کورد و قەدەرێکی سەپێندراو؛
25/09/2026, 21:54 (GMT+1)

(لە نێوان کارتی فشاری زلهێزەکان و فاشیزمی چوار دەوڵەت دا)
کێشەی کورد وەکو شاخێکی سەهۆڵین وایە لە ناوەڕاستی ئۆقیانوسێک دا. ئەو بەشەی شاخە سەهۆڵینەکە کە لەسەر ڕووی ئاوەکەیە بەشە بچوکەکەی شاخەکەیە، ئەو بەشەی کە دەکەوێتە ژێر ئاوەکەوە بەشە گەورە و بنەڕەتی و نەبینراوەکەیە، ئەو بەشەیە کە گرنگی پێنادەین و جێگەی سەرنج و تێڕامانمان نییە، جێگەی سەرسوڕمان و لێکۆڵینەوە و تێفکرین نییە، ئێمە تەنها سەیری بەشە دیارەکە دەکەین، ئەو بەشەی سەرەوەی ئاوەکە سەرنجمان ڕادەکێشێت و گرنگی پێدەدەین. گرنگی بە دەرەوە دەدەین نەک ناوەوە، ناوەوەمان لا گرنگ نییە، کە بەشە بنەڕەتییەکەیە، کە چەندە گەورەیە، چەندە هۆکاری بەدەرکەوتنی بەشەکەی سەرەوەیە. چەندە بەشەکەی سەرەوەی ڕاگرتووە.
کێشەی کورد وەکو شاخێکی سەهۆڵین وایە لە ناوەڕاستی ئۆقیانوسێک دا. ئەو بەشەی شاخە سەهۆڵینەکە کە لەسەر ڕووی ئاوەکەیە بەشە بچوکەکەی شاخەکەیە، ئەو بەشەی کە دەکەوێتە ژێر ئاوەکەوە بەشە گەورە و بنەڕەتی و نەبینراوەکەیە، ئەو بەشەیە کە گرنگی پێنادەین و جێگەی سەرنج و تێڕامانمان نییە، جێگەی سەرسوڕمان و لێکۆڵینەوە و تێفکرین نییە، ئێمە تەنها سەیری بەشە دیارەکە دەکەین، ئەو بەشەی سەرەوەی ئاوەکە سەرنجمان ڕادەکێشێت و گرنگی پێدەدەین. گرنگی بە دەرەوە دەدەین نەک ناوەوە، ناوەوەمان لا گرنگ نییە، کە بەشە بنەڕەتییەکەیە، کە چەندە گەورەیە، چەندە هۆکاری بەدەرکەوتنی بەشەکەی سەرەوەیە. چەندە بەشەکەی سەرەوەی ڕاگرتووە.
کێشەی کوردیش بەو ڕەنگەیە، ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی لە دژمان، پیلانگێڕی ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە دژمان، بەرژەوەندی زلهێزەکان، فاشستی و دیکتاتۆری و ڕەگەزپەرستی دەوڵەتانی نەتەوە سەردەستەکان... لایەنی دەرەکییە، بەشە دیارەکەیە، بەشەکەی سەرەوەیە، بەشی سەرەوەی شاخە سەهۆڵینەکەیە، بەشە گرنگی پێدەر و لێکۆڵەرەوە لێی و جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوەمانە، ئەو بەشەیە هەمیشە باسی دەکەین و لەبەرچاوە و دژایەتی دەکەین و بۆتە وەهم و قەدەرمان. پێمان وایە هۆکاری بێ دەوڵەتی و داگیرکراوی و پارچە پارچەبوونمانە. لە ڕاستیشدا بەشە بنەڕەتی و هۆکارە ڕاستەقینەکە نییە.
خودنەفرەتی، ناپاکی و نۆکەری، خۆخۆری، یەکترشکاندن، شەڕی براکوژی و جاشایەتی... بەشەکەی ناوەوەیە، بەشە نادیارەکە، بەشەکەی ژێرەوەیە، بەشە گەورەکەیە، بەشە بنەڕەتییەکەیە، کە جێگەی گرنگی پێدان و تەوەری سەرەکی تێکۆشانمان نەبووە. هێڵێکە بەردەوام لە درێژبوونەوەدایەوە و لە شوێنێک دا تێکمان نەشکاندوە. ئەو بەشەیە کە ساردی خستۆتە مێژوو و ئێستا و داهاتوومانەوە، ئەو بەشەیە کە ئەگەر هەوڵی گۆڕانکاری تێدا بدەین و هێڵە ناپاک و نۆکەرەکە تێکبشکێنین و سایکۆلۆژیایی خەڵکەکە سەرلەنوێ دەستکاری بکرێتەوە و کوردستان سەنتەری پەیڕەوبکرێت، بۆ ئەمە سیاسەتێکی ژیرانە و لۆژیکی بگیرێتەبەر، ئەوە بەشەکەی دەرەوە، بەشە بەرچاوەکە، پیلانگێڕی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، ناتوانێت هەمیشە جینۆساید بکاتە قەدەرمان. من ئەمە وەکو هۆکاری سەرەکی هەر شکست و نائومێدییەک دەبینم.
لە خۆرئاوای کوردستان سەرەڕای تێکۆشان و بەرخۆدانی سەربازی، سیاسی و مەدەنی و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریەکی دیموکراتی کەم وێنە لە ناوچەکەدا، بەڵام هێڵی ناپاکی - نۆکەری و خودنەفرەتی ئەنەکەسە-ی حزبگەلی فندق نشین هەمیشە دژی دەستکەوت و ئەزموون و تێکۆشانەکان لە چوارچێوەی پیلانگێڕیدا بوو. سەرەڕای ڕێکەوتنی هەولێر، دهۆک و قامیشلۆ، کە ڕۆژی 26 نیسانی 2025 کۆنگرەی یەکخستنی کورد لە نێوان (تەڤگەری ڕۆژاڤا - پەیەدە - پارتی یەکێتی دیموکراتی، ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا - ئەنەکەسە) بەسترا، تاکو ئەنەکەسە لە چوارچێوەیەکی نەتەوەیی دا ڕۆڵی ئەرێنی لە خۆبەرێوەبەری خۆرئاوا دا بگێڕێت، بەڵام داوای نیوەی ئابوری و سەربازییان دەکرد و هەمیشە لە چوارچێوەی پیلانگێڕی میتی تورک و هاکان فیدانی نۆکەر دا سیاسەتیان دەکرد، لە باشوریش لە سەر قوتی خەڵک و بە سیاسەتی تورک (پێشمەرگەی ڕۆژ= ئەنەکەسە) دژی خۆرئاوا دروستکرابوو. تەنانەت پێش گەلەکۆمەکێی مانگی یەکی ساڵی 2026، ئەنەکەسە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و سیستمی پەروەردەی لە ڕۆژئاڤا دەکرد!. ئەمانە و دەیان ناپاکی دیکەیان لەگەڵ تورکیا و بەشار ئەسەد و مورتەزەقەکانی تورکیا دا دژی خۆسەری دیموکرات.
ڕەنگە ئەوەی ئەم ووتارە بخوێنێتەوە بڵێت: "تەوەرەکانی ئەم ووتارە دژ بەیەکن." بەڵام نەک دژبەیەکن نیین، بەڵکو ناپاکی و خودنەفرەتی ناوخۆییمان هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی هەر گەلەکۆمەکێیەکە لە دژمان، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم قسەیەمان ووتەیەک چەرچڵ بە نمونە باس دەکەین. لە چەرچڵ دەپرسن بەریتانیا نەیتوانی ئیرلەندای دراوسێ داگیر بکات، بەڵام چۆن توانی لە ئاسیا و ئەفەریقا چەندین ووڵات داگیر بکات؟ لە وەڵامدا چەرچڵ وتویەتی: "بۆ داگیرکردنی هەر ووڵاتێک دوو چین خەڵک پێویستە: یەکەم کەمینەیەکی ناپاک و نۆکەر. دووەم زۆرینەیەکی ناهۆشیار و دواکەوتوو. ئێمە لە ئیرلەندا ئەمەمان دەستنەکەوت، بەڵام لە میسڕ، هندستان و عێراق ئەو دوو چینە خەڵکە هەبوو، لەبەرئەوە داگیرمان کردن." ڕاستییەکی تاڵە
هێشتا لە نێو کورد دا ئەو دوو چینە نەک هەن، بەڵکو زۆر کاریگەرن و هێڵی ناپاکی به بەرگی نەتەوایەتییەوە لە پێشەوەن له چوارچێوەی پیلانگێڕییەکاندا، هەر لەبەرئەوەیه پیلانگڕی ئایندەی کورد دیاری دەکەن.
