ڕەهەندە سیاسییەکانی بەیاننامەکەی بافڵ تاڵەبانی: لە مانۆڕی ناوخۆییەوە بۆ پەیامی نێودەوڵەتی
19/07/2026, 13:37 (GMT+1)

گوتاری سەرۆک دەوڵەتێک بۆ دەوڵەتێکی دراوسێ!
بەیاننامە توندەکەی بافڵ تاڵەبانی لە کاردانەوەی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و سلێمانی، ناکرێت تەنها وەک هەڵوێستێکی نەتەوەیی سادە سەیر بکرێت، بەڵکو هەڵگری چەندین ڕەهەندی شاراوە و ستراتیژییە کە لە چوارچێوەی هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.
پەیامی ئەم بەیاننامەیە، لە ڕووی زمانەوانی و دیپلۆماسییەوە، زیاتر لە گوتاری سەرۆکی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەچێت کە هاوخەمی بۆ وڵاتێکی هاوسێ دەربڕێت، نەک گوتاری حیزبێکی لۆکاڵی لە ناوچەیەکی فیدراڵیدا. ئەمەش نیشانەی تێڕوانینێکی نوێی یەکێتییە بۆ پێگەی خۆی.
بۆ تێگەیشتن لە پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم زمانە توندە، دەکرێت خوێندنەوە بۆ چەند ئەگەر و سیناریۆیەک بکرێت:
١. پارادۆکسی مێژوویی و گوشارە نێودەوڵەتییەکان (ماستاوکردنی سیاسی)
ئەم بەیاننامەیە کەمێک نامۆ و توند دەردەکەوێت کاتێک بەراورد دەکرێت بە مێژووی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەمیشە هاوپەیمانێکی نزیک بوون، هاوشان لەگەڵ باڵێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی.
لە ئێستادا کە هەردوو بنەماڵەی فەرمانڕەوا (بارزانی و تاڵەبانی) لەژێر گوشاری قورسی نێودەوڵەتیدان بەهۆی پەکخستنی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت و پێویستیی بەخۆداچوونەوە، بافڵ تاڵەبانی لای خۆیەوە دەیەوێت لە ڕێگەی ناوهێنانی ڕاستەوخۆی ئێرانەوە پەرێزپاکی خۆی بسەلمێنێت. ئەمە مانۆڕێکە بۆ خۆنزیککردنەوە لە بەرەی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانی ئەوان لە کاتێکی هەستیاردا.
٢. گەمەی چەک و پاراستنی بەرژەوەندییەکان
لەلایەکی ترەوە، گومانێکی جدی هەیە کە ئەم ناڕەزایەتییە توندە پەیوەندی بەو چەکانەوە هەبێت کە دەوترێت یەکێتی و پارتی لە ئەمریکایان دەستکەوتووە و لەم هێرشانەدا لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج. لێرەدا بەیاننامەکە نەک بۆ داکۆکی لە خەڵک، بەڵکو وەک پەرچەکردارێکە بۆ لەدەستدانی ئەو دەستکەوتە سەربازییانەبێت .
٣. ئاڕاستەکردنی پەیام بۆ پارتی و پشکێنەی کێکی حکومەت کە ئەمە مەبەستە سەرەکیەکەیە بە بۆچوونی من!
ڕەهەندە هەرە گرنگەکەی ئەم پەیامە، زیاتر ڕووی لە پارتی دیموکراتی کوردستانە وەک لە ئێران. ئەمە مانۆڕێکی توندی سیاسی و ئامرازێکی گوشارە بۆ ناچارکردنی پارتی بە ڕێککەوتن و قبوڵکردنی مەرجەکانی یەکێتی.
یەکێتی بەم هەڵوێستە دەیەوێت نیوەی پشکی حکومەت و یەکێک لە سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتی ناوخۆ بەدەستبهێنێت، ئەو داواکارییانەی کە پێشت
چەند رۆژێک لەسەر زاری بەرپرسانی باڵای پارتییەوە لە میدیاکاندا (وەک کەناڵی ڕووداو) بە خەون و شێتیی و کەرێتی و کەمزانی یەکێتی وەسف دەکران.
٤. فۆرمەڵەکردنی دۆخی دوو زۆنی بەفەرمی و لەسەر ئاستی جیهانی
بەیاننامەکە بە عەقڵییەتێکی سیاسیی ورد و بە شێوازی دیپلۆماسیی نوسراوە و بە زمانێکی ترەمپیزم بۆ سەپاندنی گوتاری خۆ بەسەر بەرامبەردا دەیەوێت واقیعێکی نوێ بسەپێنێت.
پەیامی ناڕاستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پارتی ئەوەیە:
حکومەتی هەولێر و سلێمانی دوو قەوارەی جیان و گەڕانەوە بۆ دواوە نییە. ئێمە لەگەڵ هەولێر ڕووبەڕووی هەمان مەترسی و چارەنووس دەبینەوە، بەڵام یەک هەرێم نین، بۆیە پێویستە لەمەودوا من وەک سەرۆکی دەڤەری دووەم بناسێنن و خەوی لە مێژینەمە.
٥. سۆزداریی گەل و داپۆشینی قەیرانە ناوخۆییەکان
لە کۆتاییدا، ئەم بەیاننامەیە وەک ئامرازێک بۆ داپۆشینی کەمکوڕییە ناوخۆییەکان، برسییکردنی خەڵک، گەندەڵی، دزینی سەرخان و ژێرخانی وڵات و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەکاردێت.
دەسەڵاتداران دەزانن کە میللەتەکە تامەزرۆی ئاشتییە و لەرووی نەتەوەیی و دینیەوە و زوو سۆزی دەجووڵێت، بۆیە لە ڕێگەی تەنها یەک بەیاننامەی توندەوە، سەرنجی گشتی لەسەر قەیرانە ڕاستەقینەکان لادەبەن و خۆیان وەک ڕزگارکەر و پارێزەری نیشتمان نیشان دەدەنەوە. بە کورتی، ئەمە مەلەکردنە لە ئاوی لێڵدا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی شەخسی و حیزبی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





