لە تەعریبی بەعسەوە بۆ تەعریبی خۆماڵی !
06/08/2026, 20:13 (GMT+1)

دوای هەرەسی كورد بەهۆی رێكەوتنامەی شوومی جەزائیرەوە لە 6 ی ئازاری 1975، رژێمی بەعس درندە ئاسا بەربووە وێزەی خەڵك وخاكی كوردستان، سیاسەتی تەهجیرو تەبعیس وتەعریبی بەشێوەیەكی بەرفراوان ئەنجامدا. بۆیە دوای چەند مانگێگی كەم لەو رێكەوتنامەیە، هەنگاوی یاسایی وكردادری نا بۆ جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتەی ، ئەویش بەگۆرانكاری نەخشەی كارگێری ناوچە كوردستانیەكان لە پارێزگاكانی هەولێرو موسڵ وكەركوك ودیالە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان مەرسومی كۆماری وبریاری ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتی شۆرشی هەڵوەشاوە دەركرا ن و جێبەجێكران .
بۆ نمونە پارێزگای كەركوك بەپێی نەخشەی كارگێری پێش ساڵی 1968 لەشەش قەزا پێك دەهات كە پێنج قەزایان دانیشتوانەكەیان كوردبوون، وەك قەزاكانی( كەركوك،كفری،كەلار،چەم چەماڵ،توزخورماتو)، تەنها دانیشتوانی قەزای شەشەم كە (حەویجە)یە عەرەب بوون. بەڵام دواتر بەمەرسومی كۆماری ژمارە (608) لە 6/11/1975، هەریەك لە قەزای (چەم چەماڵ وكەلار) لەكەركوك دابرێندران ولكێنران بەپارێزگای سلێمانی، وە قەزای (كفری)ش لكێندرا بەپارێزگای دیالەوە.
دوای ماوەیەكی كەم بە مەرسومی كۆماری ژمارە(41) لە 29/1/1976 پارێزگای سەلاحەدین وەك پارێزگایەكی تازە پێكدەهێنرێ و قەزای (توزخورماتو)ی سەر بەپارێزگای كەركوكی پێوە دەلكێندرێ. هەر بەپێی ئەو مەرسومە كۆماریە ناوی پارێزگای كەركوكیش گۆردرا بۆ پارێزگای (تەئمیم )، كە تەنیا لەدوو قەزا پێك ددەهات ئەوانیش قەزای (كەركوك وحەویجە) بوون، پاشان بەپێی مەرسومی كۆماری ژمارە (72) لە 15/2/1976 (دبس)یش كرا بە قەزا ولكێندرا بە پارێزگای كەركوكەوە، كە پێشتر ناحیەیەكی سەر بەقەزای كەركوك بوو.
ئەمە جگە لەدەیان مەرسومی كۆماری تر كە بریاری دابرانی سەدان ئاوەدانی وەك (قەزاو ناحیەو گوندی) كوردی داوە و لكێندراون بە یەكە كارگێریە عەرەبیەكانی پارێزگاكانی موسڵ وكەركوك وسەلاحەدین ودیالەوە، بۆنمونە: مەرسومی كۆماری ژمارە (118)لە 8/3/1976 كە قەزای (مزوری) لە پارێزگای دهۆك دابراندووە و لكاندوویەتی بە قەزای(شێخان)ی سەر بەپارێزگای نەینەواوە، مەرسومی كۆماری ژمارە(32)لە 24/1/1976، مەرسومی كۆماری ژمارە (33) لە 25/1/1976 ،مەرسومی كۆماری ژمارە (235) لە 25/9/1996، مەرسومی كۆماری ژمارە (607) لە 6/11/1975، كە زۆر ناوچەو گوندی سەر بەناحیەكانی كەندیناوەو قەراج وقوشتەبەی پارێزگای هەولێریان دابراندووە لكاندوویانە بە قەزای دوبس و كەركوكی پارێزگای كەركوك، هەروەها هەندێك ناوچەی سەر بەقەزای كەلاری پارێزگای سلێمانی خراوەتە سەر قەزای كفری لە پارێزگای دیالە. ئیتر دەیان بریاری تر لەو جۆرە دەرچووە، بۆ تەعریبكردنی ناوچە كوردنشینەكان جا بەدابرانیان بێ لەپارێزگا كوردیەكان ولكاندنیان بە پارێزگا عەرەبیەكان، یابە گۆرینی ناوی رەسەنی كوردی دەیان قەزاو ناحیەو گوندی كوردنشین بۆناوی قێزەونی عەرەبی.
هەموو ئەو بریارانە بەمەبەستی تەعریب وتەهجیری ناوچە كوردستانیەكان دەركراون دوای هاتنە سەركاری بەعس لە تەمووزی 1968، بۆیە كاتێك قانونی ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە كە بە( یاسای تاڵی ساڵی 2004)ناسراوە و یەكەم دەستوری دوای روخانی رژێمی پێشوو لە 8/3/2004 دەركرا ، لەمادەی(53/أ) سنوری دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دیاریكرد بەو ناوچانەی تارۆژی 19/3/2003 لەلایەن ئەو حكومەتەوە بەرێوە دەبران لە پارێزگاكانی دهۆك وهەولێر وسلێمانی وكەركوك ودیالە وموسڵ. وە لە برگەكانی مادەی (58) یشیدا جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بریار وهەڵسوكەوتانە دەكاتەوە كە لەدوای هاتنە سەركاری رژێمی بەعس لە 17/7/1968 تا 9/4/2003 بەمەبەستی تەعریب وتەهجیر و گۆرینی دیمۆگرافی ناوچەكان لەلایەن ئەو رژێمەوە دەركراون، لەگەڵ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم كە ئەو دەستورە بە(ناوچە كێشە لەسەرەكان)ی ناوزەدكردوون. دواتر ناوەرۆكی ئەو مادەیە خرایە ناومادەی (140)ی دەستوری عێراقی ساڵی 2005، كە بەپێی ئەو مادە دەستوریە دەبوایە كەیسی ناوچە كێشە لەسەرەكان لە 31/12/2007 یەكلابكرایەتەوە بەهەموو هەنگاوە یاسایی وكردارییەكانیەوە كە جێبەجێكردنی بە سێ قۆناغ دیاریكرابوو.
ئێستا كە (ئابی20026)ە، واتە نزیكەی 19 ساڵ بەسەر دوا وادەی جێبەجێكردنی ئەو مادە دەستوریە تێپەریوە، دەبینین رێرەوی جێبەجێكردنی هەر لە بازنەی بەتاڵی قۆناغی یەكەمدا دەخولێتەوە كە قۆناغی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەیە ! لەگەڵ ئەوەش كورد خاوەنی دەیان پۆستی سیادی بوو لەعێراقی بەناو فدراڵی، وەك: سەر كۆمار و وەزیریی دارایی و وەزیری دەرەوە و زۆر وەزیری تر ،هەروەها چەندین پەرلەمانتاری لستە كوردیە جیاوازەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەبوون، بەڵام هەرگیز كاری جدیان نەكرد لەسەر جێبەجێكردنی ئەو مادەیە، تا لەسایەیدا رۆژێك زووتر سنووری هەرێمی كوردستان لەناو ئەو دەوڵەتە فیدراڵیە دیاریبكرێ، و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لەهەڵمەتی تەعریبی بەردەوامی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست رزگاربكرێ، لانی كەمی نەتوانراوە هەندێ لەو مەرسوم وبریارە شۆڤینیانەی بەعس هەڵبوەشێنینەوە، كە خاك وخەڵكی كوردستانیان لەو وڵاتە لەت و پەت كردوە بەمەبەستی تەعریبكردنیان.
ئەمە هەڵوێستی نوێنەرانی دەسەڵاتی كوردیە لە بەغدا لەسەر جێبەجێكردنی ناوەرۆكی مادەی(140)، كە بەتەواوی دەستیان لە جێبەجێكردنی شووشتووە، كەچی بۆ نەگبەتی كورد دەبینین خودی ئەو دەسەڵاتە لەناو قەڵەمرەوی خۆیدا دەرگای خستۆتە سەرپشت بۆ تەعریبكردنی ئەو سێ پارێزگایەی ژێر دەسەڵاتی (هەولێر، سلێمانی، ودهۆك)، تەعریبێك كە ئەوەی رژێمی بەعس تەمەننای سەرخستنی دەكرد، ئێستا دەسەڵاتی كوردی زۆر بەزیادەوە جێبەجێی دەكا، تەعریبێك بەخواستی دوژمن وبەدەستی خۆمان ئەنجامی دەدەین. لەكاتێكدا خودی دەستوری عێراق رێگەی لەو تەعریبە گرتووە ودەتوانین بەپاڵپشتی مادەی(23/سێیەم/ب)ی ئەو دەستورە ماف نەدەینە هیچ كەسێكی غەیرە كورد ببێتە خاوەنی موڵك و زەوی وزار لەكوردستان. هەروەها دادگای باڵای فدراڵی عێراق بەبریاری ژمارە (65/فدراڵی/2013) لە 23/7/2013 جارێكی تر جەخت لەناوەرۆكی ئەو برگە دەستوریە دەكاتەوە، بەوەی برگەیەكە بە رەهایی هاتووە تایبەت نیە بەناوچەیەكی دیاریكراو لەعێراق ، بەڵكو لە هەر ناوچەیەك جێبەجێدەكرێت كە ترسی گۆرینی دیمۆگرافی لێبكرێت، وە هیچ ماوەیەكیش بۆ ئەو قەدەغەكرنە دیارینەكراوە و بەرەهایی هاتووە، هەروەها خاوەندەندارێتیش هەموو جۆرە مافێكی خاوەندارێتی دەگرێتەوە سا ئەو خاوەندارێتیە لەرێی كرین وفرۆشتنەوە بێ یا لەرێی دابەشكردنی زەوی وموڵكەوە بێ لەلایەن دەوڵەتەوە، واتە قەدەغەكردنەكە بەرەهایی هاتووە و بەڵگەیەكی یاسایی گرنگە بەدەستمانەوە بۆ رێنەدان بە خاوەندارێتی غەیرە كورد بۆ موڵك وزەوی وزار لەهەرێمی كوردستان.
كەواتە ئێمە دوو پشتیوانی یاساییمان هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە خاوەندارێتی غەیرە كورد بكەین لەكوردستان وناوچە كێشە لەسەرەكانیش، یەكەمیان مادەی(23/سێیەم/ب)ی دەستوری عێراقی 2005 ە، دووەمیان بریاری دادگای فدراڵی ژمارە (65/فدراڵی/2013)، بەڵام زۆر بەداخەوە ئێستا دەرگا واڵایە بۆ غەیرە كورد ونەتەوەی سەردەست موڵك و ماڵ لەشارەكانی هەرێم بكا بەناوی خۆیەوە لەژێر دەسەڵات ورەزامەندی حكومەتی هەرێم، ئەو سیاسەتە هەڵەیەی سەركردایەتی كورد دوای یەك دوو دەیەی تر دۆخی هەولێرو سلێمانی ودهۆك بەدۆخی كەركوك وموسڵ دەگەیەنێ ودەبێ فاتیحا لەسەر كوردستانی بونیان بخوێنین، چونكە ئەو دوو شارە 80 ساڵ پێش ئێستا شاری كوردنشین وكوردستان بوون، بەڵام ئێستا نكۆڵی لە كوردستانیبونیان دەكرێ.
بۆیە ئێستا كاتی راچلەكین وهەڵوەستەكردنە، ناكرێ بەدەستی خۆمان خاكی نیشتمان بۆ بەرژەوەندی تەسكی توێژێك هەراج بكەین، لەكاتێكدا ئێمە تا ئێستا پیداگریمان نەكردووە لەوەی كەركوك بكەینەوە پارێزگایەكی كوردستانی، بەگەراندنەوەی ئەو چوار قەزا كوردنشینانە بۆ سەر ئەو پارێزگایە، كە مافێكی دەستوری خۆمانە، بەڵام بەداخەوە ئازایەتی ئەوەمان تێدا نەبووە داوای جێبەجێكردنی ئەو مافە دەستوریەمان بكەین، وە راشكاوانە بلێین كەركوك بەپێی راستیە مێژوویی وجوگرافی ومرۆییەكان شارێكی كوردستانیە، بەڵام توركمانێك زۆر بێباكانە جاردەدا بەوەی كەركوك شارێكی توركمانیە، لەكاتێكدا لە سەرژمێری ساڵی 1957 رێژەی كورد 48.2% و توركمان 21.4% و عەرەب 28.2% بووە لەكەركوك، ئەوە راستیەكی مێژووییە سروشتی كوردستانی ئەو شارە دەسەلمێنی، بەڵام ئێمەی كورد لەراست ئةوانى تر جورئەت ناكەین جاری كوردستانیەتی كەركوك بدەین!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