زیاتر لە سەدەیەکە غەرب کورد وەکو کارتی فشار دژی دەسەڵاتە یەک لەدوایەکەکانی چوار دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا، سوریا، ئێران و عێراق بەکاردێنێت. ئەوان دابەشیانکردین و نەتەوە هاوئایینەکانمان جینۆسایدیان کردین. هەر کاتێک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەهێز و کاریگەر بووبێت، غەرب و موساد لە پێناو تەنازولکردنی گەورە بە دەسەڵاتە ناوەندییەکان پیلانگێڕییان دژی کورد ئەنجامداوە، هەر لە پیلانگێڕی ڕێکەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975ی نێوان عێراق-ئێران لە دژی شۆڕشی ئەیلول بە پیلانگێڕی (CIA)ی ئەمەریکا و موسادی ئیسڕائیل. پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا بە بەشداری کاریگەری ئەمەریکا و ئیسڕائیل و ووڵاتانی ئەوروپا. پیلانگێڕی پاریس لە 6ی1ی2026 لە نێوان سوریا و ئیسڕائیل، ئەمەریکا، دواتر پەلاماردانی خۆرئاوای کوردستان بە پیلانگێڕی ناوچەیی و نێونەتەوەیی. تەنانەت ڕامی عەبدولڕەحمان بەرپرسی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی: "گەر هەسەدە هەڵنەوەشێنرایەتەوە، ئەمەریکا هەسەدە و مەزڵوم عەبدی-شی دەخستە لیستی تیرۆرەوە."
ئەمە جگەلەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، پارت و هێزە سیاسییەکان لە لیستی تیرۆری ئەوان دا بووە، تاکو ئێستاش پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکا و ئەوروپادایە، تا ئەم ساڵانەش یەکێتی و پارتی لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادا بوون! لەبەرئەوە پێویستە کورد، کێشە نەتەوەییەکەی لە دەستی غەرب، ئەوروپا، ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەربهێنێت گەر بە کەمتر لەو دەستکەوتانەش کە بە چەک و پیلانگێڕی ئەوان بەدەست دێت ڕازی بێت بە ڕێکەوتن لەگەڵ گەلان و دەسەڵاتە ناوەندییەکانی بەغداد، تاران، ئەنقەرە و دیمەشق، پێم وایە ئەوەی ئێستا لە باکور و خۆرئاوا-ش ڕوودەدات بەشێکە لە سیاسەتی دەرکردنی کارتی کورد لە دەستی غەرب (ئەمەریکا، ئەوروپا) و ئیسڕائیل دا. عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتویەتی «مۆساد چەند جار هەوڵیاندا لەگەڵم دانیشن و ڕازیم کەن کە یارمەتییم بدەن دەوڵەتێکی کوردیی پرۆتۆ-ئیسرائیلیی دروست ببێت، من ڕەتمکردەوە». ئەمەریکای سەرە ڕمی دنیایی سەرمایەداری چەند پشتیوانی کورد بێت، بەڵام لە باڵابوونی دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ هەر چوار دەوڵەتدا، ئەوە لە پیلانگێڕییەدا ناپاکی لە کورد دەکات، زیندووترین نمونەش ڕیفراندۆمی باشور و پیلانگێڕی بوو دژی هەسەدە.
هیچ جەنگێک بۆ دەستکاری ئەو سنورانە نییە کە لۆزان کردیە قەدەری کورد، لەو قەدەرەوە ڕاستی و ڕێگەیەکی سەخت و پڕ ئازار و خوێنە، ڕێگەی مافی کورد لە بەغداد، تاران، ئەنقەرە و دیمەشقە، نەک لە واشنتۆن، پاریس، لەندەن و تەلئەبیب.! (تا پێشهات و گۆڕانکارییەکی سیاسی گەورەتر ڕوودەدات)
چ لە ڕووی هێزی سەربازی و خەباتی دبلۆماسی خۆرئاوا هەنگاوی گەورە و گرنگی نا، بەڵام بەرژەوەندی زلهێزەکان گەورەتر بوو لە ڕێگە و تواناکانی کورد. کورد هەوڵی شێلگیرانە و زیرەکانەی دا پەیوەندی دبلۆماسی لەگەڵ ڕوسیا و ئێران دا ببەستێت، لە ڕوانگەی ئەوەی سوریا جێ نفوزی ڕوسیا و ئێران بوو، بەڵام بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا لەگەڵ تورکیادا لە جیۆگرافیایی خۆرئاوا گەورەتر بوو، ئەوەبوو ڕوسیا لە کانتۆنی ئەفرین پاشەکشەی کرد و تورکیا پەلاماری ئەفرین-ی دا، شەڕڤانان دوو مانگ دژی تورکیایی ئەندامی ناتۆ بەرگریان کرد. کورد بە پەیڕەوکردنی هێڵی سێیەم دژی بەرژەوندی شیعە (ئێران) دۆستی سوننە نەبوو، ئەگەرچی ناوبەناو میلیشیا شیعەکانی ئێران و بەشار ئەسەد پەلاماری کوردیان دەدا. تەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی گەلەکۆمەکێ دژی ڕۆژئاڤا ڕەتکردنەوەی شەڕ بوو دژی شیعە و حەشدی شەعبی لە عێراق. کورد دژی سەرهەڵدان و مافەکانی سوننە نەبووە بە هاپەیمانی لەگەڵ بەشار ئەسەد و ئێران، بەڵکو ناوچە عارەبییە سوننەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زۆر ئارام و پارێزراو بوون، مەگەر مورتەزەقەکان بە پیلانگێڕی تورکیا پەلاماری کوردیان دابێت، کوردیش تەنها بەرگریکردوە. ئەو کاتەی ڕژێمی بەشار ئەسەد کەوت و بووە کۆتایی نفوزی شیعە و ئێران و باڵادەست بوونی سوننە، ئەوەی پەلاماری کوردی دا سوننە بوو.
کورد پەیوەندی دبلۆماسی لەگەڵ ووڵاتانی عەرەبی دا هەبوو، بەتایبەت میسڕ و سعودیا، بەڵام میسڕ دژایەتی تورکیا دەکرد و سعودیا-ش پارەیەکی خەیاڵی بۆ هەڵگەڕانەوەی عارەبەکانی ڕەققە و دێرەزوور خەرجکرد. تەنانەت کورد هەوڵی پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا-شدا داوە و بە دانپێدانانی خۆشیان یەک فیشەکیان دژی سنورەکانی تورکیا نەتەقاندوە. پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل-ش هەبووە، بەڵام ئیسڕائیل لە پیلانگێڕی پاریس دا دەسەڵاتی نوێی دیمەشقی بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی لە جیاتی
دۆستایەتی کورد هەڵبژارد! واتە کورد تەنها پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکادا نەبووە و تەواوی میوەکانی نەخستۆتە سەبەتەی ئەمەریکاوە، ڕێگەی دبلۆماسی بەکارهێناوە و نوێنەری خۆسەر لە ئەوروپاش کاریگەر بوو.
ئەمەریکا لە هاوپەیمانی تاکتیکیدا لەگەڵ هەسەدە، بەرژەوەندی تەنها لە چوارچێوەی جیۆگرافیایەکی بچوکی باکور و خۆرهەڵاتی سوریادا بوو، بەڵام کاتێک محەممەد جۆلانی کرایە ئەحمەد شەرع و وەکو دۆناڵد تڕەمپ وتی: "ئەحمەد شەرع من و ئەردۆغان لە سوریا دامانناوە و کاری نایاب دەکات." ئیدی قەبارەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا نەک لە هەسەدە لە خۆرئاواش گەورەتر بوو، نەک هاوپەیمانی هەسەدە و ئەمەریکا کۆتایی هات، نفوزی ڕوسیا و ئێران-یش لە سوریادا کۆتاییان هات، پرسیارەکە ئەوەیە لە دۆخێکی ئاوادا تڕەمپی منداڵباز بازرگانی بە هەسەدە و کوردەوە ناکات؟
کاتێک لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی ساڵی 2015ی تورکیادا، هەدەپه بەربەستی %10ی تێپڕاند و زیاتر لە (80) کورسی بەدەست هێنا، ئاکەپە داوای لە هەدەپە کرد پێکەوە حکومەت دروست بکەن، بەڵام هەدەپە قبوڵی نەکرد، دواتر هەڵبژاردنی پشوەختە ئەنجامدرایەوە و کورسییەکانی هەدەپە دابەزی بۆ (60) کورسی، ئاکەپە و مەهەپە حکومەتیان پێکهێنا. بەشێکی گەورەی سیاسی و ڕۆشنبیری و خەڵکانی ئاگادار ڕەخنەی هەدەپە-یان کرد کە بۆچی بەشداری حکومەتی نەکرد لەگەڵ ئاکەپە دا؟ تاکو لە دەسەڵات و لە ئەنقەرە-وە گۆڕانکاری جەوهەری لە پرسی کورد دا ئەنجامبدایە و خەباتی ڕامیار و مەدەنی و یاسایی جێگەی خەباتی چەکداری بگرتایەتەوە و چەکەکان بێدەنگ و بێ کاریگەر بکرانایە لە هەردوو بەرەی سوپایی تورک و گەریلا-وە.
لەم ڕوانگەیەوە ئێستا دوای گەلەکۆمەکێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دژی خۆرئاوای کوردستان، دوای بەرخۆدان و ڕێگەگرتن لە جینۆساید، دوای ڕێکەوتنی خۆرئاوا و دیمەشق و دواتر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لە (ڕۆژی پێنج شەممە 27/8/2026)، سەرانی کورد، بەتایبەت مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بڕیاری چوونە دیمەشق و بەشداری دەسەڵاتیان داوە، تاکو ببنە هێزێکی کاریگەر بۆ داکۆکی کردن لە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد لە چوارچێوەی سوریادا، هەروەکو چۆن لە شۆڕش و خۆبەڕێوەبەریدا کاریگەر و تێکۆشەر بوون، ئێستا لە باشوری پڕ قەیران و چەقبەستوەوە خەڵکانێک دەڵێن: "ئاشبەتاڵیان کرد و دوای پۆست کەوتن!" ئەمە لەکاتێکدا گەر ئەو دوو کەسایەتییە نەچوونایەتە دیمەشق، بەدڵنیاییەوە ئەو پۆستانە بە خەڵکانی ناپاکی ئەنەکەسە پڕدەکرانەوە و هەروەکو چۆن لە هەڵبژاردنە پڕ ساختەکاری و کارتۆنەییەکەدا کەسانی ئەنەکەسە کرانە نوێنەری خۆرئاوا لە پەڕلەمانی سوریادا، لەبەرئەوە گەر مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد ئەو پۆستانەیان وەرنەگرتایە و هەر ڕووداوێکی سیاسی و دژایەتیکردنێکی مافی کورد ئەنجام بدرێت، ئەوکات هەر ئەم خەڵکانە دەڵێن: بۆچی خۆیان نەچوونە دیمەشق، هاوشێوەی مام جەلال و کاک مەسعود دوای ساڵی 2003 کە چوونە بەغداد و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە نوسینەوەی دەستور و زامنکردنی مافەکانی کورد لە عێراقدا!.
ئەمە جگەلەوەی کام ئاشبەتاڵ؟ ئایا دوای ڕێکەوتن لەگەڵ دیمەشق کوردی خۆرئاوا، ئاوارەی باشور و باکور بوون، یان گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان؟ ئایا چەند لیژنەیەک دروستکراون بۆ ڕادەسکردنی چەکەکان بە تورکیا و سوریا، یان هێزەکان بە ناوی جیاوە بوونە بەشێک لە سوپایی سوریا؟ ئایا سەرانی خۆرئاوا ناپاکیان کرد و چوونە ئەوروپا و دیمەشق و لە ڕەفاهییەت دا غەرق دەبن؟ یان هەر لەگەڵ میللەتی خۆیاندا شەڕی مافەکانیان دەکەن؟ ئایا بەشێکی گەورەی میللەت هەر بێ ناسنامەیە؟ یان نەک ناسنامە زمانە قەدەغەکەیان بە فەرمی دەکرێت؟ دام و دەزگاکان هەڵوەشاونەتەوە و تاڵانکراون؟ یان هێشتا بە مۆرکی کوردی خزمەت خەڵک دەکەن؟
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە شکست بێت، هێشتا کارەساتەکانی کەمترە بە بەراورد بە شکستی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی 1946 و شکستی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975دا. ئاشبەتاڵ واتا سفربوونەوەی دەستکەوت و هیواکانی میللەت، نەک لە نێو بێڕەوشتییەکی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا بە زمانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل تیرۆرستێک ببێتە سەرۆکی سوریا و پارێزەری بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەوان و کوردیش لەبەرامبەردا بتوانێت بمێنێتەوە و پێداگیری لە دەستکەوتەکانی بکات. هەروەها لە ڕوانگەی قسەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە ئەوە ڕوونبوویەوە کە کورد گرێدراو و پارێزەی ئاسایشی ئیسڕائیلە یان ئەوانەی باسیان لە فەتحی نەک شام بەڵکو قودس دەکرد! کورد یان ئەوانەی بازرگانیان بە خوێنی غەزە-ییەکانەوە دەکرد!
لە کۆتایدا، زۆر بە سادەیی هەڵەی پەکەکە لە لوتکەی هەڕەمی ئایدۆلۆژی ئاپۆییدا، پەیەدە-ش لە خۆرئاوای کوردستان ئەوە بوو برایەتی گەلانی چوارچێوەی پێکهاتە سیاسییەکەیان گشتاند بەسەر خۆرئاوا دا. بەو مانایەیی لە نێو پەیەدە دا هەندێک کەسایەتی
ئایدۆلۆژی بەئیرادەی عارەبی هەیە کە تێکۆشان دەکەن لە پێناو بە دیموکراتیزەکردنی سوریا و برایەتی گەلان دا، خەڵکانی ڕۆشنفکر و ئاقڵمەندن، سەرانی ڕۆژئاڤا لەم ڕوانگەیەوە تیۆری برایەتی گەلانیان گشتاند بەسەر خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرهەڵاتی سوریادا کە کۆی عارەبی ناوچەکە بەو ئاستە باڵایەیی مەعریفە و ئینسانی گەیشتوون و عارەبی خێڵەکی، دەشتەکی پێ پەتی و تاڵانچی و ئیڕهابی ڕەققە و دێرەزوور-یان کردە بەشێکی سەرەکی پێکهاتەی هەسەدە و لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەری دا دەسەڵاتی کاریگەریان پێدان، بەڵام هەر لە گەرمەیی پیلانگێڕییەکەدا ئەو عارەبانە گەڕانەوە سەر بنەڕەتیان و ناپاکیان نەک لە هەسەدە لە کۆی کورد لە خۆرئاوا کرد و ماڵ و حاڵی کوردیان تاڵانکرد و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. لەلایەکی دیکەوە ئەو دۆخەی ڕووبەڕووی خۆرئاوای کوردستان بوویەوە و دەبێتەوە گرێدراوی پڕۆسەی تورکیایی بێ تیرۆری (ئاکەپه+مەهەپە)، (پڕۆسەی ئاشتی پەکەکە)یە، واتە پەکەکە-تەڤگەری ئازادی بەرپرسیاری یەکەم ئەو شکستەیە!.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





