<

کوڕگەل بێنەوە،کەژ بەفراوییە

پێش 1h
هۆمەر نۆریاوییکوڕگەل بێنەوە،کەژ بەفراوییە
(لە بن نسێی گرتە ڤیدیۆییەکەی حسێن سەفامەنش دا)


یەکەم،لە قۆناخێکی هەستیاردا کە کورد پتر لە هەموو کاتێکی دی پێویستی بە یەکبوون و یەکگرتوویی و ڕۆحێکی بڵندی نەتەوەیی هەیە و گەرەک بە هەموومانەوە کار لەسەر بەرزکردنەوەی وریایی نەتەوەیی بکەین و جیاوازییەکان تەنێ وەک دەرفەتێک بۆ بەرفرەوانیی جوگرافیا و فرەیی زار و بنزارە کوردییەکان و دەوڵەمەندیی زمانەکەمان بقۆزینەوە و کوردبوون بۆ خۆ بکەینە پێوەری سەرەکی،لێرە و لەوێ،داڵاشەکان بە فیتی ئەم و ئەو،خەریکی ئاژاوەنانەوە،گێرەشێوێنی و دووبەرەکی سازکردنن. لەبەر نەبوونی سیاسەتێکی فەرهەنگی یان لەڕاستیدا هەژاری فەرهەنگی،هەر جارە و باهۆز و فەرتەنەیەک کۆمەڵگەی کوردی دەگرێتەوە و هەموو پیلانە نگریسەکانیش دوای یەک ئامانج دەکەون و ئەویش لەخشتەبردن،ناکۆکی نانەوە، ئاژاوەگێڕی،ترازان و تێکدانی یەکڕیزی لە هەر هەموو پار و بەشەکانی نیشتماندا.
لێرەوە ئازارەکە سەد هێندە گورچکبڕ و هەژێنەرترە کە تاقمێکی هەلپەرست و زەینکوێر بە بیانووی جیاوازی لە نێوان زار و بنزار و ئایین و ئایینزادا کە پرسێکی هەرە ئاسایی و نیشانە بۆ فرەڕەنگی و فرەدەنگی لە نێو کولتووری کوردیدایە،ڕاست تیر دەگرنە دڵی خودی نیشتمان و دەیانەوێت بۆ گەییشتن بە مراز و ئاواتە پۆخڵەکەیان،درز و کەلێنێکی گەورەتر دروست بکەن. شاعیری نەتەوەیی کورد"هەژار موکریانی(1991-1921)نزیک 60ساڵ لەمەوپێش لە پەیامێکدا بۆ کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا دەبێژێت:
ئەم کۆڕە ژ کورداڕا جەوهەر بە خەڵات دێنێ
تیرێژی هونەر لەوڕا تاریکی دەتارێنێ
وێژە و کەلەپووری کۆن،فەرهەنگ و زمانەوانی
زانیاری بە هۆزانی خۆی لەگرەوە دەنوێنێ
کرمانج و لوڕ و سۆران،زازا و موکری و گۆران
وەل یەکتری داخێون،کەس نینە کو دامێنێ
ئەو ڕووگەیە پیرۆزە،ئاواتی گەلی کوردە
بڵا پەیام و شیعرەکەی هەژار پێوەر بۆ هەموو کوردێکی گەلپەروەر بێت و جیاوازییەکان وەک دەرفەت نەک هەڕەشە بقۆزێتەوە.
دووەم،"حسێن سەفامەنش"،دەنگێکی ئەهوورایی نیشتمانەکەی کوردانە کە لە داڵاهۆی سەربەرزەوە بۆ ماوەی پتر لە 30 ساڵ دەچێت لە مەیدانی هونەری ڕەسەندا ئامادەیە و دەنگی ئاشنا بە هەموو شار و شارۆچکە و گوند و شاخ و داخێکی نیشتمانەکەی کوردانە و چ تۆفیر ناکات ئەو چریکە بڵندە لە کامە ناوچە و شار و گوندی نیشتمانەوە سەری هەڵدابێت چونکە نیشتمانە ڕاستینەکەی سەفامەنش خودی کوردستانە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات.
سێیەم،وەک خودی خۆم،بۆ یەکەم جار لە ڕێی هەڤپەیڤینەکەی میدیاکاری کورد،"بارزان شاسوار"(1957)لە کەناڵی"میدیا تێ ڤێ"دەگەڵ هونەرمەندی زمانپاراوی کورد،"ناسر ڕەزازی"(1955)،چریکەی بڵندی دەنگەکەی"حسێن سەفامەنش"م بەرگوێ کەوت کە بە گوتنەوەی گۆرانی"ساڵەهای ساڵە"ی ئەم هونەرمەندە،ئەشکی شۆقێکی خستە نێو چاو و دڵەکەی ناسر ڕەزازی. هەر لێرەوە سۆزی بلاوێنی دەنگەکەی سەفامەنش دە هێندە زێتر ڕێی بڕییە نێو هەموو ماڵە کوردێک و مژدەی لەدایکبوونی گەورە هونەرمەندێکی دی بە ڕووبەری هونەری کوردی بەخشی. بەدرێژایی پتر لە 30 ساڵ،حسێن سەفامەنش بە چریکە ئەهووراییەکەی هەردەم لە مەیداندا ئامادە بووە و لە کوێ،ئازار و ژانێک وەبەر جەستەی نیشتمان کەوتبێت،خۆی لەوێندەر ئامادە بووە،دەنگی هەڵبڕیوە و هەڵوێستی نواندووە. جگە لەمەیش،خودی گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە ڕوونترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەن.
چوارەم،حسێن سەفامەنش،ڕۆژانێک بە گۆرانی"خوەیشگە خاسەگەم"،ڕووی سترانەکەی لە ئافرەتی کورد بوو و دەیەویست ژن بۆ ئامێزی نازەنینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی بگەڕێنێتەوە و هەلێک بخاتە بەردەم خانمان کە ئەم بەرگە پشتگوێ نەخەن،چونکە کراسی ژنانی کورد نەک ناجوان نییە بگرە یەک لە بەرگە هەرە ڕازاوەکان بۆ خانمانە کە جوانییەکەی سەد هێندە دەنوێنێت. لە لایەکی دیکەوە ژنی کورد ئێستا پێویستی بە قووڵبوونەوە لە خوێندنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی خۆی هەیە و دەتوانێت شانبەشانی پیاو،لە مەیدانەکەدا ئامادە بێت و بەرەنگاری شەمشەمەکوێرەکان ببێتەوە کە تیری ژاراوی تێ دەگرن و بە بیانووی پڕ و پووچ،دەبنە کۆسپ و لەمپەری سەر ڕێی خەبات و چالاکی.
پێنجەم،سەفامەنش،ڕۆژانێکیش بە حوزنە بڵندەکەی دەنگەکەی،دەمانباتەوە تا سەر بەرزاییەکانی شاهۆی سەرکەش و دەسەلمێنێت شاهۆ،قەندیل،داڵاهۆ،نەکەرۆز،ئاگری،سەفین و...،لە لای هەر یەکن و قاسپەی کەوی کوردان لەوێندەرەوە هەمیشە بڵندە.
حسێن سەفامەنش ئەمڕۆکە مۆرک و جێپەنجەی بەسەر هونەری ڕەسەنی کوردییەوە دیارە و ئیتر ئەم هونەرمەندە مڵکی بە تەنێ ناوچە و شار و گوندێک نییە و هەر هەموو کوردستان،مەکۆ و لانکەی هونەرەکەیەتی. سەفامەنش ئێستا لە ترۆپکی هونەرەکەیدایە و خاوەن ئەزموونێکی باڵایە و چاوەڕوانی لەم کەڵە هونەرمەندە فرەترە و پێویستە ئەوەندە دەربایستی قسە و قسەڵۆکی تاقمێکی بوودەڵەی شەوپەرست نەبێت و وەک جاران هەر لە قەسر و ئیلام و کرماشانەوە تا بە سنە و موکریان و مەریوان و هەورامان و سەرپاک کوردستانی نیشتمانەوە بۆ گشت کوردان بسترێت.
شەشەم،حسێن سەفامەنش کە لە کانیاوە زوڵاڵەکەی هونەری ڕەسەنی کوردی لە لای سەدان هونەرمەندی وەک سەیید ئەسکەر کوردستانی(1937-1882)،حەسەن زیرەک(1972-1921)،عەلی مەردان(1981-1904)،تایەر تۆفیق(1987-1922)،حسێن عەلی(1991-1925)،حیشمەت لوڕنژاد(1995-1947)،محەممەد ماملێ(1999-1925)،موجتەبا میرزادە(2005-1945)،ئازاد خانەقینی(2006-1958)،ئیسماعیل مسقەتی(2008-1922)،ئارام تیگران(2009-1934)،حەمەجەزا(2010-1949)،ئیسماعیل سابوور(2019-1956)،یەدوڵڵا ڕەحمانی(2011-1950)،ئۆسمان هەورامی(1936)، مەزهەر خالقی(1938،تەنیا عەرەب(1952)، ناسر ڕەزازی(1955)،قادر ئەلیاسی(1961)و... دەخواتەوە،ئیدی کوا ڕەوایە بە قسەی پڕ و پووچی تاقمێکی گێرەشێوێنی زەینکوێر،لە خودی نیشتمان بتۆرێت!
حەوتەم،30ساڵ ئامادەبوون لە کۆڕی گەرمی کوردانی گەلپەروەردا،ڕۆح و وریەکی ئەوەندە بڵندی نیشتمانی لە لای حسێن سەفامەنش دروست کردووە،کە تیرە ژاراوییەکەی ناحەزان هەردەم وە بەردی تەق و ڕەق دەکەوێت و بەرەو سینگە ژەنگاوییەکەی خۆیان دەگەڕێتەوە.
هەر بۆیە پێویستە بڵێم،تۆ کە خاوەنی سەدان سترانی وەک "خوەیشگە خاسەگەم،کوڕگەل بێنەوە،داڵاهۆ،خەو ئەڕاد نەیرم،ئەی خودا،ئەرمەنی،دایە،کرماشان،ئامۆزا گیان،هەر من بێکەسم،هەڵەبجە،ئەی موتریبی حەریفان،ماڵمان ئەمبەر ئەوبەرە،نەسرین ئەمڕۆ نەورۆزە،دێوانە خۆم،وە خودا نە،هەڵاڵە وەرە،زمانی کوردی،شەڤ چوو،کۆڵبەر،پەی خەڵوەتی،کۆبانی،کرماشانەگەم هەسارەی شەوم"و...یت و هەر هەموو نیشتمانت لە کۆڵ ناوە و ئەم هەموو دەنگ و سۆزەت لە لا کۆ بووەتەوە،کوا دەبێت بە دوو قسەی شەوپەرستان،مەیدانەکە چۆڵ بکەیت!
هەشتەم،ڕەنگە هەر وەک چلۆن ئەم ڕەخنەیە ئێستا ڕووی لە خەمساردی بەشێکی جەماوەر لە هەمبەر زمانی کوردی لە سنە تا بە مەهاباد و ...بێت،بە هەمان شێوە کرماشانیش بگرێتەوە و ئەمە چ پێوەندی بە خاڵە جیاوازەکان و زاراوەی دێرین و زەنگین و ڕەنگینی کەلهوڕییەوە نییە کە چەندان پەڕتووکی پیرۆزی وەک"سەرەنجام"ی بە زمانی کوردی پێ نووسراوە و سەدان دەنگی بڵندی شیعری وەک شاکە و خان مەنسوور(1700ی زایینی)،خانای قوبادی(1778-1704)،سەیید یاقوو مایەشتی(1881-1808)،سەیید ساڵح مایەشتی(1905-1834)،غوڵامڕەزا ئەرکەوازی(1839-1770)،تەمکین کرماشانی(1978-1920)،شامی هەرسینی(1984-1917)،پەرتەو کرماشانی(2022-1931) ئەسەد چراغی(2015-1930)،سەعید عیبادتیان بە نازناوی بانان(1963)،ئەلی ئولفەتی(1977)و... لەوێوە دەڕژێنە نێو سیروانی ئەدەبی کوردییەوە.
ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە هەنووکە بەشێکی فرەی جەماوەری شار بە زمانێک دەئاخفێت کە خۆیان وتەنی بە"فارسیی کرماشانی"ناودێر دەکرێت و چ بەرگی زمانی کوردی لەبەردا نییە و"ئەردەشێر کشاوەرز"(1944)وتەنی،تشتێکی بێ ڕەگ و ڕیشەیە و فڕی بە کوردییەوە نییە. شێوازی ئاخاوتنەکە ئەوەندە ئاسایی بووەتەوە و لە هەموو شوێنێک دەکار دێت و قسەی پێ دەکرێت کە گەر سووکە گلە یان ڕەخنەیەک بگریت،وەبەر زمانێکی زبر دەکەویت و بگرە دەیان ناو و ناتۆرەت وەپاڵ دەدرێت. کرماشان کە هەنووکەیش بە سەدان نووسەر،هونەرمەند و ڕۆشنبیری وریا و خەمخۆری لە ئامێزدایە کە لە هەر هەموو کوردستاندا ناسراون،لە واقیعدا بەشێکی زۆری جەماوەرەکەی لە هەمبەر چاند و زمانی کوردیدا خەمساردە و لە کووچە و کۆڵان و بازاڕ و فەرمانگەکاندا،زمانی باڵادەست،فارسییە و خەڵکەکە بە هەزار داخ و کەسەرەوە کوردییەکەی خۆی پشتگوێ خستووە و بەم زمانە قسە دەکات. ئەوە لە حاڵێکدایە ئێستایشی لەگەڵ بێت زۆرینەی نفووس و حەشیمەتی کرماشان کوردە و کرماشانیش شارێکی هەرە گەورەی کوردستانە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات و مێژوو بشێوێنێت. بەڵام ئەی هۆکارەکان چنە زمان و فەرهەنگی کوردی بەرەو ئەم ئاقارە چووە یان بە واتایەکی ڕاستتر،ئەوەندە غەریب کەوتووە و بگرە پەراوێز خراوە؟ دیارە ئەم پرسە پێویستی بە توێژینەوەیەکی ورد هەیە و هەر وا سووک و هاسان ناکرێت بەسەریدا باز بدەین. لێ ئەوەی لەم نێوانەدا دیار و خویایە و بە هۆکاری سەرەکیش دادەنرێت،خەمساردی لە لایەکەوە ڕووی لە خودی بنەماڵەکان بەرانبەر زمان و چاندی کوردییە کە خەڵکەکە ئەوەند بەدەست ژیانی ڕۆژانەوە سەرقاڵە،ئیدی پرسی زمان و فەرهەنگ لە لای بووەتە پرسێکی لاوەکی و فرەیش بەهەند وەرناگیرێت.لە ئالییەکی دیکەوە،ئارێشەکە بەرۆکی ڕۆشنبیران دەگرێتەوە کە هەموو هەوڵ و خەباتەکەیان ئەوەیە جار ناجار لە دەوری یەک گرد دەبنەوە و کۆڕێک بەڕێوە دەبەن. هەر بۆیە دەنگیان وەک پێویست بە کۆمەڵ ناگات یان بە واتایەکی ڕاستتر،کارتێكەرییان لەسەر کۆمەڵ بەرفرەوان نییە. نووسەری ئەم دێڕانە لە بابەتێکی توێژینەوییدا لە بن سەردێڕی"بچوو بچوو خاڵوو کوردی نمەزانی"،سووکە ئاوڕێکی لەو پرسە داوەتەوە.
نۆیەم و دوا خاڵ،لێرەوە ئەرکەکەی حسێن سەفامەنش و ڕۆشنبیرانی ئەم ناوەی نیشتمان قورستر دەبێت و هەرگیز نابێت بکەونە بن کارتێکەری قسەی هەڵیت و پەڵیتی تاقمێکی شەوپەرست چونکە هەم کرماشان،خاکە نازەنینەکەی کوردانە،هەم کەڵهوڕی،یەک لە دێرینیترین و شیرینترین زاراوەکانی زمانی کوردییە و هەمیش حسێن سەفامەنش لەمێژە بوونی خۆی لە مەیدانەکەدا هەم وەک هونەرمەند و هەمیش مرۆی گەلپەروەر سەلماندووە و پرسەکە چ قسە هەڵناگرێت.
جێی ئاماژەپێدانە هونەرمەند"حسێن سەفامەنش"ڕۆژی 29ی پووشپەڕی ساڵی 1355ی هەتاوی(1976)لە شا شارەکەی کوردان،کرماشان لەدایک بووە. خاوەنی هەگبەیەکی ڕەنگاڵەیی لە گۆرانی کوردییە و خودانی چەندان ئەلبۆمی وەک"ئێوارە"و"یەلدا"یە و هەڵگری دەیان خەڵاتی زێڕینی وەک"خەڵاتی ماملێ"بۆ ساڵی 2019یە.
*:سەردێڕ و ناونیشانی نووسینەکە لە خودی گۆرانییەکی ئەم هونەرمەندەوە وەرگیراوە.
ژێدەر:
• بۆ کوردستان،هەژار،بڵاوکراوەی ئاراس،چاپی چوارەم،هەولێر،2001
• گۆرانییەکانی حسێن سەفامەنش
• ماڵپەڕی محەممەد ماملێ mamle.net
• هەڤپەیڤینی بارزان شاسوار دەگەڵ ناسر ڕەزازی،میدیا تێ ڤێ،ساڵی 2000
• گۆڤاری بەیان،بچوو بچوو خاڵوو کوردی نمەزانی،هۆمەر نۆریاوی،ژمارە 30،ساڵی 1402ی هەتاوی(خەرمانانی 2723)و چەندان سەرچاوەی دی ئینتەرنێتی

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست