خەونی ڕووخانی ئیسڕائیل و واقیعی ٧ی ئۆکتۆبەر
10/10/2026, 14:40 (GMT+1)

(لە خەیاڵی ئایینییەوە بۆ هاوکێشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوین)
لە مێژووی سیاسیی کۆمەڵگەکاندا، جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان خەیاڵی ئایینی مرۆڤ و ئەوەی کە بە هۆکارە سیاسی و سەربازییەکانەوە لە واقیعدا ڕوودەدات. کێشەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە خەون و ئارەزووی ئایینی جێگای شیکردنەوەی واقیعی سیاسی دەگرێتەوە و پێشبینییە ئایینییەکان دەبنە بنەمای هەڵسەنگاندنی هێز و جەنگ. ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو بوارە: ئیمان لە شوێنی خۆیدا، و شیکردنەوەی سیاسی و ستراتیژی لە شوێنی خۆیدا.
یەکێک لە هەرە هەڵە گەورەکانی هێزی ئیسلامی سیاسی و تاکی مسوڵمان، لێکدانەوەی خەیاڵی ئایینە بۆ ڕووداوە سیاسییەکان، بێ ڕەچاوکردنی لۆژیکی سیاسی، توانای سەربازی، هاوپەیمانییە سیاسییەکان، بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکان، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایی سەربازی و بەکارهێنانی ژیری پێشەنگ لە بواری سەربازیدا، کە ئەم بنەمایانە هەمیشە جەنگ و ڕووداوە سیاسییەکان یەکلای دەکەنەوە. ئەمە لەکاتێکدا ئیبن خەلدون، بیرمەند و مێژوونووسی ناسراوی جیهانی ئیسلام، وتبویی: «خودا بەپێی عەقڵ، داب و دەستوری مرۆڤەکان زەوی بەڕێوە دەبات.» ئەوانەی ئیماندارن و باوەڕیان بە موعجیزە هەیە، ئایا دەتوانرێت یەک نموونەی ڕوون و بەڵگەدار لە دوای کۆچی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) بهێنرێتەوە کە خودا بە شێوەیەکی موعجیزەئاسا و بە قازانجی ئیسلام و موسڵمانان، ئەنجامی ڕووداوێکی سیاسی یان سەربازی گۆڕیبێت؟ نموونەیەک کە پشت بە بەڵگەیەکی مێژوویی و سەربەخۆ ببەستێت، نەک تەنها بە لێکدانەوە و باوەڕی ئایینی.
بەشێکی هەرە گەورەی مسوڵمان باوەڕیان بە جۆرە لێکدانەوەیەک خەیاڵی ئایینی هەبوو، لێکدانەوەی مەلایانە، کە دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی (٢٠٠٠، ٢٠٢٠، ٢٠٢٤) یان لە دەوروبەری ئەو ساڵاندا لەناودەچێت. ئەمە تەنها باوەڕی خەڵکی ئاسایی یان هەندێک بانگخواز نەبوو، بەڵکو لە هەندێک ڕەوتی ئیسلامی سیاسییشدا شوێنێکی گرنگی هەبوو. ئیسلامی سیاسی کوردی و کوردی مسوڵمانیش هەر لە بانگخوازە ئیسلامییە عارەبییەکانەوە ئەو باوەڕەی وەرگرتبوو.
لێکدانەوەکە بەوجۆرە بوو: لەسەر وەختی لەناوچوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل، تەواوی مسوڵمانانی دەوڵەت ئیسلامییەکان و جیهان یەکدەگرن. بۆ ئەمەش دەبوو دەستپێشخەری و هەوڵێکی سەربازی هەبێت. (٧)ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ ئەو هەوڵە بوو، بە ئایدیا، نەخشە و پشتیوانی ئێرانی.هێرشی حەماس، لە هەندێک لێکدانەوەدا وەک دەستپێکی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە سەیر کرا. ئەگەرچی هەندێک لێکدانەوەش حەوتی ئۆکتۆبەر وەکو پیلانگێڕی خوودی ئیسڕائیل بە ئامانجی هەژموونی سیاسی و سەربازی دەبینن.
دوای جەنگەکەش لە جیهانی سوننەدا هەموو چاوەکان لەسەر ئەردۆغان و سوپاکەی بوون کە سەرەتایی ئەو یەکگرتنە دژی ئیسڕائیل دەست پێبکەن. بە تایبەتی بەهۆی هەڵوێستە دووفاقییەکانی ئەردۆغان دژی سیاسەتی ئیسرائیل لە غەزە و وتارەکانی لەسەر فەلەستین. پێشتر یوسف قەرزاویی، بانگخوازی میسڕی، وتبویی: «ئەردۆغان خەلیفەی مسوڵمانانە، خودا و پێغەمبەر و جوبرائیل پشتیوایین.» هەروەها ئەردۆغان لە یەکێک لە کۆنگرەکانی داڤوس دا دژی ناتانیاهۆ هەڵوێستی وەرگرت لەسەر غەزە-فەلەستین و کۆنگرەکەی بەجێهێشت.
بەڵام لە بواری کرداردا، هاوپەیمانییە سیاسی و ئابوورییەکان و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان بە فۆڕمێکی جیاوازتری سیاسی بوون. لە ماوەی تەواوی جەنگەکەشدا تورکیا ئاسن و پۆڵای ئیسڕائیل دابین دەکرد، وزە و نەوت لە ڕێگەی تورکیا دەگەیشتە ئیسڕائیل. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، (٦٠٠) تورک، هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکی لە ڕیزی سوپایی ئیسڕائیل دابوون. تەواوی ووڵاتانی ئیسلامی: سعودیا، میسڕ، ئوردن، پاکستان و جەزائیر... هتد بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوون. ئەوەی پشتیوانی حەماس بوو، حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن، چەک و کەرەستەی سەربازی ئێران بوو کە لە ڕێگەی سوریاوە دەگەیشتە حەماس و حیزبوڵڵا، تا لە کۆتاییەکانی ساڵی (٢٠٢٤)دا ڕژێمی سوریا بە پیلانگێڕی تورکیا، قەتەڕ، ئیسڕائیل، بەریتانیا و ئەمەریکا ڕووخێندرا. ئەمە لە کاتێکدا لە سەردەمی ئەحمەد شەرع دا ئیسڕائیل زەبری گەورەی لە هەژموون و
بەرژەوەندییە سیاسی، ئابوری و هەواڵگیرییەکانی تورکیا لە سوریا داوە. ئێستاش سعودیا، تورکیا و پاکستان لە جەنگدان دژی حوسییەکانی یەمەن!
ئەم نموونانە نیشان دەدەن کە لە سیاسەتی ناوچەییدا، هاوپەیمانی و دوژمنایەتییەکان بە پێی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و ستراتیژییەکان دەگۆڕێن، نەک بە پێی هەست و خەیاڵی ئایینی یان پێشبینییە مێژووییەکان. دەوڵەتێک دەتوانێت لە وتاردا دژی ئیسڕائیل بێت، بەڵام لە کرداردا پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی لەگەڵیدا بپارێزێت و درێژەیان پێبدات. لێرەوە گرنگیی شیکردنەوەی سیاسی دەردەکەوێت: ئەوەی دەوڵەتەکان دەیڵێن، هەمیشە هەمان ئەوە نییە کە لە کرداردا ئەنجامی دەدەن.
تاکو ئێستا ئەوەی قوربانی ئەو لێکدانەوە مەلایانە، خەیاڵە ئایینییە بوو، خەڵکی مەدەنی غەزە بوو. ئیسڕائیلش لە ڕێگەی هاوپەیمانی سیاسی، بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری، توانای سەربازی، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایی سەربازی و بەکارهێنانی زەیرەکی پێشەنگ لە بواری سەربازیدا، تەواوی غەزەی وێرانکرد و زیاتر لە (١٠٠) هەزار ژن و منداڵ و پیروپەککەوتەی شەهیدکرد و بەشێکی گەورەی سەرکردە سیاسی و سەربازیی و هەواڵگیرییەکانی حەماسی تیرۆرکرد.
حاشاهەڵنەگر و بەڵگەنەویستە، خۆڕاگری و بەرخۆدان و تێکۆشانی سەرکردە و جەنگاوەرانی حەماس دژی سوپاکەی نەتانیاهۆی منداڵکوژ، لە ڕووی مرۆیی و نیشتیمانییەوە گیانبازییەکی گەورە و نموونەیەکی ناوازە بوو لە بەرخۆدان، بەڵام لە شیکردنەوەی سیاسیدا، قوربانی و گیانبازیی تاک و گرووپ بە تەنیا ناتوانێت ئەنجامی جەنگ و هاوکێشەی هێز لە ناوچەیەکدا بگۆڕێت، خەون بکاتە واقیع. جەنگ تەنها بە ئازایەتی جەنگاوەرانی پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە کۆمەڵێک هۆکاری ئاڵۆز لە هێز، ستراتیژی، هاوپەیمانی، ئابوری، تەکنەلۆژیا و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە پێوانە دەکرێت. لەبەرئەوە ئەوە تەواوی هاوکێشەکە نییە، بەڵکو لە ئەنجامدا، دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، گۆڕانکارییەکی گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوین ڕوویدا، چەند ووڵاتێکی ئیسلامی وێران بوون، ئیسڕائیل نەک لەناونەچوو، بەڵکو بووە هێزێکی گەورەی ناوچەیی و هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی ئیسڕائیل دەدات و وزەی ئەوەی پەیداکرد کە لەگەڵ ئەمەریکادا هێرش بکەنە سەر ئێران، ڕژێمی ئیسلامی ئێران تا ئاستی ڕووخان بەرن و بەشێکی گەورەی سیمبولە ئایینی و سەربازی و هەواڵگیرییەکانی ئێرانیان لەنێوبرد. ئەمە جگە لەوەی ئیمارات، بەحرەین، مەغریب عارەبی ئیسلامی چوونەتە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ئیبراهیم لەگەڵ ئیسڕائیل.
ئەگەر بە ژمارە بەراوردێک بکەین لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان لە ڕووی ژمارەی دانیشتوان، ڕووبەری خاک و ژمارەی هێزە چەکدارەکانەوە جیاوازییەکی گەورە هەیە، جیاوازییەکە بەم جۆرەیە: دانیشتوانی ئیسرائیل لە ساڵی (٢٠٢٥)دا نزیکەی (١٠.١)ملیۆن کەس بووە، لە کاتێکدا دانیشتوانی جیهانی عەرەبی بە کۆ نزیکەی (٥٠٣) ملیۆن کەسە؛ واتە نزیکەی (٥٠) هێندەی ئیسرائیل. ڕووبەری خاکی ئیسرائیل نزیکەی (٢٢) هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بەڵام ڕووبەری وڵاتە عەرەبییەکان بە کۆ نزیکەی (١٣.١)ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە؛ واتە نزیکەی (٦٠٠) هێندەی ڕووبەری ئیسرائیل. هەروەها، بەپێی ئاماری بانکی جیهانی بۆ ساڵی (٢٠٢٠) ژمارەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتە عەرەبییەکان بە کۆ نزیکەی (٣.٠٧)ملیۆن کەس بووە، بەرامبەر بە نزیکەی(١٧٨) هەزار کەس لە ئیسرائیل دا. لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی (٥٧) وڵاتی ئەندامی هەیە، کە هەموویان یەکسانیی سیاسی و سەربازییان نییە. ئەم ژمارانە نیشان دەدەن کە لە ڕووی دانیشتوان و خاکەوە، جیهانی عەرەبی زۆر گەورەترە، بەڵام زۆریی دانیشتوان و خاک بە تەنها مانای یەکگرتوویی سیاسی، هاوئاهەنگیی سەربازی یان یەکگرتووی هێز نییە، چونکە توانای ئابوری، تەکنەلۆژیا، هاوپەیمانییە سیاسی و سەربازییەکان، ڕێکخستنی دامەزراوەکان، سەرکردەی کاریزما و دادگەر، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراسی، ئیرادە و ئینتیمای هاووڵاتی و هاوکاریی نێوان وڵاتانیش گرنگیەکی گەورەیان هەیە. (سەرچاوە، بانکی جیهانی و ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی)
لێرەدا هەرگیز مەبەست لە گفتوگۆکردن نییە لەسەر ئیمان و بێ ئیمانی، باس لەوەیە کە بۆ شیکردنەوەی ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان پێویستە واقیع، هۆکارە مرۆییەکان، توانای هێزەکان و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لەبەرچاو بگیرێن. چونکە کاتێک خەون جێگای ستراتیژی دەگرێتەوە، ئەوا ئەوەی باجی گیانی دەدات ستراتیژیست و سیاسیەکان نیین، بەڵکو خەڵکی مەدەنی و بێتاوانن.
لە کۆتاییدا، وانەی سەرەکیی ٧ی ئۆکتۆبەر تەنها ئەوە نییە کە کێ ئازاتر بوو یان کێ زیاتر خۆڕاگری کرد، وانەکە ئەوەیە کە نابێت خەیاڵ و ئارەزوو لەگەڵ واقیعی سیاسی و سەربازی تێکەڵ بکرێن. پێشبینی نابێت جێگای هەڵسەنگاندنی هێز بگرێتەوە. ئەگەر مێژوو وانەیەکی فێرمان کردبێت، ئەوەیە کە جەنگ بە خەون کۆتایی نایەت و دەوڵەت بە خەیاڵ ناڕوخێت، بەڵکو هاوکێشەی هێز، ستراتیژی، بەرژەوەندی و توانای سەربازی ئاڕاستە و ئەنجامی جەنگ و ڕووداوە سیاسییەکان دیاری دەکەن. لەبەرئەوە، پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان «ئەوەی دەمانەوێت ڕووبدات» و «ئەوەی لە واقیعدا ڕوودەدات»، چونکە ئەو جیاوازییە لە جەنگ و سیاسەتدا، جیاوازیی نێوان خەون و ڕاستییە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





