هەر کوردێک کوردایەتی کۆمەڵایەتی چاک نەبێ، دەبێتە گەندەڵێکی سیاسی
03/09/2026, 19:53 (GMT+1)

کاک ئارام لە باشوور گیانی بەخشی، کاک فوئاد لە ڕۆژهەڵات ئاڵاکەی هەڵگرت.
لە وتاری " تواندنەوەی بێدەنگ" دا باسی دوو جۆر کوردایەتیم کردووە:
١- کوردایەتی نەتەوەکە: کە هێزی بزوێنەری هەموو بزووتنێکی کۆمەڵایەتی کورد بووە/ هەیە.
٢- کوردایەتی لە قووتو خراوی ساختە: کە کوردایەتی سەرکردەیەتی حیزبەکانی بووە و زەمینەیەکی فراوانی بازرگانی کردن بووە بە خوێن، ژیانی تاک، نیشتمان، ژن و منداڵانی کوردەوە. ئەمە بەتایبەتی لە باشوورەوە بنیاتنرا و مەلایی و جەلالی، نوێنەرایەتی ئەم تاوانە نەتەوەییەن کە تەشەنەی کرد بۆ ڕۆژهەڵاتیش و ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر ڕسوابووە.
کوردایەتی کۆمەڵایەتی چییە؟!
ڕەفتاری ڕۆژانەی تاکێکی کوردە، کە کاردانەوەیەکی مرۆیانەی خۆشەویست و بەڕێز و بەرزە بەرانبەر بە هەر تاکێکی تری کورد لەبەر کوردبوونی. ئەم ڕەفتارانە هەموو بوارەکانی ژیانی تاکێک دەگرێتەوە، کە ڕەنگدانەوەی لەهەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەناو کۆمەڵگادا دەبێت. ئەم ڕەفتارە کە لە سەرەتاوە، وشەن و دەماودەم تاکی کورد لە ناو خێزاندا دەیبستێ و ئەگەر باوانی گەیشتبنە ئەو ڕادەیە لە وشیاری نەتەوەیی دەیکەنە وانەی پەروەردەی منداڵەکەشیان. وەک بنەمایەک لە زەیندا دەمێنیتەوە و ئەگەر ڕێگاکەی لێ هەڵە نەکەن، لەگەڵیدا گەورە دەبێت و دەبێتە بەشێکی سەرەکی و بینراوی کەسایەتییەکەی و هەوڵدەدات خەڵکی تریش بانگ بکات بۆ ئەوەی ئەم ڕەفتارەیان هەبێت بەرانبەر بەیەکتری، کەواتە دەبێتە بزووتنەوەیەکی سەرەتایی، گەر بتوانێ بەربەستەکانی سەر ڕێگاکەی تێپەڕێنێ ئەوا بزووتنەوەکەی فراوان دەبێت و دەبێتە جۆرێک لە سیاسەتکردن، کە بەو بنەمایەوە هەنگاو دەنێت، کەواتە ئێمە بزووتنەوەیەک دەبینین کە بەرپرسە یەکەمەکانی نوێنەرایەتی پەیمانێکی ئەخلاقی لەگەڵ نەتەوەکەی خۆیاندا دەکەن، ئەمەش گەورەترین هۆیە کە ببنە ڕیزلێگیراو و خۆشەویستی ناو کۆمەڵگاکەیان، ئەمە ئەو وتارە ڕەتدەکاتەوە کە دەڵیت: لەناو سیاسەتدا ئەخلاق مانای نییە، بە پێچەوانەوە دەبێت: سیاسی کورد بنەمای کارەکەی و بیرکردنەوەی لەسەر پایەی ئەخلاق بەڕێوە بەرێت. مامۆستا هێمن لە پێشەکی تاریک و ڕووندا باسی ئەوە دەکات کە لە کۆمەڵەی ژێ کافدا، سوێندی ئەوەیان خواردووە کە هەموو ژن و کچێکی کورد دایک و خوشکمانن. ئەمە بەڵگەیەکی جوان و دروستە، لە کۆمەڵگایەکدا کە یاسایەکی فەرمی نەبووە بۆ پەیوەندی ژن و پیاو، ئەو چارەسەرەیان دۆزیوەتەوە، هەم کەسەکەیان پەروەردەیەکی کوردەواریانە کردووە، کە تۆ خەریکی نەتەوەکەت ئازاد بکەیت، کە لەم حاڵەتەدا دەبێت لە زۆر خواستی خۆت دەستبەردار بیت، خۆت پەروەردە بکەیت و ڕاهێنان بکەیت کە هەموو شتێکی خۆت بە مەرامە گەورەکە کە (ئازادی نەتەوەیە) پێشکەش بکەیت، مرۆڤیش کاتێک دەتوانێ ئەم کارە بکات، کە دڵنیا بێت لە دروستی و خاوێنی ئەو بیر و داوێن و دەستانەی کاریان لەگەڵ دەکات.
لە نموونەکانیی مندا کە دەبێتە بنەمایەک بۆ هەنگاوەکانی تر، ڕەهەندەکان ڕۆشن و هەمەلایەن و هەمووش دەگرێتەوە، لە پراکتیکدا نەک لەسەر کاغەز و نامە و نامەکاریی. هەر لە سەرەتاوە پرسیاری جددی دەکرێت و وەڵامی ڕۆشن و جددیان دەدرێنەوە، لە پراکتیکدا، واتە هیچ کارێک هەڕەمەکی و زۆرە و بۆرە و لیژنەی بۆ دادەنێین و جارێ باکەس نەزانێ و ئەم بابەتانە ئەگەر باسبکرێن بە زیانی خۆمان و بە سوودی دوژمنە، چاوبەستەگی ئاوا نابیت لە کاری کوردەواریدا هەبیت.
ڕەفتارکردن بەمجۆرە هەمووی لە بنەماکانی کوردایەتی کۆمەڵایەتی چاکن، کە بەرهەمی سیاسی چاکی لێ دەچنرێتەوە، هەتا ئێستا ئێمە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات و باشوور، هەر دەتوانین بە دانسقەیی و تاق ئەو کوردایەتییە کۆمەڵایەتییە دروست و چاکە ببینین کە بەرهەمی چاکی سیاسی بووبێت، لە پلە باڵاکانی حیزبە سیاسییەکاندا، دانسقەن و لە ناو جەنگاوەران و خەڵکدا کە پشتیوان بوون زۆرن.
لە ڕۆژهەڵات دەتوانین ئەم کوردایەتییە دروست و چاکە، لە کەسایەتی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی دا بدۆزینەوە، کە یەکەمجار کاریگەری لەسەر خێزانەکەی خۆی هەبوو، پاشان لەسەر ناوچەکەی و ئەنجا لەسەر ڕێخراوەکەی، لە هەموو ئەم قۆناغانەدا، کاک فوئاد و خێزانەکەی نموونەی باڵای خۆبەخشی و کاری کوردایەتی چاک و دروست بوون. کەواتە کاک فوئاد توانی متمانەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان دروست بکات، کە ئەم متمانە کۆمەڵایەتییە بناغەی کارە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی بوون: بۆ نموونە. کاک فوئاد لە بڕیارەکانیدا دەگەڕایەوە بۆ لای خەڵک، پرس و ڕای پێدەکردن و بە بایەخەوە گوێی بۆ قسەکانیان دەگرت، ئەمانە هەموو لە ژینگەیەکی پڕ لە ڕێزگرتندا، لە کاک فوئادەوە بۆ خەڵک ڕوویاندەدا. واتە کاک فوئاد لەکاتێکدا کە لەگەڵ خەڵکی خۆیدا گفتوگۆی دەکرد، لە هەمانکاتدا، پرەنسیپگەلێکی فێردەکردن، کە دەبووە هۆی دروستکردنی باوەڕ بەخۆ بوون و وشیاری نەتەوەیی. کەواتە ئەو کوردایەتیەکی کۆمەڵایەتی دروست و چاکی برەو پێدەدا. ئەو خۆی لەبەرزییەوە نەدەبینی و خەڵک لە خوارەوە، ئەو بەو ئاستە گەیشتبوو کە لە میکانیزمی بزووتنەوەی کۆمەڵگای کوردی تێبگات، واتە لە زمانی خەڵک تیدەگەیشت، خوێندنەوەیەکی وردی بۆ ئارمانج و مەرامەکانی خەڵک هەبوو. کتێب و تیۆرییەکانی کاک فوئاد، خەڵکەکەی بوون، کە وەک ماددەیەکی خاو، دەتوانرێ ئەو بنچینە کوردایەتییە کۆمەڵایەتییە چاکەیان لێ پەروەردە بکات. ئێمە دەزانین کە خەڵک بە چاو تەماشای واقیعەکە دەکەن، کاتێک کوردێک ببینێت، نەجارێک و نە دووان و نەسییان، نە هەڵوێستێک و نە دووان نە سییان، ئەوکەسەی قسەی بۆ دەکات، خۆی نموونەکەیەتی، ئاسانتر دەتوانێ دڵی بە بیرو قسەکانی بدات و ژیری بگەشیتەوە و متمانەیەکی لا دروست ببێت، کە دەتوانم پشت بەم کەسە ببەستم بۆ تێکۆشانەکەم. یەکێک لە ئامڕازە هەرە مرۆییە گەشەکان، ئەوە بوو کە کاک فوئاد زوڵاڵ و ڕوون لەگەڵ خەڵکی خۆیدا دەدوا. گرێ و گۆڵ و زاراوەی قەبەی فەلسەفی ناوکتێبانی لەخەڵک نەدەکرد بە تەلیسم و مەتەڵی هەڵنەهێنراو.
هەروەها بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەتی خەیاڵی سەربە بنەماڵەی بە خەڵکی خۆی نەدەدا، بەڵکو لە تێکۆشانە کوردەوارییەکەیدا، هەوڵی دەدا کە خەڵک لە واقعی ژیانی خۆیان ئاگاداربکاتەوە و بە ئەندازەی تێگەیشتنیان تا ئەو کاتەی کە قسەی لەگەڵدا دەکردن، ئامڕازێکی بەرەنگاربوونەوەی پێدەدان، چوونکە لەوە تێگەیشتبوو، کە ئەگەر مرۆڤێک هەست بەوە نەکات کە داگیرکراوە، بۆ ئازادبوون و ڕزگاریی لە داگیرکراوی نابزوێ، ڕەنگە هەر دژیشی بوەستێتەوە چوونکە ژیانە ئاساییەکەی لێ تێک دەدات، خۆ هەموو خەڵی کوردستان، ئازادیخواز و شۆڕشڤان و جەنگاوەری سەربەستی نین، لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەمیشە جاشی بەکرێگیراوی داگیرکەرانمان زیاتر بوون لە ڕووی ژمارەوە، لە تێکۆشەرانی ئازادیمان!!!. نەک هەر تاک، ئێمە حیزبی سیاسیمان بووە/ هەیە، کە بە خڕی لە خزمەتی داگیرکەراندا بوون/ هەن دژ بەبەشێک لە نەتەوەکەی خۆیان و بە سەدان وەک خۆیان دەڵێن: شەهیدیان داوە و خوێنیان لەگەڵ خوێنی چەکدارەکانی داگیرکەردا لەیەک سەنگەردا تێکەڵ بوون!!!، کاک فوئاد، دەیویست ئەم ئاوەزە شیوێنراوانە و ئەم وێنانە لە زەینی کۆمەڵگادا بسڕێتەوە، ئەمەش کارێکی ئاسان نەبوو، ئەو لەوە تێگەیشتبوو کە ئەم تێکۆشانە بۆ سڕینەوەی ئەو وێنانە، پێویستی بە کوردایەتییەکی کۆمەڵایەتی دروست و چاکە، کوردایەتییەک کە بنەماکەی ئەخلاقێکی بەرز و ڕەفتارگەلێکی خاوێنە، کە بەر لەهەر کەس دەبێت خۆی نوێنەرایەتی بکات، هەرواش بوو، هەرواش ڕەفتاری کرد و هەر بەو جۆرەش تێکۆشانەکەی فراوان کرد.
نموونەیەکی دی باس دەکەم لە باشووری کوردستانەوە، کە لە پێکهاتە مرۆیی و تێکۆشانە کوردەوارییە کۆمەڵایەتییە چاکەکەدا، وەک کاک فوئاد دەستیپێکرد و لە خەباتەکەیدا بەردەوام بوو. ئەویش کاک شاسوارە کە بە کاک ئارام ناسرا و هەر بەو ئاکار و ڕەوشتە بەرزەشەوە جێی هێشتین.
کارکردنی کاک ئارام لە ژینگەیەکی داڕزاوی ئاڵۆسکاوی ژاراوی بە قینی مەلایی و جەلالیدا بوو. ئەو نەناسراو بوو بۆ زۆرینەی خەڵکەکەی، لەناو خوێندەوارانی کورددا دەیانناسی. گەنجێکی خاوەن پرەسینپی کوردایەتی کۆمەڵایەتی چاک و دروست بوو. لەیادی مندا ئەو شیکارەسیاسیانە هەیە کە هەفتەی جارێک لە هەفتەنامەی هاوکاریدا لەسەر بابەتێکی ئەو ڕۆژگارە بڵاوی دەکردنەوە. لە یادمە جارێک وتارێکیم خوێندەوە، کە باسی فڕۆکەیەکی فڕێنداروی کردبوو، تایبەت هاتە بەر زەینم، کە وتارەکەم خوێندەوە باسکەی قووڵتر دەبۆوە، ئەو ئەم مەسەلەیەی بەستبۆوە بەهەندێ پەیوەندی نیودەوڵەتی و کاریگەری لەسەر پەیوەندەییە نێودەوڵەتییەکان، ڕەنگە بۆ من نوێ بووبێت، من سەرەتای دەستپێکی خوێندنەوەم بوو. بەڵام دەزانم کە لە نووسینەکانی تری کەسانی دی جیاوا بوو، هەم تێگەیشتن لێی ئاسان بوو، هەم شیکارییەکەی فراوان بوو. دیار بوو کە ئەو بۆ وشیارکردنەوەی خەڵکی دەنووسی، واتە لە پشتی نووسینەکانیدا پەیامێک هەبوو، لەشوێنکدا کە ئاستی بیرکردنەوە و ژیری مرۆڤەکە دەگەشێتەوە، لەو پەیامە تێدەگات و وەری دەگرێت، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە ئەو هەر وەک کاک فوئاد میکانیزمی بزووتنی کۆمەڵایەتی کوردیی ناسی بوو، ڕاستگۆیانەش، لەبەر بوونی ئەو پرەنسیبەی کوردایەتی کۆمەڵایەتییە چاک و دروستەی کە لە بوونی خۆیدا هەبوو، زوڵاڵ و بێگرێ خوێنەرانی خۆی دەدواند. وەک باسم کرد کاک ئارام، لەو ژینگەیەدا کاری دەکرد، کە ناکۆکیی نیوان مەلایی و جەلالی تا قووڵایی ناخی خێزانەکانی باشوور ڕۆچووبوو و هەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی- سیاسی دوولەت کردبوو، نەک هەر ئەوە بەڵکو گەیشتبووە ڕادەی ئەوەی کوردی بە کورد بە کوشت دابوو، لە سەرەتای ئەوەشدا بوو کە ئەم چالاکی بە کوشتدانی کورد بە کوردە ئاسایای بکەنەوە و تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو ببوون. جەلالی و مەلایی و ناکۆکییەکانیان کە بەهۆی ئەو ناکۆکیانەوە مابوون و درێژەیان بە بوونی خۆیان دەدا، لەهەموو ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردیدا لە باشوور دەبینران، کەم خێزان و کەس هەبوون کە پریشکی ئاگری ئەم ناکۆکیانە نەیسووتاندبن!!!.
وەک بیستوومە لە خەڵکی ڕاستگۆ و هاوبەشی بزووتنەوەکەی کاک ئارام، کە دروستبوونی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کە لە پاشاندا بووە کۆمەڵەی ڕەنجدەران، وەک کاردانەوەیەک بۆ سڕینەوەی کلتووری مەلایی و جەلالی بووە، بۆوە دروستبوون کە ئەم بیرکردنەوەیە بگۆڕرن. واتە بزووتنەوەیەکی نوێ لەسەر بنەمای نوێ دروست بکەن، بێ کلتووری مەلایی و جەلالی. بەڵام مەلایی و جەلالی دەستیان چووبووە خوێنی خێزان و خێزانەوە لە باشوور، ئەوەشیان کردبوو بە باو کە ئەگەر کەسێک لە خیزانێکی باشووریدا لەلای یەکێک لەمانە دەکوژرا ئیتر هەموو خێزانەکە کوێرانە دەبوونە دەروێش و لایەنگری ئەو لایەنە و چارچ دەکران بە قین و ڕق و تۆڵە ستاندنەوە لەلایەکەی دی، ئەمە خاڵێکی گرنگی ئەو نهێنییەیە کە بۆچی سەرەڕای ئاشبەتاڵ و شەڕی کورد بەکورد و سی و یەکی ئاب و کانی ماسی و بەکرەجۆ و هەزاران تاوانی دیار و نادیاری ئەم دوولایەنە، هێشتا هەر لەسەر کۆمەڵگای باشوور کاریگەرن و فەرمانڕانی دەکەن؟!. ئەوان خوێنی نوێ بۆ فەرمانڕانییەکەیان، لە باوک، مام، خاڵ، برا و....هتد ئەو خیزانە کوردانەوە وەردەگرن کە کوژراوی یەکەمیان لای ئەم یا ئەو لاینە بووە. پاش دەسەڵاتیشیان لە باشووردا ئەوە سی و پێنج ساڵە بە هۆی ئیمتیازات، پارە، پلەوپایە و مەسەلە مادییەکانی دی، فەرمانڕانییەکەیان بەردەوام دەکەن.
کاک ئارام، لە هەوڵوتێکۆشانەکەیدا بەو گیانە کوردایەتییە کۆمەڵایەتییە چاک و دروستەوە، بەردەوام بوو، بەڵام جەلالییەت و ئاڵۆزیی بەخوێن نەخشینراوی ئەو ژینگەیەی باشوور، دەرفەتیان پێنەدا کە پڕۆژە کوردایەتییە کۆمەڵایەتییە چاک و دروستەکەی تاسەر بەردەوام بێت، کاریگەریی لە سەر ئەڵقە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە زۆر قووڵ بوو و کە توانی پەروەردەیەکی ئەخلاقی ئەندامە سەرەتاییەکان بەو پرەنسیبە کوردەواریانە بکات، کە جێگای داخە کە خۆیی و زۆرینەی ئەو ئەندامە خاوەن ئەو پرەنسیپە کوردایەتییە چاکانە، لەژیڕ گوشاری سەختی ڕژێمدا و لەئەنجامی چەکەرەکردنەوەی جەلایەتە کۆنەکە، بوونە قوربانی دەروونە شێواوەکانی ناو کۆمەڵە و هەر زوو گیانیان لە دەست دا.
لەپاش ئەوەی کە کاک ئارام، بەدەستی کورد، گیانی بەخشی بە نەتەوە و کوردستانەکەی، ئەو ڕایەڵەی کوردبوونە و ئەو کوردایەتییە کۆمەڵایەتیە چاک و دروستە، لە ڕۆژهەڵات، لە ڕۆحی ئازادیخوازێکی کورددا، دەگەشیتەوە و قووڵتر و فراوانتر کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگا دەبێت. واتە کە کاک ئارام بە جەستە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا ون دەکرێت، ڕەفتارە کوردایەتیە کۆمەڵایەتیە چاک و دروستەکەی، لای کاک فوئاد بەدیار دەکەوێتەوە و چالاک دەبێت، ئەمەش ڕێکەوت نییە، کە مرۆڤێکی کوردی خاوەن برەنسیپە ئاکارییە بەرزەکان، درێژە پێدەری پرەنسیپە کوردەوارییە چاک و دروستەکان بن، با یەکتریشیان نەدیبێ و ئاشنای یەکدی نەبووبن، لە ناو کوردەواریدا هاوکێشە ڕۆحییەکان بەمجۆرە کاردەکەن، ئەمەش یەکێکە لە بنەما گرنگەکان کە زیندوویەتی کورد دەپارێزێ.
ئەم دوو نموونە دانسقە و باڵایەم بۆوە باسکرد کە هەندێک لایەن لە کوردەواری ڕوونبکەمەوە. بۆوەش کە کۆمەڵگای کوردەواری بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتیدا، ئەم پێوانە گەوهەرینەیان لا بێت، ڕەفتار و کرداری سیاسییە بوودەڵەکانی سەرکردەیەتی و بەرپرسە بوودەڵە سیاسیە حیزبیەکانی قۆناغی دوای کاک ئارام و کاک فوئادی پێ بپێوون. بزانن کە ئەمان چەندە دوورن لەو پرەنسیپە کوردایەتییە کۆمەڵایەتیە چاک و دروستانەی کە ئەو دوو کەسایەتییە گیانی خۆیان لە پێناویدا بەخشی، تا بۆیان ڕوون ببێتەوە کە سەرکردەیەتی حیزبەسیاسییەکان، چ تاوانگەلێکی مەزن بە خوێن و ناو ناوبانگی ئەو خۆشەویستانەی نەتەوەی کوردەوە دەکەن. باسی باشوورتان بۆ ناکەم، چوونکە مەلای و جەلالی دوو فابریقەی بەرهەمهێنانی هەموو خواریی و تاوانە نەتەوەییەکانی کورد بوون/ هەن.
ئێمە دەبێت لەهەر پلەو پایە و مەودایەکی چالاکی کوردەواریدا هەین، تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان و ژنای کورد، بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسیبوون و حیزبی بوون، ڕسواو لە قاو بدەین، لە حاڵێکدا وەک شایەتحاڵ و بەڵگەکان دەریان خستووە، کە ئەم قووربانیانەی دەستی ئەم مرۆڤە سایکۆپاتانە، لە هاوژینان و کچانی شەهیدانی ئەو حیزب و دەستەو تاقمانەشی تێدا هەن، بزانن ئاستی دژەکورد بوون تا کوێ دابەزییوە نەک لەلایەن دوژمنانی داگیرکەری کوردستانەوە، بەڵکو لەلایەن دژەکوردانی سەر بەحیزبی سیاسی کوردیشەوە، کە ئەمەی دواییان تاوانی نەتەوەییە و شەرافەتمەندانی ناو ئەو حیزبە سیاسییە کوردیانە، هیچ نەبێت لە پێناوی بەرگری لەو ڕابووردووە ئازادیخوازەی خۆیان، دەبێت لەو تاوانە زۆر قڕێژانە، لە سەرکردەیەتی حیزبەکانی خۆیان بێنەدەنگ و ئەو بەرپرسە پایە نزمانەی ناو ئەو حیزبانە، دەستبەجێ دادگایی، ڕسوا و دەربکرێن.
دەنگهەڵبڕین بەرانبەر تاوانە ئەخلاقی و نەتەوەییەکانی سیاسی کورد دەبێتە هۆی:
١- ڕۆشنکردنەوەی ئەو تاوانە ئەخلاقی و نەتەوەییانەی، کە بەرپرسانی حیزب و سەرکردەیەتی حیزبەکان دەیانەوێت لە تاریکیدا بمێننەوە، تا ببنە باسی کۆمەڵگا و دروستکردنی ڕای گشتی.
٢- ڕێگریکردن لەوەی کە تاوانە ئەخلاقی و نەتەوەییەکان و سوود وەرگرتنی بەرپرسان لە پلەو پایەی حیزبیان بۆ گەیشتن بە مەرامی دەروونی نەخۆشیان، بکرێنە ڕەفتارگەلێکی ئاسایی( وەک ئەوان دەیانەوێ) و بۆ دروستکردنی یادەوەرییەکی مێژوویی، کە ببنە بەڵگەی دادگاییکردنیان لە دادگای گەلدا.
٣- ڕەخساندنی دەرفەت بۆ قوربانییەکانی ئەم تاوانانەی سەرکردە و بەرپرسە حیزبییەکان، کاتێک ژنانی قوربانی ئەم دەستدرێژیانە و خەڵکانی خوارەوەی بێدەسەڵات، ببینن کە نووسەرانی سەربەخۆ و مرۆڤە شەرافەتمەندەکان هەن کە بەرگرییان لێدەکەن، وزە و بوێریان لا دروست دەبێت، کە باسی ئەو تاوانانە بۆڕای گشتی بکەن، بە مەبەستی ڕسواکردنی تاوانباران.
..............
سەرنجەکان/
لەکاتی نووسینی ئەم وتارەمدا، کە مێژووەکەی ٣١ ئۆگەستی ٢٠٢٦ە، ڕیکەوتە لەگەڵ شەهید بوونی کاک ئارام ٣١/١/١٩٧٨، لەگوندی تەنگی سەری ناوچەی قەرەداغ لە باشووری کوردستان، هەروەها ڕۆژی شەهید بوونی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی ٣١/٨/ ١٩٧٩ لە گوندی بەستام، لە نێوان شارەکانی سەقز و بانەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەداخەوە ئەم دوو ڕابەرە ڕەفتار و ئاکار بەرزە کە پڕبوون لە خەسڵەتە کوردەوارییە چاکەکان، یەک لە دوای یەک لە ماوەی ساڵیکدا، گیانیان بە ئامانج و تێکۆشانە کوردستانییەکەیان بەخشی، هەرەوەها چەند ڕۆژ لەمەوبەریش ٢٩/٨/٢٠٢٦ مەهدی زانا، سیاسەتمەداری پڕ پڕ لە خەسڵەتە کوردەوارییەچاکەکان لە باکووری کوردستان، کۆچی دوایی کرد، هەزاران سڵاوی کوردستانی بۆ گیانی کوردبوون، بەرخۆدانی کوردستانی ئەم سێ مرۆڤە کوردە تاقانە و بە ئەمەکانە بۆ نەتەوەکەیان، ڕەوانیان شاد و ئارام بێت، تێکۆشانی کوردستانیان بەردەوامە. ئەوەی جێگای گوومانە و دەبێت باس بکرێت، کە بۆچی تا ئێستا شەهیدکردنی کاک ئارام و کاک فوئاد، بۆ گەل ڕوون نەکراوەتەوە و پلان و تەونەکانی پشت ئەم تاوانە نەتەوەییانە لە نەتەوەکەمان شاردراونەتەوە؟!؛ ئەمە پرسیارە لە سەرکردەیەتی ئەوسا و ئێستای کۆمەڵەی ڕەنجدەران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





