ئاپۆ لە دانپێدانانەکەیدا ڕاستگۆیە
05/10/2026, 13:52 (GMT+1)

لە دواهەمین پەیامیدا، عەبدوڵا ئۆجەلان (ئاپۆ)ی بەناو دیل و زیندانیکراو، ئاماژە بەوە دەکات کە پەکەکە ئەرکە مێژووییەکەی خۆی جێبەجێ کردووە و چیتر پێویستی بە خەباتی چەکداری نەماوە، هەروەها پێی وایە هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکخراوە ئەرکێکی پیرۆزە. ڕەنگە ئەم لێدوانە لە سەرەتادا جێگەی سەرسوڕمان بێت، بەڵام گەر بە قووڵی سەیری واقیعەکە بکەین، دەبینین کە ئەو لەم قسەیەدا تەواو ڕاستگۆیە.
کاتێک بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ دەرئەنجامی چەندین دەیە لە خەبات دەکەین، بێگومان دەبێت بپرسین: کام ئەرکە مێژووییە جێبەجێ کراوە؟
لەبری ئەوەی ئەم خەباتە ببێتە هەوێنی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد و ڕزگارکردنی خاکی کوردستان لە چنگی سەختی داگیرکەران؛ لەبری ئەوەی ببێتە هۆکاری گۆڕینی کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بۆ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو، وشیار و ئاگادار لە گەمە سیاسییەکان؛ وە لەبری سەپاندنی ئیرادە و ویستی گەل و پاکسازی لەو کەموکوڕیانەی ساڵانێکە بەرۆکی ئەم نەتەوەیەی گرتووە، تا بگاتە دیاریکردنی سنوورە ڕاستەقینەکانی کوردستان و سڕینەوەی ئەو سنوورە دەستکردانەی سەدەی ڕابردوو کە دابەشیان کردین... لە جیاتی هەموو ئەمانە، بینیمان کە ئەنجامەکە بە تەواوی پێچەوانە بووەوە.
ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەبینین کە کورد و بزوتنەوەکەی لە باکوور و ڕۆژئاوا، وە تەنانەت وا خەریکە لە باشووریش، ڕووەو هەڵدێرێکی کوشندە و کۆتاییەکی نادیار مل دەنێت. میللەت نەک هەر گیرۆدەی دەستی کۆمەڵێک بەناو پارت و بنەماڵەی سیاسی، و سەرکردەی ترسنۆک، بوودەڵە و خاکفرۆش بووەتەوە، بەڵکو بەهۆی ئەم دەستەبژێرە هیچ و پووچەوە کە تەنها خەمی گیرفان و بەرژەوەندیی خۆیان و خێزانەکانیانە، تەواوی پیرۆزییەکان لەکەدار کراون. ڕابردووی پڕ لە قوربانیدان، خوێنی گەشی شەهیدان، ئامانجی شۆڕشگێڕە دڵسۆزەکان و هەناسەساردیی دایک و خوشکە جەرگسووتاوەکان بە ئاسانی لەبیر کراون و باکیان بە کەسی تر نییە. بەداخەوە، ئەوەشی کە بە هەزاران زەحمەت بە دەست هاتبوو، هەموویمان دۆڕاند و لە کیسمان چوو.
کەواتە، بە پێی ئەم ئاکامە تاڵەی ئێستا لە ئارادایە، کە تێیدا کورد بە هەنگاوی خێرا بەرەو ئینتیگراسیۆن و تێکەڵبوون و توانەوە لەناو کلتوور و نەتەوەی تورک، عەرەب و فارسدا دەڕوات، ئیتر بە تەواوی لەو ڕاستییە تێدەگەین کە ئاپۆ و بزوتنەوەکەی لە بنەڕەتدا تەنها پلانێکی تۆکمەی دوژمن و دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) بووە. پلانێک بۆ تواندنەوەی کورد لەناو نیشتمانە داگیرکراوەکەی خۆیدا، ئەویش بەو ئاست و شێوازەی کە دوژمن خۆی دەیویست.
بۆیە کاتێک ئاپۆ دەڵێت پەیامەکەی پەکەکە کۆتایی هاتووە، لە ڕاستیدا مانای وایە کە هەموو ئەو پلانە مەترسیدارانەی دوژمنان بۆ گەلەکەمانیان ئامادە کردبوو، لە ڕێگەی ئاپۆ و سیاسەتەکانییەوە زۆر بە وردی جێبەجێ کران. لێرەوەیە دەڵێین بەڕاستی ئاپۆ ڕاستگۆیە لەوەی کە چیتر پەکەکە پێویست نییە، چونکە ئەوەتا بەبێ هیچ گرفتێک، پرۆسەی تواندنەوە و لەناوبردنی ئیرادەی میللەتی کورد لە تورکیادا گەیشتووەتە مەنزڵی خۆی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





