<

ڕۆژانە

پێش 28m
ڕۆژانەحەمە سوسەییڕۆژانە

لە نێوان(integration) و(Assimilation) حەمە سوسەیی hesiبا پێکەوە لەم دوو تێرمە بکۆڵینەوە و بزانین نەك هەر تەنها جیاوازیش چیە، بەڵکە بزانین کامیان لەگەڵ بیرۆکەکەی عەبدووڵا ئۆچ ئالان یەك ئەگرێتەوە. با بە نمونەیەکی سادە دەست پێبکەین،،خێزانێك لە خانەقینەوە دێت بۆ سلێمانی وەیان لە شێخانەوە دێت بۆ دهۆك وەیان لە مەخمورەوە دێت بۆ هەولێر و ئەم سێ خێزانە ئەیانەوێ ژیانێکی نوێ لە هەریەك سلێمانی ودهۆك و هەولێرەوە دەست پێبکەن. سەرەتا ئەم ٣ خێزانە کە بریتین لە باوك،دایك ، خوشك و برا هەریەکە لەمانە خاوەنی شێوازی ژیان و زمان و کلتووری جیا جیان و لەهەمان کاتیشدا شانازی بە ڕابردووی خۆیانەوە ئەکەن. کاتێ دێنە نێو ژیانە نوێیەکەی هەریەك لە سلێمانی و دهۆك و هەولێر دوو شت لە مێشك و بیرکردنەوەیاندایە، ئەوانیش یەکەمینیان هەوڵئەدەن زۆر بە خێرایی لەگەڵ ژیانە نوێیەکەدا خۆیان بگونجێنن و تێکەڵاوی سەردەمە نوێیەکە ببن، لەهەوڵدان زوو کار بدۆزنەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست بکەن، باوك لەهەوڵی ئەوەدایە جۆرێك لە بالانس دروست بکات لە نێوان هەردوو سەردەمەکەدا بەشێوەیەك کە زەرەمەند نەبن و بتوانن بەردەوامی بەژیانیان بدەن بە شێوەیەکی ئاسایی و سروشتی.دایك لەهەوڵی ئەوەدایە جگە لە پەروەردەکردن و گفتۆگۆ بەزمانی خۆیان لەهەمان کاتیشدا هەوڵ ئەدا زمانی شوێنە تازەکەش فێرببن و نەیەڵن مناڵەکانیان لە خوێندن و پەروەردە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بێ بەش بن..خۆ بۆ منالەکانیش زۆر بە خێرایی ئەیانەوێ هاوڕێ و دۆست پەیدا بکەن و خاڵی هاوبەش لە نیوان خۆیان دروست بکەن..ئەم نمونەیە ئەگونجێ بۆ کەسێك لە ووڵاتێکەوە بچێت بۆ ووڵاتێکی تر و هەمان ڕێچکە و هەمان مامەڵە ئەکا بۆ ئەوەی بتوانێ لەیەك کاتدا ڕەگ و ڕێشەی خۆی بپارێزێ و تێکەڵیش ببێ لەگەڵ خانەخوێیە نوێیەکە.لەمەوە بۆمان دەرئەکەوێ کە ئەو پرۆسەیە کارێکی خۆبەخشانەیە و هیچ زۆرێك و پاڵەپەستۆیەکی تیادا بەکار نەهێنراوە، تەنها ئەوە نەبێ کەسی یەکەم بۆ ئەوەی لە خانەی کەسی دووەم جێگای ببێتەوە و بتوانێ ژیانێکی نوێ دروست بکات، پێوستی بە فێربوون و خۆگونجاندن ئەبێ.ئەم تێکەڵبوونە(ئینتیگراسێۆن) ئەوەندەی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیە، بەهیچ شێوەیەك پرسێکی سیاسی نیە، هەر بۆیە دەهۆڵ لێدان بۆ ئەوەی ئەم پرسە بکرێت بە سیاسی هەوڵێکی پووچەڵ و نەزۆکە.لەدوای سەرهەڵدانی ئیسلام کورد لەژێر هەژموونی شمشێر و داگیرکاری عەرەب زۆر هەوڵی دا لەگەڵیدا خۆی بگونجێنێ.لە زۆر شوێن کورد زمان وئاخافتنەکەی تێکەڵ کرد لەگەڵ هی داگیرکەرەکەی. لەزۆر شوێن کورد هەستا بە پۆشین و لەبەرکردنی جل و بەرگ و سیمای داگیرکەرەکەی.هەر ئەوەندەش (نا) بەڵکە قایل بوو بەوەی ناوی خۆی و مناڵەکان و شارو گوندەکانی بگۆڕێ بە هی داگیرکەرەکەی.؛؛کەممان هەیە ناوی عەرەبی نەبێ و لەهەندێ شوێن کورد بەجلی دشداشە و عەگاڵ و چەفتەوە دەرئەکەون.ئەمە سەرباری ئەوەی لەزۆر شوێنی تر کورد ئایینی خۆی گۆڕی بۆ هی داگیرکەرەکەی و تا کار گەیشتە ئەوەی لەزۆر شوێن کورد بە تەوای سڕدرایەوە و چیتر خۆی وەك کورد، ناناسێنێ. ؛لە پای ئەم خۆچەماندنەوە و خۆ تواندنەوەیە کورد توانی ببێتە خاوەنی زیاتر لە 39 پرۆسەی (تەعریب،تەتریك،تەفریس،جینوساید،کیمیاباران،ئەنفال و وێرانکاری)لەماوەی ئەو 1400ساڵەی کە بەزۆر خۆی تواندەوە .ئەم پرۆسەیە کە بەزۆرە ملێی دژ بە کورد کراوە پێی ئەووترێ پرۆسەی تواندنەوە وەیان (Assimilation)بەپشت بەستن بە بەڵگەکان بۆمان دەرئەکەوێ ئەوەی (ئاپۆ)ئەیەوێ جێبەجێێ بکات پرۆسەی دووەهەمە و خۆتواندنەوەیە و نەوەك تێکەڵبوون. باشە ئێمە ئەوە بۆچەندین سەدەیە لەگەڵ ئەم داگیرکەرانە ئەژین جگە لە دۆڕاندنی زیاتری زەوی زار و خاك بچووکردنەوەی نیشتمانی کورد هیچی ترمان لێیان دەست کەوتوە تا زیاتر و زیاتر بدەین؟؟!!ئەم پرسە تەنها تواندنەوە نیە بەقەد ئەوەی نەهێشتن و سڕینەوەی مێژووی گەلێکی ڕەسەنە لە ناوچەکە کە خاك و ئاو و زمان و کلتوور و فەرهەنگی داگیرکراوە.  لە کۆتاییدا ماوە بپرسم ئایا بیرمەند و فەیلەسوف نەتوانێ ئەم دوو زاراوەیە لە یەکتر جیابکاتەوە و پێناسەی تەواویان بۆ بکات، ئەلبەت مەبەستێکی تری خراپ لە پشتەوەیەتی و ئەیەوێ ئەژندایەکی مەترسیدار پەیڕەو بکات. ئاپۆ کورد لە خشتە بردوە و ئەیەوێ زیاتر تەفرەی بدات و زیاتر خاك و زەوی بداتە بە داگیرکەرانی کوردستان. وە ئەوانەی دوای ئەم پرۆسە کەوتوون و چەپڵەی بۆ لێئەدن، لە ئاپۆ و داگیرکەران تاوانبارترن.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست