<

بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە پێش هەموو شتێکە

پێش 23h
عوسمان کەوکەبی شادبەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە پێش هەموو شتێکە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی سیستەمی دێموکراتی و ڕێگایەکە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە ئازادی و بە ویستی خۆیان نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن. لە سیستەمێکی دێموکراتیدا، دەنگدەر دەبێت بە نهێنی و بە ئازادی دەنگ بە حیزبە سیاسییەکان، لایەنەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان بدات.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو. منیش وەک چاودێری هەڵبژاردن، بۆ چوارەمین جار بەشداریی چاودێریکردنی ئەو هەڵبژاردنەم کرد. ئێستا کە ئەم وتارە دەنووسم، دوو ساڵ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا تێپەڕیوە. دواکەوتنی پێکهێنانی پەرلەمان چەندین هۆکاری هەیە؛ یەکێک لەوانە نەبوونی دەستوورێکی یەکلاکەرەوە و نەبوونی ڕێسا و کاتی دیاریکراوی یاسایی بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەت دوای هەڵبژاردن. ئەگەر یاسایەکی ڕوون و پابەندکەر بۆ دیاریکردنی ماوەی پێکهێنانی پەرلەمان هەبوایە، ئەوا دەکرا لە کاتی دیاریکراودا ئەو پرۆسەیە تەواو بکرێت و پارلەمان دامەزرێت. هەروەها، ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستە باڵاکانی حکومەت و بەڕێوەبردنی هەرێم، یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتنی پرۆسەی دامەزراندنی پارلەمان.

بەداخەوە، لە هێندێک قۆناغدا وا دیارە بەرژەوەندیی حیزبی و پۆست و پایە سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی پێشتر خراون. لە کاتێکدا گەلی کورد چاوەڕێی ئەوە نییە کە حیزبەکان چەند پۆست و پایەیەکی حکومەتی بەدەست دەهێنن؛ بەڵکو چاوەڕێی سەقامگیریی سیاسی، پەرلەمانێکی بەهێز و کارا و حکومەتێکی بەرپرسیارە کە دەنگ و ویستی هاووڵاتییان نوێنەرایەتی بکات و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و گەلی کورددا بێت، نەک تەنها بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی..

گەلی کورد لە مێژوودا ڕووبەڕووی ڕووداو و کارەساتێکی زۆر تاڵ و ناخۆش بووەتەوە؛ لە شەڕە براکوژییەکانەوە تا ئەنفال، کیمیاباران، سیاسەتی عەرەبکردن، زیندانیکردن و لەسێدارەدان. گەلێک کە ئەو هەموو ئازار و کارەساتەی بینیوە، شایستەی ئەوە نییە بەردەوام ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ببێتەوە؛ بەڵکو شایستەی خزمەتگوزاریی باش، ژیانێکی ئاسوودە و شایستە، ئاسایش، دڵنیایی، ئازادی و گەشەسەندنی بەردەوامە.

کوردانی باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش چاویان لە باشووری کوردستان و هەرێمی کوردستانە، و هیوادارن ئەم بەشەی کوردستان زیاتر پێش بکەوێت و ببێتە نموونەیەک لە سەقامگیری، پێشکەوتن و بەڕێوەبردنی دێموکراتی. هەروەها کوردانی تاراوگە بە هەمان شێوە چاویان لە پێشکەوتن و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، چونکە سەقامگیریی باشووری کوردستان کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر هەستی نەتەوەیی و هیوای هەموو کوردان هەیە..

پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا زۆرترین دەنگ و کورسییان بەدەست هێنا. بۆیە چاوەڕوانیی گشتی ئەوەیە ئەم دوو حیزبە سەرەکییە، بە هەستی بەرپرسیاریی نەتەوەیی و سیاسییەوە، ڕۆڵی سەرەکی لە پێکهێنانی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتدا بگێڕن..

بەداخەوە، جیاوازییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات وای کردووە تا ئێستا ئەو دوو حیزبە نەگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی. لێرەدا پێویستە هەموو لایەنەکان ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانەوە بێت. ئەمڕۆ بەرپرسیارێتیی حیزبەکان تەنها بەڕێوەبردنی کاتی نییە؛ بەڵکو بەرپرسیارن بەرامبەر داهاتووی نەوەکانی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەوانیش ڕووبەڕووی ئەو نەهامەتی و دەربەدەری و قەیرانانە نەبنەوە کە نەوەکانی پێشوو تێیاندا ژیاون..

زۆر بەداخەوە، جارێکی دیکە باس و خواستی گەڕانەوە بۆ سیستەمی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستاندا سەری هەڵداوەتەوە. ئەمە بابەتێکی نیگەرانییە، چونکە دوو ئیدارەیی دەتوانێت یەکڕیزیی دامەزراوەکان، یەکگرتوویی سیاسی و بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کورد زیاتر بخاتە مەترسییەوە.

پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەوە بزانن کە دابەشبوونی ناوخۆیی و لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییەکان دەتوانێت بوار بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و زیادبوونی کاریگەریی هێزەکانی ناوچەکە دروست بکات. ئەوەش بە هیچ شێوەیەک لە خزمەتی بەرژەوەندیی گەلی کورد و داهاتووی کوردستاندا نییە.

بۆیە، پێویستە هەموو لایەنەکان بە هەستێکی بەرپرسیارانەوە لەسەر یەکگرتوویی، یەکخستنی دامەزراوەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کار بکەن و ڕێگە نەدەن ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە هۆی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تاڵی دوو ئیدارەیی.

هێشتا درەنگ نەبووە، پارتی و یەکێتی دەتوانن بە ویست و نیازیەکی پاک و نەتەوەییەوە بگەنە مێزی گفتوگۆ و بە لاپەڕەیەکی سپی دەست بە دانوستاندن بکەن. وا باشە هەر یەکەیان بە ڕوونی بڵێت: فەرموون، لە پێناوی بەرژەوەندیی گەلی کورد و کوردستان، داواکاری و پێشنیارەکانتان بخەنەڕوو، با بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەرێکی هاوبەش بدۆزینەوە.

پێویستە ئەم گفتوگۆیە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە، متمانە، هاوکاری و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بێت، نەک تەنها لەسەر دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات. چونکە مێژوو کەس نابوێریت و لە سەرتان تۆمار دەکات کە لە چ کاتێکدا بەرژەوەندیی گەل و نیشتماتان وەپێش بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی داناوە.

نووسینی: عوسمان کەوکەبی شاد

ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی هامار لە وڵاتی نۆرویژ

بەرواری ٢٠/١١/٢٠٢٦

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست