاری فەرمانەکانی (دادگای گەل)ی کورد، بۆ لێپرسینەوە لە خیانەتمەندانی کورد و مێژووەخیانەتبارەکەیان، ئەو ڕۆژە نزیکە و ئێستا بەرێوەیە.... . ئەو ڕۆژە ڕابوورد، کە نەخۆشییە دەروونییەکانی سەرکردەیەتی کوردیی، بە کوردایەتی بە نەتەوەکە بفرۆشرێتەوە و لە پێناوی ئارخەیانبوونی ئەو دەروونە شێواوانەدا، کچ و کوڕی کورد، بکرێنە قوربانی کوشتارگەکانی ئێوە. ئێستا بەربەیانی ڕابوون، وشیاری نەتەوەیی و گەڕانەوەی کوردە بۆ لای نەتەوەکەی خۆی. پەیامی کورد: کوردستانییە و ئەرکی کورد: کوردستانییە و ئەگەر خۆبەخشینیش بێت: تەنیا و تەنیا بۆ ئازادی نیشتمانی کوردە و هیچی دی.
تۆ وەکو کورد، نابێت دابەزیتە ئەو ئاستەوە، کە بۆ داگیرکەران، جا لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا بێت، یا لەبەرکەوتنی کلتووریدا بێت لە دۆخە کلتوورییەکاندا لەگەڵ فشنبیرانی سیاسی و کلتووریی داگیرکەراندا، بەهیچ پێناسەیەکی تر خۆت ڕوونبکەیتەوە، جگە لە پێناسەی کوردبوونت. ئەوە تەنیا ناسنامەیەکە کە هەموو ناسنامەکانی ترت، پێدەبەخشێ، شاعیری نەتەوە، جەنگاوەری نەتەوە، سیاسەتمەداری نەتەوە، زانای نەتەوە، پیاوی ئاینی نەتەوە و خوێندکاری نەتەوە. خەیاڵبڵاوییەکی هزرکردن هەندێ جار، چ بەهۆی کارکردە دەرەکییەکانەوە(بەزۆری) یا کارکردە ناوەکییەکانەوە، یەخەی مرۆڤی کورد دەگرن، دەڵێ: من تەنیا مرۆڤم، بۆچی کورد مرۆڤ نییە؟ یا تائێستا کە کورد بوویت، مرۆڤ نەبوویت؟ بیرتچۆتەوە یا لێیان شیواندووی کە تۆ تا ئەم دەمی سەرگەردانییە، مرۆڤایەتیت لە ناو کوردبوونتدا ڕاهێنان دەکرد؟! بێگوومان تۆ خەریکی ڕاهێنانی مرۆڤبوون بوویت لەناو کوردبووندا، ئەمەش واتە (کوردبوون)، ناسنامەی مرۆڤبوونتی چەند بەرابەر بەهێزتر و ڕەواترکردووە. چوونکە هەڵوێستت نواندووە سەبارەت بە داگیرکەران، نەبوونی دەوڵەتی کوردی، ستەمی نەتەوە سەردەستەکان، درۆ و فیشاڵی ناو کتێبانیان و فێڵ و تەڵەی مەرامەکانیان!! بینیت (کوردبوون) ت چۆن ڕێکیخستی و کۆیکردیتەوە و لە سەرگەردانییەوە، کردتی بە جەنگاوەرێکی مرۆڤایەتی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا؟!!.
ئەو دەمەی، بەهەر هۆیەکەوە بێت، دەگەیتە ئەو حاڵەتەی کە دەکەویتە (خۆ ڕوونکردنەوە) و پاساوهێنانەوە بۆ ئەوەی کە لە ڕابووردوودا کردووتە و جا ژیوانبوونەوە لە ڕابووردووەکانت، ئەوە ئەو توێژاڵە تەنکەی نێوان وەفایە بۆ ئەوەی باوەڕت پێبووە کە ئەنجامت داوە و نێوان دەستبەرداربوونە لەو چرکە ساتانەی کە ئامادەبووی گیانتی پێ ببەخشی، لەوێدا دەبێت هەڵبژێری، یا بەردەوامی دەدەیت بە باوەڕەکانت، کە لە پراکتیکردنی ژیانتدا هەڵوێستە کوردستانییەکانت بوون، یا خۆت دەهاوییە ناو خەرەندی سڕینەوەت وەک مرۆڤێکی کورد، تێکۆشان بەر لەوەی بڕیارێک بێت بۆ هەڵگرتنی بەشێک لە ئازارەکانی خەڵکەکەت، بڕیارێکە بۆ ئەوەی بە خۆت بسەلمێنی کە تۆ بێ ناسنامە نەتەوەییەکەت، سەرگەردان بوویت، ئەم حاڵەتە زۆر ناسکە لەو سەربووردە سەخت و ئاڵۆزانەدا دێنەپێش کە باسی ناسنامە و نەتەوە و زمان و ئازادی دەبنە پێوانەی هەڵسەنگاندن، ڕوانین و هەڵوێست وەرگرتنت لە ساڵەکانی ژیانتدا، بەرانبەر بەهەموو بیروباوەڕێکی ناکوردی، هەوڵێکی ناکوردی و سەپاندێکی کە لە (کوردبوون)ت کەل دەکات. دەبێت تۆ ژیانێکی کوردیانە بژیت، ئەگەر توانیشت مردنێکیش بمریت، کە بەردەوامی دەدات بە نەتەوەی کورد.  
-------------------------------------------
سەرنجەکان:
1. خوێندنەوەی خۆمە بۆ ئەدەبیاتی شیعریی فارسەکان، لە کاتێکدا بۆ سەدان ساڵە، لاوی کچ و کوڕی کورد، گیانیان دەکران بە پەتی سێدارەکانی ئەوانەوە و لەشکرەفاشییەکانی ئەوان منداڵ و دایک، مزگەوت و قورئان، کانی و چنار و ژینگە و ڕووبارەکانی کوردستانی دەکوشت و دەسووتان و وێران دەکرد/دەکات.
2. شاعیری نەتەوە شێرکۆ بێکەس.
3. بەشێک لە نووسینێکی بڵاونەکراوەی خۆمە. لەگەڵ سەرنجی ژمارە ١ دا.
4. بیرمەند و فەیلەسووفیی نەتەوەی کورد، مامۆستا مەسعوود محەمەد، زمانی کورد،  ٢٠١٠ سایتی مامۆستا www.mamosta.net لاپەڕە ٤٢.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست