<

غیرەت سەگ بتخوا، کورد لاواز نییە

04/10/2026, 15:41 (GMT+1)
نەمانی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و کوردستان، لە واقیعدا دۆخێکی هەستیاری بۆ میللەتی کورد خوڵقاندوە، بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، وەک هێزێکی بەهێز و قبوڵ کردنی کورد وەک هاوپەیمانیەتیەکی جێگەی متمانە لە ناوچەکەدا و لە گۆڕەپانی ململانێ و کێشمەکێشمی سیاسیی و سەربازیدا، چەندێک لە بەرژەوەندیی ئابووریی و سیاسیی ئەمریکادا بوو، دە هێندە لە بەرژەوەندیی میللەتی کورد بوو.
ئەمریکا نەهاتبوو کورد ڕزگار بکات، بەڵام هەلێکی زێرین و مێژووی بۆ میللەتی کورد ڕەخساند، کە دەکرێت ئەو هەلە نەک لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە واتە دوای ڕووخانی سەدام بێت، بەڵكو دوای کۆچڕەوی بەهاری ١٩٩١ کەوە بێت، کە دەکاتە زێتر لە چارەکە سەدەیەک، ئەمریکا لە بواری سیاسیی و ئابووریی، سەربازیی و میدیادا کۆمەكی مەزنی هێزی سیاسیی و سەربازیی میللەتی کوردی کرد، بەڵام ئەو هەلە قۆڕخ کرا و بەگوێرەی پێویست بۆ پرسی ڕوای کورد بەکارنەهێنرا.
ئەمریکا وڵاتێکی پێشکەوتووە، لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەتی لە سیاسەت و گەمەی نێونەتەوەیدا. سیاسەت بۆ ئەوان پرۆسەیەکی هەرەمەکی و ئارەزوومەند نییە، بەڵکو وەک زانستێک چاوی لێ دەکەن، بۆیە خاوەن سەدان هەزار نووسەری بەتوانا، شێکەرەوەی سیاسیی و بەسەدان سەنتەری تویژینەوە و لێکۆڵینەوەن، کە بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان کراوە، کە خوێندنەوە دەربارەی هەموو ڕووداوە مێژوویەکان و هەنوکەیەکان دەکەن. ئەوان زانستیانە توێژینەوە بۆ ڕووداوەکانی هەر قۆناغێک دەکەن، کە چەندێک لە بەرژەوەندیانە لەسەر سیاسەتەکەیان بەردەوام بن، واتە دوای چارەکە سەدەیەک بۆیان دەرکەوتووە، کە ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لە هاوپەیمانەتیان لەگەڵ کورد ئاوا، زەرەرمەند دەبن. بێ گومان ئەو هەڵسەنگاندنەیان، بەدەر نییە لە خوێندنەوەی ئەوان بۆ سەرۆک، قەوارە سیاسی، حزبە کوردیەکان، ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوای وڵات.
ئەمریکا لە فغانستان دواتر لە سوریا و ئێستاش لە عیراق و کوردستان کشایەوە. ئەڵبەتە ئەوان بە ڕاشکاوانە هەموو لایەن و حزبە سیاسیەکان تێدەگەیەنن، کە ئەوان چیان لێیان دەوێت، بەڵام فشار ناخەنە سەر هیچ حزب و لایەنێک و سەرکردەیەک، کە سازاش لە چارەسەری بنەڕەتی پرسی نیشتمان و نەتەوەکەی بکات. ئەوان ئەوەندە دەڵێن، کە ئەگەر بە سیاسەتی ئەوان ڕازی نین، ئەوا ئەوان ئامادەی ئەوە نابن، کە پشتیوانی ئابووریی و سەربازیی حزبە کوردیەکان بکەن. ئەمریکا سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا گۆڕاوە، واتە حزب و سەرکردایەتە کوردەکان هەڵبژاردەیان لەپێشە، کە ئایا بەردەوام دەبن یان پێداگری دەکەن یان تەسلیم دەبن!
میللەتی کورد چەند خاڵێکی بەهێزی هەیە، کە پێویستە فەرامۆشیان نەکات
یەکەم، سامانی مڕۆیی و یەکگرتووی
نەتەوەی کورد چوارەم نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، واتە خاوەن سامانی مرۆیە کە میللەتێکە زێتر لە ٤٠ میلۆنە و لەسەر خاكی خۆی دەژێت، کە ناتوانرێت لەلایەن زلهێزەکانەوە فەرامۆش بکرێت. هێزە کوردیەکان دەتوانن، هێزی چەکداری میللی دابمەزرێنن جگە لەهێزی سەربازیی فەرمی.
دووەم، دامەزراندنی خەزێنەی نیشتمانی
جگە لە کۆمەکی ئابووریی ئەمریکا بۆ هێزە چەکدارە کوردەکان، کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی وەک نەوت و گاز، کە سێ دەیەیە بەتایبەتی نەوت ئەو سامانە لە باشووری وڵاتدا لەژێر دەستی خۆیتی. لە ڕۆژئاواش دەیەیەک زێترە کە بیرەنەوتەکان لەژێر دەسەڵاتی خۆسەر بوون، ئەمە جگە لە دەرماڵەی دەروازە سنووریەکان، گومرگ، بازرگانی و کشتوکاڵ و دەرامەتی ناوەخۆی وەک پارەی ئاو و کارەبا و باجی سەر دانیشتوان. زۆربەی حزبەکانی ڕۆژئاوا، باشوور و باکووری وڵات لە هەندەران خاوەن کۆمپانیای زەبەلاحن، پارەکانیان خراونەتە بزنس، لەگەڵ ئەوەی کەس نازانێ لە خەزێنەیاندا چەند هەیە، بەڵام ئەگەر بە مەنتیق چاوی لێ بکەین، ئەوا ڕوونە کە ئەو حزبانەی کە ئەمڕۆ داوایان لێ دەکرێت سازش بکەن، لە ڕووی ئابووریەوە دەوڵەمەندن، دەتوانن خەزێنەیەکی نیشتمانی دابمەزرێنن بۆ ئەوەی توانای ئەوەیان هەبێت بەردەوام بن.
سێەم، دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی
کورد خاوەن هێزی پێشمەرگەیە لە باشوور کە بە پشتبەستن بەسەرچاوەی میدیای حزبەکان، خۆیان ددان بەوەدا دەنێن کە ژمارەی ئەو هێزە ٤٠٠ هەزار چەک بەدەستە. هێزی سەربازیی قەسەد، پێش گفتوگۆی نێوان دەسەڵاتی خۆسەر و سوریا ئەو هێزە خۆی لە ١٠٠ هەزار چەکدار دەدا. بەگوێرەی گەلێک سەرچاوەی بیانی و ناوچەیی بێت، یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٧دا ٧٦ هەزار چەکدار بوو، دوای توانەوەی ئەو هێزە لەنێو قەسەد، ئەو هێزە بەخۆی و بەناوی بننگوم کران، جگە لەوەش هێزی چەکداری ڕۆژ و ئەنەکەسە کە بودجەیەکی مەزنیان بۆ تەرخان کرابوو لە باشووری وڵات. هێزی چەکداری کۆمەڵەی زەحمەت کێشان و حزبی دیموکرات و پژاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. جگە لەوانە، زۆربەی خەڵک لە شارەکانیشدا چەکدارن بەتایبەتی لە باشوور و ڕۆژئاوا. لە باکووردا گەورەترین هێز کە پەکەکەیە چەکدارە و ئێستا ناوی گۆردراوە. واتە نەتەوەیی کورد هەنووکە خاوەن گەورەترین هێزی چەکداریە، کە بەدرێژایی مێژوو ئەمەی بەخۆیەوە نەبینیوە و دەتوانێت ئەو هێزانە لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی ڕێکبخەن، ئامادەیان بکەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی نەخوازیار. پروپاگەندەی ئەوەی کە میللەتی کورد بێ هێزە، دەرەقەت دەوروبەر نایەت، تەنیا ڕێگە خۆشکردنە بۆ تەسلیم بوون و سازش کردن، دەنا میللەتی کورد وەک هێزێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن بەدرێژایی مێژوو بەقەد ئەمڕۆ بەهێز نەبووە.
چوارەم، پشتیوانی نێودەوڵەتی
لەسەر ئاستی شەقام بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکادا، خەڵکی ئازادیخواز زۆرن کە لایەنگری لە پرسی نەتەوەیی کورد دەکەن، کە دەتوانن فشار لەسەر حکومەتی وڵاتەکانیان دروست بکەن لەکاتی پێویست. جگە لەوانە لەسەر ئاستی وڵاتانیشدا کورد دەتوانێت دۆست دروست بکات و سۆزی نێونەتەوەیی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
پێنجەم، دۆخی ناوچەکە
دۆخی ناوچەکە، جگە لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئیران لەلایەک، لەلایەکی دی ناتەبایی زلهێزەکان، ناوچەکە لە کوڵانە. هیچ هێزێک نە لە عیراق نە لە سوریا دیار نییە، کە بتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕووداوەکان بکات. ئایندەی تورکیا دیار نییە. سەرکردەی هیچ وڵاتێک زامن نییە کە لە سەداسەد بمێنێت. هێزە چەکدارەکانی ناوچەکە ناتەبان، کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبی لە لوتکەیە، ناوچەکە چاوەڕوانی جەنگێکی مەدەنی دەکات، دەسەڵاتی گەندەڵی لە لوتکەیە و توڕەی خەڵکیش بەهەمان شێوە، واتە نادیارە کە چی ڕوودەدات، بۆیە دەبێت کورد وانە لە ڕابردووی وەربگرێت، نەهێڵێت کارەسات و ئاشبەتاڵاکانی داهاتوو دووبارە ببنەوە، چاوەڕێی کات بکات و ستراتیژیەتی بگۆڕێت. لەبری ئەوەی ئەو هێزە سەربازیە مەزنە، ئەو ئابووریە زەبەلاحە و ئەو دەستکەوتە پیرۆزە کە هەرێم و بەڕێوەبەری خۆسەر بوو، لەسەر خوانێکی زێرین پێشکەش بە نەیارانی بکات، با پێداگری بکات، ئەگەر ئەوانیش پێیان ناکرێت، با گۆڕەپانەکە بۆ هێزی نیشتمانی و نەتەوەیی دی شۆڕشگێر بەجێبهێڵێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست