ڕێکەوتنی مەککە و کێشەی دووڕوویی ستراتیژی؛
(دژایەتی ئیسڕائیل لە غەزە، یان بەشداریکردن لە شەڕی دژەحوسییەکان؟)
لە ناوچەیەکدا کە هاوکێشەی هێزەکانی بە خێرایی دەگۆڕێت، پەیمانە سیاسی و سەربازییەکان تەنیا بە ووشە و ڕستەسازی دەق پێوانە ناکرێن؛ بەڵکو جێبەجێکردنەکەی دەبێتە پێوانە. ڕێکەوتنی «مەککە» کە لە نێوان سعودییە، تورکیا و پاکستان دا واژۆکراوە، ئێستا لەبەردەم یەکێک لە گرنگترین تاقیکردنەوەکانیدایە: شەڕی سعودیا لە یەمەن و کێشەی حوسییەکان.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەگەر هێرش بۆ سەر یەکێک لە ئەندامانی پەیمان بە هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامان دابنرێت، ئەوا سنووری ئەم «بەرگرییە هاوبەشە» لە کوێیە؟ ئەگەر تورکیا و پاکستان بە هۆی ئەم پەیمانەوە بچنە ناو شەڕی یەمەن-ەوە، ئەمە چۆن لەگەڵ هەڵوێستی سیاسییان بەرامبەر غەزە و ئیسڕائیل پێناسە دەکرێت؟
لە ڕاستیدا، سیاسەت و پیلانگێڕییە دوژمنکارانەکانی سوڵتانی چنگ بەخوێن و تورکیا تەنیا بەرامبەر بە کوردی نابکەری دەوڵەتی سەرکەوتووە، دەنا ستراتیج و سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی لە تەواوی ووڵاتانی ناوچەکەدا لە دوای بەهاری عارەبی لە میسڕەوە بۆ تونس، سۆدان، لیبیا و یەمەن تا دەگاتە قوبڕس و یۆنان، تەنانەت دوای حەوتی ئۆکتۆبەر لە بانگەشەی پشتیوانی غەزە-ش شکستی خواردووە.
ڕۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026 ڕێککەوتنامەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان سێ دەوڵەتی گەورەی ناوچەکە، کە بریتین لە (سعودییە، تورکیا و پاکستان) لە لایەن هەریەک لە شازادەی جێنشینی سعودییە (محەمەد بن سەلمان)، سەرۆک کۆماری تورکیا (رەجەب تەيب ئەردۆگان) و سەرۆک وەزیرانی پاکستان (محەمەد شەهباز شەريف)ەوە لەژێر ناوی «ڕێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش» لە دیوانی پاشایەتی لە باڵەخانەی «صفا» لە شاری مەککەی واژۆ کرا کە بە «ناتۆی ئیسلامی» ناسرا. یەکەم بەندی ڕێککەوتنەکە دەڵێت: «هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەو سێ دەوڵەتە، بە هێرش دادەنرێت بۆ سەر هەموویان.»
ئێستا پرسیارەکە لە سنووری دەق و بەندەکانێی ڕێکەوتنەکە تێدەپەڕێت و دەچێتە ناو بواری کردارییەوە. ئەگەر هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودییە بە هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامانی پەیمان هەژمار بکرێت، ئەوا یەمەن دەبێتە یەکەم مەیدانی تاقیکردنەوەی ئەو بەرگرییە هاوبەشە. ئایا شەڕی سعودیا لە یەمەن دژی حوسییەکان بە واتایی شەڕی پاکستان و تورکیایە؟ یان لەم تاقیکردنەوەیەدا دەردەکەوێت کە ڕێکەوتنی مەککە پەیمانێکی کاغەزییە، یان پەیمانێکی کرداری؟ لێرەدا جیاوازییەکە لە نێوان «پشتیوانی سیاسی و دیپلۆماسی» و «بەشداریکردنی سەربازی لە جەنگ» دەردەکەوێت، چونکە هەر یەکێکیان بارودۆخ و ئەنجامی جیاوازی بۆ تورکیا و پاکستان دروست دەکات.
لە ڕاستیدا گەر ڕێکەوتنەکەش جێبەجێ بکرێت و پاکستان و تورکیا بچنە جەنگەکەوە دژی حوسی پڕۆ ئێرانی، ڕاستەوخۆ ئەو بەشداریکردنە دەچێتە چوارچێوەی خزمەت بە ئەجندای ئیسڕائیل و ئەمەریکاوە. ئەو جەنگەی لە بنەڕەتدا لەنێوان ئیسڕائیل، ئەمەریکا، ئێران و هێزە پڕۆئێرانییەکاندا بوو، بە شێوەیەکی نوێ دەخرێتە سەر شانی هێزە سوننەکانی ناوچەکە، بەمەش سنوری شەڕ لە هاوکێشەیەکی نێوان هێزەکانەوە بۆ هاوکێشەیەکی ناوخۆیی و مەزهەبی دەگۆڕێت. جەنگی حیزبوڵڵای لوبنان لە ڕێگە فشار و تەوقدانەوە و بڕینی پەیوەندی سەربازی لە نێوان حزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و ئێران بە سوریایی نوێ دەکرێت. سعودیا ئاڵێندرایە جەنگی حوسییەکانەوە، لەبەرامبەردا حوسییەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و گەروی بابولمەندب-یان کۆنتڕۆڵکرد و تەنانەت لە ڕێی هێرشی ئاسمانییەوە مەترسییان لەسەر خودی سعودیا و شاری مەککەش دروستکردوە. هەروەکو دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وتی: «حوسییەکان نایانەوێت شەڕمان لەگەڵدا بکەن، ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتی هەموو وڵاتان دەدەن، تەنیا یەک وڵات نەبێت.» کە مەبەستی سعودیا بوو. هەروەها ماڵپەری «ئاكسیۆس»ی ئەمریکی بڵاویكردووەتەوە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دوو جار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردوە و داوای لێکردووە هێرش بکاتە سەر حوسییەکان. بەڵام ترەمپ داواکارییەکەی ڕەتکردۆتەوە، کە ئیدارەی ئەمریکا بەنیازی ئەوە نییە لەم کاتەدا ڕێکاری سەربازی ڕاستەوخۆ دژی حوسییەکان بگرێتەبەر. محەمەد بن سەلمان ناچار پەنای بۆ میسڕ برد.
تەنانەت گەر تورکیا لە ڕێگەی ڕێکەوتنی مەککەوە هاوکاری سەربازی سعودیاش بکات دژی حوسییەکان هەروەکو هاکان فیدانی نۆکەر لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسانی تورک لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ سوریا ڕۆژی چوار شەممە 16/9/2026 وتی: «گەمارۆدانی سعودیا و کردنە ئامانجی لەلایەن حوسییەکان لە باشور و لە عێراقەوە لە باکور مایەی قبوڵکردن نییە. تورکیا بەگوێرەی ڕوحییەت و ئاڕاستەی پەیمانی مەککە هەڵسوکەوت دەکات.»، دیسان هاوکاری و بەشداریکردنی دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە ئامانجەکانی ئیسڕائیل. تورکیا لە جەنگی ئەمەریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران، تەواوی توانای سیاسی و دبلۆماسی خستبووە کار تاکو ئێران ڕژێمی ئێران پارێزراو بێت و نەکەوێت، تەنها بۆ دژایەتی کورد، تاکو لە خۆرهەڵاتی کوردستان نەبێتە هێز و خاوەن خۆبەڕێوەبەری. بەڵام ئێستا لەم جەنگی حکومەتی یەمەن بە پاڵپشتی سعودیا دژی حوسییەکان، بە بەشداریکردن لە جەنگەکەدا یان بێ لایەن بوونی هەم خزمەتی پڕۆژە و ئامانجەکانی ئیسڕائیل دەکات، هەم هێمای بێ کاریگەربوون و فەشەلی ڕێکەوتننامەی مەککەیە، لە لایەکی دیکەوە شەڕکردنە لە دژی پشتیوانانی غەزە!. ڕەنگە لە داهاتوودا ئەوە ڕوون ببێتەوە کە پەیمانی مەککە بۆ دژایەتیکردن و سەرکوتکردنی کورد پێکهێندرا بێت!.
لێرەدا دەمەوێت هاوکێشەیەکی سیاسی ڕوونبکەمەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە مەزڵومیەتی گەلی فەلەستین و جینۆسایدی غەزەییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەکرد. بە توندی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە سەرکۆنە دەکرد و لە چەندین لێدوان و چاوپێکەوتنی نێودەوڵەتیدا، حکومەتی بنیامین نەتانیاهۆی بە ئەنجامدانی «جینۆسایدی تەواو» لە غەززە تۆمەتبار دەکرد و ناتانیاهۆ بە بەرپرسی یەکەمی ئەو دۆخە دەزانی، تەنانەت وڵاتەکەی لە ڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە «ئینتەرپۆل» هەوڵی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەتانیاهۆ دا.
ئەحمەد شەرع-یش باسی لە فەتحی قودس دەکرد. بەڵام ئەوەی شەڕی ئیسڕائیلی دەکرد لە کەیسی حەماس - غەزە دا، حزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن بوون، لەبەرئەوە لاوازکردن، بێ کاریگەرکردن یا دژایەتیکردن و شەڕکردنی تورکیا لە دژی حوسییەکان لە ڕێگەی ڕێکەوتنی مەککەوە ڕاستەوخۆ لێدانە لە نەیارانی ئیسڕائیل و خزمەتکردنە بە ئاسایشی ئیسڕائیل. دەسەڵاتی سوریایی نوێش بە جۆرێک پەیوەندی حزبوڵڵا و ئێرانی بڕیوە کە نەک قودسی فەتح نەکرد، بەڵکو حزبوڵڵای ئێستا هەمان حزبوڵڵای پێش بەدەسەڵاتگەیشتنی ئەحمەد شەرع نییە و توانای فشارکردنی لە ئیسڕائیل نەماوە. ئەحمەد شەرع لە لێدوانێکدا وتی: «ئێمە و ئیسڕائیل دوژمنی هاوبەشمان هەیە!»
ساڵانێکە پیاوانی ئایینی و واعیزەکان و ئیسلامی سیاسی سوننە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان ئیسلامی ڕاستەقینەن و موسڵمانان دەپارێزن، بەڵام جولەکە و شیعە دوو ڕووی یەک دراون! بەڵام ئێستا لە بواری کردار و پراکتیکە سیاسییەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو قسەیە پێچەوانەکەی ڕاستە.
چاودێران ئاماژەیان بەوە دەکرد کە هاوپەیمانییە نوێیەکەی مەککە، وەک وەڵامدانەوەیەک و دروستکردنی بەرەیەکی هاوسەنگە لە بەرانبەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و هەڕەشە تێکەڵەکانی ئێران و گروپە چەکدار و پڕۆئێرانییەکان لە ناوچەکەدا، وەک عێراق و یەمەن. لێرەوە، دەوڵەت و هێزە سوننەکان بانگەشەی تێکشکاندن و لاوازکردنی هێزە شیعەکان دەکەن و خۆیان دژی هەژموونی ئیسڕائیل دەوەستنەوە، بەڵام سیاسەتی تورکیا لە ماوەی نزیکەی سەدەیەک و ئێستاش دەسەڵاتی نوێی سوریا، پێچەوانەی ئەو بانگەشەیە دەسەلمێنن.
ئەمریکا و ئیسڕائیل گۆبەنێکیان بۆ دوژمنەکانیان ناوەتەوە؛ ئەمجارە شەڕی هێزە پڕۆئێرانییەکان بە هێزە سوننەکان دەکەن، بەتایبەتی ئەو هێزانەی بە ناوی دژایەتی ئیسڕائیل و بەرگریکردن لە فەلەستین-غەزە ناسرابوون!
لە کۆتاییدا، یەمەن تەنیا مەیدانی شەڕی نێوان سعودییە و حوسییەکان نییە، بەڵکو مەیدانی تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ڕێکەوتنی مەککە و ئاڕاستەی هاوکێشەی نوێی ناوچەکەیە. ئەگەر پەیمانەکە تەنیا بۆ کاتی ئارامییە، بەڵام لە کاتی قەیراندا هەر دەوڵەتێک بە جیاوازی مامەڵە بکات، ئەوا پرسیاری سەرەکی لەسەر توانای جێبەجێکردنی پەیمانەکە دروست دەبێت.
لە بەرامبەردا، ئەگەر تورکیا و پاکستان بە شێوەیەکی سەربازی بچنە ناو شەڕی یەمەن، ئەوا پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە «ئایا پەیمانی مەککە جێبەجێ کرا؟»، بەڵکو ئەوەشە کە ئەم بەشداریکردنە چۆن لەگەڵ سیاسەتیان بەرامبەر غەزە، ئیسڕائیل و قەیرانە ناوچەییەکان یەکانگیر دەبێت.
لەبەر ئەوە، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ڕێکەوتنی مەککە لە دەقی پەیمانەکەدا نییە، لەو ساتەدایە کە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان، هاوپەیمانییە سەربازییەکان و هەڵوێستەکانیان بەرامبەر غەزە و ئیسڕائیل ڕووبەڕوو دەبنەوە. جەنگی یەمەن دەتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە «مەککە» تەنیا پەیمانێکی بەرگرییە، یان بەڕاستی دەستپێکی هاوکێشەیەکی نوێی هێز لە ناوچەکەدا.





