دەوڵەت و دەستدرێژیی بۆسەر جەستەی ژن:
29/09/2026, 18:50 (GMT+1)

«دەوڵەت لەڕووی ئیتیمۆلۆژیی/زاراوەناسییەوە بەستراوەتەوە بە دەستدرێژیی بۆ سەر جەستەی ژن»
ئەمە پێناسەی ئەم خانمەیە لەم ڤیدیۆیەدا بۆ دەوڵەت. لە ڕاستییدا شوێنکەوتووانی ئەم بزووتنەوەیە لە ساڵانی ڕابردوودا خوێندنەوەی سەیر و سەمەرەیان بۆ دەوڵەت کردووە، بەبێ هەبوونی هیچ مێژوویەکی بنچینەیی و تێگەیشتن لێی، بەردەوامیش ئاماژە و نیشانەی نەرێنییان داوەتە پاڵ. ئەم خانمە پێیوایە مانای سەرەکیی دەوڵەت لەڕووی زاراوەییەوە بە دەستدرێژییکردن بۆسەر جەستەی ژن سەریهەڵداوە و ئەمەش مانای یەکەمی دەوڵەتە.
لەڕووی ئیتیمۆلۆژییەوە دەوڵەت لە چەمکی لاتینیی «stāre» (ڕاوەستان) و «status» (پێگە و ڕێگە، شوێن) هاتووە و لە چەمکی یۆنانیی «stásis» (ئەو شوێنەی لێی دەوەستیت) هاتووە و لەبەر ئەوەش گرێدراوی «polity» بووە، بە مانای شوێن و پێگەی سیاسیی هاتووە و «پۆلیتی»یش لە زمانی یۆنانییدا مانای کۆیەتیی دەدات، کە لەڕووی ئەتنیکیی/نەتەوەیی خاوەن کولتووری هاوبەش بن، و هیچ مانایەکی جێندەریی/ڕەگەزیی/سێکسیی لە هیچ زانستێکی دەوڵەتناسیی و زاراوەکەیدا نییە. ئەگەر بەگشتیی لە مێژوودا پیاوان ڕابەرایەتیی دەوڵەتیان کردبێت، هەرگیز هەر بەو مانایە نایەت کە لەنێو چەمکی زاراوەناسییانەی دەوڵەتدا مانای دەستدرێژیی سێکسیی بۆسەر جەستەی ژن هەبێت.
لە زانست و تیۆری سیاسیی و یاسایی مۆدێرندا دەوڵەت بە مانای «پێگەی سیاسیی» دێت، واتا خەڵکێک/نەتەوەیەک/گەلێکی لەڕووی ئەتنیکییەوە هاوشێوە و نزیک و خزم، خۆیان لەنێو پانتایی و قەڵەمڕەوێکی داخراوی تایبەت بەخۆیاندا ڕێکدەخەن و لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێکانیان دەبەستن.
خۆی تا پێش بوونی دەوڵەت، شتێک بەناوی هاووڵاتیی/مەدەنیی بوونی نەبوو، بێ هۆ نییە لە زمانی کۆنی ڕۆمانیی/لاتینییدا، زۆربەی جار هاووڵاتییبوون، مەدەنییبوون، شارستانییبوون بەیەک مانا هاتوون: (Cives/Civitas).
لەمێژوودا دەوڵەت هەمیشە لە دەوری ئەو دانیشتووانەدا دروستبووە، کە لەڕووی ئەتنیکییەوە نزیک بوون لەیەکتر، خزمایەتیی خێڵەکیی، خوێن، هۆزیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە و لەڕووی پانتایی جوگرافیشەوە لەیەکەوە نزیک بوون. ئەمەش وایکردووە ئەگەرچی دەوڵەتی کەونارا هاوشێوەی دەوڵەتی مۆدێرن یەکگرتوو نەبێت، بەڵام لە دۆخی هەڕەشەی داگیرکاریی بێگاناندا، وازیان لە جیاوازییەکانیان هێناوە و چوونەتە پاڵ یەکترییەوە. نموونەمان لە مێژوودا زۆر زۆرن. بۆ نموونە: سپارتا لەلایەن ڕەگەزی سەربازانی دۆریانییەوە بەڕێوەدەبرا و ئەسینا لەلایەن شارییانی دیموکراتییەوە، هەردووکیشیان دوژمنی باوەکوشتەی یەک بوون. بەڵام بەرانبەر بە هێرش و هەڕەشەی دەرەکیی، خۆیان بە هاوبەش لەنێو کولتووری هێلینیزمدا دەبینی و پێکەوە ڕووبەڕووی هێرشی دەرەکیی دەبوونەوە. میسرییە کۆنەکان هەرگیز حوکمی بێگانانیان قبووڵ نەدەکرد.
ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، لەنێو مێژووی پەنجا ساڵی کورددا کەس هێندەی بزووتنەوەی ئاپۆیی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی تیۆری جۆراوجۆر نەبووە سەبارەت بە دەوڵەت، تەنها بۆ ئەوەی ئەم چەمکە لای کورد ڕەش بکات. هەزاران ناووناتۆرەیان لێناوە: جینۆساید، داگیرکەر، هێرش بۆسەر جەستەی ژن، توندوتیژ، و هتد. بەڵام لە ڕاستییدا وەک لە ئەنجامەکانی ئەم دوواییانەدا دەرکەوت، ئامانجی تیۆرەکانی ئەم بزووتنەوەیە هەرگیز جوێندان نەبووە بە دەوڵەت لە خودی خۆیدا، بەڵکو بەئامانجگرتنی ئایدیای دەوڵەت بووە لەنێو کورددا، نەک پێکهاتەی دەوڵەت لەنێو فارس و عەرەب و تورکاندا. ئێمە لەنێو کورددا ئایدیا و بیرۆکەمان بۆ دەوڵەت هەیە، بەڵام پێکهاتەی دەوڵەتمان نییە، پەکەکە ڕێک لەم ساڵانەی دوواییدا ئەم ئایدیایەی بە ئامانج گرتووە.
زۆر بە کورتیی: هەموو مێژووی فیکر و فەلسەفە و تیۆری سیاسیی دونیا کۆکن لەسەر ئەوەی دەوڵەت واتا پێگەی سیاسیی کۆیەتییەک، ئەگەر تۆ ئەم پێگەیەت نەبوو، لەنێو پێگەیەکی گەورەتردا، وەک بەرکار، نەک بکەر، دەمێنیتەوە، وەک یاریپێکراو، نەک یاریکەر. دەوڵەت واتا لوتکەی مەدەنییبوون و هێزی بڕیاردانی سیاسیی، و لەم ڕێگەیەوە، توانای بەشدارییکردن لە مێژووی جیهانییدا، بەبێ دەوڵەت، هیچ یەکێک لەمانەت نابێت، جا چەندەش شیعر و شانامەی بۆ بهێنیتەوە و بڵێیت ئێمە خەیاڵ دەخوڵقێنین و مەحاڵ بەکردەیی دەکەین و یۆتۆپیا دەهێنینە سەرزەوی و نامرین و ناتوێینەوە.
زۆرێک لەو نەتەوانەی لەناوچوون، سەرەتا زمانیان لەدەستدا، دەیان ساڵ یان سەدان ساڵ دواتر نەتەوەشیان لەدەستدا. بەشێکی زۆری کوردیش زمانەکەی، کە دەتوانێت بەشێک بێت لە ناسنامە سیاسییەکەی لە دەستی داوە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە بەشێکی باکووری کوردستان، لەو شوێنانەی لە ساڵی ١٩٢٣دا سەدا ٩٣ بە کوردیی قسەیان دەکرد، ساڵی ٢٠٢٥ ئەم ڕێژەیە بۆ سەدا ٧ دابەزیوە.
تکایە کەس بۆم نەنووسێت: فەرموو تۆ دەوڵەت دروستکە، دەوڵەت ئایدیایە، سەرەتا ئایدیاکەت هەبێت، جا دروستی دەکەیت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





