بنخانی مانەوەی جووت دەسەڵاتی بنەماڵە، هیچ کاتێك لە هێزو بازووی خۆیاندا نەبووە؛ ئەوان لە چەند کەسێکی ناکۆکی بێدەسەڵات زیاتر هیچی تر نەبوون، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەمیشە دەستیان بە هێزە ناوچەییەکانەوە گرتووەو وەکو هێڵی دووەمی پشتیوانی بۆ خۆیان كێشاوە، دوای دەم چەورکردنی هەموو خائین و میللەتفرۆشەکانی ناوخۆ، یەکێك لە فاکتە بەهێزەکانی مانەوەیان ئەو گزیرو وەزیرو کۆیلەو مەسینەهەڵگرو ماستاوچییانە بوون کە وەکو تانجی ڕاو پێش خاوەنەکەیان دەکەون و نێچیریان بۆ دەگرن وە لە کۆتاییشدا ڕەنگەر هەر پارچە ئێسقانێك بەشیان بێت، جا ئەمە هەر بەتەنێ یەك شێوەو فۆرمی بە خۆوە نەگرتووەو تەنها لەسەر ئاستی تاکە کەسیدا نەبووە؛ وەکو بکوژانی سەردەشت عوسمان و بەکر عەلی کە چۆن کاری قێزەونی تیرۆرەکانیان بۆ کردن وە لە کۆتاییشدا خۆشیان پاکتاو کران و زوو بە ئەنجامی کۆیلایەتی و دەست نەپاراستنیان گەیشتن، سەرئەنجام خاوەنەکانیشیان حاشایان لێکردن.
دەکرێت بڵێین کێشەکە زۆر لەوە قووڵترو گەورەترە کە ئەو دوو هێزە مافیاییە کە وا ٣٥ ساڵە حوکم دەکەن و ماونەتەوە، تەنها بە پشتگیری و چڵکاوخۆری چەند شەلاتییەك لێیان ئەو هەموو هێزو تواناو چەك و زیندان و سەربازو پارەو چاڵە نەوتەیان دەست نەکەوتووە، کێشەکە لەوێدایە کە ئەم کاری کۆیلایەتی و بن بەڕەیە لەسەر ئاستی گروپ و حیزب و ڕێكخراو و کەسایەتییە بەناوبانگەکاندایە لە هەموو سێکتەرە جیاواز وە جۆراوجۆرەکاندا، هەمووشیان یەك خاڵی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە کە ئەویش خۆفرۆشی و ویژدان فرۆشی وە دوا کەوتنی بەرژەوەندی شەخسییەو لەولاشەوە میللەتێک وەكو مەرو ماڵات چەواشە دەکرێت وە تەسلیمی ئەو دوو بنەماڵە جەردەو تاوانبارو مافیایە کراون، دەبێت ئەوانە بزانن کە ئەم کرمی خیانەتەیە وا درەختی نەتەوەو نیشتیمان کرمۆڵ دەکات، هۆکارەکەشی هەر ئەو خۆفرۆشانەن کە مەسەلە چارەنووس سازەکان وە مافەکانی هاوڵاتیان هەڕاج دەکەن و بوونەتە زامنی مانەوەی ئەو دوو دەسەڵاتە دڕندەیە و لەولاشەوە خۆیان بە شۆڕشگێڕو خەباتکار وە میللەتدۆست دادەنێن وە بانگەوازی دژی گەندەڵیی بەرز دەکەنەوە، لە واقیعیشدا ئەمانە هیچ بایەخ وە ئەرزشێکی ڕاستەقینەیان لای ئەو دوو بنەماڵەیە نییەو دادەنرێن بە خۆفرۆشی پلە چوار، چونکە خۆی یەکێتی و پارتی خۆفرۆشی دەوڵەتانی دراوسێن، دەوڵەتانی دراوسێش خۆفرۆشی دوو جەمسەری هێزە جیهانییە گەورەکەن، دەوڵەتانی ناوچەکەش بە نموونە پاسدارێك یان جەندرمەیەكی سەر سنوور لای تورك وە ئێران زۆر بەهایان نەك لە خۆفرۆشی پلە چوار، بەڵکو لە ئەندامانی دوو بنەماڵە بەرزترو بەڕێزترن، ئەوە کۆیلە ناوخۆییەکانن خوێنی میللەتیان کردووەتە کاسەوە بۆ زوحاکەکانی جووت بنەماڵە، خۆیان بە سەگی بەر قاپیەکانیان دەزانن ، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی وڵاتیش بن سێلفیان لەگەڵدا دەگرن و شانازی بە ڕەفتاریانەوە دەکەن، چونکە کۆیلایەتی لە ناو خوێنیاندا تێکەڵاو بووە، هەر ئەو چڵکاوخۆرانەن ئەوەندە تاکی کوردیان لا سووکە، هەرچییەك فەرمانیان پێ بکرێت لە کوشتنو بڕین بۆیان ئەنجام دەدەن و دەکوژن و دەبڕن وە زیندانی دەکەن وە ئەشکەنجە دەدەن، وەکو نەبایان دی بێت نە بۆران، ئەمەیە کارەساتە راستەقینەکە نەك تەنها بوونی چەند سەرانێکی دوو بنەماڵە، ئەوانەی کارە تاوانکارییەکانیان بۆ ئەنجام دەدەن خۆ خودی ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵەیە نیین، خۆیان تەنانەت ئاوی خواردنەوەکەشیان لە دەرەوەی وڵات بۆ دێت و نە ساردی و نەگەرمی نابینن.
لەمەش مەترسیدارترئەوەیە کە زۆر قەوارەو حیزب و گروپ و ڕێكخراو و میدیا وە کۆمەڵەی جۆراوجۆر هەن و هەریەك بە ناوێکی بریقەدارەوە خۆی نمایش دەکات و لافوگەزاف و دروشمی ڕەونەقدار بەرزدەکاتەوە وە خۆیان بە شامی شەریف ناگۆڕنەوە، لە ژێریشەوە پیاوی ئەو دوو دەسەڵاتەن و ڕاپۆرتیان بۆ بەرز دەکەنەوەو ئەجنداکانیان لە ئەلفەوە تا یاء بۆ جێبەجێ دەکەن، پاشەڕۆژی خۆیان بەوانەوە بەستۆتەوە، لەملاشەوە لەگەڵ مەڕدا شین دەگێڕن، با زۆر دوور نەڕۆین وە نەپرسین کە ئەو قەوارانە داهاتی مانگانەیان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و کێ تەمویلیان دەکات و ئاسانکاری جێبەجێکردنی کارەکانیان بۆ دەکات؟ یان لە ژێرەوە پشتیوانیان لێ دەکات و بەرنامەیان بۆ دادەڕێژێت؟ با بەس یادی چەند گوتارێکتان بخەینەوە:
لە بەرواری 19/04/2013 هاوڕێ جیڤارا بەناوونیشانی (له پێشمەرگەیەکی شیوعی وه بۆ هەموو پارتییەکان) لە کوردستان پۆستدا دەنوسێت: (ده مێکه ئه بیستم ئه ڵێن حزبی شیوعی بوون به مۆزەفی پارتی یان ئهگه ر پارتی بودجەیان ببڕێ ئەوا ئەمرن له برسا یان ئه ڵێن حزبی شیوعی دەمێکه مردووه بۆ نایاننێژن؟ یان ئەڵێن بێ مەوقیفن له زۆر شتدا هتد... من ئەڵێم زۆربەی ئه م قسانه ڕاستن، ئه ویش بەهۆی کۆمەڵه کادرێک و کەسانێکی نەفس نزم کە بۆ پاره و ئیمتییازات و خۆ بردنه پێشەوه ئاوایان ئاله م حیزبه کرد)و (با له ساڵانی هه شتاکانه وه به بیریان بێنمه وه حزبی شیوعی عێراق /هه رێمی کوردستان، ئەو کات ئاوایان پێ ئەوت به هۆی پارتییەوه حزبی شیوعی توشی شيڕی یه کێتی بوو دوایی بوو به بەرەی جووت، هه تا ئەخیرجار کارەساتی پشت ئاشانی لێبووەوە).
هەروەها لە بەرواری 22/03/2016 و لەسەر لاپەڕەی هەمان سایتی شۆڕشگێڕی (کوردستان پۆست) گوتارێكی دی بڵاوکراوەتەوە بە ناوونیشانی (حیکمەتی به پارتی بوونی شیوعی و نەتەوەیەکان لەچیدایه !؟) تێیدا نووسراوە:
(ج حکمەتیکە کەسێك هەڵگری بیروباوەڕی کۆمینستی یان کوردستانی و
سەربەخۆخواز بێت ، کە دەڕوخێ دەبێته هەڵگری ڕێبازە نادیارەکەی بارزانی !؟ چونکە مروڤ ئەگەر لەژیانی
دا بە شێوەیەکی ڕاستگویی هەڵگری ئەو بیروباوەڕانه بێت، دەبێت هەرگیز نەبێته پارتی،
بەهۆکاری ئەوەی بنەماڵەی بارزانی بۆ كەسێكی كۆمینست هاوشیوەی سیستەمە کۆنەپەرسته و
دواکەوتوەکانی خەلیجه، نەوەك لینین ئاسا پیرۆزی بكەن، چونكه سیستەمەكه دژی هەموو بنەما
و بانگەشەكانی حزب و بیروباوەڕی حزبی شیوعییه لەتاوان و سیستەمی خێڵەكی و پێشیلی مافی
مروڤ و چەوساندنەوەی جینایەتی ومەسەلەی ژن .....) هەروەها نووسەری گوتار بەردەوام دەبێت
و دەنووسێت: (لە٣٥سالی رابردودا بەدەگمەن حزبی شیوعی عیراق و کوردستان لەبەرە و
هاوسۆزی پارتی دورکەوتبنەوە ، چ لەسەنگەری بەرەبوونیان (جەوقەد) هەڵبژاردنە
پەرلەمانیەکان ، بێدەنگی و هەندێ جار پاڵپشتیان بەرامبەر سەدان تاوانی پارتی،
تادەگاتە بەشداریکردنیان لە کابینەکەی ٣١ی ئابدا کە لوتکەی سازشی شیوعیەکان بوو
بەرامبەر بیروباوەرو بانگهشهی دژایەتی بەعس).
ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بڵێین کە ئەم راستیانەی لێرەدا باسمان کردن زانیاری دەگمەن وە تایبەت نین و تەنانەت زۆربەی زۆری چینەکانی گەل دەیانزانن و ئەمەش دەکرێت هۆکاری ئەوە بوو بێت کە لە دوا هەڵبژارندکاندا حیزبی شیوعی کوردستان هیچ کورسییەکی بەدەست نەهێنا، کەچی سەیرو سەمەرەکە ئەوە بوو ئەم حیزبە هیچ شەرمێکی نەکرد ، نەك لە هەڵوێستی کۆیلایەتییان پاشگەز نەبوونەوە، بگرە دەبوو لە شەرمدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆیان ڕابگەیاندایە، تۆ کە هیچ کورسییەکت نەبێت و خەڵک ڕەفزت بکاتەوە ئیتر مانەوەت مانای چی؟ لە گیرفان پڕکردنی کۆمەڵێك گزیرو وەزیرو کۆیلە زیاتر چ ئەجندایەکتان هەیە؟
داخی گرانم بۆ ئەو ڕێژە کەمەی نەوەی جیلەکانی پێشوو لە ڕەش و ڕووتەکان بە دروشمی (کرێکارانی جیهان یەکبگرن) هەڵخەڵەتاون وە لێیان کۆبوونەتەوە، کە نازانن لە ژێرەوە بەرپرسەکانیان ڕاپۆرتیان لەسەر دەنووسن و بۆ دەسەڵاتدارانی بەرز دەکەنەوە. لە هەمان کاتیشدا چەندان بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی تر لە ئارادان و زۆر لەوان چالاکترو بێ ئیمکانییەت ترن وە بە ئاشکرا دژی دەسەڵاتی ئەو جووت بنەماڵەیە وەستاون.
سەیری میدیاکانی KDP.info و K24 و ڕووداو وە هەموو کەناڵە جۆروجۆرەکان پارتی بکەن، چۆن بە ئەشقەوە وتەکانی زیرەک کەمالی شیوعی بڵاودەکەنەوە، بەڵکو لە هەندێك جێدا کەمال دەبێتە دەمڕاستی سەرۆکی هەرێم، وەك ئەو هەواڵەی KDP.info لە بەرواری 4 FEB 2023 دا بڵاو کراوەتەوە:
زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا، واتا لە ماوەی ئەمساڵدا پرۆسەکە بەڕێوە بچێت و تەمەنی پەرلەمانیش هەر بۆ ئەوە درێژ کراوەتەوە، هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم ئاشکرایە لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، پێشتریش هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم دیار بووە لەسەر پرسی هەڵبژاردن.''
زیرەک کەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "سەرۆکی هەرێم بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی، لە ماوەکانی داهاتوودا فەرمانی هەرێمی بۆ دیارکردنی وادەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکات"
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست