<

کێشەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، نەبوونی یاسای بنەڕەتییە

پێش 2h
کێشەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، نەبوونی یاسای بنەڕەتییەعوسمان کەوکەبی شادکێشەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، نەبوونی یاسای بنەڕەتییە

هیچ وڵاتێک بەبێ یاسای بنەڕەتی (دەستور) بە شێوەیەکی پایدار و بەهێز بەڕێوە ناچێت. هەر وڵات و هەرێمێکی خاوەن دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن، پێویستی بە یاسایەکی بنەڕەتی هەیە کە تایبەتمەندییە سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی دیاری بکات. حکومەت، پەرلەمان، حیزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان و دامەزراوەکانی تر دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی دەستوردا کار بکەن و بەرپرسیارێتییان بەرامبەر گەل و نیشتمان جێبەجێ بکەن. هەروەها، پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکییەکانیش دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی دەستوردا بێت. وەزارەتی و دەروەو ئاسایەشی گەل و نیشتمان و هێزەکانی چەکدار دەبێ لە چوارچیوەی یاسای بنەرەتی ئەرکەکانیانی جێ بە جێ بکەن.

هەر وڵات و هەرێمێک کە یاسای بنەڕەتیی ڕوون و جێبەجێکراوی نەبێت، لە ڕووی حوکمڕانییەوە ڕووبەڕووی کێشە و نائارامی و قەیران دوای قەیران دەبێتەوە. لەو بار و دۆخەدا هەندێک کەسی هەلپەرست، بەرژەوەندیی تاکەکەسی و حیزبی وەپێش بەرژەوەندیی گشتی دەخەن. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی دامەزراوەکان، کەمبوونەوەی متمانەی گشتی و ناسەقامگیریی سیاسی. هەورەها متمانە لە بەینی حکومەت و دەسەڵاتداران و گەل کەمتر دەبێت یان نامێنێت.

یاسای بنەڕەتی لە سەرەوەی هەموو شتێکە و بنەماییەی حوکمڕانییە. دەستور شێوازی حکومەت دیاری دەکات؛ لە کۆماری، پاشایەتی، فیدراڵی یان جۆرێکی تری حوکمڕانی. هەروەها، سیستمی سیاسی و شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان دامەزراوەکاندا ڕوون دەکاتەوە.

لە یاسای بنەڕەتیدا ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان دەستنیشان و پارێزراو دەبن. دەستور دەبێت بنەمایەکی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی داهاتی نیشتمانی و سامانە گشتییەکان دابین بکات، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی گشتی و مافی هاووڵاتیان لە پێشینەدا بێت. هەروەها، دەستور دەبێت بنەمای یەکسانیی هاووڵاتیان لەبەردەم یاسادا دابین بکات، بەبێ جیاوازی لە نێوان بنەماڵەی پاشا، سەرۆککۆمار، سەرۆک وەزیران، کاربەدەستانی باڵا و هاووڵاتیانی ئاسایی..

سەربەخۆیی دادگا و دەستێوەردان نەکردن لە کاری دادوەری، یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی دەستور. هیچ کەس و هیچ دەسەڵاتێک نابێت کاریگەریی نایاسایی لەسەر بڕیارەکانی دادگا دابنێت. سەرکردە

سیاسییەکان و کاربەدەستانی باڵا دەبێت وەک هەر هاووڵاتییەکی تر لەبەردەم یاسادا بەرپرسیار بن و دادگایی بکرێن.

هیچ یاسایەکی ئاسایی نابێت لەگەڵ یاسای بنەڕەتی ناکۆک بێت. هەر یاسایەک کە دەردەچێت، هەموار دەکرێتەوە یان یاسایەکی نوێ دادەنرێت، دەبێت لەگەڵ دەستوردا یەک بگرێتەوە و لە خزمەت بەرژەوەندیی گەل و نیشتماندا بێت. دەستور هەروەها دەبێت بە ڕوونی دیاری بکات کە سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسی گەلە و ئەو دەسەڵاتە لە ڕێگەی هەڵبژاردنە ئازاد و دادپەروەرانە دەگوازرێتەوە بۆ نوێنەرانی هەڵبژێردراو لە پارلەمان، ئەنجومەنی شارەوانی و ئەنجومەنی پارێزگا.

تەمەنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٤ ساڵە. لەم ماوەیەدا دەرفەت و توانای ئەوە هەبووە کە دەستورێکی پێشکەوتوو و گونجاو بۆ کوردستان دابنرێت. بەڵام، بەداخەوە، بە هۆی ناکۆکیی حیزبەکان، نەبوونی ڕێککەوتنێکی سیاسیی بەهێز نەتوانراوە یاسای بنەرەتی دامەزرێت. نەبوونی دەستورێکی گەلی و نیشتمانی، بۆشاییەکی یاسایی و سیاسی دروست کردووە، کە ئەوەش بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسی تێدایە.

ئەگەر لە سەرەتای کارکردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا دەستورێکی گونجاو دابنرابا و بە شێوەیەکی جێگیر جێبەجێ کرابا، ئەمڕۆ دەکرا دامەزراوە سیاسییەکان بەهێزتر، پەرلەمان و حکومەت بەرپرسیارتر بان و سیستمی حوکمڕانی فرەحیزبی باشتر با.

هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستورێک هەیە کە مافەکانی هاووڵاتیان بپارێزێت، دەسەڵات سنووردار بکات، سەربەخۆیی دادگا دابین بکات و بنەمایەکی بەهێز بۆ دیموکراسی و حوکمڕانیی دادپەروەرانە دابنێت. دەستور نابێت تەنها بەڵگەیەکی سیاسی بێت؛ دەبێت پەیمانێکی نیشتمانی و پابەندکەر بێت لەنێوان دەسەڵات و گەلدا.

لە کۆتاییدا، نەبوونی یاسای بنەڕەتیی جێبەجێکراو یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان. چارەسەری ئەم کێشەیە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەش، گفتوگۆی نیشتمانی و ڕێککەوتنێکی فراوان هەیە. دابینکردنی دەستورێکی دیموکراتیک و دادپەروەرانە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و دڵنیایی لە داهاتوویەکی سەقامگیرتر بۆ گەل و نیشتمانی کوردستان. هیوادارم یاسای بنەرەتی لە هەرێمی کوردستان بە هیمەتی پسپۆرانی بەشی ماف ناس و دادپەروەر و پارێزەران دابمەزرێت و دڵی گەلی کورد بە گشتی و بە تایبەت کوردپەروەران و بنەماڵەی شەهیدان شاد بکات.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست