<

جوینەوەی رشانەوەی ئەفسەرەکانی ئینگلیز

02/10/2026, 16:22 (GMT+1)
''بە پێوەری داگیرکەرەکەمان خۆمان هەڵ دەسەنگێنین و ئەو پێگەیەمان بە خۆمان بڕیووە کە ئەوان بۆیان داناوین''
سیاسەتی ئینگلیزەکان سیاسەتی قازانج و تاڵانیی گەلان بوو لە ساڵانی (١٦٠٠)ەوە. کۆمپانیای رۆژهەڵاتی هند ئی.ئای.سی EIC دامەزرێنەر و جێبەجێکاری ئەم هەڵمەتە بوو. ئەم کۆمپانیایە وردە وردە هندستانی داگیر کرد و کۆیلەی بە کار دەهێنا. عوسمانییەکان لە جەردەی سەر ئەرزەوە بون بە داگیرکار. بەڵام ئینگلیزەکان لە جەردەی دەریاوە بون بە کۆڵۆنیالیست. مێرکانتیلیسم Merkantilism ئایدۆلۆجیی و سیاسەتی ئەو سەدانە بوو. مێرکانتیلیسم بریتی بوو لە زۆرترین هەناردەکردن، دەستگرتن بە سەر بازرگانیی جیهاندا، تاڵانیی و داگیرکردنی خاک و گەلان. هێنانەوەی زۆرترین مێتاڵی وەکو سیلڤەر، مس و ئاڵتون بۆ وڵاتەکەیان ١. بازرگان و خاوەنموڵکە ئینگلیزەکان بەم کارەیان دەوڵەمەند دەبوون و خێریشیان دەدایەوە بۆ دەوڵەتەکەیان. دەوڵەتیش دەبوو بەهێز ببێت بۆ پارێزگاریی کۆمپانیا لە زلهێزەکانی تری وەکو پورتوگالییەکان، سپانییەکان و هۆلەندییەکان. لە دروشمەکانی ئەم هەڵمەتی جەردەییە ئەوە بوو کە دەیانوت: "قازانجی گەلێک زیانی گەلێکی ترە." ئیتر ئەمە بوبوو بە هۆی ئەوەی کە لە پێناوی قازانجی خۆیاندا چاو لە کۆیلەکردن و کوشتاری گەلان بپۆشن. بە کورتییەکەی کۆمپانیای رۆژهەڵاتی هند "ئی.ئای.سی" جەردەی ئینگلیزەکان بوو لە ناو دەریاکانی جیهان و کەنارەکانیاندا.
ئەمە سەرچاوەی ئەو  سیاسەتە بوو کە لە ساڵانی (١٩١٨)ەوە رژا بە سەر کوردستانیشدا. دەستگرتن بە سەر نەوتی کوردستاندا ئامانجی سەرەکیی بوو. کەچی هەتا ئێستاش کوردی جاهیل یان کوردی سەرشکاو هەیە بەو جۆرە دەهزرن کە "ئینگلیزەکان هاتبوون کورد رزگار بکەن. بەڵام شێخ مەحمود پەیوەندیی بە تورکەوە هەبوو بۆیە ئینگلیز کوردی نە کرد بە دەوڵەت."
چەکی کەرکردن
کۆمپانیای رۆژهەڵاتی هند و جاشەکانی، جارێک کۆشکی سوڵتان حەیدەر عەلی و جارێکی دی کۆشکی "سوڵتان تیپوو"ی کوڕیان لە وڵاتی مایسۆر لە باکوری هندستان، بە گوزارشتی مێژوونوسی سویدیی دیک هاریسۆن، لە خوێندا لەوتان. ئنجا دوای ئەوە کەوتنە پڕوپاگەندەی ناشرینکردنی ئەو دو سوڵتانە وڵاتپارێزە. بە یارمەتی دانیشتوویەکی بەریتانیی بە ناوی "مارک ویلکس" Mark Wilks کە لە وڵاتی  "مایسۆر" دا دەنیشت بەرنامەی پڕوپاگەندەیان دا ڕشت. وێنەیەکی ئەفسانەییان دەدا بە دەستەڵاتی هندۆسەکان کە خۆیان دایان مەزراند بوو. لە هەمان کاتدا سوڵتان تیپوو Tipu کرا بە زۆردار و بەرپرسیار بەرانبەر بە تێکدانی پەرستگای هندۆسەکان. لە سلێمانیش جەمال عیرفان کە هاوڕێی منداڵیی مەلیک مەحمود بوو ساڵی ١٩٢٢ کوژرا و ئنجا تاوانەکەیان خستە ملی شێخ مەحمود.
پڕوپاگەندەکان بە خەستیی بەردەوام بوون. پڕوپاگەندەکان جەنگەکانی بەریتانیای ساڵانی (١٧٩٩)ی کۆڵۆنیالیزمیان وەکو هێزی چاکە و وردوخاشکەری زۆردارانی خراپەکار دەناساند. زۆرداری خراپەکاریان کردبوو بە خەسڵەتی وڵاتانی رۆژهەڵات. مێژوونوسی سویدیی "سورین ڤیبێک" دەنوسێت کە لە دەوروبەری ساڵی (١٨٥٠)دا بەریتانییەکان دامودەستگایان دا نابوو بۆ نەفرەت لە هندییەکان وەکو بێدین، کێویی و دزێوو٢.
لە سەر هەمان سیاسەت کاتێک کە بەریتانییەکان شکستیان بە خەباتی کورد هێنا بۆ سەربەخۆیی ئنجا دەستیان دایە پڕوپاگەندەی کوشندە دژی سەربەخۆیی کورد لە رێگای تۆمەت، درۆهەڵبەستن و رواندنی ئەم تۆمەتانەوە لە ناو مێشکی خەڵکانێکی سەرشۆڕ یان جاهیلدا. سەرشۆڕانێک کە هەمیشە چاویان لە سەر پێڵاوی داگیرکەرە و خەسڵەتی سەرهەڵبڕینیان دۆڕاندووە راستییەکان ببینن. شەڕی دژی مەلیک مەحمود هەر لە ساڵانی بیستەکانەوە هەتا ئێستا کۆتایی نە هاتووە. ئەوەی لە ناوەڕۆکیشدا دژایەتیی دەکرێت ئەو ستراتیج و پرەنسیپانەن کە مەلیک و هاوەڵەکانی بە خەبات و خوێن بۆ دوای خۆیان دایان رشت. "فەرهادی کورد" کە ناوی شیعریی مەلیک مەحمودە، لەو کێوە بە وڵاتپارێز ئەحمەد خواجە دەڵێت: "ئەگەر ئێمەش هیچمان بە هیچ نە کرد ئەوا ئەم وڵاتە پڕە لە شێر." لە شوێنێکی دیدا دەڵێت: "رۆژ ئاوا دەبێت بەڵام ماف نافەوتێت٣."
سەرچاوەی ئەم دژایەتییە داگیرکەرانی کورد و ئەو سەرشۆڕانەن کە لە پاشماوەی داگیرکاریی ماونەتەوە. ئەمانە بە چاولەسەرپێڵاویی درێژە بە هزر و کولتوری ژێردەستیی دەدەن کە مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە. ئینگلیزەکان جگە لە جاشی گەلانی وەکو هندیی، سیک، کورد، بۆرمایی و هی تر هێزی ئاسمانیی و پڕوپاگەندەشیان بە کار هێنا. چەک و شەڕ زو دا مرکاونەتەوە بەڵام پڕوپاگەندەکان ئەمە زیاد لە سەد ساڵە هاووڵاتانێکی زۆری پێ چەواشە بوون. کورد تا ئێستاش بە دەست ڤایرۆسی سیاسەتی ئینگلیزەوە دەتلێتەوە. دیارە ئەقڵی گەلێکی دواکەوتوو کە بەتاڵە، بە ئاسانیی پڕ دەکرێتەوە لە قسەی بێ بناغە. مێژوونوس و زانیاری کورد نەوشیروان مستەفا لە بارەی پڕوپاگەندەی ئینگلیزەکانەوە دەنوسێت:
"دەستەڵاتدارانی ئینگلیز بۆ شێواندنی ناوبانگی شێخ مەحمود و زڕاندنی ناوی خۆی و لایەنگرەکانی هێرشێکی پڕوپاگەندەی فراوانیان دەست پێ کردووە، لە لایەکەوە رۆژنامەی ژیان کەوتۆتە وتار و لێدوان و لە لایەکی ترەوە بە تۆمەتی بە فیڕۆدانی پارەی شارەوانیی داویانە بە دادگا."
هەروەها بۆ نمونە رۆژنامەی ژیان دەنوسێت:
"ئیتر تێ گەیشتن کە مەقسەدی ئەمانە تەنیا مەنفەعەتپەرستیی، تەنها ئینتیقام جویی، تەنها تەرەفداری جەهالەت و شەقاوەت بو. هەوڵ و تەقەلایان هەر بۆ ئەشقیا حیمایەکردن، هەر بۆ میللەت تاڵانکردن و خۆ دەوڵەمەند کردن بو."
رۆژنامەی ژیان بە رونیی هەمان سیاسەتی ئینگلیزەکان لە هند پیشان دەدات کاتێک بە شانوباڵی داردەستەکانی ئینگلیزدا هەڵ دەدا و وڵاتپارێزانیش لە تەشهیر پشتگوێ ناخات، "ژیان" دەنوسێت:
"غەزەتەی "ژیان" بۆ ئەوانەی کە چاکەیان بۆ میلەت پیشان داوە و ئیسراحەتی میلەتیان تەئمین کردوە، دائیمەن خۆی بە مەدیونی شوکرانەیان ئەزانێ و عەلەنەن عەرزی تەشەکوراتیان ئەکات. وە بۆ ئەوانەش کە خراپەی بە میلەت گەیاندوە و خیانەتیان لەگەڵ میلەت کردوە، لە تەشهیر و تەنفیرکردنیان قسور ناکات. لە بەر ئەمە هەتا ئێستا ئەم غەزتەیە چەند جارێک بە لیسانی حاڵ و قال بە سورەتیکی ئینتیباهیی خیانەت و خراپەی شێخ مەحمودی خستۆتە بەر نەزەری دیقەت، داخڵ و خاریج و بە ناو خەڵقا ئیعلانی کردوە ٤."
ئەم هزرانەی ئینگلیزەکان وەکو "تەمغە داخ"ی سەر پاشووی وڵاخ بە رونیی دیارە بە ئەقڵی ژمارەیەک روناکبیری سەرشۆڕەوە. ئەم چاو لەسەرپێڵاوانە بەو ئەقڵە بیر دەکەنەوە کە پڕوپاگەندەی ئینگلیزەکان بونیادی ناوە. لە پێوەری بێشەرەفیی و داگیرکاریی ئینگلیزەکانەوە مەلیک مەحمود و سەربەخۆیی هەڵ دەسەنگێنن. هەتا ئێستاش رشانەوەی بازرگانەکانی ئینگلیز دەجونەوە. هەتا ئێستاش ئەو مێشکەی مرۆڤی ئازاد داهێنانی پێ دەکات کەسانی سەرشۆڕ هەتا دێت پێی کەر دەبن. رەخنەی ئەوە لە فەرهادی کورد دەگرن کە بۆچی لە سەر سروشتی خۆیان نە بووە بە داردەستی ئینگلیزەکان؟ ئەگینا ئەگەر کێشە دەوڵەت و سەربەخۆیی بێت لای ئەمانە، ئەی کوا کام دەوڵەت پێک هات بۆ داردەست و سەرشۆڕەکانیان؟
کام راگەیاندن
خەباتی رزگاریی و سەربەخۆیی لەگەڵ خۆیدا خۆی دەدۆزێت لە رشکی پڕوپاگەندەکانی دوژمنەکانی لە رێگای راگەیاندنی زانستیی و وڵاتپارێزییەوە. مەلیک مەحمود هەموو جارەکان بڵاوکراوەی خۆی دەر کردووە کە دەنگی گەلی کورد بووە، بۆ نمونە "بانگی کوردستان"، "رۆژی کوردستان"، "بانگی حەق" و ئومێدی ئیستیقلال". هەموو جارێکیش کە ئینگلیزەکان دەستەڵاتیان گرتۆتەوە دەست، دەستبەجێ بڵاوکراوەکانی کوردیان دا خستووە و هی خۆیان خستۆتەوە گەڕ. دوای ژێرکەوتنی کورد بۆ سەربەخۆیی، ئیتر رۆژنامەوانیی لە سەر هێلێ سەرکەوتنی دوژمن رۆشتووە. لە سەر ئەم هێڵە پیاوانی نیشتیمانفرۆش بەرز کراونەتەوە و لە کورد گەورە کراون. لە هەمان کاتدا دەستی خوێناویی ئینگلیز داپۆشراوە و روی رەشی داردەستەکانیان بە کوێرەموشەیی جاهیلان سپی کراوەتەوە. جێگەی ئێستای میدیای کورد نیشانی دەدات کە ئایا سیاسەت بە دەست کێوەیە و بە چ هەوایەک دەگەڕێت؟ سەرچاوە لە مافە سروشتییەکانی خەڵکەوە دەگرێت یان گەلەکەی را دەهێنێت بۆ ژێردەستیی و چاولەسەرپێڵاویی؟
پارتی شەشپەنجە
لە هەرێمی کوردستان میدیا بە گشتیی ئێستا بەشێکە لە بەرهەمهێنانی ئەو پیسخۆرییەی کە باڵی کێشاوە بە سەر دنیای کورددا. میدیای پارتە کوردییەکان بە گشتیی هەر لە سەرەتاوە بە درۆ دەستیان پێ کردووە. کە بەیاننامەی رێکخراوێکی دروستکراوی خۆیانیان دەدایە دەستت دەیانوت: "فەرموو ئەمە بەیاننامەی رێکخراوێکی بێ لایەنە." هەموو لایەکیش سور دەزانێت کە ئەو رێکخراوە پەنجەی شەشەمی چ دەستێکە. سەرجەم ناوی رێکخراوەکان و قسەکانیان تەواو پێچەوانەی راستییانە. دیکتاتۆر باسی دیموکراتیی دەکات. داردەستی بێگانە باسی وڵاتپارێزیی دەکات. ئەم دیاردەیە بووە بە کولتور و ئاسایی دەڕوات. کەس هەڵوێست ناگرێت کە نابێت بەو جۆرە بێت. ئەو هاووڵاتەی کە بەیاننامەکە یان بەرنامە و راگەیاندراوەکەی دەخەنە بەر دەست، ئەوەی بە سەردا تێ دەپەڕێت کە ئەوە درۆی لەگەڵ دەکەن. هاووڵات هەست بەوە ناکات کە ئەوە بێڕێزیی پێ دەکەن. راهاتووە کە هەموو دەستێک شەش پەنجەی هەیە. لە بەر ئەوە هیچ هەڵوێستێک وەر ناگرێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هاووڵات مەرجی نیە لە سەر پارت و میدیا کە بۆ نمونە میدیا دەبێت راستگۆ بێت، زانیاریی بڵاو بکاتەوە نەک هەڵبەست و بوختان. پارتە شەشپەنجەکان قسە بۆ مەڕمیللەت دەکەن. ئەوان بڕیار دەدەن تۆی ئەندام چۆن ماست ببینیت رەش یان سپی؟ ئەندامانیان و ملکەچەکانیان سەرکردە و رابەرەکانیان بە هەر لایەکدا سوکانەکە با بدات ئەمان لایان باشە. ناشونالیست بن، کۆمۆنیست بن، کلکی شەیتان بن یان بچنە سەر بەرماڵ ئەمان هەر لایان باشە. بۆیە میدیای ئەم پارتانە هەر زوڕنایەک لێ بدەن ژمارەیەک بە بێ لێکدانەوە بۆی هەڵ دەپەڕن. ئەم لامباشانە بەم پێیە موراڵ و هوشیارییان دا دەبەزێت هەندێک جار بۆ ئاستێکی وا نزم کە لە جنێوی پیسدا راستیی خۆیان دەر دەخەن.
لە هەرێمی کوردستان هەر دەستەڵاتدارێک ژێربەژێر میدیایەک یان چەند میدیایەکی هەیە کە پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن. بە گشتیی میدیاکان دەربڕی، زانست، زمان و کولتوری کورد نین. ئەوانە خۆبەست نین بە مەرج و پرەنسیپەکانی راگەیاندنەوە. بەڵکو دەربڕی پڕوپاگەندەن. لە ناو ئەم میدیایانەدا تا ئێستا چەند جار پرسی مەلیک مەحمودیان بە جۆرێک جوڵانەوە و ئیتر "لامباشە"کانی ئەو میدیایە کەوتوونەتە تەواوکردنی ئەوەی کە میدیاکە هێمای بۆ کردووە. بۆ نمونە جارێک یەکێک لە میدیاکان وێنەیەکی "مەلیک مەحمود"یان بڵاو کردبۆوە و نوسیبوویان راتان چیە؟ ئیتر ژمارەیەکی زۆر دەمی خۆیان لەوەی کە لە دڵی میدیاکەدایە پڕ کردبوو لە جنێوو. نمونەیەکی تر لەو جۆرە، بەرنامەیەکی میدیایەکە بە ناوی "ئیرادە". ئایا ئەم میدیایە پەنجەی شەشەمی کام رێکخراوە؟ ئایا دەیەوێت ئاوێنەکانی مێژووی سەربەخۆیی تەڵخ بکات بۆ ئەوەی کەسانێک تیایاندا تەریق نەبنەوە؟
میدیای ئیرادە لە بەرنامەیەکدا کە گومانی تیادا نیە دەزانێت میوانەکەی بە چ هەوایەک دەهزرێت، باسی ئینگلیز و مەلیک مەحمود دەجوڵێنێت. هەر لە سەرەتاوە پرسیارکەری میدیای ئیرادە مەبەست و ئەو هێڵە دەر دەخات کە بابەتەکەی لە سەر دەڕوات. کورد دەڵێت مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە. پرسیارکەری بەرنامە ئنجا دەپرسێت "بۆچی ئینگلیزەکان نەیان هێشت ئەم کۆمارە دروست بکات؟"
کام کۆمار؟ لە راستییدا دروستکردنی کۆمار هەر لە ئارادا نە بووە. ئەوەی پێک هات حوکمدارییەک بوو ساڵی ١٩١٨ و پاشایەتییەکیش ساڵی ١٩٢٢. سیستێمی کۆماریی جیاوازە لە سیستێمی پادشایی. جیاوازیی نەکردن لە نێوانی کۆمار و پاشایەتییدا رادەی زانیاریی و موراڵی پیشەیی میدیای "ئیرادە" پیشان دەدات. ئیرادە ئەگەر کاری بە زانیاریی و موراڵ هەبووایە رێگای نە دەدا هەڵەی لەو جۆرە پەخش ببێت. بەڵام بۆ "ئیرادە" شتی سەرەکیی ئەوەیە سلف لە میوانەکەی بدات و بکەوێتە ئیش. مرۆڤ دەزانێت بکێشێت بە تەنەکەدا چ دەنگێکی لێوە دێت.
سەرجەمی قسەکان کە پرسیارکەری ئیرادە خۆی وتەنی چێژی لێ بینیوون، وەکو ئەوەی لە کەبابخانە دا نیشتبێت، پڕ بوون لە بوختان، قسەی ناڕاست و بێ بناغە بە بێ ئەوەی یەک جاریش بەڵگەیەکی بڕواپێکراو بخرێتە رو. بەرنامەکە جگە لەوەی کە بۆ "لامباشەکان" و کەسانی جاهیل بەرهەمهێنرا بوو، هیچ گرنگییەکی زانستیی و مێژوویی نە بوو. لە کاردانەوەی ئەم بەرنامەیەدا ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ، کەسانی شارەزا و وڵاتپارێز ژمارەیەک وتاریان بڵاو کردەوە دەربارەی مێژووی سەردەمی مەلیک مەحمود. ئەمانە کارێکی باش و پێویستن بۆ سودی کەسانی ئاسایی. بەڵام ئەوانەی چاویان لە سەر پێڵاوی داگیرکەرە، توانای سەرهەڵبڕینیان نیە بەهای بەرز ببینن. بە سەر هەموو بەها و نەبەردەییەکانی "مێژووی سپی"دا باز دەدەن و رشانەوەی ئینگلیزەکان دەجونەوە. بۆیە ئەم جۆرە کەس و رێکخراوانە بۆ ئەوە نابن راستییەکانیان بۆ رون بکرێنەوە. مشکە کوێرە مانگ نابینێت. ئەگینا مێژووەکە دیار و ئاسانە. کێشەکە هەڵوێستە لە مێژووەکە نەک راڤەی مێژوو. ئەوانە بۆ ئەوەن کە پەنجە بخرێتە سەریان و دیاری بکرێن. ئەوانە لە رێگای جوینەوەی رشانەوەی ئەفسەرەکانی ئینگلیزەوە تەواو پیشانی دەدەن کە پاشماوەی ژێردەستیی و هەڵگری ئەو ئەقڵەن کە داگیرکەری زێدیان بۆی دیاری کردوون. ئەمانە نمونەیەکی باشن بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەشتن لەوەی کە چۆن ژێردەستیی و شکست ئەقڵ و خەسڵەتی سروشتیی مرۆڤەکان دەگۆڕن. ئەمان خۆیان بابەتی باسن. لە بەنگال بەریتانییەکان تەنها  ١٧٪ی لەشکری کۆمپانیای هندیان پێک دەهێنا. ئەگینا ٨٣٪ی لە خەڵکی وڵاتەکە خۆی بوو ٥. لە عێراق لە شەڕی "کوت"دا ١٠٤٤٠ سوپایی هندی تیادا بوو. وڵاتپارێزەکانی هندستان بەو هندییانەی کە خزمەتکاری بەریتانییەکان بوون، دەوت "لاکەی". کوردی لاکەی ئەوسا و ئێستاش هەن. وتراوە کە مێژوو سەرکەوتوو دەینوسێتەوە. شکستی کورد بە درێژایی مێژوو نوشستی بە کولتور و ئەقڵی کوردیی هێناوە، لە جیاتی ئەوە کولتور و جۆری بیرکردنەوەی داگیرکەرەکانی سەپاندووە. موراڵیی کوردییمان بۆ تێگەشتن و هەڵسەنگاندن دۆڕاندووە و دەستمان پێوە نە گرتووە. بە پێوەری داگیرکەرەکەمان خۆمان هەڵ دەسەنگێنین و ئەو پێگەیەمان بە خۆمان بڕیووە کە ئەوان بۆیان دیاری کردووین. شکست هەر چەک دانان نیە. ئەم ئەقڵ و کولتورەی کە ئێستا هەمانە لە سەر ئەم هێڵی شکستەوە هاتووە و بەردەوامە.
"میدیای ئیرادە" پڕ بە قاڵبی رەوشی سەردەم خۆی هەڵ رشت و گوێی خۆی خەواندووە لەو هەموو هەڵبەست و قسە بێ بەڵگانەی کە لەو بەرنامەیەدا کراون. بەڵام میدیای ناوبراو بەرپرسە و قەرزاربارە بەوەی کە دەبێت بەڵگەی باوەڕپێکراو (نەک ساختە) بخاتە بەر دەست بۆ هەر قسەیەک کە لەو بەرنامەیدا کراوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست