<

پیاوی کورد و سەربەخۆیی نیشتمان!

29/09/2026, 16:04 (GMT+1)

پێداگرتن و بڕوابوون بە سەربەخۆیی نەتەوەیەکی چل ملیۆنی وەک نەتەوەیی کورد، لەلایەن دڵسۆزانی ئەو میللەتەوە، بخرێتە قاڵبی شێت بوون یان بوونی نەخۆشی دەروونی، بەڕاستی کارەساتە. تا ئێستا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی شۆڕش و جوڵانەوە سیاسیەکان ئەگەر "سەربەخۆیی بوونی کوردستانیان وەک خەونێک کە نایەتە دی" وەسف کردبێت، ئەهوەنترە لەوەی کە، دڵسۆزانی میللەتێکی ژێردەستەی خاک داگیرکراو، بە "شێت" وەسف بکرێت لەبەرئەوەی داوای سەربەخۆی دەکەن.

لە مێژووی قۆناغی مڕۆڤایەتیدا، قەڵەم بەدەست و ڕۆشەنبیری دڵسۆز بۆ پرسی ڕەوای وڵاتەکەیان ژمارەیان زۆر کەمتر بووە، لە نووسەر و ڕۆشەنبیر و قەڵەم بەدەستی ئینتیهازی. ئەوانەی قەڵەمیان خستۆتە خزمەت پرسی ڕەوای میللەتەکەیان، هەمیشە دووچاری تانەوتوانج بوونە، بگرە هەندێکیان دەسەڵاتداران و کۆمەڵگە سەنگەریان لێ گرتوون و یان لە سێدارە دراون، یان لە دادگە دووچاری ئەوە کراون ژەهر بخۆن و کۆتایی بە ژیانیان بهێنن.

دەسەڵاتداران نەیان ویستووە فیکر و هۆش و هزر پێشبکەوێت، کە ببێتە هۆی دروست بوونی پرسیار لەسەر دۆخی نالەباری میللەت و کۆمەڵگە، بۆیە هەمیشە ترساون لە دەرک پێ کردنی تاک، بۆ ماف و سەربەخۆی. ئەوان نیگەران بوونە، کە لە ئەنجامی دەرک پێ کردندا لە مێشکی تاکدا پرسیار دروست بێت، وەک بۆچی دۆخی هەژاری باڵی بەسەر خەڵکدا کێشاوە؟ بۆچی کۆمەڵگە کوێرەوەرە؟ بۆچی مۆڕاڵ و بەها بەرزەکان و ڕەوشت بەرەو داڕمان دەبردرێت؟ بۆچی گەندەڵی و دزی و جەردەیی لە لوتکەیە؟ یان ئایا مرۆڤ ئازادە؟ بۆ دەبێت کوردستان ئازاد نەبێت؟ ئایا نەتەوەیەکی چل ملیۆنی بۆ دەبێت مافی ئەوەی نەبێت خاوەن وڵات و سەربەخۆی و کیان بێت؟ بەهەزاران پرسیاری دی، کە دەبێتە جێگەی سەرنج، تاک بەدوای وەڵامدانەوەی عەوداڵ دەبێت، کە لە ئەنجامدا کاری بۆ دەکات بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لەهەموو کایەکانی ژیاندا بکات، کە لە دەرئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران بکەوێتە مەترسی.

دوور لە هەموو دەمارگیری و بابەتی هەستیاری فیمەنیستی، مێژووی کۆن و نوێ پێمان دەڵێت، کە بەشێوەیەکی گشتی، بزوتنەوەی ڕۆشەنبیری و هزر و عەقڵ، بەڕێوەبردنی شۆڕش و بزوتنەوە سیاسیی و چەکدارەکان لەنێو میللەتاندا ماستەرمایندی عەقڵی پیاو بووە وەک، شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا "لینین" ڕێبەرایەتی کردووە. ناپلیۆن فرەنسای گەیاند بە لوتکەی سەرکەوتن. ماوتیستۆنگ ڕێبەری شۆڕشی چین و ماستەرمایندی سەرکەوتنی چینیەکان بووە. جیڤارە هێمای شۆڕشی ئەمریکای لاتین. دواتر بە هەزاران کودەتای سەربازیی سیاسیی بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی حوکمڕانی ماستەرمایندی پیاو بووە. بەهەزاران هەزار نمونەی دی لە مێژوودا هەن کە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن. جگە لە بواری سیاسی و چەکداری، بگرە لە بواری شۆڕشی تەکنەلۆژیا، شۆڕشی پیشەسازی، شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و فەزایی هەر ماستەرمایندی پیاو بووە، بۆیە ئەو میللەتانەی پیاوی هەڵکەوتوویان تێیددا پەیدا بووە، لە ئەنجامدا گەیشتوون بە سەرکەوتن. جا لێرەدا دەبێت ئەوە بگوترێت وای لێ هاتووە، ئەگەر دەم بکەیتەوە، داوای سەربەخۆیی کوردستان بکەیت، بە هەزاران هەزار پیاوی نووسەر، سیاسی، قەڵەم بەدەست و دارودەستەی حزبەکان لێت دەکەونە سەنگەرەوە بە شۆڤێنیزم و نەتەوەپەرەست و شێتت لە قەڵەم دەدەن. جا لەبری ئەوەی پیاوی کورد بیر بکاتەوە و پرسیار لە مێشکیدا دروست بێت، کە بۆ بەدرێژایی مێژوو نەیتوانیوە، ئەو لێپرسراوەتیە مێژوویە بخاتە ئەستۆی خۆی و بیگەینێتە ئامانج کە "سەربەخۆیی کوردستانە" هەڵدەستێت دژایەتی تەنیا باس کردنیشی دەکات و بە ڕەوای نابینێت.

هەموو ڕێچکلە شکاندنێک، بەپێچەوانەی تەوژم مەلەکردن، بیر و فەلسەفەیەکی نوێ بەخۆڕایی نییە و باجی هەیە، بۆیە گرنگ ئەوەیە ئامانجێکی پیرۆز بپێکیت. ماستەرمایندی گۆڕین و فەلسەفە لەنێو گەلاندا، زۆربەی هەرەزۆری فەیلەسوفەکان کە بۆچوونەکانیان بووە بە وانەیەک بۆ کۆمەڵگە، ڕێبەرایەتی گۆڕین و فیکر و هزریی زۆرینەی سادە و شەقامیان کردووە، بەهەمان شێوە عەقڵی پیاو بووە، کە ڕێگەی تاریکی ڕۆشەن کردووە بۆ کۆمەڵگە، کە لە ئەنجامدا بەدەستووری دەسەڵاتدارانی ئەو زەمانە گەیاندراون بە پەتی سێدارە، نمونە سقرات، ئەفلاتون، تیسلا هەزارانی دی، کە لەو بوارەدا پیاوی کورد بە سیاسیی و سەربازیی و ڕۆشەنبیرەکەی هەر پاشکۆ بوون، بۆیە لە ئەنجامدا لەژێر هەژموونی دەرەکیی ماون لەهەموو بوارەکانداو تووشی سەرلێشێوای بوونە. .

نووسەری ڕووسی مەکسیم گوڕکی، نووسەری نوڤلی بەناوبانگی "دایک"، کە لە ساڵی ١٩٠٦ بڵاوکرایەوە. لە نووسینەکانیدا پاڵپشتی سەرسەختی دۆخی نالەباری میللەتەکەی و وڵاتەکەی بووە، پەنجەی بۆ ناعەداڵەتی و نایەکسانی درێژ کردووە، قەت نەیگوتوە دەبێت ڕوسیا هەموو سنوورەکانی خۆی هەڵگرێت و تێکەڵ بە جیهان بێت، سازش لە سەربەستی خۆی بکات لەژێر دروشمی نێونەتەوەیی بوون. گوتەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت:

"ئەگەر نیشتمان بتوانێت قسە بکات، تف لە هەمووان دەکات"

پێخەمبەرەکان عەقڵی پیاو بووە وەک موسا، عیسا و بودا و محەمەد، واتە ڕەگەزی نێرینەی میللەتانی دنیا، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە، لە سەرکەوتنی جوڵانەوە سیاسی، بزوتنەوە و خەباتی چەکداری و کۆمەڵایەتی و ئاینی و چینایەتی، بەڵام لە هەموو ئەو بوارانەدا بەشێوەیەکی گشتی پیاوی کورد نەیتوانیوە لە ئاستی کۆڵکەمەلایەک زێتر سەربکەوێت، بۆیە هەنووکە وای لێهاتووە ئەگەر باسی سەربەخۆیی نیشتمان بکەیت بووە بە مەلەکردن دژە تەوژم!

دەبێت پەنجە بۆ ئەوە درێژ بکرێت، بە درێژایی مێژوو، کۆمەڵگەیی کوردیی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری بووە، بڕیار و ماستەرمایندی هەموو جوڵانەوە سیاسیەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی، بەدرێژایی مێژوو و بەتایبەتی لەم سەدەیە و لە سەدەی ڕابردوودا، بەدەستی ڕەگەزی نێرینەی کورد بووە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە، بۆ پیاوی کورد نەیتوانیوە وەک ڕەگەزی نێرینەی وڵاتان و نەتەوەی دی وڵاتەکەی خۆی ڕزگار بکات؟ پیاوی کورد بەشێوەیەکی گشتی زۆر بە کۆمەڵگەی پیاوسالاری دەنازێت، بەڵام نەیتوانیەوە کە ڕۆڵی سەرەکیی ببینێت، پرسی چل میلیۆن کوردی بۆ چارەسەر بکرێت و دەستوبازووی لێ هەڵنەکردووە بۆ ئەوەی پرسی ئەو نەتەوەیە بگەیەنێتە چارەسەری بنەڕەتی. لەنێو کۆمەڵگەی کورددا هەمیشە، ژمارەی جاش، خۆفڕۆش، سیخور، ئینتیهازی و بودەڵە سەد بەرابەری خاوەن مرۆڤی شۆڕشگێر و پڕ مۆڕاڵ بووە، بۆیە ئاساییە کە دژی سەربەخۆی وڵاتەکەی خۆیان بکەونە دوان.

ترس گەورەترین کۆڕەگرێی تەسلیم بوونە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. ترس کە زاڵ دەبێت، بڕوا بەخۆبوون کەم دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی هەرەزۆری جوڵانەوە و بزوتنەوە سیاسیەکان، کە ڕێککەوتنێکی نەزۆککیان واژۆ کردووە لەگەڵ نەیارەکان، یان ئاشبەتاڵیان بەهێزێکی مەزن کردووە، هەمیشە هۆیەکەیان گەڕاندۆتەوە بۆ بوونی ناسەنگی لە هاوکێشەی سەربازیی و سوپاییدا. لە دنیادا هەموو شۆڕشە چەکدارەکان و پارتیزانی و جوڵانەوە سیاسیەکان هەمیشە لەڕووی ئیمکاناتی ماددی و سەربازی لەگەڵ نەیەرەکانیان هاوسەنگ نەبوون، بەڵام خۆڕاگری و بڕوابخۆبوونیان گەیاندویانن بە سەرکەوتن و ئازادی.

ماستەرمایندی شۆڕشەکانی کورد کە پیاو بووە، بەتایبەتی لەو سەدەیە و لە سەدەی ڕابردوودا هەمیشە جوڵانەوە سیاسیی و چەکداریی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشەنبیری تا ئاستێکی دیاریکراو بردووە، نەیان توانیوە تەکان بە بزوتنەکان بدەن و چارەسەری بنەڕەتی بۆ دۆخی میللەتەکەیان بدۆزنەوە. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە ماستەرمایندی شۆڕشەکان هەرچیەکیان کردبێت، دارودەستە و مریدەکان چەپڵەیان بۆ لێداون. شۆڕشەکانی کورد لە سەرەتادا گەرمووگووڕ بوون، تین و تەوژمێکی ئێجگار تیژییان هەبووە، بەڵام کاتێک کە هێزەکە گەیشتۆتە ئاستێکی مەزن، پێگەی جەماوەریی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئەوجا شۆڕشەکان پاشەکشە و ئاشبەتاڵیان پێ کراوە و هەمیشە دەستکەوتەکان نیمچەیەکی پێوە دیاربووە، هەرگیز نەتوانراوە بگەینرێتە لوتکەی سەرکەوتن.

شۆڕشی گوڵان، لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا تا ١٩٧٠ قورسترین قۆناغی بڕی، هەزاران کەس بەخۆبەشی لە ڕیزەکانی کاریان دەکرد. ئەو هێزە لە ساڵی ١٩٧٤دا وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە لوتکەدا بوو، پێگەی جەماوەریی بەهێز بوو، بە سەدان هەزار چەکداری هەبوو، خاوەن ئابووریەکی پتەو بوو، پێگەی لەنێونەتەوەیی و ناوچەکەدا دیار بوو کە بێ گومان دەیتوانی پێداگری بکات لە کاتێکدا دەسەڵات و ڕژێمی عیراق لە خراپترین دۆخدا بوو، شای ئێران لە پەلاقاژەی مردندا بوو هەر چوار ساڵ دوای ئەوە ڕووخا، ئەوجا لە ساڵی ١٩٧٥دا، ماندووبوونی سێ دەیەی دڵسۆزانی میللەتەکە بەفیڕۆ ڕۆی، ماستەرمایندی ئەو شۆڕشە هۆیەکەی گەڕاندەوە بۆ گۆڕانی هاوکێشە و هاوپەیمانی سیاسی و نەبوونی هاوسەنگی هێزی سەربازیی واتە ترس.

ئەوەی پێ دەگوترێت شۆڕشی نوێ، دوو دەیە خراپترین دۆخی هەبوو، لە سەرەتای هەشتاکاندا ژمارەی ئەو هێزە لە شاخدا زۆر کەم بوو، بەڵام دواتر تا ناوەڕاستی هەشتاکان و بەتایبەتی دوای دوو سێ ساڵ ڕەت بوو بەسەر دەستپێکردنی جەنگی نێوان عیراق و ئیران، ئەو هێزە هەنگاوێکی گەورەی بڕی بەڵام دواتر بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٨٧دا، ماستەرمایندی ئەو شۆڕشە بە بێدەنگی پاشەکشەیان کرد، ڕێبەری سەرەکیی ئەو هێزە لە مانگی ٩ ساڵی ١٩٨٧دا لەگەڵ خێزانی لە سنووری باشووری کوردستان نەمابوو، ئەوانی دی هەموویان ماڵومنداڵیان ڕەوانەی هەندەران کرد، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە سەدام لەوپەڕی لاوازی دابوو، بەرەو ئەوە دەچوو جەنگی عیراق و ئیران ڕابوەستێت، واتە عیراقێکی لاوازی دۆڕاو و ماندوو لە جەنگدا لە گۆڕەپانەکەدا بوو، دوای سێ ساڵ ڕژێمی "سەدام" لە کوردستاندا نەما، هێزی شۆڕشی نوێ بەبەراورد بە ڕابردوو پێشمەرگەی زێتری هەبوو، پێگەی جەماوەریی لە جاران پتەوتر بوو، کەچی ماستەرمایندی ئەو شۆڕشە بڕیاری ئاشبەتاڵێکی بێ دەنگی دا، لە ئەنجامدا پێشمەرگە لەنێو شاخ و کێوانەدا سەرگەردان مانەوە، دواتر مریدەکانیان بۆیان پینە کردن و بە چەپڵە ڕێزانە سێ ساڵ دوای ئەوە هێناینەوە گۆڕەپانەکە.

لە دوای کۆچڕەوی بەهاری ١٩٩١، گەورەترین و بەهێزترین ئۆپۆزسیۆن دروست بوو "گۆڕان"، کە خەڵک هیوایەکی مەزنی پێ هەبوو کە بتوانێت گۆڕانکاری لە سیستەمی دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێمدا بکات، بەسەدان هەزار کەس پشتیوانی لێ کردن، بەسەدان هەزار کەس بە خۆبەخشی لە ڕیزەکانی کاریان دەکرد، کەچی ماستەرمایند و مریدەکانی و کادیرە بەرژەوەندیی و پارەپەرستەکان ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنەیان لەنێو برد.

لە باکوور و ڕۆژئاوای وڵات، خەریکە هەمان ئەزموون دووبارە دەبێتەوە. ڕۆژئاوا ڕێککەوتنێکی نەزۆکی واژۆ کردووە، باکوور خۆیان غافڵ کردووە بەو پرۆسەیەی کە تورکیا پێ دەڵێت، " تورکیای بێ تیرۆر" و کورد پێ دەڵێت پرۆسەی "ئاشتی". لەژێر ناوی گۆڕانی هاوپەیمانیەتی سیاسیی و نەبوونی پارسەنگی هێزی سەربازیی، واتە ترس، هەموو سازشێک بۆ حکومەتی شەرع کرا.

سەرەڕای ئەو هەمووو برینە ناسارێژکراوە لە بەدەنمان، هێشتا پێمان ڕەوا نابینن، کە هەوڵ و تەقەلامان چڕ بکەینەوە بۆ کوردستانێکی یەکگرتووی ئازاد، قەڵەمەکانمان تیژکەین و داوای پێداگری بکەین تا گەیشتن بە مافە ڕەواکان. بەرژەوەندیی و پارە و پۆست پەرست، ڕاڕایەکان و مشەخۆڕانی نێو ئەو کۆمەڵگەیە، کە ژمارەیان لە زیاد بوونە، خەریکە فکر و هیزری ئەو میللەتەش چەواشە دەکەن، بە زەقە زەقی چاوان بە نێوی نەبوونی پارسەنگی لە هاوکێشەی هێزدا، بمانکەن بە تورک و عەرەب و فارس و عەجەم و سازش لە خاکی خۆمان بکەین. لە کۆتاییدا گوتەکەی مەکسیم گوڕکی دووبارە دەکەمەوە کە دەڵێت:

"ئەگەر نیشتمان بتوانێت قسە بکات، تف لە هەمووان دەکات"

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست