ڕووناکبیر، ڕۆشنبیر و ڕۆشنفکر
08/10/2026, 18:47 (GMT+1)

🎧 گوێگرتن لەم وتارە
لە زمانە ئەوروپییەکاندا، ئەو کەسەی خاوەنی توانایەکی بەرزی تێگەیشتن و وشیارییەکی باڵا بێت، پێی دەگوترێت "Intellectus" کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتینی. ئەم چەمکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بۆ هەڵسەنگاندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک: سیاسەت، کولتوور، هونەر، ئەدەب و زانست، پشت بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ و شیکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە دەبەستن.
ڕووناکبیر تەنها لەناو هزری خۆیدا زانیارییەکان وەک کتێبخانەیەک کۆناکاتەوە، بەڵکو زانیارییەکان دەکاتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی پرسیار و تێڕامانی قووڵ، دواجار ئازایانە ڕەخنە لە باوەڕە باوەکان و دەسەڵات دەگرێت و هانی گۆڕانکاریی ئەرێنی دەدات.
پێناسەی ڕووناکبیر تا ڕادەیەک لە هەموو شوێنێکدا هاوشێوەیە، بەڵام لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە بەپێی وڵاتان و قۆناغەکان، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لە فەرەنسا، کاتێک ئیمیل زۆلا وتارە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی: پەنجەی تۆمەت ڕادەکێشمی نووسی، لەوێوە چەمکی ڕووناکبیر مانایەکی مۆدێرنی وەرگرت و وەک کەسایەتییەکی ناو ئازارەکانی کۆمەڵگا دەرکەوت، کە پێگەی خۆی بۆ بەرگریکردن لە دادپەروەریی بەکاردەهێنا.
لە هەمان سەدەدا لە ڕووسیا، ڕووناکبیر وەک چینێکی تایبەت سەیر کرا ، ئەو واتایەی پێدرا ، کە ڕووناکبیر ئەرکێکی ئەخلاقی و مێژوویی لەسەر شانە بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە چەوساندنەوە، مۆدێلێک کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێناسەی ئەم چەمکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێهێشت.
لە بەرامبەردا، پێناسەی رووناکبیر لە ئەڵمانیا مۆدێلێکی فیکری و فەلسەفی بەسەردا زاڵ بوو، کە تێیدا زیاتر وەک بیرمەندێکی وابەستە بە دامەزراوە ئەکادیمییەکان بینرا
لە بەریتانیا و ئەمریکاش وەک مۆدێلێکی پسپۆڕ یان کارمەندێکی ئەکادیمی سەری هەڵدا، کە زۆرجار واتای چەمکی ڕووناکبیر بە جۆرێک لە نوخبەگەرایی و دابڕان لە واقیع دەبەستێتەوە، زیاتر بایەخ بە وشەکانی وەک (پسپۆڕ) یان (ئەکادیمی) دەدرێت.
لەکاتێکدا لە جیهاندا ڕووناکبیر موڵکی کۆمەڵگایە، بە داخەوە لە واقیعی کوردییدا دەسەڵات و پارتە سیاسییەکان ئەم چەمکەیان بەسەر وابەستەبوون و لایەنگرییی حیزبیدا دابەش کردووە. لە سایەی ئەم دابەشبوونەدا، یەکێتییەکان بەم کەسانە دەڵێن (ڕووناکبیر)، پارتییەکان دەڵێن (ڕۆشنبیر)، و پارتەکانی ڕۆژهەڵاتیش پێی دەڵێن (ڕووناکفکر). لای پەکەکەش، سەرەڕای پەروەردەکردنی کادیرەکانیان، بە ئەدەبیاتی ئۆجەلانەوە وابەستە کراوە، بەڵام هیچ کەسێک بۆی نییە بگاتە ئاستی پێناسەی رووناکبیریی و بلیمەتیی و زیرەکیی، چونکە وای لێک دەدەنەوە، کەسێکی بەتوانای لێهاتوو و بیرمەند دەبێتە مەترسی بۆ سەر پێگەی تاکەکەسیی ئۆجەلان، وەک ئەوەی لە پەراوێزخستنی سەڵاح دەمیرتاشدا و چەندین کەسایەتیی دیکەدا بینرا.
بۆیە ئەمە وای کردووە کە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ ڕووناکبیرە، بکەوێتە دەستی حیزبەوە نەک پێوەرە زانستی و ئەخلاقییەکان. هەر ئەمەشە وای کردووە ، کە کەسانی ڕووناکبیر لە ناو خوود و ناخی خۆیاندا، زۆرجار دووچاری دابڕان و گۆشەگیریی، یان داڕشتنی بیردۆزی بێکردار ببنەوە، بە بێ ئەوەی بتوانن کێشە ڕاستەقینەکانی خەڵک چارەسەر بکەن.
(جیاوازیی نێوان خاوەن زانیاری و ڕووناکبیری ڕاستەقینە)
ڕۆشنبیریی و ڕووناکبیریی تەنیا کۆکردنەوەی زانیاری و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا نییە. خوێندەوارێک ڕەنگە زمان بزانێت و بڕوانامەی هەبێت، بەڵام زانیارییەکەی بۆ پاساودانی ستەم و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت. لە بەرامبەردا، ڕووناکبیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە، کە زانیارییەکانی وەک چەکێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نادادپەروەری بەکاردەهێنێت. رووناکبیر پرسیار لەو شتانە دەکات، کە وەک نەریتێکی ئاسایی سەپێنراون؛ دەپرسێت بۆچی یاسا بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ ناکرێت؟ بۆچی دەنگی هەندێک پشتگوێ دەخرێت؟ واتە، ڕووناکبیریی پێش ئەوەی پیشە بێت، هەڵوێستێکی فیکری و ئەخلاقییە.
(سەربەخۆیی لە بیرکردنەوەدا)
گرنگترین تایبەتمەندیی ڕووناکبیر سەربەخۆیی بیرکردنەوەیەتی. کوێرانە، شوێنکەوتەی هیچ ئایدۆلۆجیا و پارتێک نابێت و بوێریی هەیە کە هەڵەی ئەو گرووپەش ببینێت، کە خۆی بەشێکە لێی. کاتێک باس لە دەسەڵاتیش دەکرێت، ڕووناکبیر دەزانێت، کە دەسەڵات تەنیا حکومەت نییە؛ بەڵکو حیزب، سەرمایە، میدیا، دامەزراوەی ئایینی و تەنانەت ڕای گشتییش دەتوانن ببنە سەرچاوەی فشار.
دەسەڵات هەمیشە بە سەرکوتکردن ڕووناکبیر بێدەنگ ناکات، بەڵکو زۆرجار بە بەخشینی پۆست و پاداشت و ناوبانگ رووناکبیر دەکڕێت. ئەمەش نیشانەی ئەم خۆفرۆشییە لەوەدا دەردەکەوێت، کە ڕووناکبیر زمانەکەی دەگۆڕێت بۆ جوانکردنی بڕیارە هەڵەکان، یان لە بابەتێکی بێ مەترسیدا دەنگی بەرزە، کە پێی دەگوترێت رەخنەی ڕێگاپێدراو، دەنگی خۆی بەردەکاتەوە و دەشیڕێنیت، بەڵام لە ئاست ستەمێکی ڕووندا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بێدەنگ دەبێت.
کەسی ڕووناکبیر لوتبەرز نییە و خۆی بە گەورەتر لە خەڵکی نابینێت.چونکە دەزانێت کە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان، دەبێت گوێ لە ئەزموونی هەموو کەسێک وەربگرێت، وەک نمونە گوێ لە گەنجی بێکار،، ژنی پەراوێزخراو و کەسی زوڵملێکراو دەگرێت. ڕەخنەی ڕووناکبیر لە کۆمەڵگاش بە ڕێزەوەیە، کە لە نێوان ڕەخنەگرتن لە بیرۆکەیەکی هەڵە و بچووککردنەوەی خاوەنی بیرۆکەکە جیاوازی ناکات.
هەروەها، ڕووناکبیری ڕاستەقینە کەرامەتی مرۆڤ بەپێی حیزب، ڕەگەز یان نەتەوە دابەش ناکات. ئەو تەنانەت لە مافی نەیارەکانیشی، کاتێک دووچاری ستەم دەبن، بەرگری دەکات، چونکە پێوەری ئەو بۆ ماف، پێوەرێکی یەکسانە. ئەم ئازایەتییە تایبەتمەندیی کەسایەتیەکی سادەیە، سنووری زانیارییەکانی هەرچەندە زۆر بێت، نایباتە پلەیەکی باڵاوە، کە خۆی بە بەرزتر ببینێت، بەڵکو ئامادەیی ئەوەی تێدایە، هەمیشە بە سنگێکی فراوانەوە هەموو ڕەخنەیەک قبوڵ بکات و دان بەهەڵەکانی خۆیدا بنێت.
لە کۆتاییدا، ئەرکی ڕووناکبیر ئەوەیە، کە بڕیار و شێوازەکانی کارکردنی دەسەڵات بخاتە ژێر پرسیارەوە، هۆشیاریی ڕەخنەیی لە ناو کۆمەڵگادا بڵاو بکاتەوە و نەهێڵێت بەرژەوەندیی تایبەتی حیزب و کەسەکان بە ناوی بەرژەوەندیی گشتییەوە بسەپێنرێت.
بەهای ڕووناکبیر بە ژمارەی دەرکەوتنەکانی یان نزیکیی لە ناوەندی دەسەڵاتەوە ناپێورێت، بەڵکو بەوە دەپێورێت کە تا چەند یارمەتیی مرۆڤەکانی داوە، تا واقیعی خۆیان ڕوونتر ببینن. کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە ڕووناکبیرێکە، کە هەم قسە بکات و هەم گوێ بگرێت، هەم ڕەخنە بگرێت و هەم ڕەخنەش قبوڵ بکات، تا ببێتە ویژدانی ڕاستەقینەی زیندەهێشتنی ئازادی و کەرامەت.
------------------------------------------------------------------------
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





