تێڕوانینێک بۆ پارادایمی ئاپۆیی و پرسی ژن
04/06/2026, 0:42 (GMT+1)

تێروانینی ئۆجەلان بۆ پرسی ژن
لەسەر مەسەلەی ئازادیی ژن و ئەو ڕەخنانەی لە پارادایمی ئۆجەلانم گرتووە، هەندێک لە لایەنگرانی رێبازی ئاپۆچیی ئەوە دەدەن بە گوێماندا، گوایە ئێمە دژی ئازادیی ژنانین و دەڵێین ئۆجەلان ئەرکی ژنی قورس کردووە، لەبەر ئەوە بۆچوونەکانمان کۆنەپەرستانەن و لەگەڵ دۆخی ژن لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا یەک دەگرنەوە، بە پێچەوانە ئەوە ئێمەی رەخنەگریین کە باری ژن قورستر دەکەین. هەروەکو چۆن ئیسلامییەکان بیردەکەنەوە و ژن لەناو کۆیلایەتیی قووڵی ئایینی و نێرسالاریدا دەهێڵینەوە، بەوەی نابێت ژن بۆ ئازادیی خۆی ژیانی ببەخشێت.
(ئەوەی سەرەوە زمانی وەڵامدانەوەی ئاپۆچییەکانە لەسەر رەخنەکانی ئێمە)
(ئەوەی سەرەوە زمانی وەڵامدانەوەی ئاپۆچییەکانە لەسەر رەخنەکانی ئێمە)
هەڵبەت سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم، کە هەرچەندە ئەم لێکدانەوەیە نموونەیەکی زۆر ڕوونی بیرکردنەوەی ئەو کەسانەیە، کە سۆزێکی پاکیان بۆ پرسی ژن هەیە، بەڵام لە ژێر کاریگەریی دروشمە ئایدۆلۆژییەکاندا، تووشی لێکدانەوە و بیرکردنەوەی هەڵە بوون. ئەوان وا وێنای دەکەن، کە گوایە ئەمە کێشەی ئێمەیە و پێمان باشترە ژن لە ناو سیستەمی خێڵەکی و ئیسلامیدا کۆیلە بێت و وەک کاڵا سەیر بکرێت، نەک لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیایەکی ژنلۆژییدا وا وێنا بکرێت، هەروەها ئاپۆپچییەکان پێیان وایە کۆمەڵگەی کوردیی تەنها دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: یان قبووڵکردنی کۆیلایەتیی خێڵەکی و چەوساندندەوەی ژێر دەستی نێرسالاری، یان تەسلیمبوون بەتەواوی بە پارادایمی ئاپۆیی بۆ ئەوەی ڕزگاری ببێت.
ئێمە کە دەیان ساڵە بە قەڵەمەکانمان دژی عەقڵیەتی خێڵەکی و کوشتنی ژن لەسەر شەرەف دەجەنگین، پێمان وایە ڕزگارکردنی ژن لە دەستی ئاغا و سەرۆکی خێڵ، نابێت بەو مەرجە بێت کە دوایی ببێتە کۆیلەی حیزب و ڕێبەر. ڕەخنەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە، بۆچی بانگەشەی ئازادی دەکات، بەڵکو کێشە ئەوەیە کە ئازادیی ژن لەو پارادایمەدا و لە مەیدانی ئەرز و گەزدا ژن ئازاد نابێت، بەڵکو لە کۆیلایەتییەکی کۆمەڵایەتییەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆیلایەتییەکی ئایدۆلۆژی و سەربازیی، بەوەی کاتێک چەک دەدەیتە دەست ژن، مانای وا نییە ژن ئازاد دەبێت.
میلیتاریزەکردنی ژن لە بری ئازادکردنی
کاتێک باس لە ئازادی دەکرێت و دەوترێت بۆچی ئەرکێک لە پێناو ئازادیدا قورس بێت، دەبێت بپرسین: ئەم سیستەمە چ ئەرکێکی داوەتە ژن؟ لەژێر ناوی ژنۆلۆژیدا، ژنی کورد لە مرۆڤێکی مەدەنییەوە کردووە بە ئامرازێکی سەربازی. لە پێناو شەڕێکی بێئەنجامدا بارێکی قورسی خستۆتە سەر شانی، کە دەبێت ببنە گەریلا، دەستبەرداری ژیانی مەدەنی، پەروەردە، خێزان و دایکایەتی ببن. ئەمە تەنها بۆ ئەوەیە، شەڕ بۆ دروشمێکی خەیاڵیی وەک نەتەوەی دیموکراتی و برایەتیی گەلان بکەن. ئەم جۆرە مامەڵەکردنە تەنها بیرکردنەوەیەکی هەڵە نییە، بەڵکو بڕیارێکی کارەساتبارە، کە چارەنووسی هەزاران کچە کورد بەفیڕۆ دەدات. ئازادیی ڕاستەقینەی ژن ئەوەیە، کە دەرفەتی پەروەردە، ئابوورییەکی سەربەخۆ و مافی یاسایی پێ بدرێت بۆ ئەوەی خۆی بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات. ناکرێت بە چەکدارکردنی ژن، شۆردنەوەی مێشکی و دابڕانی لە خێزانەکەی، ناوی فێمێنیزمی لێ بنێین، بەتایبەتی کاتێک دەبنە سووتەمەنیی شەڕێک، کە خودی سەرکردایەتییەکەی بڕوای بە دروستکردنی دەوڵەت و قەوارە نییە. ئەوەی دەگوزەرێت هەڵلووشینی هێزی مێینەیە بۆ بەرژەوەندیی هێزێکی چەکدار، نەک فێمێنیزم.
بە پێی ئەو یاسایانەی، کە ژنلۆژی ئاپۆیی دایناوە، بە پراکتیک ژنی کورد لە ئەرکە سروشتییەکەی دوور دەخاتەوە، ئەمەش خواستی تورکیا و داگیرکەرانی کوردستانە، کە لەلایەکی دیکەوە رەچەڵەکی کورد لەم رێگایەشەوە بنبڕ بکات. ئەمەش چۆن؟ بەو شێوەیەی، کاتێک چەک دەداتە دەست کچی کورد، رێگا لە کچانی کورد دەگرێت، تا لە تەمەنێکی هەستیاردا خۆشەویستیی و دڵداری نەکەن، کارە سروشتییەکانیان ئەنجام نەدەن و وەچە نەخەنەوە. ئەگەر پێچەوانەی ئەمە رووی دا، ئەوا دەیان بیانوو دەدۆزنەوە، تا ئەو کچ و کوڕانە سزا بدرێن.
کوشتنی پیاوەتی یان پیرۆزکردنی سەرۆکی نێرینە؟
ئاپۆپچییەکان دەربڕینێکی سەیریان بۆ ئەم دیاردەیە هەیە، دەڵێن: ئۆجەلان دەیەوێت پیاوەتی بکوژێت تا سوڵتەی پیاو بەسەر ژندا نەمێنێت. بێگومان ئەم دروشمە بە دەم و بە نووسین زۆر جوانە، بەڵام لە مەیدانی واقیعدا، یان بە کوردییەکەی لە گۆڕەپانی ئەرز و گەزدا کۆمیدیایەکی تاڵ و ناخۆشە، بۆیە ناچاریین لەو حاڵەتەدا دەبێت بپرسین: ئایا لە ناو پەکەکە و تەڤگەری ئاپۆییدا، کەسێک هەیە لە ئۆجەلان زیاتر (کە پیاوە) باڵادەستتر بێت؟ ئایا هیچ ژنێک، هەر لە سەرکردە دیارەکانی وەک ساکینە جانسزەوە تا بچووکترین گەریلا، بۆی هەبووە، یان بۆی هەیە یەک وشە بەسەر قسەی ڕێبەرەکەیاندا بڵێت و ڕەخنەی لێ بگرێت؟ خودی ئۆجەلان بووەتە گەورەترین و ڕەهاترین سوڵتەی نێرینە، کە بڕیار دەدات ژن چۆن بژی، چۆن بیر بکاتەوە، چۆن خەبات بکات، تەنانەت چۆن و کەی بشمرێت. ژنانی ناو ئەو بزووتنەوەیە تەنها جێبەجێکاری فەرمانەکانی سەرۆکێکی پیاون لەبری ئەوەی بڕیاردەری سەر بە(خۆ)یان هەبێت. بەم پێیە، نێرسالاری نەکوژراوە، بەڵکو لە فۆڕمی باوکێکی ئایدۆلۆژی و پیرۆزدا دروست کراوە.
چەواشەکاری فەلسەفی و تێنەگەیشتن لە واقیع:
بەشێکی دیکەی پاساوەکان بۆ ئەم پارادایمە، پەنابردنە بۆ فەلسەفەی ڕۆژئاوایی.بۆ سەلماندنی تیۆرییەکانی ئۆجەلان، لە نمونەی قسەی فەیلەسوفە لیبڕاڵەکانی وەک (جۆن ستیوارت میل)، یان ئینارکیستەکانی سەدەی نۆزدە و بیست وەک (نیتچە)، (فۆکۆ)، و (باکۆنین) دەهێنرێتەوە، کە ئەوانە دژی دەسەڵاتی دەوڵەت بوون. ئەمەشیان نیشانەی تێنەگەیشتنێکی قووڵە لە فەلسەفە و لە واقیعی کورد. کاتێک (میل) باسی ئازادیی ژنی دەکرد، مەبەستی مافی دەنگدان، خاوەندارێتیی موڵک، مافی کارکردن و خوێندن بوو لەناو چوارچێوەی دەوڵەتێکی دەستووری و مەدەنییدا، (میل) نەیگوتووە ژنان ببرێنە شاخ و چەکیان پێ بدەن، بیانکەنە قوربانیی کۆمەڵگەیەکی چەکدار. فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی لەسەر بنەمای بەهێزکردنی تاک و مافی مەدەنی دامەزراوە، بەڵام ژنۆلۆژیی ئۆجەلان تاک لەناو ئیرادەی کۆمەڵە و حیزبدا دەتوێنێتەوە. بۆیە ناکرێت فەلسەفەی لیبڕاڵیزمی مەدەنی بکرێتە پاساو بۆ ئایدۆلۆژیایەکی داخراوی چەکداریی.
سەبارەت بە فەیلەسوفە دژە-دەوڵەتەکانیش، ئەو فەیلەسوفانە لە ئەوروپایەکدا دەژیان، کە سەدان ساڵ بوو خاوەنی سەروەری، سوپا و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان بوون، وەکو کورد نەبوون، کە مەترسیی سڕینەوەی ناسنامە (جینۆساید)یان لەسەر بێت. کاتێک نەتەوەیەک گەیشتە لوتکەی سەقامگیریی دەوڵەتداری، دەتوانێت وەک ئۆجەلان (فەلسەفەبازی) بکات و ڕەخنە لە دەوڵەت بگرێت، بەڵام جێبەجێکردنی فەلسەفەی ئینارکیزمی بەسەر نەتەوەیەکی وەک کورددا، کە هێشتا خاکی داگیر و دابەشکراوە و ڕۆژانە بە درۆن و تانک بە زرێپۆش و سەرباز پەلاماری دەدرێت و لێی دەکوژرێت، ڕێک وەک ئەوە وایە تۆ دەرمانی نەخۆشیی قەڵەوی بدەیت بە کەسێک، کە خەریکە لە برساندا دەمرێت.
دەستبەرداربوون لە دەوڵەت و خۆکوشتنی نەتەوەیی:
ئاپۆپچییەکان دەڵێن: دەوڵەتی نەتەوەیی ئایدۆلۆژیایە و دەبێت ڕەتی بکەینەوە، چونکە ژن لە ناو دەوڵەتیشدا ئازاد نییە، وەک ئەوەی باس لە ئێران و ئەفغانستان دەکرێ، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم بیرکردنە سەقەتەش، سەرەتا دەبێت بزانین، کە دەوڵەتی نەتەوەیی ئایدۆلۆژیا نییە، تا بڕوات پێی بێت یان نا، بەڵکو میکانیزمی مانەوە و قەڵغانی پاراستنی هەموو نەتەوەیەکە. ئەگەر دەوڵەت ئایدۆلۆژیا بووایە ئەوا نە تورکیا، ئێران، ئەمریکا و سوید لە سەر یەک ئایدۆلۆژیا نەدەبوون. داواکردنی دەوڵەت بۆ کورد داوای چەسپاندنی بیروباوەڕێکی کوێرانە نییە، بەڵکو تەنها ڕێگەی واقیعییە بۆ مانەوەی کورد لەسەر خاکی خۆی، ئەوسا دەتوانرێت هەنگاو بنێت بۆ ناساندنی ناسنامەی خۆی و ببێتە خاوەنی پاسپۆرت، سنووری پارێزراو و مافی بڕیاردان.
کاتێک ئێمە، کە دەڵێین کورد پێویستی بە دەوڵەتە بۆ ئەوەی ئازاد بێت، مەبەستمان لە دەوڵەتێکی ئیسلامیی وەک ئاخوندەی ئێران و تاڵیبانی ئەفغانستان نییە، کە ژن تێیدا مافە سەرەتەییەکانی لێ زەوت بکرێت و وەکو مرۆڤ سەیر نەکرێت. ئەگەر ئێمە سەیری سوید، نەرویج، فینلەندا و ئەڵمانیا بکەین؛ کە ژن لەوێ بەبێ بوونی دەوڵەت، یاسا، دادگا، پۆلیس و دەستوور ئایا گەیشتووەتە یەکسانی؟ بێگومان نەخێر. مافی ژن بە دروشمی ناو ئەشکەوتەکان و شارەوانیی بێ دەسەڵات ناپارێزرێت. کاتێک نەتەوەیەک دەوڵەتی سەروەری نەبێت، ژنەکانیشی هەمیشە دەبنە قوربانیی یەکەم و لەژێر بۆمبارانی داگیرکەران و مامەڵەی نامرۆڤانەی میلیشیاکاندا ژیانیان خراپتر دەبێت. ئۆجەلان کە داوا دەکات واز لە دەوڵەت بهێنین، ئەوە لە ڕاستیدا تاکە ئامرازێکی مۆدێرنە لە ژێر چاودێری میتدا بۆیە بە یاسا مافی ژنی کورد ڕەت دەکاتەوە، دەیەوێت بە کۆمەڵگەیەکی بێ قەوارە ڕووبەڕووی سیستەمی جیهانی ببێتەوە، کە ئەمەش تەنها خۆکوشتنە.
ئۆجەلان کەسایەتییەکی دەروننەخۆشە، هەر جارەی لەسەر ئارەزوو و دەمارێکی گرژی خۆی رەفتار دەکات، ئەوەی دوێنێ گوتوویەتی سبەینێ چاوەڕوانی گۆرانکاریی تێدا دەکرێت، ئەو سەقامگیرییەی، کە ئیستا هەیەتی، هەمووی پەیوەستە بە بڕیاری میتەوە، وەک نمونە نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی 1996دا لە دیمەشق و لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکی نێونەتەوەیی ئەڵمانی، بە فەرمی دوو بڕیاری گرنگی دا: یەکەم دەستبەرداربوون لە ئامانجی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی و دووەم دەستبەرداربوون لە تێکۆشانی چەکداری. ئەو باوەڕی وابووە، کە گەلی کورد هێشتا هەستێکی هاوبەشی ناسنامەی نەتەوەیی بەو ئاستە گەشەی نەکردووە، کە ببێتە دەوڵەتێکی یەکگرتوو، بەڵکو لەمەودوا دەبێت ئامانج ئۆتۆنۆمی و دیموکراسییەکی فیدراڵ بێت لە چوارچێوەی دەوڵەتەکاندا. واتا وازهێنان لە دەوڵەت نەک لەبەر ڕزگاریی ژن یان بنەمایەکی فەلسەفیی قووڵ، بەڵکو ستراتیژێکی کۆن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی سیاسیی دەوڵەتەکاندا.
دووفاقیی ئۆجەلان بەرامبەر بە ئیسلام و ژنۆلۆژی
لێرەدا جارێکی دیکە دەگەینە خاڵێکی زۆر جەوهەری، کە دووفاقەیی و ڕاستگۆنەبوونی ئۆجەلانمان بەتەواوی بۆ دەردەخات، بەتایبەتی کاتێک پارادایمی ژنۆلۆژی لەگەڵ تێڕوانینەکانی بۆ ئاینی ئیسلام بەراورد دەکەین. لە لایەکەوە بانگەشەی کوشتنی پیاوەتی و ڕزگارکردنی ژن لە سیستەمی کۆنەپەرستی و ئایینی دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە هەر خۆی ستایشی ئاینی ئیسلام دەکات، کە کەسایەتیی خۆی بە سەربەخۆیی و بە ئازادی گەیاندووە.
تەنانەت ئۆجەلان پێغەمبەری ئیسلام بە شۆڕشگێڕێکی گەورە دادەنێت، کە هەوڵ ئامانجی بۆ رزگاریی مرۆڤایەتی بووە لە جەهالەت و کۆیلایەتی، ئۆجەلان پێی وایە جەوهەری ئیسلامی ڕاستەقینە یەکسانی و ئازادیخوازی و دادپەروەرییە. ئەو دەڵێت ڕێنساسنی ئیسلامی کاریگەرییەکی وەرچەرخێنەرانەی لەسەر کلتووری خێڵگەرایی کردووە و لە ئاستی شۆڕشدایە، بەو پێیەی ژنی لە سووکایەتیپێکردن و زیندەبەچاڵکردن ڕزگار کردووە. هەروەها جەخت دەکاتەوە، کە ئەو لە منداڵییەوە ڕێزێکی زۆری بۆ ئیسلام داناوە، ژیانی بەپێی ڕاستییەکانی ئیسلام پێوانە دەکات و کاتێک سۆسیالیزمیان بە بنەما وەرگرتووە، لەگەڵ ئیسلامی ڕاستەقینەدا یەکانگیریان کردووە. واتە یەکیان گرتۆتەوە.
لێرەدا پرسیارێکی لۆژیکی دێتە پێشەوە: ئایا دەکرێت کەسێک بانگەشەی فێمێنیزمێکی ڕادیکاڵ و ژنۆلۆژی بکات، کە دژایەتیی هەموو پێوەرە کۆنەکان و نێرسالاری دەکات، کەچی لە هەمان کاتدا ئیسلام بە گەورەترین و کاریگەرترین شۆڕشی مێژووی مرۆڤایەتی پێناسە بکات؟ ئیسلام لە ناوەڕۆک و پەیڕەوییە مێژووییەکەیدا، کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای تایبەت بە ژنی هەیە، ئۆجەلانیش بڕوای بە یاساکانی ئیسلام هەیە، لەهەمانکاتدا بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ئازادییە ڕەهایەن، کە لە ژنۆلۆژی پارادایمەکەیدا بانگەشەی بۆ دەکات، بۆیە ناکرێت لە یەک کاتدا بڵێیت ژن لە قاڵبی ئایینی و نێرسالاری ڕزگار دەکەم، لە هەمانکاتدا بڵێیت ژیانم بەپێی ڕاستییەکانی ئیسلام پێوانە دەکەم، چونکە ئەو ئایینە سەرچاوەی دادپەروەری و یەکسانییە. ئەمە بە ڕوونی نیشانی دەدات، کە ئۆجەلان لە مەسەلەی ژندا دووفاقەیی بیردەکاتەوە و قسەکانی سەبارەت بە ئازادیی ژن، زیاتر ئامرازێکی پۆپۆلیستی و ئایدۆلۆژین، نەک باوەڕێکی ڕاستەقینە. بە داخەوە ئۆجەلان لەم خاڵەدا ڕاستگۆ نییە و پێویستە هەواداران و ئاپۆچییەکان پێداچوونەوە بە بڕوا و بیرکردنەوەی رێبەرەکەیاندا بکەن.
کۆتایی: دروشمی دۆڕاو یان واقیعبینی؟
مرۆڤێکی ئازاد، کە خاک و خەڵکی خۆی خۆش دەوێت، دەبێت سەبارەت بۆ ئەو بازرگانییەی، کە بە ناوی ئازادیی ژنەوە دەکرێت چاوی کراوە بێت. هەر بیرکردنەوەیەک بە کورد بڵێت دەوڵەت دروست مەکە، واز لە سەروەری بهێنە! با لە چوارچێوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا پێکەوە بژین، ئەوە لە دەرەوەی سیستەم بیر ناکاتەوە، بەڵکو دەنگێکی خیانەتکارانەیە، ڕێک لە دەنگی سیستەمە فاشیستییەکەی داگیرکەرانەوە دەردەچێت، کە لە زاری کەسێکەوە ئەرکدار کراوە. ئەو کەسەش هیچ پەیوەندییەکی بە کوردەوە نەماوە، ئازادیی ژنی کورد و مانەوەی نەتەوەکەمان بەوە بەدی نایەت، بیکەیتە سەربازی بێئیرادەی ناو حیزبێک و ئاراستەی چەکەکەی لە خزمەتی داگیرکەراندا بێت، یان پاساو بۆ بیرۆکەیەکی دۆڕاو بهێنیتەوە، کە ئاپۆچییەکان ناویان ناوە فەلسەفە، ئەمانەش هیچی لە خزمەتی کورددا نییە، بەڵکو کورد و ژنی کورد پێویستی بە قەوارەیەکی نیشتمانی، سوپایەکی پارێزەر، یاسایەکی مەدەنی، پەروەردەیەکی سەردەمیانە هەیە. تا ئەو کاتەی لەبری واقیعبینی، پەنا بۆ پیرۆزکردنی کەسەکان و دروشمە ڕۆمانسییەکان ببەین، هەمیشە لە مەیدانی ئەرز و گەزدا دۆڕاو دەبین. ئەگەر کەسانێک پێناسەی ئازادیی لەناو دروشمەکانی پارادایمێکی دۆڕاودا دەبیننەوە، ئەوە کێشەی تێگەیشتنی ئەوانە، نەک هەستی کۆنەپەرستیی ئێمە.
بۆ زانیارییتان هەر کاتێک بیرکردنەوەکانی ئۆجەلان و پارادایمەکەی کورت دەهێنێت و هەست بە شەرمەزاریی و نوشوستی دەکەن، هەندێک لە لایەنگرەکانیان بە دەم باوێشکدانەوە دەڵین: ئەوە قسەی رێبەر ئاپۆ نییە، چونکە ئەو دیلە و میتی تورک بۆی هەڵبەستەوە. بۆ ئەمەش لە زۆر کات و شوێنی دیکەدا خۆیان بە درۆ دەخەنەوە، تا لە دوا راگەیاندنیاندا هەر خۆیان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن:
(چەند کادیرێکی پێشکەوتووی تەڤگەری ئاپۆچی ئاگادار لەگەڵ کۆمەڵێک رووناکبیر و نوسەر و رۆژنامەوان کۆبونەوە، ئەم بابەتانە باسی لێوەکرا کە (ڕێبەر ئاپۆ لە ژێر هیچ کاریگەرییەکدا نییە).
دیسان بە قسەی ئەم کۆمەڵە رووناکبیرە ئاپۆچییانە، دەڵێن:
نە میت و نە دەوڵەتی تورک ناتوانن بە قەدەر نووکە دەرزییەکیش کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی ڕێبەرایەتیمان دابنێن.
هەروەها دەشڵێن:
ئێمە خوێندکاری خوێندنگەی ڕێبەر ئاپۆین، شارەزای بیر و ڕامانەکانی ئەوین. بۆیە بێ هیچ گومانێک دەزانین، هەرچی لە ئیمراڵی دەگاتە دەستمان، نەخشەڕێگا، پڕۆژە یان وتاری خۆیەتی.
نە میت و نە دەوڵەتی تورک ناتوانن بە قەدەر نووکە دەرزییەکیش کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی ڕێبەرایەتیمان دابنێن.
هەروەها دەشڵێن:
ئێمە خوێندکاری خوێندنگەی ڕێبەر ئاپۆین، شارەزای بیر و ڕامانەکانی ئەوین. بۆیە بێ هیچ گومانێک دەزانین، هەرچی لە ئیمراڵی دەگاتە دەستمان، نەخشەڕێگا، پڕۆژە یان وتاری خۆیەتی.
بۆ ئەمەش منیش دەڵێم، کەوابو (ئیتر هەر کەسێک دژی قسەکانی ئێمە گومانیان هەیە، وەک دەیانگوت: ئەوە قسەی رێبەر ئاپۆ نییە، با ئیتر بۆ لەمەودوا بۆ خۆی سیر بخوات و زوڕنا لێبدات. هەڤاڵان و کادێرانی پێشکەوتووی تەڤگەری ئاپۆچیش، کە خاوەنی عەقڵ و بیرکردنەوەیەکی جیاوازن، با بە خێر بڕۆن بە خێر بچن. ئەوە ئەرز و ئەوە گەز بیسەلمێنن کە نەک پارادایمەکەی ئۆجەلان راستە، بەڵکو تەنها داواکارییمان ئەوەیە، کە بۆمان بسەلمێنن، بە راستیی ئیوە کوردن، جاش و خائین نیین).
ئەم روونکردنەوەیەی خوارەوە سەبارەت بە وێنەی سەرەکی وتارەکە:
ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاکان و سەرچاوە تورکییەکاندا، کە بانگەشەی جیاواز لەسەر ژیانی تایبەتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سەردەمی مانەوەی لە دیمەشق دەکەن و بڵاوکراونەتەوە:
1- ژنی یەکەمی ئۆجەلان ناوی کەسیرە یەڵدرم (Kesire Yıldırım) بوو.ئەوان لە ساڵی 1978 هاوسەرگیرییان کرد، بەڵام دواتر لە کۆتایی هەشتاکاندا پەیوەندییەکەیان تێکچوو و (کەسیرە) ریزەکانی پەکەکەی جێهێشت.
1- ژنی یەکەمی ئۆجەلان ناوی کەسیرە یەڵدرم (Kesire Yıldırım) بوو.ئەوان لە ساڵی 1978 هاوسەرگیرییان کرد، بەڵام دواتر لە کۆتایی هەشتاکاندا پەیوەندییەکەیان تێکچوو و (کەسیرە) ریزەکانی پەکەکەی جێهێشت.
هەروەها لە سەرچاوە تورکییەکاندا، ناوی چەند کچێک هاتووە، کە زۆرجار وەک "خۆشەویست" یان ژنی دووەم (بە شێوەی مارەبڕینی ئایینی - Imam Nikahlı) ناوی دەهێنرێت، لەوانە:
2- ئایفەر کایا (Ayfer Kaya): ناسراو بە ناوی رۆزەرین (Rozerin).لە سەرچاوەکانی تورکیادا زۆرترین جار ناوی ئەم کچە دەهێنرێت، کە ماوەیەک لە سووریا یاریدەدەری نزیکی ئۆجەلان بووە و میدیاکانی تورکیا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە پەیوەندییەکی سۆزداری لە نێوانیاندا هەبووە.
3- مەراڵ کدر (Meral Kıdır): ئەمەش ناوێکی ترە، کە لەلایەن هەندێک لە دەزگا هەواڵگرییەکان و ڕۆژنامەکانی تورکیاوە وەک "ژنی دووەم"ی ئۆجەلان پرۆپاگەندەی بۆ کراوە.
سەرچاوەکان:
1- پارادایم و دادگاییکردنی چەمکە سیاسییەکانی ئۆجەلان
2- پرۆسەی ئاشتی و چارەنوسی لەنێوان هەقیقەت و گومان
3-
ئاینی ئیسلام لە دیدی ئۆجالانەوە
4-
تێڕوانینی 30 ساڵ لەمەوپێشی ئۆجەلان سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد
5- دیالێکتیکی وەهم و واقیع: شیکارییەکی سیاسی و فەلسەفی بۆ پارادایمەکەی ئۆجەلان
6-
لە سەرکردەیەکی زیندانی ئیمڕالییەوە بۆ قەندیلێکی گوێڕایەڵ
7-
کاتێک سەرکردە پیرۆز دەکرێت و دەبێتە پێغەمبەر!
8-
پارادایمەکەی ئۆجەلان لە ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفا کارەساتبارترە
9- گوگڵ و گەڕان بە دوای فەلسەفەی ئەو
فەیلەسوفانەدا،کە لەم نووسینەدا ناویان هاتووە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان






