<

دوو ساڵ گەڕان بە ناوچەی بادیناندا، دارستانێک کە لە بیرەوەریمدا ماوە

04/10/2026, 16:50 (GMT+1)
دوو ساڵ لە نێوان مەتین و بەرواری باڵادا  و گەلی حەفتانین و  شەقامە سەرەکێکەی زاخۆ و کانی ماسی شێخان و ئامێدی  ، بەرواری باڵاو چیای شیرین و سەر زیی گەورەو ڕووبارری ڕۆشین و  بلەو بارزان و هەموو ناوچە جوانەکانی بادیناندا سوڕامەوە ، لە نێوان ئەو دارستانە قووڵانەی کە بەیانیان تەم لەسەر لقەکانیان دادەنیشت و شەوان با بە نێوانیاندا دەهات و دەچوو.
بۆ کەسێک کە تەنها لە نەخشەدا ئەو ناوچانە بینیوە، ڕەنگە  مەتین تەنها ناوی شوێنێک بێت بۆی ، بەرواری باڵا تەنها ناوی ناوچەیەک بێت  لەلای .
بەڵام بۆ ئەوەی کە لەوێ ژیاوە، ئەو ناوچانە پڕن لە دەنگ و بۆن و ڕەنگ.
پڕن لە یادەوەری.
من ئەو شاخانەم بە چاوی خۆم بینیوە کە چۆن لە بەیانییە ساردەکاندا لە ژێر هەوری سپی ون دەبوون گۆرانیان بۆژیان دەووت . ئەو دارانەم بینیوە کە لە کاتی باراندا وەک پەناگەیەک دەبوون بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ. ئەو کانییانەم بینیوە کە ئاویان بە بێ پرسیار دەدا بە هەموو ئەوڕێبوارانەی کە لە ڕێگایاندا بوو.
لەوێ فێربووم کە سروشت بە زمانی خۆی قسە دەکات.
ئێستا کاتێک دەبیستم کە دار لەو شاخانە دەبڕدرێت، من تەنها دارێکی بڕاو نابینم. من شوێنێکی بێدەنگتر دەبینم کەجەستەی توێ توێ دەکرێت .
ڕاپۆرتە نوێکان باس لە داربڕین لە ناوچەکانی دەوروبەری مەتین، دەرکەڵا مێسابەک، خانکی و باروخی دەکەن و بە گوێرەی شایەتی  دانیشتووانەکان ، هەموو ڕۆژێک ژمارەیەک بارهەڵگری دار لەو ناوچانە دەردەچن و بەرەو نزیک مۆڵگە  سەربازییەکانی تورک دەبرێن . ئەو داربڕینانەش لەگەڵ داگیر کاری سەربازیدا هاوشانی یەکن و  دەسەلاتداران لێی بێدەنگن ، تورکەکانیش دەڵێن ئێمە دارو بەردو خاکی ئێرەمان کڕیووە .
ئەمە لای زۆرتان تەنها  هەواڵێکە.
بەڵام بۆ من، لە پشت ئەو هەواڵە پرسیارێکی زۆر گەورەتر هەیە:
کاتێک دارێک دەبڕین، تەنها دارێک دەبڕین؟
نەخێر. لەگەڵ دارەکە سێبەرێک دەڕوات. پەناگەی باڵندەیەک خاپور دەبێت ، هێلانەیەک کوێر دەبێتەوە ، ڕێگای ئاوی باران دەگۆڕێت. خاک زیان دەبینێت.
ئاژەڵەکان  لە شوێنی خۆیان  هەڵدەکەنرێن  و سەرلێشێواو تۆویان قڕدەکرێت.
مرۆڤ، کە ڕەنگە ساڵانێک دوای ئەوە بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی، دەبینێت ئەو سروشتەی کە لە بیرەوەرییەکەیدا هەڵیگرتووە، بەو شێوەیەی پێشتر بوونی نییە ، ئەوسا مردن دەبێتە بێماناترین ڕووداو .
ئەمەی ئێستا  تەنها مەسەلەی دار نییە. مەسەلەی مێژووە کە ڕەگی قوڵی لەم خاکەدا داکوتاوە .
دارێک کە زیاتر لە سەدان  ساڵ تەمەن هەیە، پێش ئەوەی ئێمە بزانین جەنگ چییە، لەوێ بووە. پێش ئەوەی ئەم سنوورانە بەو شێوەیەی ئێستا ناسراون، لەوێ بووە. پێش ئەوەی نەوەیەک بێت و نەوەیەکی تر جێگەی بگرێتەوە   دار لەوێ بووە  تورکەکان مێژوومان لە چەند خولەکێکدا دەتوانێت بخاتە  سەر زەوی.
بەڵام سروشت بۆ دروستکردنی ئەو دارە سەد ان ساڵ کاتی ویستووە .
تورک و خائینان چەند خێرا  وێرامان دەکەن و  سروشت چەند هێواش دروستی کردووە بۆمان  ؟ ئێمە میراتگرێکی زۆڵین  بەرامبەر خاک وسروشت و ژینگەی نیشتمانەکەمان  . بەهەر هۆکارێک بێت کە ئەم تاوانەتورک یان ئەوەی لەپشتێتی کردوێتی  ناتوانێت ڕاستیەک فەرامۆشکات  کە هیچ هۆکارێک ناتوانێت پرسیاری ژینگە لاببات .
کێ بەرپرسیارە لەوەی ئەو شاخەی ئەمڕۆ دەڕووخێن و دارەکانی  دەدزن و ژینگەکەی وێران دەکەن ؟
ئەم پرسیارە تەنها بۆ تورکیا نییە.
بۆ هەموومانە.
بۆ هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە شاخ بە نەخشە دەبینن، نەک بە ماڵ.
بۆ هەموو ئەو کەسانەی دار بە کەرەستە دەبینن، نەک بە ژیان.
بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەڵێن: ئەمە تەنها دارە.
نەخێر. ئەوە تەنها دار نییە. ئەوە سێبەری باپیرانە. ئەوە پەناگەی ئاژەڵانە ،ئەوە هەناسەی داهاتووە. ئەوە بەشێکە لە ناسنامەی خاک.
بۆ من، ئەوە بەشێکە لە دوو ساڵێک لە ژیانم کە لەو شاخانە بەسەرم بردووە.
لەبەر ئەوە کاتێک کەسێک دار دەبڕێت، من تەنها دەنگی قرچەی شکاندنی  دارەکە نابیستم. من دەنگی ئەو یادەوەرییە دەبیستم کە لەگەڵیدا دەکەوێت.
لەوانەیە مرۆڤ بتوانێت ڕێگا دروست بکات.بتوانێت پۆست دروست بکات.
بتوانێت بنکە دروست بکات. بتوانێت سنوور بگۆڕێت.بەڵام شتێک هەیە کە بە هیچ هێزێک ناتوانێت بیکات: ناتوانێت کات بگەڕێنێتەوە.
ئەگەر دارێکی سەد ساڵە بڕدرا، ناتوانیت سبەی دارێکی سەد ساڵە لە شوێنی دابنێیت.
لەوەش زیاتر: ئەگەر دارستانێک بڕدرا، تەنها دارستانێکت لەدەست نەداوە،  پەیوەندییەکی مرۆڤ و خاکت لەدەست داوە. من نازانم سبەی ئەو چیاو دۆڵانە  چۆن دەبن ؟ بەڵام دەزانم چۆن بوون.
ئەوەی من لە بیرمە، دارستانێکی جوان و زیندووە، دارستانێک کە مرۆڤی فێر دەکرد بەرامبەر بە گەورەیی سروشت، خۆی بە بچووک بزانێت.
لەوانەیە ئەوە ئەو وانەیە بێت کە ئەمڕۆ زۆر پێویستمانە:مرۆڤ خاوەنی زەوی نییە،  تەنها میوانێکی کاتییە. میوانێکی باش ئەوە نییە هەموو شتێک ببات.
میوانی باش ئەوەیە کاتێک دەڕوات،شوێنی هەنگاوەکانی هێشتا بتوانێت هەناسە بدات. دواجار ئەمەش بەشێکە لەپڕۆژەی ئاشتی و برایەتی گەلان .
گەڕیدەیەک لەبادینان
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست