<

پاڵەپەستۆی نهێنی

15/08/2026, 20:57 (GMT+1)
ئەوەی ئێمە بەدوایدا وێڵین، جگە لە هەوڵدان بۆ زانینی نهێنیەک زیاتر نییە
غەریزە پێکهاتی سەرەکی بونیادی مرۆڤە، ئەندازیار و نەخشەڕێژی بنەڕەتی بونیەی سایکۆلۆژی زیندەییە، کە لەناونابرێت و زۆرجار لەژێر ویست و داخوازیە گەورەکانیدا تێکدەشکێین. غەیزە وەک هیزێکی سەرشێت و کۆنتڕۆڵنەکراو، وەک هیزێک کە پاڵ بە بیر و جەستەی مرۆڤەوە دەنێت، هەوڵەکانی کپکردن و خەفاندنی لە چوارچێوەی سنووربەندیەکی دیاریکراو دەرناچێت. بۆیە لێرەشدا سەرکەوتنی ڕاستەقینەی مرۆڤ ، سەرکەوتنێک نیە بەسەر هەیمەنەی کلتووری، کۆمەڵگا، سیاسەت و ئایین، بەڵکوو سەرکەوتنە بەسەر ویستی غەریزیدا، توانای کۆنتڕۆڵکردن و لاوازکردنی قودرەتی غەریزە ناوەکیەکانە بەسەر ڕووبەری ژیانی دەرەوەدا. واتا جەنگێک کە مرۆڤ لەناوەوەی خۆیدا پەرپای دەکات. دامرکانەوەی بڵێسەکانی غەریزە دامرکانەوەی بڵێسەکانی جەنگە لە ڕووبەری ژیان و جیهاندا. هەربۆیە مەیدانی ڕاستەقینەی جەنگ مەیدانی سایکۆلۆژیمانە، ئەو مەیدانەی ویست و دژەویست دەکەونە ململانێیەکی هەمیشەییەوە.
بەبڕوای من غەریزەیەکی شاراوە هەیە کە تایبەتە بە توانای زەیینی مرۆڤ، ئەم توانا زەیینیەش لەپاڵ غەریزە بایۆلۆجی و بۆماوەییەکانی بوونەوەرانی تر جیای دەکاتەوە و دەبێت بە خاسیەتی وجودیی مرۆڤ. کە دەڵێم شاراوە مەبەستم لەوەیە لە هیچ کاتێکدا بەحوکمی رەمزیەتی ئایینی و ئەخلاقی و یاسایی، بەناو پڕۆسێسی خەفاندن و کۆنتڕۆڵکردندا تێناپەڕێت و ڕایەڵەیەکی توندوتۆڵی بە ڕوانین و بینینی مرۆڤەوە هەیە. دەتوانم بڵێم کە بەشێکی گەورەی غەریزەکانی دیکەی مرۆڤ بەم غەریزەیەوە پەیوەستن، کە ئەویش غەریزەی (نهێنی یان ویستی زانینی نهێنە).
نهێنی شتێکە کە تا ساتەوەختی ئێستا بۆ ئێمە وەک بەشێکی نەزانراو، نەبینراو، داپۆشراو، نائاشکرا، نامۆ و نادیار دەردەکەوێت. مرۆڤیش بە بونیاد سەرکەشە بۆ لادانی پەردە بەسەر ئەم ڕەگەزانەی نهێنیدا. وابەستەیی بینایی مرۆڤ بە دیاردەکان، وابەستەییەکی بینایی ڕووت نیە بۆ بینین، بەڵکوو خواستێکی قوڵە بۆ بینینی (نهێنی ناو دیاردەکان). هەرکاتێک مرۆڤ دەستدەداتە لێکۆڵینەوە لە دیاردەکان، ئەوەندەی هەوڵدەدات بەشە ناوەکیەکانی ئەو دیاردەیە ببینێت، هەوڵ بۆ شیکردنەوەی ڕووی دیاردەکان نادات. لێکۆڵینەوەی جددیش لەهەر بوارێکدا بێت، تواناکەی بەو ڕۆچوونەوە دەپێورێت کە شتێک دەبینێت لەودیو تێڕوانین و بینینی کۆلێکتیڤەوەیە. خواستی کەشفکردنی نهێنی، خواستێکی بونیادی و تمووحێکی سایکۆلۆژیە. ئێمە کاتێک دەست بۆ شتێک دەبەین، دەمانەوێت لەمسی ڕوحی ئەو شتە بکەین، کاتێک دەست بە ڕوانین دەکەین لەشتێک، دەمانەوێت بەشە تاریکەکەی ئەو شتە ببینین. بیرکردنەوەکانی مرۆڤ پڕن لە خواستەکانی زانینی نهێنی، پڕۆسێسێکی فیکری و مەعریفین بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆدەکانی نهێنی. کاتێک دەڵێم کۆی غەریزەکان بە غەریزەی نهێنیەوە پەیوەستن، خودی لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی سایکۆلۆژی مرۆڤ هەوڵێکی غەریزیە، هەوڵێکە بۆ بینینی بەشە تاریک و نەبینراو و نەزانراوەکانی ناوەوەی مرۆڤ. هەروەها غەریزەی زانینی نهێنی، غەریزەیەک نیە تەنیا لەچوارچێوەی بیرکردنەوە و تێڕامان، بەڵکوو کردارەکانی مرۆڤیش بۆ ئیدراکێکی قوڵی نهێنی دەگەڕێن. بۆنموونە خواستی بینینی ئەودیو سنوورەکان، کاتێک جووگرافیا نامۆ و نەبینراوەکان وەک شتێکی نهێنی و نەزانراو دەمێننەوە، یان داماڵینی جلوبەرگ لەجەستەی کەسێکدا، یاخود چاوکردنەوە لەکاتی مەلەوانیدا بۆ بینینی ئەوەی چی لەژێر ئاوەکەوە دەگوزەرێت.
نهێنی ئەو هێزەیە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی هەر شتێک کە ببێتەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ڕەگەزەکانی، هێزێکی لەڕادەبەدەر بۆ کەشفکردن و بنکۆڵکردنیان. ئەم ڕەگەزانەش سەر بە چەند هێزێکی نادیار و جۆراوجۆرن کە پاڵ بە ئارەزووەکانی مرۆڤەوە دەنێت بۆ گەیشتن بە ناواخنی نهێنی.
بەشێکی پەیوەستە بە خەیاڵکردن بە نەبینراو، کە وەک جۆرێک لە ئەفسانە دەکەونە ناو بیری مرۆڤەوە. دامرکانەوەی تامەزرۆیی مرۆڤ بە تێکشکاندی ئەو کڵێشە ئەفسانەییەوە سەبارەت بە شتێک کە نهێنیە و نەزانراوە دەست پێدەکات.
لایەنێکیتر بابەتی دەسەڵاتی نهێنی یان هێزی سایکۆلۆژی نهێنیە. زانینی نهێنیەک، شتێک کە (ئەوانی دی) نایبینن و سەر بە ڕەگەزەکانی نهێنیە. ئەم لایەنە جۆرە باڵادەستیەکی سایکۆلۆژی دەهێنێتەئاراوە بەوەی شتێک زانراوە، بۆ ئەوانی دی نائاشکرا و نەزانراوە.
لایەنێکیتر پەیوەستە بە دەربازبوون لە چوارچێوەی ڕۆتینی ژیان. نهێنی مرۆڤ دەخاتە ناو فرەیمێکی نوێوە، لەوێدا فیزیک، بۆن، وێنە، جەستە، کات و شوێن وەک هێزێک لەوپەڕی سەرەتایی خۆیدا دەردەکەوێتەوە. نەک وەک ڕێسا و تایبەتمەندیەکی نوێ، بەڵکوو وەک هێزێکی دامرکاو کە دەبووژێتەوە و هەرێمە مردووەکانی دەروون دەبزوێنێت.
بۆنموونە کاتێک سەیری فیلمێکی ڕیالیستی دەکەین، کۆی پێکهاتە و کەرەستەکانی سەر بە جیهانی واقعین، بەڵام بینینی ژیانە لەناو سیناریۆیەکی پێشبینی نەکراودا، سیناریۆیەک کە دەکرێت کڵێشەی کلتووری و بونیادی کۆمەڵگە و تایبەتمەندێتی تاک تێکبشکێنێت. چاوەڕوانی و پشوودرێژی لەبینینی فیلمدا، چاوەڕوانیەکی ڕووتە بۆ دەرککردن بەو نهێنیانەی کە لە ڕەوتی فیلمەکەدا دەردەکەون. هەربۆیە هەناسەکێشان بەدیار فیلمێکەوە، هەناسەدانی ژیانە لەناو ڕووبەرێکی دیکەدا ، خواستی قوڵی مرۆڤیش لەبینینی فیلم پەیوەستە بە ڕۆچوون لەناو جیهانێکی دیکە کە تیایدا لە ژیانی (ئێرە) یان لە ژیانی ئامادە دابڕان دروست دەکات، چوونکە لەو ژیانە نوێیەدا ڕووداو هەیە. ڕووداو زیندووترین ساتەکانی ژیانی کارەکتەرە، ڕووداو تێکشکاندنی ئەو ڕۆتینەیە مرۆڤ لەناویدا دەژیت. لەفیلمدا ڕایەڵێکی بەهێز لەنێوان بینەر و کارەکتەردا هەیە، فیلم خۆی بە بیر و هەستی بینەر گرێدەدات و بینەریش لەناو ڕووبەری دیاریکراوی فیلمەکەدا دەکەوێتە پەیوەستیەکی توندەوە، لەگەڵ کارەکتەردا لە پەیوەندیەکی نەستەکیدایە، مەساحە و ژینگەی فیلم دەبێتە مەساحە و ژینگەی بینەر، ئەمەش لەڕێگەی ئەو ڕووداوانەی جۆرە دابڕانێک لەژینگەی بینەردا دروست دەکات. گەورەیی فیلم لێرەدا پەیوەستە بەو ڕووداوە گەورانەی لەناواخنی خۆیدا هەڵی گرتووە، فیلم بەبێ ڕووداوی گەورە فیلمێکی سادە و بچووکە. بۆ تێگەیشتن لە هەر ڕووداوێکیش پێویستمان بە تێگەیشتنە لە نهێنیەکی دیاریکراو، لێرەوەیە نهێنی وەک جۆرە تامەزرۆییەکی قوڵ لە چیرۆکی فیلمەکاندا دەردەکەوێت.
کتێب وەک پڕۆسەی خستنەڕووی نهێنی، هێزی پڕۆسەیەکی ڕاستەقینەیە کە نەزانراو دەخاتە سەرباری زانراو، کۆششێکی بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی نهێنی. خوێنەری ڕاستەقینەش بەوە جیادەبێتەوە کە مۆتیڤی خوێندنەوە بۆ ئەو، گەڕانە بەدوای نهێنیدا. کتێب و خوێنەر لەو خاڵەدا تەواو بەیەکتر دەگەن کە هەردووکیان بۆ نهێنیەک دەگەڕێن، هەردووکیان دوو هێزن بۆ تێکشکاندنی بەربەستەکانی بەردەم نهێنی. کتێب و نهێنی، خوێنەر و عەوداڵبوون بە نهێنی ناتوانن لەیەکتر جیاببنەوە. وەک جەستەیەکی ئەفسانەیی وایە کە هێشتا لەتنەکراون، دوو جەستەن بە دوو سەر و چوار دەست لەیەک بەشدا، دوو کارەکتەری هۆگر بە نهێنین لە یەک پێکهاتەدا. دەستبردن بۆ کتێب دەستبردنە بۆ پێکەوەلکاندنی ئەو پارچانەی لەنێوان جەستەی کتێب و جەستەی خوێنەردا تێکشکاون، کۆکردنەوەی ئۆرگانەکانە بۆ توانای باوەشکردنەوە بە نهێنی. هەربۆیە کاتێک لاپەڕەکانی کتێبێک هەڵدەدرێتەوە، گەر هەڵدانەوەی پەردە نەبێت بەسەر نهێنیەکانی جیهاندا، هەڵدانەوەیەک نەبێت بەسەر ڕووی نەزانراویدا، شایەنی ئەوەیە بۆ هەمیشە دابخرێت و باشترە نەکرێتەوە. هەر پڕۆسەیەک گەر بارگاوی نەبێت بە گەڕان بەدوای نهێنیەدا، پڕۆسەیەکی پاسیڤ و بێکاریگەرە. بە مانایەکی دیکە هەر هەوڵێکی مرۆڤ گەر نەچێتەوە سەر هەڵوەشاندنەوەی ڕەگەزەکانی نهێنی، پڕۆسەیەکی لاوازە و توانای مانەوەی نیە. گەر نهێنی لە تمووحەکانی مرۆڤ دەربکەین، وەک ئەوە وایە داوا لە جەستەیەکی مردوو بکەین سەما بکات. نهێنی ئەو بەشەیە کە جیهان بە زیندوویەتی خۆی ڕادەگرێت، زیندوویەتیەک کە بارگاوییە بە هەناسەکانی ژیان بەمانا شیعریەکەی، بارگاوییە بە قوڵایی پێکهاتەی وجود بەمانا فەلسەفیەکەی.
بەختیار عەلی لە بەشێکی کتێبی (ناشوێن)دا دەڵێت: «نهێنی سەرچاوەیەکی ئیستاتیکی گەورەیە، شتە سادەکان ناتوانن جوان بن گەر جارێکیدی بە نهێنی بارنەکرێن. لەجوانیدا ئێمە هێندەی بۆ نهێنی دەگەڕێین بۆ مانا ناگەڕێین». نهێنی زۆرجار دەبێتە هێزێک کە بەردەوامی بە خواستی ژیانکردن دەدات. بەشێوەیەک کە مرۆڤ ئامادە دەکات لەپێناو گەڕان و دۆزینەوە و زانینی نهێنی زیاتر، چەند هەناسەیەکی زیاتر هەڵبمژێت. لەکاتيکدا ژیان بێهودەییەکی قوڵە و نیگەرانیەکی وجودی لەخۆیدا هەڵگرتووە، نهێنی هێزێکە مرۆڤ پەیوەست بە ژیان دەکاتەوە.
بە بڕوای (ئارسەر شۆپنهاوەر) ، بۆ ڕزگاربوون لە ویستی ژیان، کە ویستێکی بێڕەحم و سەرچاوەی ئازاری ئەبەدی مرۆڤە، هونەر ڕێگەیەکە کە ئەم ویستە لەمرۆڤدا بەرەو حافڵگیری و چەپاندن ئاڕاستە دەکات. ئەو بەتایبەتی پێی وایە کە مۆسیقا لە فاکتەرە هەرە بەهێز و کاریگەرەکانە، بەڵام دواجار شۆپنهاوەر خۆی باوەڕی بە کاریگەری کورتمەودای ئەو فاکتەرانە هەیە کە ناتوانن بۆ هەمیشە لەژێر داوی ویستی ژیاندا دەربازمان بکەن. بەڵام بەبڕوای من (نهێنی) هێزێکە کە کاریگەری لە هێزی مۆسیقا دوورمەوداترە. کاتێک مۆسیقاکان لە ژەنین دەوەستن، گەڕان بەدوای نهێنیدا وەک ویستێکی هەمیشەیی لەناوماندا لە بڵێسەدانێکی بەردەوامدایە. مرۆڤێک کە بەدەم بانگێشتەکانی نهێنیەوە دەچێت، ویستە بەرجەستەکانی ئەم دونیای پاسیڤ دەکات و لەناو دونیای تازەی نهێنیەکاندا گوێ لە مۆسیقایەکی نەبیستراو دەگرێت کە ئەم جیهانە بۆی ناژەنێت.
دیارە کە هەر شتێک لەخۆیدا نهێنیەک هەڵدەگرێت، لێرەدا من مەبەستم لەو نهێنیانە نیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستمان دەکەنەوە بە ویستی ژیان و بەدواداچوونیان بەدواداچوونە بۆ بەجێهێنانی ویستی ژیان. چونکە خواستی قوڵی بینینی جەستەیەکی پۆشراو، لەزەتبینین لەو نهێنیانەی لەژێر جلوبەرگەکانەوە خۆیان حەشارداوە پەیوەستیەکی قوڵی بەو تێزەوە هەیە کە شۆپنهاوەر باسی دەکات. گەرچی ناکرێت ئەم بەشە لەچێژ و لەزەتی نهێنی لەکۆی باسە داببڕم و جیای بکەمەوە، چوونکە نهێنی خۆی خواستێکی غەریزیە و لەناو هەناوی غەریزەکانی دیکەشدا دەژیت، بەڵام پشتبەست بە بۆچوونی شۆپنهاوەر، من ئەوە سەربار دەکەم کە ئەو نهێنیانەی ڕایەڵی خۆیان لەگەڵ جەوهەری ئیستاتیکی و مەعریفی و بەهای ژیاندا گرێدراوە، ڕێگەیەکن کە مرۆڤ لە ویستی ژیان خافڵگیر دەکەن. بۆنموونە خوێندنەوەی ڕۆمانێک تەواو دەمانباتە ناو نهێنی و ڕووداو و بەسەرهاتەکانی خۆیەوە، بەمجۆرە هۆگربوون بە نهێنی درێژ دەبێتەوە بۆ کۆی بوار و لایەنە جیاوازەکان. نهێنی سەرگەرمیەکی بونیادیە کە زۆرجار دووردەکەوێتەوە لە داخوازیی و ویستی ژیانی شۆپنهاوەری.
ئارەزووکردن بە نهێنی دەستپێکی پڕۆسەیەکە بۆ تێکشکاندنی ڕەگەزەکانی نهێنی، بەڵام بەو مانایە نا کە پڕۆسەیەکی گشتی بێت تا ژیان بە ئاڕاستەی کۆمەڵگایەکی شافاف بکێشین وەک ئەو کۆمەڵگایەی کە (بیۆنگ چوڵ هان) باسی دەکات. بەبڕوای چوڵ هان لەکۆمەڵگەی شەفافیەتدا شتەکان دەکەونە سەر باری بینراو، هەر شتێک وەک شتێکی تەواو ڕوون و ئاشکرا و ناپۆشراو دەردەکەوێتەوە، لێرەشدا بەهای (بینین) کاڵ دەبێتەوە. بەگوێرەی باوەڕی چوڵ هان، بەهای هەر شتێک پەیوەستە بەو خواستەی لەسەر بینینی هەیە بەبێ ئەوەی بینراوێکی گشتی و هەڕەمەکی بێت، بەبێ ئەوەی بۆ کۆمەڵگە شەفاف بێت و هەرکەسێک لەهەر کات و شوێنێکدا بیبینێت. واتا لەکۆمەڵگەی شەفافیەتدا هەر شتێک پێویستی بە پیشاندان هەیە تاوەکو بوونی هەبێت، بە دەرکەوتنەوەی وەک جۆرێک لە کاڵا. بۆیە بەهای شتێک لەبەهای نهێنیبوونی دایە، لەو سەرپۆشانەدایە کە ڕواڵەتی وەک ڕواڵەتێکی نهێنی و نەبینراو دەهێڵێتەوە. پیرۆزی سەر بە جیهانی بینراو نیە، بەڵکوو سەر بە جیهانی ژێر پەردە تاریکەکانە. هەروەها کۆمەڵگەی پۆڕنۆگرافی بەوشێوازەی هان باسی دەکات، هەرەسی ئەو پایانەیە کە ئارەزووی نهێنی تیادا بینا دەکرێت. بۆیەش لەم باسەدا ئاماژەدانم بە نهێنی ئاماژەیە بە ویستێک کە تاک ناچار دەکات بۆ ڕوحیەتی زیندووی ناو نهێنی بگەڕێت، چوونکە نهێنی لەناو خۆیدا ئەو بەشانەی هەڵگرتووە کە جیهان وەک چاوێکی گشتی نایبینێت، لەناو نهێنیەدا پەراوێز و تاریکی هەیە کە لەڕێگەی تامەزرۆییەکی هونەریی ڕاستەقینەوە دووبارە دەگەڕێندرێتەوە سەر مەسرەحی ژیان. چوڵ هان لە (کۆمەڵگەی شەفافیەت)دا دەڵێت: «زەمینەی یەزدانی نهێنی لەناو جوانیدا خەوتووە». جوانی ناو ئەم نهێنیانەش تا ئەوکاتە بە جوانی ڕاستەقینەی خۆیان دەمێننەوە، کە ئارەزوویەکی دەستەجەمعی بۆ لادانی هەمیشەیی پەردەی سەر نهێنیەکان نەبێت، واتا نهێنی هەمیشە لەناو تامەزرۆیی، پاڵنەری پڕۆسەیەکی بەردەوام، خواستی هەمیشەیی بۆ بینین، ڕووناکردنەوەی ئەو تاریکاییەی کە هەیە و سەر بە ڕۆشنایی جیهان نیە بمێنێتەوە. شەفافیەت کوشتنی سیحری نهێنیە، کاتێک نهێنیەکان (وەک گشت) چیتر بە نهێنی نامێننەوە، تمووحێکیش بۆ نهێنی نامێنێتەوە. بۆئەوەی ئیستاتیکای ژیان بەردەوام بێت، پێویستە نهێنیش بەردەوام بێت. مەرجی سەرەکی بەهای نهێنی، کەڵکەڵەی نهێنیە بێدواییەکانی ژیانە.
کاتێک لە کارەکتەری ( ڕێکس هۆفمان) لە فیلمی (the vanishing 1988) ورد دەبینەوە، ئەو هێزە گەورەیەی نهێنی دەبینین کە چۆن مرۆڤ بۆ قوڵترین ئەزموون ڕووبەڕوو دەکاتەوە. ڕێکس هوفمان پاش ونبوونی کچە خۆشەویستەکەی (ساسکیا) بۆماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی. تا ئەوکاتەی پیاوێک دەردەکەوێت بەناوی (ڕیمۆند) کە هەموو نهێنیەکانی ونبوونی ساسکیا دەزانێت، هەموو ئەو سەرەداوانەی لا دەستدەکەوێت کە بۆ پرسیار و گومانەکانی (ڕێکس هوفمان) پێویستە. (ڕێکس هوفمان) کارەکتەرێکە کە نمایندەی تمووحی ئینسان دەکات بۆ زانینی نهێنی. ئەو بەدێژایی دیارنەمانی ساسکیا، بۆ نهێنیە شاراوەکانی ونبوون و چارەنووسی نەزانراوی ساسکیا ئامادەیە هەموو قوربانیەک بدات. سەرەتا (ڕیمۆند) داوا لە (ڕێکس هۆفمان) دەکات کە کوپێک قاوە بخواتەوە، قاوەکە دەرمانی خەوی تێدایە، لەوکاتەدا (ڕێکس) پرسیار لەوە دەکات کە خواردنەوەی قاوەکە چۆن وەڵامی نهێنی ونبوونی (ساسکیا) دەداتەوە، (ڕیمۆند) لەوەڵامدا پێی دەڵێت: «من ساسکیام بێهۆش کرد، ئێستاش تۆ بێهۆش دەکەم، دوای ئەوە تۆش بەهەمان ئەزموونی ئەودا تێپەڕ دەبیت». لێرەدا سەرنجێک هەم لای بینەر، هەم لای ڕێکس دروست دەبێت: (گەر ساسکیا مردبێت ، ئەوا ڕێکسیش پاش خواردنەوەی قاوەکە دەمرێت).
ڕیمۆند لێرەدا بێ وەڵامە، تاکە وەڵامی ئەو بۆ ڕێکس هوفمان جگە لە خواردنەوەی قاوەکە هیچی دی نیە. ڕێکس تووشی شڵەژان و قەلەقیەکی توند دەبێت، لێرەدا گەرچی ئەگەرەکانی مردنی ڕوون و ئاشکران، بەڵام هێزێک هەیە لە خودی هێزی ژیان و مانەوە بەهێزترە، ئەویش هێزی نهێنیە. ڕێکس هوفمان ئامادەیە قاوەکە بخواتەوە تا بگات بە نهێنی ونبوونی ساسکیا. لێرەدا خواستی زانینی نهێنی بەسەر خواستی ژیانی ڕێکس هوفماندا سەردەکەوێت، هەربۆیە پاش ململانێیەکی توندی ناوەکی، قاوەکە دەخواتەوە.
پاش ماوەیەک کە هاوکاتە بە دیمەنی کۆتایی فیلمەکە، کاتێک ڕێکس هوفمان بە ئاگا دێتەوە، خۆی لەناو تابووتێکی داخراو لەژێر گڵدا دەبینێتەوە. لێرەدا ڕێکس هوفمان هەمان پڕۆسەی مردنی ساسکیا ئەزموون دەکات، هەردووکیان سەرەتا بێهۆش دەکرێن، پاشان دەنێژرێن و دەمرن. ڕێکس هوفمان پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایدەگەیەنێت کە ئامادەیە هەموو کارێک ئەنجامبدات بۆ زانینی ئەوەی چی بەسەر ساسکیادا هاتووە. بەڵام لەڕاستیدا گەڕانی ڕێکس هوفمان بەدوای چارەنووسی ساسکیادا ، هەوڵێکی سەرشێتانەیە بۆ ئاشکراکردنی پڕۆسەی تیرۆرێکی نهێنی و نەزانراو. هەوڵەکانی ڕێکس بۆ دۆزینەوەی ساسکیا، وەڵامی ژیان و مردنی نەبوو، بەڵکوو هەوڵەکانی بریتیبوون لە پڕۆسەیەک بۆ داماڵینی نهێنیەکانی پشت ونبوون و چۆنیەتی مردنی. ڕێکس هوفمان ئامادەبوو تامی مردن بکات لەپێناو گەیشتن بە نهێنیەک، هەربۆیە گەڕانی ڕێکس هوفمان ئەوەندەی گەڕان بوو بەدوای نهێنیدا، ئەوەندە گەڕان نەبوو بەدوای خودی ساسکیادا.
بۆیە کاتێک سەیری ڕێکس هۆفمان دەکەین، تێبینی ئەوە دەکەین کە ویستی مرۆڤ بۆ زانینی نهێنیەکان، ویستێکە بۆ تێرکردنی ئەو پاڵنەرە غەریزیە سەرشێتەی نەزانراو قبوڵ ناکات، پاڵنەرێک مرۆڤ دەرگیری هەر ناکامیەک دەکات تاوەکو پەردە بەسەر جەستە و ئەندامەکانی نهێنیدا هەڵبداتەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەو توانا زەیینیەی مرۆڤە کە دەتوانێت غەریزەکانی بارهێنێت و ئاڕاستەبکات. ئەگەرچی غەریزە وەک پڕۆسیسێکی ناوەکی و بایۆلۆژی کاردەکات و ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن، بەڵام دەکرێت ئاڕاستە بکرێن و شێوەیەکی نوێیان پێبدرێت. وەک چۆن بەشێکی گەورەی غەریزەکانی مرۆڤ دەچنەوە سەر داهێنانی ئیستاتیکی ومەعریفی، بەم شێوەیەش ویستی زانینی نهێنی، کە دەکرێت مرۆڤ بچووک و سادە بکاتەوە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە مەعریفە و زانیاری و دەستڕاگەیشتنی بچووک، بگۆرێت بۆ بەدواداچوونی ورد بۆ حەقیقەتی ژیان و دۆزینەوەی ئیستاتیکا و داهێنانی گەورە. نهێنی وەک چۆن هێزێکە مرۆڤ دەرگیری ویستی ژیان و چێژ و لەزەتی ڕاگوزەر و پڕۆسەی گەڕانێکی بێ مانا دەکات، لەڕێگەی بارهێنانی زەینییەوە دەتوانرێت ببێتە سەرچاوەیەکی گەورەی داهێنان و هونەر و بەخشەری مانا بە هەوڵەکانی مرۆڤ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست